Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ د.فه‌رهاد پیرباڵ….به‌شی سێیه‌م و کۆتایی

Be First!
by April 16, 2008 گشتی

 د.فەرهاد پیربالأ:
 بەدیلى چەك جنێوە، بوَیە من جنێو بەچەكێكى مەدەنى دەزانم، بەدیالۆگێكى دەزانم
                                                                     
      دیمانە: فەرەیدون بێوار…….

 
 لەتەوەرى یەكەمدا باسمان لە قوتابى و مامۆستاو شێواز و مەنهەجى خوێندن و…كرد، لەتەوەرى دووەمدا هاتینە سەر باسى نووسین و زمانى زبر و رەخنەئامێز و ئەزموونى نووسینى خودى فەرهاد پیربالأ، لە تەوەرى سێیەمدا كە دوایین تەوەرە، هەڵوەستەیەك لەسەر گەنج و دەسەڵات، گەنج و جیلى كۆن و خودى گەنج دەكەین…
 *وەكو دەبینین، زۆر جاران دەسەڵات، گەنج بە مشەخۆر و دواكەوتوو ناو دەبات، گەنجیش دەسەڵات بە گەندەڵ ناوزەد دەكات. كەواتە لێرەدا بەریەككەوتنێك هەیە لەنێوان دەسەڵات و گەنجدا. جەنابت ئەم بەریەككەوتنە چۆن دەخوێنیتەوە؟
 ــ ئەو بەر یەككەوتنە هى ئەمڕۆ نییە، زۆر كۆنە و پێوەندیشى بە كۆمەڵگەى كوردیەوە نییە، بەڵكو پێوەندى بە هەموو كۆمەڵگەكانەوە هەیە، ململانێى گەنج لەگەڵ پیر، لەلایەكى تریشەوە ململانێى گەنج لەگەڵ دەسەڵات، ململانێیەكى ئەزەلییە. ئەوەى ئینكارى ئەو ململانێیە ئەزەلییە بكات، كە سیفەتێكى دینامیكى و هەمیشەیی هەیە، غەڵەت لەمێژوو تێگەیشتووە. دەبىَ ئێمە دان بەوەدا بنێین كە ململانێى گەنج لەگەڵ پیر، یانى نەوەى نوىَ لەگەڵ نەوەى كۆن، ململانێیەكى هەمیشەییە. دەبىَ كارى لەسەر بكرێت و هەر بیست ساڵ جارێك بە خاسیەتەكانى جیلى كۆندا بچینەوە و دەست نیشانى بكەین، بوَ ئەوەى لێكتر حاڵى بوونێك دروست ببىَ، بوَ ئەوەى جیلى نوىَ لەگەڵ جیلى كۆن بتوانن بەیەك هەنگاو، بەشێوەیەك لە پێناو پێشكەوتنى كۆمەڵگەكەدابێت، بەرەو پێشەوە بڕوات. بوَیە من دەساڵ بەر لە ئێستا خۆم بوَ ئەوە ئامادە كردووە، رۆژێك لە رۆژان جیلى نوىَ گاڵتەم پىَ بكەن، قەشمەریم پىَ بكەن، شەقم تێهەڵبدەن، بەكۆنە خواز و بوَگەن و گەندەڵ و تەقالیدیم لە قەڵەم بدەن، ئافەرین بوَ ئەو گەنجانە، ئافەرین بوَ ئەو جیلە نوێیە كە لە مڕۆوە بتوانىَ فەرهاد پیربالأ و بەختیار عەلى بەتەقلیدى و سەلەفى و كۆنەخواز و  پیر لە قەڵەم بدات. پێویستیشە كار لەسەر ئەوە بكرێت. ئیدى جیلى ئەمڕۆ پێویستە لە ئێستاوە قەبر بوَ خۆمان هەڵبكەنین، چونكە جیلێكى نوىَ پەیدا دەبێت ئێمەى پىَ كۆنە، ئەمە شتێكى زۆر رەوایە.
 من وا تێدەگەم، ئەو بزاڤەى گەنجان، خوێندكار و قوتابیان كە دژى دەسەڵات و دەسەڵاتداران ، یان دژى عەقڵیەتى نەسلى كۆن هەیە، قەناعەت پێهێنە، رەوایە. لەبەر ئەوە پشتیان دەگرم و دەڵێم لەسەر حەقن.
 *بەردەوام گەنج كۆچدەكات، لەم وڵاتە بێزارە، گلەیی لە دەسەڵات هەیە كە گوێیان لێناگرێت، دەسەڵات گەندەڵە، دەسەڵات قۆرخ كراوە، لێرە ژیان نییە، كۆمەڵێك بیانوو دێننەوە و مەرگى ئیجەیان لە ژیانى ئێرە پىَ باشترە، تۆ پێت وایە ئەم هەڵهاتنەى گەنج لە نیشتمان شتێكى رەوایە؟
 ــ من هانى گەنج نادەم كۆچ بكات، ئەوانەشى كە دەڕۆن، ئافەرین بۆیان كە دەتوانن خۆیان بگەیەننە قەراغەكانى ئازادى و فێركردن و ئەزموونى ژیانى تازە، ئافەرین بۆیان هەر كەسێك توانى بگات و دەستى لە شەمەند نەفەرێك، كەشتیەك، كارێك، گیربێت، دەستى لە بڕوانامەیەك، دەستى لە زمانێك، تەنانەت دەستى لە ژنێكى جوانى ئەوروپى گیربێت ئافەرین بوَیان. من كەس هان نادەم و كەسیشم هان نەداوە، بەڵام حەقى خۆشیانە بڕۆن.
 * نان و ئازادى و ئاسایش، تاچەند لەوڵاتى ئێمەدا بوَ تاكەكان فەراهەم كراوە؟
 ــ نان زۆر كەم. ئازادیش لەبەر ئەوەى پێوەندیدارە بەنانەوە، ئەویش زۆر كەم. ئاسایش بە هەمان شێوە.
 هەتا ئەو رۆژەى من ئەمنیەتى ئەوەم نەبێت بچم لە گوندێكى سەر سنوورى توكیا، سەرسنوورى ئێران، پیاسەیەك بكەم، سەر لە ماڵە فەقیرێك بدەم، نانێكى لەلا بخۆم، ناڵێم ئاسایش لە كوردستانى مندا هەیە. بەدرێژایی سەرسنوورەكانى ئێران و توركیا، یان دەترسى مینێك لەژێر قاچت بتەقێتەوە، یان دەترسى پاسدارێكى گەواد، یا میتێكى تورك، تەقەیەكت لىَ بكات. هەتا ئەو رۆژەى بزنى كوردستانیش بە ئاسایش و سەلامەت لەسەر ئەو سنوورانە بە ئازادى و ئاسایش نەسوڕێنەوە،من بوَم نییە بڵێم كوردستان ئاسایشى تێدایە.
 * دوا پرسیارم با ئەوە بێت زۆر جاران دەبینین فەرهاد پیربالأ لە كاتى خۆیدا توڕە دەبێت، جوێن دەدات، ئایا فەرهاد پیرباڵ لە ماڵیشەوە بەهەمان شێوە تووڕە دەبێت و جوێن دەدات؟
 ــ ئەو جنێوە پیسانە نادەم كە بە دەرەوەى ماڵەوەى خۆمى دەدەم، نا. بەڵام جنێو لەلاى من شتێكى زۆر مەدەنى و دیموكراتییە.چونكە ئۆتۆماتیكى ئەو جنێوە دەدرێتە لایەنێك، كە دەسەڵاتە، كە تۆتالیتارە، كە دیكتاتۆریە. (فرۆید دەڵىَ: یەكەمین كەسێك كە جنێوى دا، ئەو جنێو دەرە یەكێك بووە لە بنیاتنەرانى مەدەنیەت. لەبەر ئەوەى نەهات كەسێك بكوژێت، بەڵكو هات جنێوێكى دا.
 من كە كارەبام لەسەر دەكوژێننەوە، حەقى خۆمە كارەبام هەبێت، غەدرێكم لێدەكرێت، زوڵمێكم لێدەكرىَ كە دەبینم تەلەبەكانم لە هۆڵەكانى محازەرات لەسەرمانا هەڵدەلەرزن. بوَیە لە جیاتى ئەوەى بچم ئەو لایەنە وێران بكەم، چەك هەڵگرم لە دژى، دێم بە جنێوێك دڵى خۆم دەحەسێنمەوە. بەجنێوێك تەلەبەكانم فێردەكەم كە بەهۆى ئەو جنێوەوە وایان لێدەكەم كە ئیحترامى ئەو كەسانە نەگرن كە كارەبا لەسەر خەڵك دەكوژێننەوە، هۆڵى محازەراتیان سارد و سڕدەكەن و بوَ سادەترین پێوەندیەكان دیوار لە نێوان كچان و كوڕاندا دروست دەكەن. فێریان دەكەم كە رێزى ئەو جۆرە كەسانە نەگرن، ئەمە كارێكى مەدەنییە كە من دەیكەمە بەدیلى چەك جنێوە، بوَیە من جنێو بە چەكێكى مەدەنى دەزانم ، بە دیالۆگێكى دەزانم. 
 
 
F_bewar@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply