Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ زریان رۆژهه‌ڵاتی…..

Be First!
by May 4, 2009 گشتی

زریان رۆژهه‌ڵاتی: توركیا پێی خراپ نییه‌ په‌كه‌كه‌ به‌شداریی له‌و كۆنگره‌یه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌دا بكات له‌هه‌ولێر ده‌به‌سترێت
دیمانه‌: ستیڤان ئه‌حمه‌د شه‌مزینانی

پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی"ده‌ته‌په‌" له‌هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی تۆماركرد، هاوكات ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ وای له‌ئۆباما كرد له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تورك كۆبێته‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دۆزی كورد گفتوگۆ بكات. هه‌رواش بڕیاره‌ به‌مزووانه‌ له‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی سازبدرێت، به‌ڵام وه‌ك ده‌وترێت په‌كه‌كه‌و پژاك له‌سه‌ر داخوازیی توركیا مافی به‌شدارییكردنیان له‌و كۆنگره‌یه‌دا پێنه‌دراوه‌. بۆ گفتوگۆكردن وشرۆڤه‌كردنی ئه‌م دۆزه‌و هه‌ندێك پرسی تری گرێدراو به‌سه‌ركه‌وتنی ده‌ته‌په‌و دۆزی گه‌لی كورد له‌باكووری كوردستان، ئه‌م دیمانه‌یه‌مان سازدا له‌گه‌ڵ "زریان رۆژهه‌ڵاتی" نووسه‌رو پسپۆر له‌دۆزی كورد وتورك.

ستیڤان:سه‌ركه‌وتنی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكرات "ده‌ته‌په‌" له‌زۆرینه‌ی شاره‌ كوردییه‌كانی توركیا، تا رادده‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، پێتوایه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ی ئه‌و پارته‌ رامیارییه‌ كوردییه‌ ده‌بنه‌ فاكتۆری پێشكه‌وتنی زیاتر له‌دۆزی كورددا له‌باكووری كوردستان یاخود دۆخی سیاسیی كورد له‌توركیادا زیاتر وابه‌سته‌ی گۆڕانكارییه‌ له‌سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وهه‌رێمی به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر به‌كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی؟.

زریان رۆژهه‌ڵاتی:به‌ر له‌هه‌موو شتێك پێویسته‌ وه‌كوو خۆی سه‌یری رووداوه‌كان بكه‌ین وگه‌وره‌ وبچووكی نه‌كه‌ینه‌وه‌. پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكرات له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا له‌توركیا سه‌ركه‌وتنی ئه‌وتۆی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ به‌ڵكو هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌كی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێت پارتی dep كه‌له‌یلازاناو هاوڕێكانی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی توركیا كرد له‌ساڵه‌كانی نه‌وه‌ده‌كانداو پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیش میراتگری ئه‌و پارته‌یه‌، زیاتر له‌9%ی هه‌موو ده‌نگه‌كانی توركیای به‌ده‌ستهێنا. به‌ڵام پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی هه‌رگیز ئه‌و رێژه‌یه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشووی توركیا پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی توانی هه‌ستانه‌وه‌یه‌ك به‌خۆوه‌ ببینێت وهه‌ندێك له‌و شاره‌وانییانه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ پێشتر له‌ده‌ستیدابوون وپارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌وانه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنابوو. به‌ڕای من پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی هێشتا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ به‌ڵام هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. ئه‌مه‌ش شتێكی باشه‌ بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته‌دا. من پێموایه‌ هه‌بوونی پارتی دادو گه‌شه‌پێدانێكی به‌هێز له‌گشتیی توركیاو پارتی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی به‌هێز له‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كاندا سوودی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد هه‌یه‌. پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌وه‌ی سه‌لماند هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگی كوردیشی له‌پشت بێت به‌ڵام به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت خاوه‌ خاو ده‌كات له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورددا. بۆیه‌ پێویست به‌هه‌بوونی كارتێكی فشار ده‌كات تا ئه‌و حیزبه‌ ناچار بكات، هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد هه‌ڵبگرێت وزیاتر ده‌ست بجووڵێنێ‌. باشترین كارتی فشاریش به‌هێزبوونی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتییه‌. به‌نیسبه‌ت به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌شه‌وه‌ ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم وه‌كوو ده‌زانن تا ئه‌و كاته‌ی خودی په‌كه‌كه‌ وه‌كو ئه‌كته‌ری یه‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ی كورد له‌توركیا قسه‌ی كردووه‌، توركیا زیاتر بیانووی تیرۆری گرتووه‌و دنیاشی قه‌ناعه‌تپێكردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ رێكخراوێكی تیرۆریسته‌و ئه‌مه‌ش به‌زیانی په‌كه‌كه‌و كوردیش ته‌واوبووه‌. به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی مه‌یدان ده‌درێته‌ سیمایه‌كی وه‌كوو ئه‌حمه‌د تورك یان عوسمان بایده‌میر ئیدی توركیا ناتوانێت مۆری تیرۆریستبوونیان لێبدات وناچاره‌ گوێ‌ له‌قسه‌شیان بگرێت. دیاره‌ نابێت رۆڵی په‌كه‌كه‌ له‌زیندووهێشتنه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورددا له‌توركیا له‌پێش چاوبخرێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا عه‌قڵانییه‌ت له‌سیاسه‌ته‌دا وه‌ها ئیجاب ده‌كات كه‌زیاتر له‌سه‌رانی په‌كه‌كه‌ ئێستا سه‌رانی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی له‌پێشه‌وه‌بن. ئه‌و كاته‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ته‌نیا مه‌یداندار بێت مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا له‌نێوان جه‌نگاوه‌رانی په‌كه‌كه‌و سوپای توركیادا ده‌مێنێته‌وه‌و توركیا ناچار نابێت زۆر شت بكات، به‌ڵام كاتێك ئه‌حمه‌د تورك یان له‌یلا زانا یان عوسمان بایده‌میر مه‌یدانداربن، مه‌سه‌له‌كه‌ ره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی په‌یدا ده‌كات وتوركیا له‌رووی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌نیسبه‌ت كێشه‌ی كورده‌وه‌ ده‌خرێته‌ گۆشه‌وه‌. به‌گشتیی به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ناوخۆی توركیاو كاره‌كانی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی وپه‌كه‌كه‌ وبارودۆخی سیاسیی كورد له‌عێراق وهه‌بوونی حكومه‌تێكی كوردیی له‌و وڵاته‌و گۆڕانكارییه‌ ناوچه‌یی وجیهانییه‌كانی دیكه‌، مه‌سه‌له‌ی كورد ئیدی له‌وه‌ ده‌رچووه‌ وه‌كوو كێشه‌ی ناوچه‌یی وناوخۆیی وڵاتانه‌وه‌ سه‌یربكرێت وره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی په‌یداكردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش یاریكه‌رانی كورد ده‌بێ‌ به‌ گوێره‌ی پێوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بجووڵێنه‌وه‌ نه‌ك به‌پێی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ته‌نیا خۆیان ده‌خوێننه‌وه‌. 

ستیڤان:هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاند زمانی توركه‌كان به‌رامبه‌ر به‌كورد گۆڕاوه‌ یان نه‌رم بووه‌، به‌ڵام گول له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌سه‌ردانه‌كه‌ی له‌عێراقه‌وه‌ بۆ توركیا به‌شانازییه‌وه‌ به‌ناوه‌نده‌كانی میدیای توركی راگه‌یاند به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی كوردی نه‌بردووه‌ له‌میانه‌ی قسه‌و لێدوان وكۆبوونه‌وه‌كانیدا، ئایا ئه‌م دوو لێدوانه‌ زۆر دژ به‌یه‌كه‌ چۆن هه‌ڵدسه‌ه‌نگێنن؟ ئایا سیاسه‌تی تورك گۆڕاوه‌ یاخود كورده‌كان ناچارن له‌ژێر كاریگه‌ریی دۆخی سیاسیی نوێ به‌تایبه‌ت دوای هاتنی ئۆباما زمانی خۆیان به‌رامبه‌ر توركیا بگۆِرن؟.

زریان رۆژهه‌ڵاتی:باراك ئۆباما له‌توركیا قسه‌یه‌كی گرنگیی كردو وتی (ده‌وڵه‌ته‌كان وه‌كوو تانكی گه‌وره‌ن وجموجۆڵه‌كانیان له‌سه‌رخۆیه‌و گۆڕانكاریی له‌ده‌وڵه‌تیشدا به‌په‌له‌ ناكرێت)، ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی راسته‌ ده‌وڵه‌تێكی وه‌كوو توركیا له‌بونیاده‌كه‌ی له‌سه‌ر جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن ونكۆڵیكردن له‌كورد دامه‌زراوه‌و هه‌شتا ساڵ زیاتره‌  له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ خه‌ڵك په‌روه‌رده‌ده‌كات وسیاسه‌ت ده‌كات وخۆی پێشده‌خا، چۆن به‌شه‌وێك یان به‌سه‌ردانێكی گول وئه‌ردۆغان ده‌گۆڕێت؟ له‌راستیدا زمانی توركه‌كان به‌رامبه‌ر كورد گۆڕاوه‌و ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ گۆڕانكاریی دروستده‌بێت، به‌ڵام به‌شه‌وێكیش هه‌موو شتێك نایه‌ته‌دی. دانانی ته‌له‌فزیۆنی كوردیی له‌وڵاتێك پێشتر ته‌نانه‌ت نكۆڵی له‌هه‌بوونی كوردیش ده‌كرد گۆڕانكاری نییه‌ چییه‌؟. مه‌یدانی سیاسه‌ت مه‌یدانی ململانێی هێزه‌كانه‌. هه‌ندێك هێز له‌توركیا خوازیاری گۆڕانن وهه‌ندێكی دیكه‌ش دژی گۆڕانن، جاری وا هه‌یه‌ هێزی گۆڕانكاریخواز سه‌رده‌كه‌وێت وجاری واش هه‌یه‌ هێزی دژبه‌ریی. كاتێك گۆڕانكاریمان ده‌وێت نابێ‌ وه‌ك موعجیزه‌ سه‌یری بكه‌ین وچاوه‌ڕوان بین كتوپڕ شته‌كه‌ رووبدات، به‌ڕای من كورد له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیی موعجیزه‌ بكات له‌پارتی دادوگه‌شه‌پێدان، پێویسته‌ یارمه‌تیده‌ری بێت تا سه‌ركه‌وێت وبه‌هێڵێكدا بچێ كورد ده‌یه‌وێ نه‌ك به‌ره‌تكردنه‌وه‌ی وای لێبكات ئه‌ویش بۆ باوه‌شی سوپاو نه‌ته‌وه‌گه‌را توندڕه‌وه‌كانی تورك بچێت. به‌كورتی ده‌بێ‌ كورد هه‌ڵبدات كه‌نه‌هێكی ده‌ماری نه‌ته‌وه‌گه‌رایی-ئیسلامی توندڕه‌و له‌حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغاندا گه‌شه‌ بكات. چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورددا نییه‌. عه‌بدوڵڵا گول سه‌ركۆماری توركیا له‌توركیا وتی "من  ئه‌و وشه‌یه‌م (مه‌به‌ستی كوردستان بوو) به‌كارنه‌هێنا به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بزانین ده‌ستووری عێراق رێی پێداوه‌ به‌و ناوه‌ بێت وئێمه‌ مادام په‌یوه‌ندییمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌بێ‌ ئه‌و ناوه‌ بڵێین وخۆی له‌خۆیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیره‌كه‌یشیاندا كۆبوومه‌وه‌" له‌م قسانه‌ی عه‌بدوڵڵا گوله‌وه‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ دیارنییه‌ چونكه‌ ده‌ڵێ‌: ئێمه‌ ناچارین به‌پێی ده‌ستووری عێراق باسی ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ین. یانی باسی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین. به‌واتایه‌ك كێشه‌كه‌ كێشه‌ی كات وشوێنه‌. هه‌ندێك كات پێویسته‌ هه‌تاوه‌كو رای گشتی تورك حازربكرێت  بۆ ئه‌وجۆره‌ قسانه‌. به‌تایبه‌تی رای وڵاتێك كه‌پێشتر ئیمانی به‌هه‌بوونی كورد نه‌بووه‌ چ بگات به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵدا هه‌بێ‌ ودانوستانی له‌گه‌ڵدا بكات. به‌رای من توركیا به‌ره‌سمی ئیعترافی به‌هه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردو ئه‌مه‌ش زۆر باشه‌. هه‌ندێك ورده‌كاریش هه‌ن ئه‌وانه‌ به‌پێی كات چاره‌سه‌ر ده‌بن. ئایا گۆڕانكاریی له‌حكومه‌تێكی كوردییدا كه‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ی ناگات بیست ساڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسانه‌ تاوه‌كو چاوه‌ڕوانیی گۆڕانێكی خێرا له‌ده‌وڵه‌تێكی هه‌شتا ساڵه‌ی وه‌كوو كۆماری توركیا بكه‌ین كه‌میراتگری عوسمانییه‌كان بووه‌؟.

ستیڤان:وا بڕیاره‌ كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی فراوان به‌به‌شداریی ده‌یان حزب ولایه‌نی وكه‌سایه‌تی سیاسیی سازبدرێت، به‌ڵام توركه‌كان ده‌خوازن هه‌ردوو پارتی كرێكاران وژیانی ئازادی كوردستان "په‌كه‌كه‌و پژاك" له‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌شداریی پێنه‌كرێن، هه‌ردوو حزبی باڵاده‌ستی باشووری كوردستانیش نایانه‌وێت په‌كه‌كه‌و پژاك به‌شداربن! به‌بۆچوونی ئێوه‌ حه‌رامكردنی كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی له‌دوو هێزی سه‌ره‌كیی سیاسیی وچه‌كداریی كورد، ده‌توانێت كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بێت؟ ئایا توركه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییان چییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و دوو پارتییه‌ بخه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌ئیحای توركیایه‌ هه‌ڵه‌مان كردووه‌؟.

زریان رۆژهه‌ڵاتی:من زانیاریی وردم نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كۆنگره‌یه‌و ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ هه‌ن كه‌راگه‌یاندنه‌كان باسیان ده‌كه‌ن. به‌پێی ئه‌و شتانه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی توركیاش ده‌ینووسن توركیا پێی خراپ نییه‌ په‌كه‌كه‌ به‌شداریی له‌و كۆنگره‌یه‌دا بكات. قۆناغێكی نوێ‌ ده‌ستیپێكردووه‌ له‌توركیا به‌نیسبه‌ت كێشه‌ی كوردو په‌كه‌كه‌وه‌. هه‌ندێك هه‌نگاو بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی دانپێدانانی سه‌ره‌تاییدا هه‌ڵگیراون به‌ڵام ماویه‌تی. ده‌بێ‌ په‌كه‌كه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ خۆی رێكبخات ودنیاش ئه‌مه‌ی ده‌وێت. دیاره‌ په‌كه‌كه‌ش به‌بێ‌ گره‌نتی قبووڵ ناكات چه‌ك دابنێ‌ وئه‌گه‌ر واش بكات كارێكی عاقڵانه‌ ناكات. من پێموایه‌ ئه‌مه‌ریكاش ده‌یه‌وێت زیاتر گرنگیی به‌پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی بدرێت وله‌وانه‌یه‌ له‌پشتی په‌رده‌شه‌وه‌ په‌كه‌كه‌یان رازی كردبێت. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ داده‌نێم یان ئه‌مه‌ریكا یان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكرێنه‌ گارانتۆری په‌كه‌كه‌ بۆمه‌سه‌له‌ی چه‌كدانان. كۆنگره‌كه‌ به‌چرای سه‌وزی توركیا ده‌به‌سترێت. ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌وانه‌شه‌ رازی نه‌بوو، هه‌روه‌ها گوێشی له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وحزبه‌ كوردییه‌كان نه‌كرد، من چاوه‌ڕوانیی شه‌ڕێكی فراوان ده‌كه‌م له‌دژی په‌كه‌كه‌و ئه‌وكاته‌ هه‌وڵده‌درێت به‌زۆر چه‌كدانان به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌دا بسه‌پێنرێت.

ستیڤان:باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئۆجه‌لان ئازاد ده‌كرێ، خوشكی ئۆجه‌لان له‌دوا سه‌ردانیدا بۆ لای، له‌خودی ئۆجه‌لانی بیستووه‌ به‌مزووانه‌ ئازاد ده‌بێ. نووسه‌ری ناسراو "ئه‌حمه‌د ئاڵتان" ده‌ڵێت چۆن ماندێلا له‌لای ره‌شپێسته‌كان ره‌مزی ئازادیی و لای سپیپێسته‌كان تیرۆریست بوو، ئۆجه‌لانیش به‌هه‌مان شێوه‌ لای ده‌وڵه‌ت تیرۆریسته‌ ولای نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئازادیخوازه‌، بۆیه‌ توركیا ناچاره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گفتوگۆ وئاشتی بكات، كه‌وابوو له‌م كاته‌دا پێویسته‌ له‌زیندان ئازاد بكرێت، من پرسیار ده‌كه‌م ئایا توركه‌كان دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌دژایه‌تی په‌كه‌كه‌و هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی ئۆجه‌لان وگه‌له‌كه‌ی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی ئێستا له‌پێناوی ئاشتی له‌گه‌ڵ كورده‌كان ئۆجه‌لان ئازاد بكه‌ن وله‌گه‌ڵ گه‌لی كوردیش په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ دابمه‌زرێنن؟.

زریان رۆژهه‌ڵاتی:به‌ڵێ‌،توركیا باش ده‌زانێت كه‌په‌كه‌كه‌و شه‌خسی ئۆجالانیش كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی كورددا له‌توركیاو ناتوانن به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وان كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌وان باش ده‌زانن  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ده‌توانێت كار ئاسانیی بكات بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات. جیاوازیی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان كه‌سایه‌تی ئۆجالان ونیلسۆن ماندێلا، ماندێلا كاتێ‌ ده‌سگیركرا ئیدی وه‌كو سه‌رۆكێكی به‌ندكراو ره‌فتاری كردو ده‌ستی وه‌رنه‌دایه‌ كاری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ به‌ڵام ئۆجالان له‌زیندانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ به‌په‌كه‌كه‌ ده‌دات وئه‌مه‌شه‌ باش نییه‌، چونكه‌ زیندان شوێنێكی متمانه‌پێكراو نییه‌ بۆ ئه‌و كاره‌. من پێموایه‌ بۆ حكومه‌تی توركیا باشترین كه‌سێك دانوستانی له‌گه‌ڵدا بكات هه‌رخودی ئۆجالانه‌ چونكه‌ له‌زیندانه‌كه‌یدایه‌. جگه‌ له‌وه‌ حوكمی به‌ندكردنی هه‌تاهه‌تایی له‌توركیا دوای دوانزه‌ ساڵ ته‌واو ده‌بێت یانی ئه‌و كه‌سه‌ی  حكومی زیندانیكردنی ئه‌به‌دیی هه‌بێت ته‌نیا 12 ساڵ له‌زینداندا ده‌مێنێته‌وه‌. دیاره‌ وه‌زعه‌كه‌ی ئۆجالان جیاوازتره‌و له‌وانه‌یه‌ چه‌ند ساڵێك دره‌نگتر  ئازاد بكرێت. به‌ڵام له‌كۆتاییدا ئه‌گه‌ر به‌رێی نێوانكارییش بێت توركیا هه‌ر دانوستان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا ده‌كات وپێموایه‌ ئێستا ئه‌وه‌ش ده‌كرێت. 
 
ستیڤان:ده‌وترێت پارتی ویه‌كێتی به‌ڵێنیان به‌ده‌وڵه‌تی توركیا داوه‌ هاوكارییان بكه‌ن له‌ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌كانی ئه‌و پارتییه‌ له‌باشووری كوردستان! تاچه‌نده‌ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ راسته‌ كورده‌كانی باشوور له‌پێناوی دروستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌ماده‌ن قوربانیی به‌په‌كه‌كه‌ بده‌ن؟ ئایا تاچه‌ند ئه‌وه‌ش راسته‌ توركه‌كان تاكه‌ مه‌رجیان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌په‌یوه‌ندیی هاوبه‌ش، هاوكاریی پارتی ویه‌كێتی بووه‌ له‌گه‌ڵیان له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌؟

زریان رۆژهه‌ڵاتی:ئه‌مه‌ی ئێوه‌ باسی ده‌كه‌ن كه‌سێك ده‌یزانێ‌ ئاگای له‌پشتی په‌رده‌ هه‌بێت. به‌ڵام من پێموایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناچاره‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت. كاتێ‌ كه‌باسی هه‌بوونی حكومه‌تت كرد ده‌بێ‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ وڵاتاندا هه‌بێت ئه‌گینا ناتوانێ‌ له‌سه‌رپێ‌ بمێنێته‌وه‌. كه‌ وتت حكومه‌تم هه‌یه‌ ئیدی ناتوانێ‌ وه‌كو پارتیزان یان هێزێكی چه‌كداریی ناجێگیر ره‌فتار بكه‌یت. نابێ‌ كه‌س به‌په‌كه‌كه‌شه‌وه‌  چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ی هه‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر خاتری په‌كه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا تێكبدات. یان نابێ‌ حزبه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌یان هه‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رخاتری ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران تێكبدا. ئامانجی كۆتایی هه‌موو ناسیۆنالیسته‌كان به‌كورده‌كانیشه‌وه‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌. كه‌ئێمه‌ی كوردیش كوردایه‌تی ده‌كه‌ین ئامانجمان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌ نابێ‌ كارێك بكه‌ین له‌خۆمانی تێكبده‌ین. ئێستا لێره‌دا حكومه‌تێك هه‌یه‌و زه‌مینه‌یه‌ك باش هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌ تا پانزه‌ ساڵی دیكه‌ ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردیی، كه‌ئاواتی چه‌ندین سه‌د ساڵه‌ی كوردانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. بۆیه‌ تێكدانی ئه‌م وه‌زعه‌ له‌رێی تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی كوردیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌دا كارێكی عاقڵانه‌ نییه‌ بۆ كورد. من له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیاو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندام وپێموایه‌ ئه‌مه‌ به‌قازانجی كوردیشه‌. ئێستا من نازانم ئایا پارتی ویه‌كێتی به‌ڵێنیانداوه‌ به‌توركیا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ یان نا؟. به‌ڵام پێموانیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ به‌شداریی شه‌ڕی دژی په‌كه‌كه‌ بكات. له‌وانه‌یه‌ به‌رێگای دیكه‌وه‌  هاوكاریی توركیا بكات، بۆ نموونه‌ نه‌هێڵێت یارمه‌تی لۆجستیكی بگاته‌ ده‌ستی په‌كه‌كه‌، به‌ڵام  شه‌ڕی راسته‌وخۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌دژی په‌كه‌كه‌ به‌دوور ده‌زانم. 

Previous
Next

Leave a Reply