Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ کوێستان محه‌مه‌د…

Be First!
by June 29, 2009 گشتی

كوێستان محه‌مه‌د- ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان:
ئێمه‌ وه‌ك لیستی گۆڕان پشتگیریی ته‌واوی هه‌موو مافه‌كانی ژنان ده‌كه‌ین
دیمانه‌: ئاسۆعوسمان

* ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌شداریی ژنان بكه‌ین له‌حزبه‌ سیاسییه‌كان وحكومه‌تدا وه‌ك نه‌بوو وایه‌
كوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ولیستی گۆڕان له‌م دیمانه‌یه‌دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر پرسی ژن و به‌شداریی سیاسیی وچۆنێتی به‌شداریی كاریگه‌ریی ژن له‌هه‌ڵبژاردن و ژیانی سیاسیی وپه‌رله‌مانتارییدا.
ئاسۆ:ئایا رێژه‌ی 30%  كه‌ له‌ئاینده‌دا بۆ ژنان دیاریكراوه‌ ده‌توانێت له‌په‌رله‌مانی ئاینده‌دا كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ بكات له‌دژی مافه‌كانی ژنانه‌؟.
كوێستان:یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ باشه‌كانی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێستای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ رێژه‌ی كورسییه‌كانی ژنانی له‌ (25) كورسییه‌وه‌ گه‌یانده‌ (30) كورسی، ئه‌مه‌ به‌هه‌وڵی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی ژنان بوو، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سێتی، یاساكه‌ له‌مادده‌ی (3)دا هه‌ندێ بڕگه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیی به‌فره‌ژنییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ گۆرانكاریمان كردووه‌. دیاره‌ له‌په‌رله‌مان دوو بۆچوون هه‌بوو، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ ئایا فره‌ژنی به‌ته‌واوه‌تی قه‌ده‌غه‌ بكرێت؟ یان فره‌ژنی بمێنێته‌وه‌ به‌كۆمه‌ڵێك مه‌رج؟، دوای ئه‌وه‌ی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌و بۆچون ورایه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا ده‌ڵێت فره‌ژنی بمێنێته‌وه‌ به‌مه‌رج، به‌جیاوازیی چوار ده‌نگ، ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌م بڕگانه‌ی مادده‌ی (3)یه‌ كه‌تێیدا نایه‌كسانی ژن وپیاو به‌ته‌واوه‌تی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو مه‌رجه‌كانیش به‌شێوازێك بن هیچ پیاوێك له‌م هه‌رێمه‌دا نه‌توانێت ژنی دووه‌م بهێنێت مادام له‌ناو یاساكه‌ پیاو به‌هه‌ر مه‌رجێك بۆی هه‌بێت ژنی دووه‌م بهێنێت واته‌ ژن وپیاو یه‌كسان نین، ئه‌مه‌ نایه‌كسانی یاساییانه‌ی ژن وپیاوه‌ له‌م بڕگانه‌ی مادده‌كه‌ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌گشتی سه‌یری یاساكه‌ بكه‌ین، یاساكه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی باشی تیایه‌ بۆ ژن، به‌دڵنیایی ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌رله‌مانی داهاتوو پێكهاته‌كه‌ی چۆنه‌؟
راسته‌ 25% په‌رله‌مان ژن بوو، به‌ڵام له‌ناو په‌رله‌ماندا ژنانێكیش هه‌بوو ده‌نگیان داوه‌ به‌وه‌ی فره‌ژنی بمێنێته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك پیاویش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون فره‌ژنی به‌ته‌واوه‌تی قه‌ده‌غه‌ بكرێت، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیی به‌پێكهاته‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ته‌نیا به‌ژنانه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ هه‌موو شته‌كان له‌ناو په‌رله‌ماندا به‌ده‌نگدان ساغ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و (30%)یه‌ی ژنانیش (100%) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت فره‌ژنی بكرێت ئه‌گه‌ر ره‌نگی كۆمه‌ڵێ‌ پیاوی ئازادیخوازی یه‌كسانیخوازیان له‌گه‌ڵ نه‌بێت، به‌دڵنیایی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێت وناتوانێت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌ك بێت جگه‌ له‌ژنه‌كان كۆمه‌ڵێ‌ پیاویشی تیابێت بڕوایان به‌یه‌كسانی وئازادیی هه‌بێت ئه‌وكاته‌ ده‌توانرێت گۆڕانكاری بكرێت وئه‌و فره‌ژنییه‌ی له‌مادده‌ی (3)دا هه‌یه‌ گۆڕانكاریی تێدا بكرێت وبه‌ته‌واوه‌تی فره‌ژنی قه‌ده‌غه‌ بكرێت. بۆیه‌ من دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ته‌نیا له‌سه‌ر ژنان نه‌وه‌ستاوه‌ به‌ڵكو ده‌بێت پیاوه‌كانیش هاوكاریی ژنان بن، چونكه‌ وه‌كو باسمكرد له‌جاری پێشوو كه‌ هه‌مواری یاساكه‌ كرا خۆشبه‌ختانه‌ كۆمه‌ڵێ‌ پیاوی زۆر ئازادیخوازو یه‌كسانیخواز له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ بوون فره‌ژنی هه‌بێت، شه‌ڕیشیان له‌سه‌ر كردووه‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌ش ده‌نگیانداوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و (30%)یه‌ی ژنه‌كان هه‌مووشیان یه‌ك بیروبۆچونیان هه‌بێت ئه‌گه‌ر پیاوه‌كان پاڵپشتی ئه‌وه‌ نه‌بن به‌دڵنیایی ناكرێت هه‌موار بكرێت بۆیه‌ ئه‌مه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌پیاو وژنی ناو په‌رله‌مانه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا به‌ژنه‌كانه‌وه‌.
ئاسۆ:ئێستا چه‌ندین قه‌واره‌ی سیاسی كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن ئه‌م جاره‌ به‌ڵام بۆ لیستێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو تایبه‌ت به‌ژنان؟.
كوێستان:پێم باش نییه‌، لیست هه‌بێت بۆ ژن وبۆ گه‌نج، به‌ڕای من ناكرێت ژن به‌ته‌نیا جیابكرێته‌وه‌، چوونكه‌ هه‌موو ژنێك ده‌بێته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان ته‌نیا نوێنه‌ری ژن نییه‌، نوێنه‌ری پیاویشه‌، هیچ ژنێك ته‌نیا به‌ده‌نگی ژن نابێت به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مان، به‌ده‌نگی ژنان وپیاوانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌چێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، راسته‌ ئه‌ركی ژن قورستره‌ له‌ئه‌ركی پیاوه‌كانی ناو په‌رله‌مان، وه‌ك چۆن مه‌سه‌له‌ گشتیی ونه‌ته‌وایه‌تی ونیشتمانییه‌كان له‌ئه‌ستۆی پیاوانه‌، ئه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ئه‌ستۆی ژنانه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌شیان له‌ئه‌ستۆدایه‌ كه‌مه‌سه‌له‌ی ژنه‌، بۆیه‌ هه‌ر ژنێك ده‌چێته‌ په‌رله‌مان به‌ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی ژنان ناكات نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كۆمه‌ڵگا ده‌كات به‌ژن وپیاوه‌وه‌.
ئاسۆ:به‌ڕێزت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایت كێشه‌ی ژن جیابكرێته‌وه‌؟.
كوێستان:پێموایه‌ كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌م هه‌رێمه‌ ناوی كێشه‌ی ژنه‌و هه‌موومان هه‌ستی پێ‌ ده‌كه‌ین، نایه‌كسانی و توندوتیژیی ونابه‌رامبه‌ریی هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و په‌یوه‌ندیی به‌هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی ژن چاره‌سه‌ر بكرێت كێشه‌ی خێزانه‌كانی ئێمه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ژن له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ئاسووده‌ بێت پیاوه‌كانیش ئاسووده‌ ده‌بن، بۆیه‌ كێشه‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌هه‌موو تاكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ پێویستی به‌چاره‌سه‌ركردن هه‌یه‌، كێشه‌ی ژنان له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌  نایه‌كسانی ته‌واو هه‌یه‌ له‌یاسادا، یاسای باری كه‌سێتی ویاسای سزادانی عێراقی وكۆمه‌ڵێ‌ یاسای دیكه‌ ئێمه‌ تێبینیمان له‌سه‌ری هه‌یه‌، مه‌سه‌له‌ی توندوتیژیی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ژنان، ئه‌گه‌ر سه‌یری ئاماره‌كان بكه‌ین هه‌ر ئه‌و ئامارانه‌ی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌دواداچوونی توندوتیژیی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رده‌چن ئامارێكی مه‌ترسیدارن، كه‌وا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌و قووڵ هه‌یه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ به‌ناوی كێشه‌ی ژنانه‌وه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنیشی به‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كرێت، له‌كاتی چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌شیدا هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
ئاسۆ:زۆرجار ره‌خنه‌ گیراوه‌ له‌وه‌ی به‌شداریی ژن له‌په‌رله‌ماندا به‌ته‌نیا به‌شدارییه‌كی شكڵی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ژنیش له‌په‌رله‌ماندا هه‌بووه‌، تۆ چه‌ند ئه‌م بۆچوونانه‌ به‌راست ده‌زانیت؟.
كوێستان:من به‌دڵنیایی پێتده‌ڵێم جگه‌ له‌په‌رله‌مان كه‌به‌رێژه‌ دانراوه‌، رێژه‌كه‌ش پێشتر له‌یاساكه‌ی بریمه‌ر دانراوه‌ له‌ناوه‌نده‌وه‌، كه‌ ژن توانیوویانه‌ (25) كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردیی ئه‌مه‌ی بۆ كردوون، پێشترو له‌یاساكه‌ی بریه‌مر دانراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌شداریی ژنان بكه‌ین له‌حزبه‌ سیاسییه‌كان وحكومه‌تدا وه‌ك نه‌بوو وایه‌.
ئاسۆ:ئه‌و شكڵ و به‌شدارییه‌ی ژن ئێستا له‌ناو حزب وحكومه‌ت وپه‌رله‌مان هه‌یه‌تی، ئه‌م به‌شدارییه‌ شكڵییه‌و بۆ ئارایشته‌ وه‌ك داوا ده‌كه‌ن ژنێك بخه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ نه‌ك ژنێك به‌توانای خۆی بچێته‌ سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌؟.
كوێستان:ناتوانم نیشانه‌ی هه‌ڵه‌ به‌سه‌ر ژنه‌كانی په‌رله‌مان بهێنم، زۆر ژنی به‌توانامان هه‌یه‌، ژنمان هه‌یه‌ زۆر به‌شداریی جیددی كردووه‌، ژنمان هه‌یه‌ راو بیرو بۆچوونی تایبه‌تی وده‌نگی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌، ره‌نگه‌ له‌وه‌زیره‌كاندا له‌و ماوه‌ دوورو درێژه‌ی حكومه‌ت هه‌بووه‌ وه‌زیری زۆر به‌توانا ده‌ركه‌وتبێت، به‌ڵام وه‌ك خۆت وتت له‌بڕیاری سیاسیدا ژن هیچ ده‌ورێكی نییه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری حزبه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی هه‌ر ژنی نییه‌ له‌مه‌كته‌بی سیاسیی وسه‌ركردایه‌تییدا، حزبێكی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ خه‌باته‌ یه‌ك ژنی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری حزبه‌كانی تریش بكه‌ین دووان یان سیانیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ئه‌م ژنانه‌ چه‌ند ده‌وریان هه‌یه‌ له‌سیاسه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌دا؟ به‌دڵنیایی دورخراونه‌ته‌وه‌و هیچ به‌شدارییه‌كیان پێنه‌كردوون، زۆربه‌ی حزبه‌ سیاسیه‌كان كه‌ژنیان هێناوه‌ له‌ناو حیزبه‌كانیان ئه‌وه‌ بۆ جوانكردن و ئارایشتی حزبه‌كانیانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ئه‌و حزبانه‌ی ژنیشیان هه‌یه‌ له‌مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تیدا نه‌یانخستوونه‌ته‌وه‌ ناوه‌ندی بڕیاره‌وه‌، مه‌كته‌به‌ گرنگه‌كانی حزبه‌كان به‌ده‌ست ئه‌م ژنانه‌وه‌ نین، بزانه‌ كام حزبی سیاسیی مه‌كته‌بی رێكخستن یان راگه‌یاندن یان هه‌ر مه‌كته‌بێكی گرنگی به‌ده‌ست ژنانه‌وه‌یه‌؟، بێگومان هیچیان، له‌بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ یه‌ك ژن به‌شداریی پێناكرێت، ئه‌م مانای وایه‌ ژن له‌بڕیاری سیاسیی دورخراوه‌ته‌وه‌، بۆ جوانكردن وئارایشتكردنی حزبه‌ سیاسیه‌كانه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ژنی به‌توانا نییه‌ له‌حزبه‌كان وحكومه‌ت وپه‌رله‌ماندا، نه‌خێر ژنی زۆر به‌توانا هه‌یه‌، چ حزبه‌ سیاسییه‌كان چ په‌رله‌مان وحكومه‌ت بگه‌ڕێن به‌دوای ژندا ده‌توانن ژنی زۆر به‌توانا بهێنن به‌شداری فعلی وراسته‌وخۆیان پێبكه‌ن له‌به‌ڕێوه‌بردن وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ وبڕیاری سیاسیدا، به‌ڵام ئایا ئه‌م ژنانه‌ تا چه‌ند ده‌خرێنه‌ پێشه‌وه‌؟.
ئاسۆ:ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌ش ژنان به‌فیزای حزبی بچنه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئایا دووباره‌ به‌شدارییكردنه‌كه‌ شكڵی نابێت؟.
كوێستان:یه‌كه‌م ژنه‌كانی په‌رله‌مان به‌س به‌ڵێ‌ ونه‌خێریان له‌سه‌ر ده‌بوو، ئه‌مه‌ بێ ویژدانییه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ژنانی په‌رله‌مان ده‌كرێت، چونكه‌ وه‌ك پێشتر باسمكرد ژنی واهه‌بووه‌ به‌ده‌ر له‌ئیراده‌ی حزبه‌كه‌ی رای زۆر تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌و ده‌نگدانی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ یاسا له‌په‌رله‌مان وتووێژی له‌سه‌ركراوه‌ گه‌واهی نه‌ك بۆ ژنه‌كان بۆ پیاوه‌كانیش ده‌ده‌ن، ئێمه‌ له‌یه‌كه‌م یاساوه‌ له‌یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌ شانزه‌ كه‌س دژی ئه‌وه‌ بووین سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو خه‌ڵكدا هه‌ڵبژێردێت هه‌ر شانزه‌شمان له‌لیستی سه‌وز بووین، ئه‌م شانزه‌یه‌ش زۆرینه‌ی له‌وانه‌بوون سه‌ر به‌باڵی ریفۆرم بوون وئێستا پشتگیریی لیستی گۆڕان ده‌كه‌ن، رای خۆمانمان هه‌بووه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ئه‌م یاسایه‌ به‌ئیتفاقی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وپارتی دانرابوو، به‌ڵام ئێمه‌ دژی ئیراده‌ی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ ده‌نگمان له‌سه‌ر یاساكه‌ نه‌دا، له‌یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌روابووه‌، له‌یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی وده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی هه‌روا بووه‌، له‌زۆر له‌یاسای تریش، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیی به‌كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌هه‌موو دنیادا حزبی سیاسیی شه‌رٍ له‌سه‌ر كورسییه‌كان ده‌كه‌ن به‌ڵام دوای ئه‌و كه‌سانه‌ی دێنه‌ په‌رله‌مان تا چه‌ند ئه‌وه‌یان له‌بیره‌ ئه‌وان جگه‌ له‌وه‌ی نوێنه‌ری حزبه‌كانن به‌ده‌نگی خه‌ڵك هاتوون ده‌بێ‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن له‌رێی به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌، تاچه‌ند ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك كردوویانه‌ كه‌ئه‌و به‌رنامه‌ سیاسییه‌یان بۆ جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌سه‌كان وه‌ستاوه‌ كه‌ دێنه‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كان خه‌ڵكی شایسته‌و به‌تواناو ئازا بن كه‌ هاتنه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بنه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك.
ئاسۆ:پێتوانییه‌ حزبه‌كانی ئێمه‌ زیاتر خۆیان بڕیار له‌پێش په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ده‌ن وئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر قبووڵی ئه‌و بڕیاره‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی بكه‌ن؟.
كوێستان:دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ یاسای باری كه‌سێتی یه‌كێتی بچووكترین ته‌وجیهاتی نه‌دا به‌ئێمه‌، نموونه‌شم بۆ ئه‌وه‌، ئێمه‌ بووینه‌ سێ‌ به‌شه‌وه‌، به‌شێكمان دژی فره‌ژنی بووین، سێ‌ چوارێكی زۆر كه‌ممان به‌داخه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی وكادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی تیابوو كه‌ئێستا زۆرینه‌یان له‌لیستی كوردستانین ده‌نگیان به‌فره‌ژنی دا، به‌شێكیشمان بێلایه‌نی هه‌ڵبژاردو ده‌نگی نه‌دا به‌هیچی، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ته‌وجیهاتی مه‌ركه‌زیی هه‌بووایه‌ به‌و سێ‌ به‌شه‌ ئیشمان نه‌ده‌كرد.
ئاسۆ:جه‌نابت له‌لیستی گۆڕاندان، پێتوایه‌ په‌رله‌مانی ئاینده‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی مافه‌كانی ژنان جیاواز ده‌بێ‌ ‌و ئه‌و یاسایه‌ی باری كه‌سێتی كه‌ هه‌موار كرایه‌وه‌و خواستی ژنان نه‌بووه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت؟.
كوێستان:ئێمه‌ وه‌ك لیسته‌كه‌ی خۆمان پشتگیریی ته‌واوی هه‌موو مافه‌كانی ژنان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو ژنه‌كانی لیسته‌كه‌ی ئێمه‌ بكه‌ن ده‌بینن ئه‌و ژنانه‌ زۆربه‌یان هه‌ڵقوڵاوی مه‌سه‌له‌كانی ژنانن‌و له‌و شوێنانه‌ ئیشیان كردووه‌و داكۆكیكه‌ری راسته‌قینه‌ی مه‌سه‌له‌كانی ژنان بوون، ئه‌و پیاوانه‌ش زۆربه‌یان كه‌ له‌لیسته‌كه‌مانن پیاوانی یه‌كسانیخوازن وبڕوایان به‌مه‌سه‌له‌كانی ژنان هه‌یه‌، دوایش له‌به‌رنامه‌ی سیاسیی لیسته‌كه‌مان ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه‌ چه‌ند له‌گه‌ڵ مافه‌كانی ژنانین وپشتگیریشی لێ‌ ده‌كه‌ین. 

Previous
Next

Leave a Reply