Skip to Content

Sunday, November 29th, 2020

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ مه‌هاباد قه‌ره‌داغی

Be First!
by February 11, 2009 گشتی

 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی:
 خوێنه‌ری داهێنه‌ر ده‌توانێت ڕۆحی ده‌ق بدۆزێته‌وه‌
 
 سازدانى : سۆران عەزیز

 * چۆن ده‌توانین به‌راوردێک له‌نێوان هه‌ردوو چه‌مکی نوێخوازی و داهێناندا بکه‌ین له‌ نێو ئه‌ده‌بی کوردیدا، له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ بۆته‌ گرێیه‌کی ده‌روونی زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ نێو ئه‌ده‌بی کوردیدا به‌رده‌وامییان هه‌یه‌؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: بڕوا ناکه‌م ئه‌مه‌ بووبێت به‌ گرێی ده‌روونی، به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی شاره‌زاییم له‌ ده‌روونناسی هه‌یه‌ ده‌توانم به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌ت بکه‌مه‌وه‌ که‌ نووسه‌ری کورد گرێی وای هه‌بێت. ئینجا سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌که‌ی تۆ له‌ نێوان نوێخوازی و داهێناندا به‌راورد ناکرێت، چونکه‌ ئه‌م دوو چه‌مکه‌ هه‌ردووکیان به‌رهه‌مهێنه‌ری یه‌کترین. داهێنان له‌ هه‌ناوی نوێوه‌ به‌رهه‌م دێت و، نوێخوازی ئه‌و وزه‌یه‌یه‌ که‌ وات لێده‌کات له‌ سه‌رچاوه‌ی باڵاوه‌ بۆ واژه‌ و فیکر و فه‌لسه‌فه‌ بگه‌ڕێیت.
 * کۆمه‌ڵێ چه‌مکی وه‌ک (داهێنان، خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌رایی) خزاوه‌ته‌ نێو ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن پێشتر (وجودیه‌ت، چه‌پگه‌رایی، ئه‌ده‌بی به‌رگری) هه‌بوو، ئه‌مه‌ لانی که‌م کاری پێکراوه‌ و وه‌کو میتودێکی فیکری، له‌ کاتێکدا ڕایه‌کی تر هه‌یه‌ ده‌ڵێت وه‌ک خۆی کاری پێنه‌کراوه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێی؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ئێمه‌ به‌شێکین له‌ جیهان، به‌ڵام به‌شێکی پاسیڤین و هه‌موو ئه‌و چه‌مک و میتود و فیکر و تیۆرییانه‌ی که‌ له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی جیهان داده‌هێنرێن، ده‌یانهێنین و مه‌خابن هه‌ندێ جار به‌ شێواوی به‌کاریان ده‌هێنین. بێگومان دان و ستانی میتود و تیۆرییه‌کانی ئه‌ده‌ب و فیکر و سیاسه‌ت له‌ نێوان هه‌موو مرۆڤی گه‌ردووندا زۆر ڕه‌وایه‌ و ئاڵۆگۆڕی کولتووری به‌هێزترین پرده‌ که‌ له‌ وزه‌ی پۆزه‌تیڤ پێکهاتبێت و مرۆڤی هه‌موو جیهان بکاته‌ ئاشنا و خۆشه‌ویستی یه‌کتر، به‌ڵام گرنگیشه‌ ئه‌و پرده‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست به‌کار ببرێت.
 داهێنان شتێک نییه‌ خزابێته‌ نێو ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه‌، چونکه‌ داهێنان له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا خۆی هه‌یه‌ و نووسه‌ری کورد سه‌ره‌ڕایی هه‌موو ئاسته‌نگییه‌کان و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌کان داهێنانیان هه‌یه‌. (داهێنان) ته‌واو پێچه‌وانه‌ی (سه‌نعه‌تسازی)یه‌، له‌ داهێناندا عه‌قڵی ناوه‌کی نووسه‌ر کارایه‌ و له‌ فه‌نتازیایه‌کی باڵاوه‌ به‌رهه‌مه‌که‌ی هه‌ڵده‌قوڵێ و وه‌کو کانی ده‌پژێ، به‌ڵام له‌ سه‌نعه‌تسازیدا که‌ره‌سته‌کان له‌ شوێنی دیکه‌وه‌ ده‌هێنرێن و کاری نووسه‌ر ته‌نها پێکه‌وه‌نانیانه‌، بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێن داهێنان بن. خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق به‌ میتودی ڕه‌خنه‌یی جۆراوجۆر ده‌توانێت ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت چ نووسراوێک داهێنانه‌. کاری ڕه‌خنه‌گر به‌رهه‌مهێنانی ده‌قێکی زیندووی دیکه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌قێکی ئه‌ده‌بی. ڕه‌خنه‌گر به‌و ئامرازانه‌ی که‌ له‌ به‌رده‌ستێتی وه‌ک میتوده‌کانی ڕه‌خنه‌ و سه‌لیقه‌ی هزری خۆی، ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌که‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و له‌و توێکاری و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی که‌ له‌جه‌سته‌ی ده‌قه‌که‌دا ده‌یکات، ده‌قێکی دیکه‌ داده‌هێنێت و هاوکات ناسنامه‌ی ده‌قه‌ئه‌ده‌بیه‌که‌ش ئاشکرا ده‌کات.
 * ده‌وێرین بڵێین ده‌قی ئیبداعیمان هه‌یه‌ که‌ سیحری ئه‌وه‌ی تێدا بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بیخه‌ینه‌ ته‌رازووه‌وه‌، ئایا ئه‌ده‌بی به‌راوردکاری خۆی شتێکی مومکینه‌؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌، سه‌رنجڕاکێشترین ئه‌ده‌ب و سیحراویترینیان ئه‌وانه‌ن که‌ ڕۆحی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ له‌ نێو ده‌قه‌کانیاندا ڕه‌نگ و ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌ده‌بی ئێمه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان ئه‌و کاته‌ سه‌رنجڕاکێشه‌ که‌ ئه‌وی دی هه‌ست بکات شتێکی جیاواز له‌وه‌ی خۆی ده‌خوێنێته‌وه‌ و چێژێکی جیاواز له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ وه‌رده‌گرێت که‌ ڕۆحی هاومرۆڤی خۆی له‌ به‌شێکی دیکه‌ی جیهانه‌وه‌ پێی ده‌گات. نووسه‌ری کورد تا ڕاده‌یه‌کی باش توانیویه‌تی چێژی تایبه‌تمه‌ندی و ڕۆحی گشتی کورد له‌ نێو ده‌قه‌کانیدا جێگیر بکات، به‌ڵام هێشتا ئه‌ده‌بی کوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بی جیهاندایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داموده‌زگامان نه‌بووه‌ ده‌قی ڕه‌سه‌نی کوردی و نووسه‌ره‌ داهێنه‌ره‌کانی کورد به‌ دنیا بناسێنێت. نووسه‌رێکی کورد ده‌توانێت باشترین ده‌ق به‌ زمانی زکماگی خۆی بنووسێت، به‌ڵام چۆن ئه‌م ده‌قه‌ به‌ زمانێکی لۆکاڵ به‌ جیهان ده‌گات ئه‌گه‌ر ده‌زگای وه‌رگێڕان ئه‌و ئه‌رکه‌ له‌ئه‌ستۆی خۆی نه‌گرێت و به‌رهه‌مه‌ شایسته‌کان نه‌کات به‌ زمانه‌ زیندووه‌کانی جیهان. له‌ ڕابردوودا ئاسته‌نگ زۆرتر بوو، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان هه‌رێمێکی فیدڕاڵی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ده‌کرێت بیر له‌ ده‌زگای وا بکرێته‌وه‌. هیوادارم بیری لێ بکرێته‌وه‌.
 * ڕه‌ئیه‌ک هه‌یه‌ ده‌ڵێ به‌راوردکردنی هه‌ر ئه‌ده‌بێک به‌ ئه‌ده‌بێکی تر به‌رهه‌می نییه‌، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌به‌کانی تر، جگه‌ له‌ کاریگه‌ری شتێکی تر ئاشکرا ناکات؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ئه‌وروپا به‌هۆی ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنانه‌ی که‌ له‌ بواره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک ئابووری، سیاسی، فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌ده‌ستیان هێنا، کاریگه‌ری له‌ سه‌ر کولتوور و ئه‌ده‌بیشیان هه‌بوو، ئاستی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی له‌ کولتوورێکی پێشکه‌وتوودا به‌رهه‌م دێ به‌رزتره‌ له‌و ئه‌ده‌به‌ی که‌ له‌ کولتوورێکی دواکه‌وتوودا به‌رهه‌م دێت. ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌، چونکه‌ ئه‌ده‌ب ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دیارده‌ کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فیکرییه‌کانه‌ و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌کی گه‌شه‌سه‌ندووتری ئه‌و کولتووره‌یه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام هاوکاری ده‌کات بۆ پێشکه‌وتنی تر. به‌راوردکردنی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان دوو کولتووردا که‌ ئاستیان نزیکه‌ له‌ یه‌کتره‌وه‌ ڕه‌وایه‌، به‌ڵام به‌راوردکردنی ئه‌ده‌بی دوو کولتووری دوور له‌ یه‌ک ناڕه‌وایه‌. مرۆڤ ده‌توانێ ئه‌ده‌بی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا به‌راورد بکات و به‌ ڕه‌وایی هه‌ڵیسه‌نگێنێ، به‌ڵام ئایا مرۆڤ ده‌توانێ ئه‌ده‌بی تورکی به‌ هی ئه‌وروپی به‌راورد بکات؟ بێگومان نا. بۆیه‌ نموونه‌ی ئه‌ده‌بی تورکیم هێنایه‌وه‌، چونکه‌ تورک گرێی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ خۆیان به‌ ئه‌وروپی داده‌نێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاستییه‌که‌ که‌ گه‌شه‌ی کولتووری له‌ تورکیا له‌ چاو هی ئه‌وروپا لای که‌م سه‌د ساڵی نێوانه‌ و ئه‌م نێوانه‌ش وا به‌ئاسانی و به‌ زوویی نزیک نابنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت هه‌وڵی بۆ نه‌دراوه‌. ئه‌گه‌ر باسی کوردیش بکه‌م، بارودۆخی کوردستان زۆر جیاواز بووه‌ و وڵاتێکی داگیرکراو ناکرێ له‌گه‌ڵ وڵاتێکی ئازاد به‌راورد بکرێت.
 * له‌گه‌ڵ هاتنی چه‌مکی جیهانگه‌رایی ده‌رگای به‌ڕووی هه‌موو شته‌کاندا واڵاکرد و سیحری نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ق، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕایه‌ک هه‌یه‌ که‌ جیهانگه‌رایی هه‌رچی زیاتر شته‌کانی کاڵتر و بێ به‌هاتری کردووه‌، ئه‌مه‌ چۆن ده‌بینی؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: من به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕایه‌وه‌ گه‌ردوونگه‌رایی وه‌کو ئه‌و تواناکارییه‌ مه‌زنه‌ ده‌بینم که‌ که‌ره‌سته‌ی هه‌موو جیهانت له‌به‌رده‌ستدا داده‌نێت و پێت ده‌ڵێت فه‌رموو ئه‌وه‌ عه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز. ئه‌گه‌ر جاران مرۆڤ ته‌نها که‌ره‌سته‌ی خاوی خۆماڵی و ئه‌وپه‌ڕی دراوسێماڵی له‌به‌رده‌ستدا بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهێناندا به‌کاریان ببات، ئێستا هه‌موو گه‌ردوون که‌ره‌سته‌ی خاوی به‌رده‌ستمانن و ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئایا خۆمان وه‌ک نووسه‌ر چه‌ند داهێنه‌رین و تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک ده‌توانین سوود له‌و که‌ره‌سته‌ و سامانه‌ گه‌ردوونییه‌ وه‌ربگرین.
 * هیلیس میله‌ر له‌ کتێبێکدا به‌ناوی ئه‌خلاقیاتی خوێندنه‌وه‌ باس له‌ ئیلتیزام ده‌کات بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، ئایا ئێمه‌ خوێنه‌رێکمان هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ یه‌خه‌ی ده‌ق بگرێت، ئه‌وه‌نده‌ نه‌په‌رژێته‌ سه‌ر که‌سایه‌تی ده‌ق؟ ئایا ده‌توانین چی بکه‌ین ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ بکه‌ینه‌ باو؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: خوێنه‌ری داهێنه‌ر ده‌توانێت ڕۆحی ده‌ق بدۆزێته‌وه‌، خوێنه‌ری مولته‌زیم خوێنه‌رێکی داهێنه‌ره‌ و به‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق مێشکی ئه‌کتیڤ ده‌بێته‌وه‌ و ڕۆحی ئه‌و داهێنانه‌ وه‌رده‌گێڕێت بۆ ڕه‌فتاری ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی و له‌وێوه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر که‌سانی دیکه‌ دروست ده‌کات. خوێنه‌ری داهێنه‌ر پردی نێوان نووسه‌ر و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ و پرنسیپ و به‌هاکانی نێو ده‌ق ئه‌و ده‌یانگوێزێته‌وه‌ و ده‌یانکات به‌ نۆرم له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا. مه‌خابن له‌ ئێستادا ژماره‌ی خوێنه‌رانی داهێنه‌ر بۆ ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ کوردستاندا هێنده‌ زۆر نییه‌ که‌ ئه‌و پرده‌ وزه‌ییه‌ی دروستکردبێت له‌ نێوان نووسه‌ر و کۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام ده‌کرێت له‌ داهاتوودا کار بۆ دروستکردنی توێژێک له‌ خوێنه‌ری داهێنه‌ر بکه‌ین. بێگومان ئه‌مه‌ پێویسته‌ وه‌ک پرۆژه‌ بکرێت و دام و ده‌زگا هه‌بێت کاری ئه‌وه‌ بێت کولتووری خوێندنه‌وه‌ به‌ گشتی له‌ نێوکورددا دروست بکات و له‌نێو ئه‌وانه‌شدا توێژێک خوێنه‌ری داهێنه‌ر هه‌بن و به‌هاکان وه‌ربگێڕن بۆ کرده‌وه‌.
 * با له‌ ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه‌،گفتوگۆ لەمەر چەمكى تیرۆر بكەین له‌ کاتێکدا ئه‌م چه‌مکه‌ ته‌نها له‌ نێو کایه‌ی سیاسه‌تدا کاری پێده‌کرێت، گومانیش هه‌یه‌ که‌ هه‌موومان ڕێککه‌وتنێکمان مۆر کردبێت له‌سه‌ر پێناسه‌ی تیرۆر، ئایا چۆن ده‌توانین له‌ ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ له‌م چه‌مکه‌ حاڵی بین؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ئه‌م پرسیاره‌ت ئه‌وه‌م بیر ده‌هێنێته‌وه‌ له‌ ساڵی 2003 له‌ گه‌رمه‌ی بۆردومانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر عێراق، که‌ هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی دنیا شیکردنه‌وه‌ی عه‌سکه‌ری و سیاسی بۆ دۆخه‌کانی شه‌ڕ و هۆکار و ئه‌نجامه‌کانی ده‌کرد، له‌ ڕادیۆیی پی3 سویدیه‌وه‌ نووسه‌رێک په‌یوه‌ندی پێوه‌کردم که‌ خۆی ئاماده‌کار و پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی بوو، داوای کرد دوور له‌ سیاسه‌ت و به‌ زمان و ڕۆحێکی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ من باسی شه‌ڕی عێراقی بۆ بکه‌م. به‌هۆنراوه‌ی (نیشتیمانی نێوان دوو زێ) که‌ به‌ زمانی سوێدی نووسیم، نومایشێکی ئه‌ده‌بیانه‌ی دۆخه‌ هه‌ستی و ده‌روونییه‌کانی مرۆڤی کوردم کرد که‌ ساڵانێکی زۆر شه‌ڕیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌. له‌ ڕێگه‌ی ئه‌زموونی زیندانی خۆمه‌وه‌ باسی ئێسک و پروسکی منداڵانی ئه‌نفالکراو و هه‌نیسکی دایکان و هه‌موو دۆخه‌ ده‌روونییه‌ دژواره‌کانی ئه‌و مرۆڤانه‌م کرد که‌ ساڵانێکه‌ شه‌ڕیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و تینووی ئازادی و ئالووده‌ی ئاشتین. هه‌موو شتێک ده‌توانێت ببێت به‌ که‌ره‌سته‌ی ئه‌ده‌ب، شه‌ڕ و تیرۆریش به‌ هامان شێوه‌. له‌ نێو ئه‌ده‌بدا مرۆڤ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ به‌ لۆژیک هۆ و ئه‌نجامی تیرۆر لێک بداته‌وه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی له‌ قوڵایی نه‌ستتدا بۆ ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ ده‌گه‌ڕێت که‌ تیرۆر دروستی ده‌کات. داهێنان له‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ ده‌گه‌ڕێت که‌ به‌چاوی ئاسایی نابینرێن، تیرۆریش بریتی نییه‌ له‌و پێناسه‌یه‌ی که‌ ئه‌مریکا کردوویه‌تی و به‌گشتی کراوه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان. ئه‌مریکا ده‌شێ به‌ ڕێکخراوێکی ئازادیخوازیش بڵێ تیرۆریست، بۆیه‌ پێناسه‌که‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ر به‌ گشتی بکرێت، ناڕه‌وایی ڕووده‌دات.
 تیرۆریستێک خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ و له‌ شوێنێکدا سه‌دکه‌س به‌ جارێک ده‌کوژێت. ئه‌م دیارده‌یه‌ سیاسه‌ت به‌ جۆرێک باسی ده‌کات و ئه‌ده‌ب به‌ جۆرێکی تر، سیاسه‌ت له‌ ڕه‌هه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانه‌وه‌ شی ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌ده‌ب له‌ ڕه‌هه‌ندی هه‌ست و نه‌ستی مرۆییانه‌وه‌. من هاوسه‌ره‌که‌م له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا گیانی له‌ده‌ست دا و شه‌هید بوو، ئه‌گه‌ر ڕۆژێ ئه‌م کاره‌ساتی تیرۆره‌ بکه‌م به‌ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی، ده‌بێت بۆ که‌ره‌سته‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بچمه‌ نێو قوڵایی نه‌ستی خۆمه‌وه‌ و له‌وێوه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌ستی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌دا بکه‌م که‌ که‌سی ئازیزی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌ و ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆحیش له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و شه‌هیدانه‌دا دروست بکه‌م که‌ له‌و کاره‌ تیرۆریستیه‌دا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، تا خۆیان هه‌سته‌کانی خۆیانم بۆ بگێڕنه‌وه‌ و له‌و چرکه‌ ساته‌ بدوێن که‌ دوا هه‌ناسه‌یان داوه‌، له‌و ئاره‌زووانه‌ بدوێن که‌ له‌و چرکانه‌ی کۆتاییدا هه‌یانبووه‌. ڕه‌نگه‌ بپرسیت ئایا مومکینه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆحی ئه‌وانه‌دا بدوێی و خۆیان بێنیته‌ گۆ؟ بێگومان ئا ئه‌م دۆخانه‌یه‌ سیحر و نهێنی هه‌ر داهێنه‌رێکی ئه‌ده‌بی. ئه‌م دۆخانه‌یه‌ که‌ داهێنه‌رێک و یه‌کێکی دی له‌ یه‌کتر جیاده‌کاته‌وه‌ و داهێنانێک و یه‌کێکی دی له‌ یه‌کتر جیاده‌کاته‌وه‌.
 * کێشه‌ی فه‌رهه‌نگ و ڕۆشنبیری کوردی هه‌ڵئاوساوه‌ وه‌ک باس ده‌کرێت وای لێهاتووه‌ دیار نییه‌ که‌ ته‌ئسیری هه‌بێت له‌سه‌ر کایه‌کانی تر له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیران له‌سه‌ر زۆر کایه‌ قسه‌یان کردووه‌. پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا پرۆژه‌ی ڕۆشنبیری ئێمه‌ بۆچی نه‌یتوانیوه‌ گۆڕان دروست بکات له‌ هه‌موو بواره‌کاندا، ئایا گۆڕان پرۆسه‌یه‌که‌ خۆی به‌ خاوی ده‌ڕوات و ئێمه‌ په‌له‌مانه‌؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: قسه‌کردن شتێکه‌ و به‌ پرۆژه‌کردن و به‌ده‌زگاییکردن شتێکی تره‌. ئه‌و قسانه‌ی له‌ پێناوی قسه‌دا ده‌کرێن هیچیان لێ شین نابێت، به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ ئه‌گه‌ر بکرێن به‌ پرۆژه‌ به‌رهه‌میان ده‌بێ و خۆ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌کانی ڕۆشنبیریش به‌ شێوه‌یی ده‌زگایی کاری بۆ بکرێت، ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بینرێت و زۆر به‌ ڕوون و ڕه‌وانیش کاریگه‌رییه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێت و بێگومان گۆڕانیش دروست ده‌کات. ئه‌وه‌ ڕاستییه‌که‌ که‌ پرۆسه‌ی گۆڕان له‌ نێو کولتووری ئێمه‌دا هێنده‌ خاوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر زۆر لێی ورد نه‌بیته‌وه‌ واده‌زانی له‌جێی خۆی ڕاوه‌ستاوه‌ و نابزوێت، هۆکه‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌وڵه‌ ڕۆشنبیرییه‌کانی ئێمه‌ که‌متر به‌ پرۆژه‌ کراوه‌ و زیاتر له‌ قسه‌کردندا ماوه‌ته‌وه‌. به‌ ڕواڵه‌ت هه‌ندێ داموده‌زگا دامه‌زراون بۆ کارکردن له‌سه‌ر کایه‌ ڕۆشنبیرییه‌کان، به‌ڵام سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ده‌زگایانه‌ به‌ عه‌قڵێکی ده‌زگاییانه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت و له‌و ده‌زگایانه‌شدا هه‌ژموونی گروپگه‌رایی زاڵه‌ و هه‌ر ده‌زگایه‌ک کۆمه‌ڵێ که‌س کاری تێدا ده‌که‌ن که‌ خزمی یه‌کترین و په‌یوه‌ندی خوێن به‌هێزترین په‌یوه‌ندییه‌ و له‌ باشترین حاڵه‌تیشدا ئه‌و هاوڕێیانه‌ش ده‌گرێته‌ خۆ که‌ وه‌ک یه‌ک بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سێک زه‌ڕه‌یه‌ک بیروباوه‌ڕی جیاوازی هه‌بوو، وه‌لاوه‌ ده‌نرێ و له‌و ده‌زگایانه‌ جێگای نابێته‌وه‌. خۆی ئه‌مه‌ ئه‌و میکرۆبه‌یه‌ که‌ ناهێڵێ له‌ کوردستاندا ده‌زگا دروست ببێت. ده‌زگاکان ته‌نها ته‌لار و داروپه‌ردوون، عه‌قڵی ده‌زگایی مه‌خابن وجودی نییه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگا سه‌رۆک خێڵه‌ و ئه‌وانه‌شی کاری تێدا ده‌که‌ن ڕه‌عیه‌تن و ده‌بێ ته‌ماشای ده‌می به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگا بکه‌ن. جا وه‌ره‌ له‌ ده‌زگای وادا داهێنان بکه‌!
 * تا چه‌ند پێت وایه‌ گروپبه‌ندێتی بتی ڕۆشنبیری دروست ده‌کات. ئایا ئێمه‌ ئه‌م گروپبه‌ندییه‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌ی زیانه‌کانی کامانه‌ن؟
 مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: داهێنه‌ر و قاڵبیان نه‌گووتووه‌. گروپ قاڵبه‌ و سنوور بۆ داهێنه‌ر داده‌نێت. داهێنه‌ر ته‌نها له‌گه‌ڵ کولتووری تاکگه‌ریدا ده‌گوونجێ، چونکه‌ له‌وێدا تاک سه‌نته‌ره‌ و تاک خۆی به‌ به‌هێز و به‌توانا و ئافرێنه‌ر ده‌زانێ، به‌ڵام له‌ کولتووری کۆلێکتیڤدا تاک له‌ نێو گروپدا گیرۆده‌ی ئه‌و سنوورانه‌ ده‌بێت که‌ گشت بۆی داناوه‌. دیاره‌ من مه‌به‌ستم له‌و ده‌سته‌ و گروپانه‌یه‌ که‌ لێره‌ هه‌یه‌ و زیاتر شێوه‌ی تایفه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ر گروپێک سه‌رۆکی تایفه‌که‌ی به‌ باشترین ده‌زانێ و ده‌بێته‌ توتی ئه‌و، ئه‌ویش هه‌مووانی نێو گروپه‌که‌ به‌ تابعی خۆی ده‌زانێت و له‌وێوه‌ هه‌ست به‌ به‌هێزی خۆی ده‌کات و ئه‌وانی دیکه‌ش خۆیان له‌ نێو هێزی ئه‌ودا ده‌توێننه‌وه‌ و خۆیان هیچی نوێ به‌رهه‌م ناهێنن. ئه‌گه‌ر گوێ له‌ وته‌ی ئه‌و که‌سانه‌ بگری که‌ خۆیان به‌ هه‌واداری نووسه‌رێکی دیاریکراو ده‌زانن، به‌ ته‌واوی هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ تواوه‌ته‌وه‌ و هیچی خۆی ناڵێت و ته‌نها فیکری ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌ڵێته‌وه‌ که‌ کردوویه‌تی به‌ بت بۆ خۆی، ئا ئه‌م ده‌رده‌یه‌ که‌ خوێنه‌ری داهێنه‌ری قاتی کردووه‌. خوێنه‌ر ده‌بێ به‌ ڕۆحێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی داهێنه‌رانه‌وه‌ له‌ هه‌موو ده‌قێک بڕوانێت و هیچ نووسه‌رێکیش نه‌کات به‌ نموونه‌ی ڕه‌ها، ته‌نانه‌ت نموونه‌ی باگش نابێت به‌ چاوی ڕه‌هاوه‌ ته‌ماشا بکرێت. گه‌وره‌ترین زیانی گروپبه‌ندی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ی ساخته‌ دروست ده‌کات و ئه‌ندامێکی گروپێک به‌ ناوی ڕه‌خنه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامێکی تری گروپه‌که‌ی خۆی هه‌ڵده‌ڵێ و ئه‌م جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ساختانه‌ش بتی ئه‌ده‌بیمان بۆ دروست ده‌که‌ن. ئه‌مانه‌ ناهێڵن خوێنه‌ری خۆڕسک دروست ببێت، خوێنه‌ری بیرکه‌ره‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر، خوێنه‌ری مولته‌زیم و داهێنه‌ر. ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌گره‌ ساختانه‌ی به‌ براده‌ری خۆدا هه‌ڵده‌ڵێن پێش هه‌ر شتێک
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply