Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دیمانە لەگەڵ دیاکۆ هاشمی

دیمانە لەگەڵ دیاکۆ هاشمی

Closed
by February 4, 2013 زمان

 


دیاكۆ هاشمی: 

زمانی کوردی توانای گەشەسەندنی باشی هەیە،بەمەرجێ ڕێگەی ڕاژەکردنی دیاری بکرێت. 

 

دیاکۆ هاشمی فەرهەنگنووس و زمانزان، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ خه‌ریكی خزمه‌تكردنی زمان و رێنووسی كوردییه‌، له‌رێگای چه‌ند سایتێكی ئه‌لیكترۆنی و به‌كوریكردنی گۆگڵ و ئه‌ندامبوونی له‌ده‌یان پڕۆژه‌ بۆ خزمه‌تكردنی زمانی كوردی چه‌نده‌ها به‌رهه‌می جوان و دانسقه‌ی پێشكه‌ش به‌ هاوزمانانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌. سێ ساڵیشه‌ ئاماده‌كار و به‌رێوه‌به‌ر و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی فێرگه‌ی كوردییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ به‌م پیاوه‌ خه‌مخۆره‌ ئاشنابین (K21)به‌باشی زانی له‌مه‌رِ زمانی كوردی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ساز بكات.  

                                                                دیمانه‌: حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا

 

K21: گرفتێکی بەرچاوی زمانی کوردی نەبوونی زاراوەیە  بۆ ناونیشانی بوارە جیا جیاکانی تەکنۆلۆژیا، ئایا ئەمە بۆ هەژاری زمانی کوردی دەگەڕێتەوە؟ یان نەبوونی کەسانی دڵسۆز؟ 

 

دیاكۆ هاشمی: من ئەمە بە گرفتێکی گەورە نابینم و پێشم وا نییە زمانی کوردی لەو بوارەدا هەژار بێت یان لە چاو زمانەکانی تردا نەتوانێ خۆی پێش بخات. ئایتی زانستێکی نوێیە بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان و لە هەموو وڵاتەکاندا کەسانێکی پسپۆڕی ئەو بوارە بە هاوکاریی کوڕە پسپۆڕەکانی بواری زمان توانیویانە زمانەکانی خۆیان دەوڵەمەند بکەن. کوردیش لەو بوارەدا تاقیکردنەوەی خۆی هەبووە و کۆمەڵێ زاراوەی ئەو بوارەی بەباشی داڕشتووه و داناوە. پێشم وایە بەس ئەو کارە بەبەردەوامی کاری لەسەر بکرێت زمانەکەمان هیچ لە زمانە پێشکەوتووەکانی تر کەمتر نییە و زۆر بەباشی دەتوانێ لەو بوارەدا وەڵامدەرەوەی ئەو زانستە بێت. 

کەوا بێت نە زمانەکەمان هەژارە و نە کەسانی دڵسۆزمان کەمە، بەڵکوو ئەوەی کە کەمە ئەوەیە ئەو لایەنانەی کە دەتوانن ئەرکی ڕێکخستن و دۆزینەوە و یەکخستنی ئەو هێز و توانایییانە بگرنە ئەستۆ، هەوڵ بۆ ئەو کارە نادەن. بە دەیان پرۆژەی جۆربەجۆر لە کوردستان پارەی بۆ سەرف دەکرێت، کەچی بەداخەوە وەڵامی پرۆژەیەکی وا نادرێتەوە و گوێ لەو کەسانە ناگیرێت کە ساڵانێکی دوورودرێژە خۆبەخشانە و دڵسۆزانە لەو بوارەدا کاریان کردووه و شوێندەستیان دیارە و زۆر باشتر و زانستییانەتریش دەتوانن بەرهەمی نوێی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بئافرێنن.

 

K21: لەزمانی ستانداردی کوردی دەشێ جێگەی هەموو شێوەزارەکان بکرێتەوە؟ یاخود دەبێ شێوەزارێک زاڵ بکرێت بەسەر هەموو بنزمان و لەهەجەکانی دیکەدا؟ 

 

دیاكۆ هاشمی: بێگومان هەرچی بەرینیی خاکی ئاخێوەرانی زمانێک بەربڵاوتر بکرێت، جیاوازیی شێوەزارەکان زیاتر دەبن. ئەمە نە تایبەتە بە زمانی کوردی و نەش تەنیا زمانی کوردییە کە تووشی دیاردەیەکی وا بووه، ئەمە دیاردەیەکی ئاسایییە لەناو ئەو گەلانەی کە جوگرافیایەکی بەربڵاوی لێک دابڕوایان هەیە کە شێوەزاری جۆربەجۆریان هەبێت. 

باشترە بۆ ئەوەی هەموو شێوەزارەکان خۆیان بە بەشێک لە زمانی کوردی بزانن ئاوڕێک لە ئەلفبێی کوردی بدرێتەوە و یەک دوو (نووسە character)ی تر بە زمانی کوردی زیاد بکرێت. پاشان بە ڕێزگرتن لە بەکارهێنانی هەر شێوەزارێک لە ناوچەی سنوورداری خۆیاندا، هەوڵ بدەین هاوکاتیش شێوەزارێک کە هەموو باشتر و ئاسانتر لێی تێ دەگەین وەکوو زمانێکی هاوبەشی ستاندارد لەناو خۆماندا بەکار ببەین. کاتێ عەرەبێکی ئەلجەزایری یان مەغریبی لەگەڵ عەرەبێکی عێراقی یان سووریایی قسە دەکەن ناچار دەبن کەڵک لە عەرەبیی ستاندارد وەربگرن کە لە هیچ شوێنێکی وڵاتە عەرەبییەکاندا وا قسە ناکەن. بەڵام ئێمە دەتوانین کەڵک لە شێوەزارێک وەربگرین کە لە ناوچەیەکی بەرینیشدا بەکار دەبرێت و فێربوون و لێتێگەیشتنی ئاسان و سانایە و زمانێکی مردووی سەدان ساڵەش نییه و بۆ زۆرینەی کەسیش نامۆ نییه. هەروەها دەوڵەمەندە و زۆرینەش لێی تێ دەگەن. من پێم وایە کوردیی ناوەڕاست دەتوانێ بەباشی ئەو دەورە بگێڕێت. کورد ئەگەر بیەوێت وەکوو نەتەوەیەک هەڵسوکەوت بکات بێگومان پێویستی بە زمانێکی ستانداردە. بە هەزاران و میلیۆنان کورد فێری زمانەکانی تری دنیا بوون و هەوڵ دەدەن بەبێ هەڵە قسە بکەن، ئەمە نیشانەیەکە کە کورد ئەگەر خۆی بە بەرپرس بزانێ بەئاسانی دەتوانێ فێری ئەو ستانداردەش ببێت.

K21: بەکارهێنای ئەلفوبێی لاتینی تورکی لە زمانی کوردی دا مشتومرێکی زۆری خستەوە، هێندێک لە کوردیناسان پێیان وابوو بەمە لەعەرەب دوور دەکەوینەوە و لە ئەورووپا نزیک دەبینەوە، تۆ لەم بارەوە چی دەڵێیت؟ 

وەڵام:

دیاكۆ هاشمی: من ئەگەر لایەنگری بەکارهێنانی ئەو ئەلفبێیەش نەبم، ئەو ئەلفبێیە بە (لاتینی تورکی) ناناسم، چونکوو ئەگەر تۆزێ لێکۆڵینەوەی زانستییانەی لەسەر بکەین دەزانین کە لە هەر کام  لە ئەلفبێکاندا ژمارەیەک پیت هەن کە لەوی تردا نین، کە وا بێت بنەمای سەرەکیی ئەو ئەلفبێیە زمانی تورکی نییە بەڵکوو زمانە ئەورووپییەکانه. هەق هەقە و دەبێ هەمیشە باسی بکرێت. ئەلفبێ کۆمەڵێ نووسە و هێما و پیتن کە بەکار دەبرێن بۆ نووسینی دەنگەکانی زمانێک، باشترە بەهیچ شێوەیەک گرێی نەدەینەوە بە ئایین یان ڕەگەزێکی تایبەتەوە. 

بەڵام مرۆڤ بۆیە ئەلفبێ دەگۆڕێ کە ئەلفبێکەی خۆی کێشەی قەرەبوونەکراوەی هەبێت و ئەوی تر بێ کێشە و بێ تەنگوچەڵەمە بێت. 

 

چارەسەریی کێشەکانی ئەلفبێی عەرەبی کوردی

لەڕاستیدا ئەگەر بێت و چاو لە ئەلفبێی کوردی عەرەبی بکەین دەبینین کە لە چاوەی ئەلفبێی عەرەبی و فارسی زۆر لە کێشەکانی چارەسەر کراون. بۆ نموونە کێشەی (اعراب)ەکانی عەرەبی و فارسی، لە کوردیدا بە دانانی پیت چارەسەر کراون، ڕێک وەکوو ئەلفبێی لاتینی کە ئەویش وایه. واتە ئێمە لە زۆربەی ئەو کێشانەی کە عەرەب و فارس بە دەستیەوە گیریان کردووه، ڕزگارمان بووه. 

کەوا بێت ئەلفبێی کوردی عەرەبی لە چاوەی ئەلفبێی عەرەبی و فارسی، ئەلفبێیەکی کەمکێشەیە.

 

لاتینیش بێکێشە نییە

هەندێ کەس پێیان وایە ئەلفبێی لاتینی هیچ کێشەیەکی بۆ زمانی کوردی نییە، بەداخەوە ئەویش وا نییە و کۆمەڵێ کێشە بێ چارەسەر ماوەتەوە. هێشتاکە پیتی بۆ هەندێ لە فۆنێمەکانی زمانی کوردی نییە. 

تەنانەت ئەگەر دەستیشت کراوە بێت بۆ هەڵبژاردنی پیتی نوێتر، مەرج نییە ئەو پیتانە لە هەموو پرۆگرامێکدا کار بکەن. تەنیا پیتەکانی ناو ئەلفبێی زمانی ئینگلیزین کە لە هەموو پرۆگرامێکدا بەباشی کار دەکەن. ئەو پیتانەش بەشی دەنگەکانی زۆر زمان بۆ نموونە زمانی کوردی ناکەن، بۆیە پێویستە بێجگە لەو پیتانە هەندێ پیتی تری لاتینی بهێنرێن کە ئەو کاتە لە هەموو پرۆگرامێک یان لە هەموو بوارێکی ئایتیدا بێ کێشە نابن. بۆ نموونە تۆ قەت ناتوانی بنووسی: www.fêrgeyzimanîkurdî.com دەبێ چوکڵەکانی لاببەی. واتە مەرج نییە لە هەموو شوێنێکدا بتوانی هەموو پیتە کوردی لاتینییەکان بەکار ببەی. جا ئەگەر ئەلفبێیە نوێیەکەش بێکێشە نەبێت بۆ بێین ئەلفبێکەمان بگۆڕین؟ 

ئەگەر تەنیا بە بەکارهێنانی ئەلفبێی لاتینی و بەئاسانی بمانتوانیایە بە کوردی بنووسین ئەوا دەبوایە ئێستاکە بەبێ کێشە لە مۆبایلەکانمان بە کوردیی لاتینی بنووسین. کەچی بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەم تەختەکلیلی لاتینیی کوردیمان هەبێت هەمیش مەرج نییە ئەو کاتە هەموو مۆبایلێک فۆنتی کوردیی لاتینیی پیشان بدات. کەوا بێت ئەو ئەلفبێیە زۆر بێکێشەش نییه، هەر چەند ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگره کە ئەلفبێی لاتینی لە چاوەی عەرەبی، بەکارهێنانی بێکێشەتره، بەڵام بەتەواوەتی بێکێشەش نییه.

ئەوڕۆکە پیتەکانی ئەلفبێی کوردی عەرەبی بوونەتە یونیکۆد و زۆر چارەسەر کراون و کۆدیان بۆ دانراوه و بەو کارەش زۆر لە کێشەکانی پێشوو چارەسەر کراون، ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە تەنیا ئەلفبێی لاتینی باشترینه، دەبوایە هەموو زمانەکانی تری دنیا وەکوو ژاپۆنی و چینی و سریلکی وازیان لەوەی خۆیان بهێنایه.

کێشەیەکی تر کە هەیە ئەوەیە کە زمانەکانی فارسی و عەرەبی ئێستاکە بە ئەلفبێی عەرەبی دەنووسرێنەوە، زۆر زۆر وێژە و ئەدەبیات چ لە کۆن و چ ئێستاکە لەو زمانانە دەکرێنە کوردی. ئەگەر ئەلفبێکەمان بکرێتە لاتینی، لێشاوی وەرگێڕان لەو زمانانە کەمتر دەبێتەوە، چونکوو خەڵکەکەمان بەو ئەلفبێیانە نامۆ دەبن، کە ئەویش زەبرێکی قەرەبوونەکراوەیە بۆ کورد.

بە گۆڕینی ئەلفبێکەمان، شیعرێکی وەکوو:

(لەبت میم و قەدت ئەلف و، زوڵف چیم ـ دەزانی بەم سییانە تالیبی چیم؟)

واتا و جوانیی خۆی لەدەست دەدات.

هەروەها بە ئەدەبیاتی کۆنی کوردی و فارسی و عەرەبیش نامۆ دەبین. چونکوو ئەو زمانانە زۆر شتی هاوبەشیان لەگەڵ کوردیدا هەیە کە کوردی لەگەڵ زمانە ئەورووپییەکاندا نییەتی.

 

نزیکبوونەوە لە ئەورووپییەکان؟

بە گۆڕینی ئەلفبێ بۆ لاتینی بە هیچ شێوەیەک لە ئەورووپییەکان نزیک نابینەوە و ئەگەر بەوە بوایە یەکێتیی ئەورووپا ئێستا تورکیای هێنابووە ناو خۆیەوە. 

هیچ بەڵگەیەکی زانستیش پاڵپشتی لەوە ناکات کە ئەگەر کەسێک ئەلفبێی لاتینی بەکار ببات ئەوە بۆ نموونە فێری ئینگلیزی یان ئەڵمانی دەبێ. ئەگەر وا بوایە ئێستە دەبوا ئێمەی دانیشتووی سوید هەموومان فێری زمانی فینلەندی ببوایەین. 

زمانە ئەورووپییەکانی وەکوو ئینگلیزی و سویدی هەتا ناخیان لە کێشەی ئەلفبێ و ڕێنووس چەقیون کە دەکرێ بە دەیان نموونه بۆ ئەو مەبەسته بهێنرێتەوە بەڵام دەستکاریی ئەلفبێ و ڕێنووسەکەیان ناکەن، چونکوو لەمێژە زمانەکەیان وا دەقی گرتووه، کەچی ئێمە بێ ئەوەی بڕیارێکی ئەکادیمی یان حوکوومەتی هەبێت، هەر کەسێک دێت و بە حەزی خۆی ئەلفبێی زمانەکە دەگۆڕێ بێ ئەوەی ئەلفبێ نوێیەکەش چوارچێوەی دیاری کرابێ و بێ ئەوەی بزانێ چۆن دەنووسرێ. 

زۆر جێی داخە کە زمانی کوردی ئەوڕۆکە بە چەند ئەلفبێ دەنووسرێتەوە. ئەمە زەبرێکی گەورەی لە یەکگرتنی زمانی کوردی و لێکنزیکبوونەوەی شێوەزارەکان وەشاندووه. ئێمە ناچارین خۆمان فێری ڕێنووسی هەر دوو ئەلفبێکە بکەین تا لەوە زیاتر لە یەک نامۆ نەبین. 

من پێم وایە زمانی کوردی ئێستاکە لە بارودۆخێکی قەیراناویدا گیری نەکردووە کە پێویست بکات ئەلفبێکەی بگۆڕێت. بەوەی کە هەیە کاروبارەکانی بەڕێوە دەچێت و گۆڕانکاریی زۆر بنەمای زمانەکە دەشێوێنێت. باشتره نەوەکانمان بە زمانەکانی عەرەبی و فارسیش نامۆ نەکەین چونکوو بەشێکی زۆری وێژە و ئەدەبیاتی کوردی ئاخنراوە لە وشە و دەستەواژە و چەمکی ئەو زمانانە و لەسەر بنەمای ئەوانەش کۆمەڵێ وشەی کوردی چێ بووه. 

 

K21: لەرووی مەنهج و رێکخستن و وەرگێرانی کتێبی قوتابخانەکان  گلەیی زۆر لە وەزارەتی پەروەردە دەکرێ کە تاکو ئێستا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو نەیتوانیوە گەشە بەزمانی کوردی بکات، تۆ ئەمە بۆچی دەگێڕییە و چارەسەری چۆن بۆ دادەنێیت؟ 

 

دیاكۆ هاشمی: بە ڕای من دەبێت لە کتیبەکان بەتایبەت لە قۆناغی بنەڕەتیدا زیاتر و وردتر بایەخ بە فێرکردنی چۆنێتیی نووسینی ئەلفبێ و ڕێنووس بدرێت. بەداخەوە ئەو کارە بە شێوەیەکی پەروەردەییانە و زانستییانە نەکراوه. هەر لەبەر ئەوەیە کە دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکان ناتوانن خۆشخەت بنووسن. 

کتێبەکان زۆر جار بە دەست نووسراونەتەوە کە ئەوە ستانداردە پێوانەیییە جیهانییەکانی ڕێنووس و خاڵبەندی دەشێوێنێ و منداڵ هەرگیز فێری نووسینی دروست نابێت.

تەنانەت کاتێکیش بە چاپی نووسراون پڕن لە هەڵەی ڕێنووسی و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە وشەکان بە هەڵە لە مێشکی منداڵدا جێ بکەون و وێناکردنی وشە بە ڕێنووسێکی تر لە دواڕۆژدا ئەستەم دەبێت.

بابەتەکان زۆر کۆنن و منداڵێ کە ئەوڕۆکە لە جیهانێکدا دەژی کە کۆمپیوتەر و (پلەی ستەیشن) و ئینتەرنێت بەشێکی سادەیە لە ژیانی، مێوژ و دۆی ڕژاو فریای گەشەپێدانی هزری ناکەوێت.

هەندێ جار بابەتەکان وا نووسراونەتەوە کە هێشتاکەش زایەندی نێر بەهێزتر و بەتواناتر نوێنراون. ئەوە هەستێکی خۆبەکەمزانین لای ڕەگەزی مێ چێ دەکات. بەڕای من زۆر لە بابەتەکان لەڕووی دەروونییەوە پێداچوونەوەیان پێویستە و لەو پرۆسەیەدا نەک بەس کوردیزانەکان بەڵکوو دەبێ پرسی تایبەتی بە دەروونزانەکان و شارەزایانی بوارە پەروەردەیییەکان و مافی ژنان بکرێت.

دەبێ زمانێکی یەکدەست، ڕێنووسێکی یەکدەست، وشەی یەکسان بۆ یەک مەبەست بەکار ببرێت.

 

K21: زمانی کوردی هەر لە هەوەڵەوە بە شێوەیەکی راست فرچکی نەگرتووە، بۆیە ئێستا ناتوانرێت بە تەواوی کێشەکانی چارەسەر بکرێن، دەست لەسەر هەر دەردێگی دادەنێیت دەیان دەردی دیکە قوت دەبنەوە، ئەمە تا چەند راستە؟ 

 

دیاكۆ هاشمی: ڕەنگە هەڵە لە کارەکانی پێشوودا هەبووبێت، بەڵام ئەوانە بە هیچ شێوەیەک زمانی کوردییان قەتیس نەکردووە و ئەو زمانە بۆ گەشەسەندن لە گۆ نەکەوتووه. بەپێچەوانەوە، من پێم وایە لەبەر ئەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە چاوەی هەندێ لە زمانەکانی تر نوێیە، توانیویەتی لە هەڵەکانی ئەوان ئەزموون وەرگرێ و خۆی لە گەلێ بواردا پێش بخات و نەهێڵێ هەڵەکانی ئەوان دووپات ببنەوە. ئەگەر دەسەڵات و خوێندنگە و زانکۆکان هاوکاری بکەن و ئەرکی زمانێکی گەشەسەندوو بخەنە ئەستۆی خۆیان، زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن. زمانی کوردی توانای گەشەسەندنی باشی هەیە، تەنیا بەمەرجێ ڕێگەی ڕاژەکردنی دیاری بکرێت و بدرێتە دەستی کەسانی دڵسۆز و پسپۆڕ و شارەزا.

 

K21: رێنووسی کوردی لە دەستی رۆژنامەنووس و نووسەران هاوار هاواریەتی، لەهەزار نووسەر دە دانەیان ناتوانن بە رێنووسێکی باشی کوردی بنووس، گەر لە حەفتاکان رێنووس گرنگی پێدراوە، ئێستا هەر بەتەواوی فەرامۆش کراوە، تۆ وەک شارەزاێکی بواری زمانی کوردی مەترسی ئەمە لە چیدا دەبینیەوە؟ 

 

دیاكۆ هاشمی: لە وەڵامەکانی پێشوودا هەندێک لە هۆکارەکانی ئەمە باس کراون، چونکوو ئەم توێژە، ئەوانەن وا لەسەر بنەمای ئەو هەڵانەی کە ئاماژەمان پێ کردن پێ گەیشتوون. لە خوێندنگەکاندا بەوردی باسی ڕێنووس و خاڵبەندییان بەپێی زانستی کۆمپیوتەر و پێوانە جیهانییەکان نەخوێندووە و لەگەڵ مامۆستایەک دەستیان بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و پێژمێر نەکردووه. ئێستەش بەبێ گوێدان و بایەخدان بە یاسا و ڕێساکانی ڕێنووسی کوردی، بەتامەزرۆیییەوە بەس دەیانەوێ بابەتەکانیان بڵاو بکەنەوە. هەڵبەت ئەو قسەیەم بێگومان هەموو کەسێک ناگرێتەوە و کەسانێکی شارەزاش هەن کە بە دواداچوون و لێکۆڵینەوەیان کردووە و زۆر باش لە مەبەستەکان تێ گەیشتوون. 

چارەسەری کێشەی ئەو کەسانەی کە هەڵە دەکەن کارێکی ئەستەم نییە، دانانی یاسا و ڕێسای نووسین و ڕێنووس و تایپۆلۆجی لە هەر کام لەو بوارانەدا دەتوانێ کاریگەریی هەبێت. دەبێ هەر هۆکارێکی بڵاوکردنەوەی وێژە و نووسین پاڵاوتگەیەک بۆ نووسینەکان دابنێت و ڕێبازنامەی ڕێنووس و یاساکانی نووسین کە یەکسان و هاوبەش بن بخرێتە بەردەستی هەمووان. شوێنی تایبەتی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێ وەڵامی کێشە و دوودڵیی نووسەران بداتەوە. دەستەی چاودێر و هەڵەگر لە هەموو ئەو شوێنانەی کە نووسین بڵاو دەکەنەوە دیاری بکرێ تا وردە وردە پێش لە هەڵە ڕێنووسییەکان بگیرێ و پاش ماوەیەک وێنەی بێهەڵەی وشەکان لەناو چاو و هزری مرۆڤ دەچەسپێ و جێ دەگرێ.

زۆر باش دەبێت لەو شوێنانەی کە زۆر کاری نووسین دەکرێت، خولی ڕێنووس لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایان دابنرێت تا بە لۆجیک و ژیربێژی هۆی نووسینی ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی بۆ بەشداربووان ڕوون کرێتەوە. 

نابێ ڕێ بدرێت هیچ تابلۆیەک بە هەڵەی ڕێنووس بڵاو ببێتەوە، چونکوو ئەوانە کاریگەرییان لەسەر جێکەوتنی وشەکان لە هزری مرۆڤدا هەیە.

 

K21: بۆ رێنووسێکی یەکگرتووی کوردی چی بکرێت باشە؟ 

 

دیاكۆ هاشمی: لە پلەی یەکەمدا

 پسپۆڕان ئاوڕێک لە شێوەزارەکان بدەنەوە، تا هەموو فۆنێمە گرنگ و سەرەکییەکانی زمانی کوردی دیاری بکرێن یان لەسەر گرینگترینەکانیان ڕێک بکەون. پاشان نووسە و پیتیان بۆ دەستنیشان بکەن تا هەموو شێوەزارێک فۆنێم و پیتی خۆی لەو ئەلفبێ یەکگرتووەدا ببینێتەوە و ئیتر کەس لە خۆیەوە هەوڵی پێزیادکردنی پیت و دەسکاریی ئەلفبێ نەدات. پاش ئەوە بەپێی بەراورد و تەجروبە و ئەزموونی زمانە پێشکەوتووەکان، ڕێنووسێکی یەکگرتوو دابنێن و پاشان بە شێوەی نامیلکەی ڕێنووس و ڕێزمانی متمانەپێکراو بخرێنە بەر دەستی هەمووان.

لە قوتابخانەی بنەڕەتییەوە بایەخ بە ڕێنووس بدرێت و دەستەی چاوەدێری کارامەی ڕێنووس لە کتێبەکانی خوێندندا دابنرێن.

خولی فێرکردنی نووسین و ڕێنووس بۆ دامودەزگا ڕاگەیاندنەکان دابنرێت. دەستەی ڕێنووس و چاوەدێر لە شوێنە پێوەندیدارەکان دیاری بکرێن. بە بەرپرسییەوە چاو لەو  وشانە بکرێت کە لە تەلەفزیۆن و گۆڤارەکاندا بڵاو دەبنەوە.

 

لە پەلەی دووەمدا

دەبێ دەسەڵات پاڵپشتی بکات بۆ چێکردنی نەرمەواڵەیەکی کۆمپیوتەری کە بتوانێ هەڵە ڕێنووسی و ڕێزمانییەکان دەستنیشان بکات و پێشنیاریان بۆ بدات. ئەو کاتە زۆر لە کێشەکانی نووسین بەپێی پرۆگرامێکی ستانداردی کۆمپیوتەری تەخت دەکرێن و ڕێنووسێکی بێهەڵەی ستاندارد لەڕێی کۆمپیوتەرەوە جێگیر دەبێت.

 

K21: وەک ئاشکرایە جەنابتان کۆمەڵە هەوڵێکی باشتان بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی داوە، حەزدەکەین بەشێک لەم هەوڵانەمان بۆ باس بکەن؟

 

دیاكۆ هاشمی: ئەندامی کوردئایتیگرووپ و زانستپەروەرانی کوردم کە دوو سایتن کە بەڕاستی چالاکیی بێوێنەیان لە بواری ئایتیدا هەبووە و شوێندەستیان بەباشی دیاره. لە پرۆژە جۆربەجۆرە هەروەزییەکانیان کە بە بەشداریی هاوڕێیانی تر بوو هاوبەش بووم، بۆ وێنە لە پرۆژەی فەرهەنگی ئایتی، لە پرۆژەی بگۆڕی سۆرانی لاتینی و بەپێچەوانەوە، لە پرۆژەی (PHP) بە کوردی، لە پرۆژەی بەکوردیکردنی گووگڵ و هەروەها لە دوو پرۆژەی فەرهەنگی ئینگلیزی کوردی بەشدار بووم. لە پرۆژەی دانانی نەرمەواڵەیەکی هەڵەگری کۆمپیوتەری بەشداریم کرد کە بەداخەوە لەبەر سەرقاڵیی ئەندامان و نەبوونی پاڵپشتیی ئابووری ڕاگیرا. سایتێکم بەناوی “چێکردنی ماڵپەڕ” بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە. لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێتدا چەند سایتێکم هەبوو و لەوێدا باسی مێژوو، زمان و ناوی کوردیم کردبوو.  سایتێکمان داناوە بەناوی (یاگەی زمانی کوردی)، لەوێدا هەموو ئەو بابەتانەی پێوەندیدارن بە زمانی کوردی، دادەنرێن.

 

نزیکەی سێ ساڵە هەموو هەفتەیەک ئامادەکار و بەڕێوبەری بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردیم کە ڕاستەوخۆ لە کەناڵی ئاسمانیی ئاسۆساتەوە بلاو دەبێتەوە. لەو بەرنامەیەدا باسی گەلێ بابەتی پێوەندیدار بە زمانی کوردیم کردووە کە زانینیان نەک تەنیا بۆ ئەوانەی کوردی نازانن بەڵکوو بۆ شارەزایانی زمانی کوردیش گرنگە، ئەمانە چەند نموونەیەکی کەمی ئەو بابەتانەن کە باس کراون:

ئەلفبێ، ڕێنووس، ڕێزمان، خاڵبەندی، وەرگێڕان، زاراوەسازی، زمانەوانی، مێژووی ئەدەبی کوردی، شیعر، هۆنراوەزانی، تایپۆلۆجی، زاراوەکانی زمانی کوردی، زمانی ستاندارد و دەیان بابەتی گرنگی تر.

ئامانجی سەرەکیی من لەوێدا، بڵاوکردنەوەی زانیاری، دەستنیشانکردنی هەڵەکان و پێشنیار و چارەسەری، بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی کوردی تا ئاستی زمانە ئەورووپییەکان. هەستی بڕوابەخۆبوون بە زمانی کوردی بە هێنانەوەی بەڵگەی زمانەوانیی کوردی بووه. 

ئەمانە بەشێک لەو سایتانەن کە بابەتەکانم تیایاندا بڵاو بوونەتەوە:

 

www.kurditgroup.org

www.zkurd.org

www.yageyziman.com

YouTube: fzkurdi 

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. (k21) گۆڤاری تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ (16)ی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.