Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

دیمانە لەگەڵ فاروقی مەلا گەورە

Be First!
by April 9, 2013 گشتی

 

 

 

 

فارووقى مه‌لای گه‌وره‌: 

*ئه‌وه‌نده‌ی عەزیز محمەد وکەریم ئەحمه‌د مه‌سعوود محه‌مه‌دیان ماچ کردووه‌، من هێندەم ماچ نەکردووە!

* فرە حیزبی لە کوردوستان لە دایک بوونێکی غەیرە شەرعییە

*کۆمەڵگا نە بە ڕۆمان نە بە شیعر و نە بە وتار بەرەو پێش ناچێت

*جەوهەری دینی ئیسلام دیموکراتیەتی تەواوە ئەگەر جێبەجێ بکرێت! بەڵام نەخرێتە باری غەیبییاتەوە

 

 

فارووقی كوڕی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی و برای شابیری كورد مه‌سعوود محه‌مه‌د‌، ماوه‌یه‌كی زۆر مامۆستا بووه‌ و وه‌ك خۆی باسی ده‌كات له‌گه‌ڵ مه‌سعوود محه‌مه‌د به‌ وێنه‌ی هاوڕێ وابوون، به ‌یه‌كه‌وه‌ ژیاون وگفتووگۆیان له‌سه‌ر چه‌ندان بابه‌ت كردووه‌. له‌باره‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌د و شوعییه‌كان ده‌ڵێـت: ئه‌وانه‌ی تێیگه‌یشتن هامشۆیان ده‌كرد و له‌ من زیاتر ماچیان ده‌كرد، نموونه‌ش به‌ عه‌زیز محه‌مه‌د و كه‌ریم ئه‌حمه‌د دێنێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ به‌م پیاوه‌ ئاشنا بین ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵدا ساز كرد.

 

دیمانه‌: حه‌یده‌رعه‌بدوڵڵا 

 

مه‌سعوود محه‌مه‌د له‌ ژیاندا دژایه‌تی زۆر كرا، تۆمه‌تی زۆری بۆ هه‌ڵبه‌سترا، تۆ وه‌ك كه‌سێكی نزیك له‌و ئه‌مه‌ چۆن لێك ده‌ده‌یه‌وه‌؟ 

 

و‌. ئەو لەبەر پەرۆشی میللەتی کورد، کە نە خزێته‌ باوەشی شیوعییه‌تێكی بەتاڵ، کەوتە دژایه‌تی مارکسییەت، ئەو تیۆری مارکسیەتی لەبەرچاو بوو، هەڵی ده‌وەشانده‌وە، پێی وابوو لەگەڵ واقیعی کوردستان ناگونجێت، نەک دژی کرێکار و فەلاح و ئەمانە بجەنگێت، جا ئەوە لەگەڵ هەوا و نەفس و زەوقی شیوعییەکان یه‌كی نه‌ ده‌گرته‌وه‌،  خاڵە حەمەمین هەبوو، نازانم دەتانناسی یان نا؟ خاڵە حەمەمینی شاعیر، ئەو زۆر هاوڕێی من بوو، ئیعترافی بۆ کردم وتی: ئێمە وەکو حیزبی شیوعی چل ساڵە دژی خێزانی ئێوەین .

  قسەیەکتان بۆ بگێڕمه‌وه‌ هی عەزیز محه‌مه‌د و کەریم ئەحمەد، کەریم   ئەحمەد کاتی خۆی مامۆستای من بوو، شیوعییەکی زۆر نەفس بەرز بوو، لەسەر شیوعییەت دەریان کرد، کرێکاری ده‌کرد لە کۆیە، شەرواڵ و کراسێکی لەبەردابوو چاکم لەبیرە، وا تێبگەم ناوەڕاستی  نەوەدەکان بوو، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵای زاوام جێگری سەرۆک لە ڕەواندز بوو، ئێمە لێرە لەگەڵ کاک عومەر ده‌بابه‌ی زاوام و مه‌سعوود محه‌مه‌دی کاکم چوینە زیارەتی کاک عەلی، کەریم ئەحمەد و عەزیز محمد  بە تەمابوون بێن بۆ لای مه‌سعوود محه‌مه‌د، وا تێدەگەن لە شەقلاوەیە، که‌ دێنە شەقڵاوە لەوێ نییه‌، پێیان دەڵێن چوونەتە ڕەواندز، ئەوان بەرەو ڕەواندز ده‌هاتن ئێمەش ده‌هاتینەوە لە ڕێگا لە یەک تێپەر ببووین و یەکترمان نەبینی بوو، کە هاتینەوە لە شەقلاوە یەکتریان بینی، جا مەبەستم ئەوه‌یە ئەوەندە تامه‌زرۆێ بینینی مه‌سعوود محه‌مه‌د بوون، ئه‌وه‌نده‌ی عەزیز محمەد و کەریم ئەحمه‌د مه‌سعوود محه‌ممه‌دیان ماچ کردووه‌ من هێندەم ماچ نەکردووە، چونکە ئه‌وان عاقڵ بوون،  له‌ پێناو جیاوازی بیرو ڕا پێی ناوێت تۆ دوژمنایەتی بەرپا بکەیت، ئەگەر ڕوونکردنەوەیەکی  دیموکراتیانەت هەبێت، منیش بۆچونێکم هەیە، ڕۆژگار دەی سەلمێنێت کاممان ڕاستین، ئیتر پێی ناوێ چەک لە یەکتری هەڵگرین و یەکتر هه‌ڕاج بکه‌ین، دووەمین ڕەخنە بنەمای خۆی هەیە، ڕەخنەگر دەبێت زۆر شارەزا بێت، ڕەخنەگر دەبێت نیازێکی پاکی هەبێت، هەرچی هەڵەیە ڕاستی بکاتەوە یان بابەتەکەی بە چیژ بکات، کە لەوە تێپەڕی دەبێتە تانە لێدان، تانەش لەهەناوێکی بۆگەنەوە هەڵدەقوڵێت.

 

هەندێک پێیان وایە کە مامۆستا مەسعود محه‌مەد حیزبی بەعس وای لێ دەکرد کە دژی شیوعیەت بوەستێت، یان دژی ئەو فیکرە بووەستێت؟

و.نەخێر، کاک مەسعود موحەمەد لە چل وحەوت و چل وهەشتەوە ڕای گەیاند کە ستالین دیکتاتۆرە!

پێش ئەوەی کە بەعس  دابمەزرێت؟

 

و.بەعس تازە دروست دەبوو، تازە پارتی دامەزرابوو، وتی’ ستالین دیکتاتۆرە، نابێت بپەرسترێت و پەیرەوی بکرێت، لێیان کرد بە هەڵا، وتی ئەوە بۆچونی  خۆمە و ڕۆژگار دەیسەلمێنێت کە قسەی من ڕاسته‌ یان نا، وە هەر بەڕاستیش ڕۆژگار دەریخست کە چۆنه‌ و چۆن نییه‌.

 

مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د دەڵێت: شیوعییه‌كان تەنیا  دوای یەک شت کەوتوون ئه‌ویش  هیچە، ئه‌مه‌ چۆن لێك ده‌ده‌یه‌وه‌؟.

 

و.دەزانی چۆنە؟ خۆی شیوعییەت گاڵتە نییە، یان ئەوە نییە تۆ بڵێی وەک شت ومەک دابەشی دەکەم، شیوعیەت کەرەستە و بنەمای خۆی هەیە، دەبێت بۆرجوازییەکی بەهێزت هەبێت، دەبێت کارگەی زۆرت هەبێت تا کرێکارت هەبێت ، کە کرێکارت هەبوو ئەوکات هاوبەشی هەبێت، لەسەر زیادە و قازانجی زیاد هەرا نه‌که‌یت، تۆ داوای مافی خۆت دەکەیت، نەک بڵێیت من لەگەڵ بۆرجوازیەت دەبێت جیاوازیم نەبێت، لە ڕاستیدا خۆی ئەگەر بۆرجوازیەت نەبێت شیوعیەت هەر په‌یدا نابێت، دەبێت کەرەستەکانی کارگە و ئەو شتانەت هەبێت، بازاڕت هەبێت، لە واقیعی کوردوستان چیت هەیە؟ بیست ساڵ یان پەنجا ساڵ پێش ئێستا چیت هەبوو، وەک کاکم دەیوت’ سەڕافێک نەبوو دینارێکت بۆ بگۆڕێتەوە، بانقکێت نەبوو، کارگەیەکت نەبوو، کرێکارێک لەوێ و یەکێکی تر لە جێیەکی تر و جووتیارێک لە شوێنێکی تر.  شتێکی تریش هەیە ئەگەر پرۆلیتارێک بێتە سەر حوکم، ئەو پرۆلیتارە نەخوێندەوارە ئەوەش نابێت، ده‌بێت پڕۆلیتاریانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، لینین ڕۆشنبیر نەبوو؟ ستالین ڕۆشنبیر نەبوو؟ ئەوانە کارەکەیان بەڕێوە دەبرد، خۆ کرێکاری سەر جادە ناتوانێت ئەوە بکات. کرێکاری سەر جادە بۆ کار یان بۆ شۆڕش و ڕاپەرین بە کار دەهێنرێت. ئەوەش لە واقیعی کوردوستاندا بوونی نییە. 

 

مامۆستا زیاتر گرنگی بە چ باسێکی تر دەدا، بۆ نموونە بە فەلسەفە یان هەر باسێکی دیكه‌؟

 

و.بەڵێ وەک فەلسەفە، ئەویش لەسەر ڕێچکەی باوکم دەیویست  زانست و زانین  بونیادی هەموو شتێک بێت، وە هەروەها ڕاستی نەکەوێتە ژێر دەستی هەست و سۆزەوە، عەقڵ بەکار بهێنرێت، دوور بکەوینەوە لە غەیبیات و لە میتافیزیک. ئەگینا عەقڵ هیچ سودێکی نابێت .

 

لە لایەن هەندێ کەسەوە هەست بەوە کراوە و پێیان وایە کە مامۆستا فەلسەفەیەکی خۆماڵی هێنا، بە ڕووخسارێکی کوردی، جیا لە فەلسەفەکانی تر. ئەوەش بۆ خۆی شتێکی نوێ بوو لە واقیعی کورد.

 

و.بەڵێ ئەو دەیزانی ئەو واقیعە کوردییە چی لێ دەوێت، ئێستا سەردەم سەردەمی بزوتنەوە نەتەوەییەکانە  ئەوەش بۆچوونی خۆمە، لەگەڵ کاکم زۆر جار دەکەوتینە گفتووگۆ، هه‌تا نموونەم بۆ نه‌هێنایه‌وە شته‌که‌یان بۆ په‌سه‌ند نه‌کردم، باسی فرە حیزبیم دەکرد، وتم فرە حیزبی لە کوردوستان لە دایک بوونێکی غەیرە شەرعییە، فرە حیزبی بە هۆی جیاوازی لە نێوان ڕەمزو حیزبەکاندا دروست بووە، ئەم لەگەڵ ئەو ڕێک ناکەوێت ئینشیقاق دەکات، ئەویش بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەم ڕێک ناکەوێت هەمان شت دەکات، ئەنجامی ئەمە کۆمەڵێک حیزب پەیدا دەبێت.

 

واته‌ فرە حیزبی  له‌ كوردستان له‌ دایكبوونێكی ناشه‌رعییه‌؟

 

و.فرە حیزبی دەزانی چۆن پەیدا دەبێت؟ کۆمەڵگا پەلی لێ بهاوێت،  بەرژەوەندی جیایان بکاتەوە، توێژەکان دروست ببن، ئەو کات چینی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت و مەزاهیبی ئابووری خۆی دەسەپێنێت. بۆ نموونە: تۆ بەرژەوەندی خۆت لە شتێکدا دەبینیتەوە، دەبێت لە پێشدا بەرژەوەندی هەبێت ئینجا فرە دەنگی دەردەکەوێت، بزانە لە هەموو سەرزەوی ئەمریکادا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ١١٠ ملیۆن مرۆڤ دەژی، دوو حیزبیان هەیە! چونکە دەزانن واقیعەکەی خۆیان چۆنە و چۆن نییە، دوای ئەوە ئەو دوو حیزبە بەربەرەکانی یەکترن لەبەر چی؟ لەبەرئەوەی ئەمریکا پێش بکەوێت، نەک لەبەر ئەوەی ئەو ببێتە سەرۆککۆمار و ئەوی تر ببێتە شتێکی تر و لەم جۆرە،  ئەوەیان لە نێواندا نییە، هەریەکە و به‌ نەهجی خۆی هەوڵ دەدات میللەتی ئەمریکا پێش خات ،  لای ئێمە ئه‌وه‌ نییە.

 

واتە مامۆستا ئیشی لەسەر ئەو شتانە دەکرد؟

 

و.دەبێت واقیعی خۆت بزانیت، من نمونەم بۆ ئەمە هێناوەتەوە، داوام کرد وتم یەک حیزب سەروزیادە بۆ هەموو کوردان! وتیان ئەوە دیکتاتۆریەت پەیده‌ا دەکات، منیش لەوەڵامیاندا وتم باشە ئەم دوو حیزبی و سێ حیزبییە دیکتاتۆریەت نییە؟ نموونەیەکم لەسەر ئەمە بۆ هێنانەنەوە، عەدەسەی لاما هەیە ئەوەی تیشک کۆ دەکاتەوە، هەمان شت عەدەسەیەکی تریش هەیە تیشک پەرش و بڵاو دەکات، تیشکی ڕۆژ حەوت ڕەنگە، وانییە؟ بووەتە ئەو ڕەنگەی کە نازانی چ ڕەنگێکە، سپییه‌؟ زەردە؟ هەر ئەو تیشکە بەو عەدەسەیە [ئاوێزە] کۆی بکەرەوە و بیخەرە سەر پەڕە کاغەزێک، دەیسوتێنێت و هەلا هەلای دەکات، چونکە هەموو تیشکەکان بووتە یەک یەکە، بەڵام بە بۆچوونی فرە حیزبی دەبێت بە پەلکە زێڕینە، زۆر جوانە بەڵام ئەوەی هێز بێت تیایدا نییە، نموونەیەکی تریشم بۆ دەهێنانەوە، دەموت وەک نەستەلە وایە شیرینە، بەڵام مادە خۆراکیەکانی تیادا نییە، فرە حیزبی ئه‌وهایە لە کوردستان، ئه‌وه‌ كه‌ی مەنتیقه‌ له‌ ئەم ناواقیعیەی لە کوردستاندا هه‌یه‌ ٢٨ حیزبت هەبێت؟

 

مەبەستت ئەوەیە لە کوردستان ئەم شتە نامۆیە، یان لە هەموو دنیا؟

 

و.لەهەر شوێنێکی دنیادا بێت گەر بەو جۆرە بێت قبووڵ نیە.

 

بەو مانایە دەڵێیت کە ئەلفوبێی دیموکراتی تیادا نەبێت؟

 

 و.دیموکراتیەتیش جێگەی باسە، هەروا بەسەر زارەکی زۆر ئاسانە، پرسیارێک هەیە دەبێت لە خۆمانی بکەین، دیموکراتیەت دوو کۆڵەکەی سەرەکی هەیە، یەکەم: (حرية الفكر). دووەم: (العدالة). بەڵام  ئازادی ڕادەربڕین بە تەنها بەس نییە، دەبێت ڕێز لە ڕادەربڕینت بگیرێت، ئەگەر ڕێزی لێ نەگیرێت وەک ئەوەیە هیچت نەکردبێت، تۆ سەرنج بدە لەم هەموو ڕۆژنامەیە لەوکاته‌وه‌ که‌هەن باس لە گەندەڵی دەکەن، بزانە یەک کەم گەندەڵیان چارە کردووە، واتە هیچ ڕێز لەو هەموو بۆ چونە نەگیراوە!

 

ئینجا با لە دادپەروەری (عدالة) بڕوانین، بارودۆخی پێشمەرگەیەک، خانەنشینێک، کرێکارێک، لەگەڵ ئەوە وایه‌ که‌ سەر بە حیزبه‌کانه‌؟ کۆشک و تەلاری ئەوان لەگەڵ خانووە قورەکان دەبێتە یەک؟ بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکرێت و بەفیڕۆ دەدرێت لەگەڵ ئەو کەسەی پارەی کیلۆیەک گۆشتی پێ نییە بیکڕێ دەبێتە یەک، ئەمە دادپەروەریە؟ 

جا ئەگەر ئەو دوو کۆڵەکەیە نەبوو یان نەما، مانای ئەوەیە دیموکراتیەتەکە تەنها قسەیە.

 

مامۆستا ئەگەر بکرێت باسی ژیانی خۆت بکەیت، باسی ژیانی ئاسایی خۆت لەگەڵ کاکت مامۆستا مەسعود محمەد، ئەگەر شتێکی تایبەتتان هەبووبێت لەنێوان خۆتان، وەک یادەوەری یان هەر شتێکی تر، پێم خۆشە بۆمان باس کەیت.

 

 من مامۆستای سه‌ره‌تا و کۆتاییم کاکم بوو، زۆر ئیعجابم پێی هەبوو، تەنانەت کە بناغەی ئارەزووی ڕاستم دانا، لە هونه‌ر له‌ زانست لە خوێندنەوە، لەهەموو بوارەکانی تریش، هەموویم لەوەوە وەر گرت.

 

ئەی ئەو لە کێ وەری گرتبوو؟

 

و.من وا دەبینم، مانەوەی لەماڵی (مەلا ئەفەندی) بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاریگەریەکی زۆری هەبوو.

 

مەلا ئەفەندی باداوا ؟

 

و.مەلائەفەندی باداوه‌، مه‌لا ئه‌فه‌ندی هه‌ولێر، لەماڵی ئەوان بوو تا پێنجی ناوەندی تەواو کرد، لەگەڵ عێزەدین، عێزەدین ئەفەندی کوڕەگەورەی مەلائەفەندی بوو، که‌سێکی زۆر ڕووناکبیربوو، پەیوەندی لەگەڵ هەموو کتێبخانەکانی دنیادا هەبوو، هەرچی کتێبێک دەڵێیت لای ئەو هەبوو، کاکم ئەو پێنج ساڵە لەوێوە دەستی پێکرد، کە هاتەوە چووە  یاسا و کە لە یاساش دەرچوو حەوت ساڵ خۆی لەهەموو خەڵک گرتەوە، لە ساڵی ١٩٤٥تا ١٩٥٢.

 

خۆگرتنەوەو دوورکەوتنەوەکەی چۆن بوو؟

 

و.هەر لەماڵەوە دەیخوێندەوە و بیری ده‌کرده‌وه‌!

 

چی چ کتێبێکی دەخوێندەوە؟

 

و.یەکەم جار تیۆری مارکسی دەخوێندەوە، ئەوەو ئەوەی لەو ئاستانەدا بوو، نوسەرە میسریەکانی وەکو (عەقاد، عەبولقادر مازن، سەلامە موسی) فیکری لەو ئاستانەی دەخوێندەوە، هەموویانی دەخوێندەوە بەڵام خۆی نەدەدا بەدەست هیچیانەوە. واتە وەکو قوتابی نەبوو، نەدەکەوتە ژێر کاریگەریان بەتەواوی.

 

مامۆستا ده‌هات له‌گه‌ڵت موناقه‌شه‌ی ده‌کرد یان چۆن ئەم شتانەی بۆ باس دەکردی؟

 

و. زۆر ڕێنمایی دەکردم، بۆ نموونە دەیوت’ ئەوە لێرە بەهەڵەدا چووە ! له‌به‌رئه‌وه‌، ئەوە نابێت وابێت ! ئا بەو جۆرە.

كتێبێكی خالید به‌گداشی ده‌خوێنده‌وه‌، دەیوت ئێستا لەگەڵ خالید به‌گداشی دابنیشم و گفتوگۆی لەگەڵ بکەم لێی دەبەمەوە، لەوانە لە هەموویدا بە هەڵەدا چووە ! خۆی نەدەدا بەدەستەوە، هەر بۆیە ئەو ڕەوانبێژییە عەرەبییەی په‌یدا کردبوو، ئەو زۆر کەیفی بە فەلسەفە و فەلەک و فیزیا دەهات. 

 

نەخێر بەس زۆری حه‌زده‌کرد بزانێت مەبدەئو فیکری ئەوانی تر چۆنە.

 

ئەگەر بێینەوە سەر ژیانی خۆت لەگەڵ مامۆستا ؟

 

و.لە ڕاستیدا وەک هاوڕی بووین، هەرچەندە تەمەنی ئەو ١٤ ساڵ لە من گەورەتر بوو، برا گەورە بوو، وەلی ئەمر بوو، هەموو شتێک بوو، بەڵام ئەو سی ساڵەی دوایی هەر وەک هاوڕێ بووین بەیەکەوە، ئەوەندە حورمەتی دەگرتم، کە بۆچوونێکم دەدا وەک لایەنێکی ڕەزامەند، وەک خۆی لێی وەر دەگرتم، ئەگەر ڕاست بووایە دەیوت ڕاست دەکەیت، ئەگەر هەڵەیەکیشی تیادا بوایە بۆی ڕاست دەکردمەوە، منیش دەکەوتمە گفتوگۆ لەگەڵی و جاروبار دەگەشتین بەیەک، جاروباریش نەدەگەشتین، چونکه‌ من لەگەڵ خەڵکی سەر جادە تێکەڵم، لێم تێدەگەیت؟ لەگەڵ کرێکار داده‌نیشم، لەگەڵ قوتابی داده‌نیشم، ٣٨ ساڵ لەناو قوتابیدا گه‌وره‌بووم و مامۆستا بووم .

 

مامۆستای زمانی عەرەبی بووی؟

 

و.بەڵێ زمانی عەرەبی، کوردیشم دەوتەوە، لە مه‌چکۆی دادەنیشتم، خەڵکی هەمەجۆرم دەبینی، لەبازاڕ لەگەڵ سەوزە فرۆش و قەساب و هەمووی قسەم دەکرد. 

 

بەڵام مامۆستا وا نەبوو؟ 

و.مامۆستا لە ئاستێکی بەرزدا بوو، لەگەڵ نوخبە قسەی دەکرد، لە گەڵ ئەوان دادەنیشت، من هەمیشە لەگەڵ چوار سەد قوتابی و سی مامۆستادا دەژیام، دەچوومە چایخانە دۆمینەمان دەکرد، هەموو جۆرە خەڵکێکی تیادا بوو، هەریەکە بۆچوونێکی هەبوو، لە هەر یەکێکیان شتێکم وەردەگرت.

 

هەندێک جار دەبینی مامۆستا لەبارەی شتێکەوە لێکۆڵینەوە و قسەی بۆچونی قووڵی هەیە، بۆ نموونە دەڵێت: دنیا شەش ملیار دانیشتوانی تێدایه‌، ئەو دەڵێت حەیفە بە چوار ملیاریان بڵێین مرۆڤ، ئینجا نازانم ئەو بۆچوون و هەستەی لە چیەوە هاتووە؟

 

و.لە زووەوە وتراوە’ ستەملێکراو زۆر زیاترە لە ستەمکار، ئەگەر ستەم لێکراو یەک بگرن ستەمکار پەیدا نابێت، ئەو شەش ملیارە هیچ دەسەلاتێکی نییە، ئەگەر هەیبووایە هەرچی دیکتاتۆرە لە دنیادا نەدەبوو! مەبەستی ئەوەیە ئەوانە مردوون، دوای ئەوەش شتێکت پێ بڵێم جیاوازی هەیە لە نێوان نەخوێندەوار و نەزان، نە خوێندەوار ئەو کەسەیە کە نازانێ بنوسێت و بخوێنێتەوە، سەرچاوە و زانیاری لەو بارەوە نییە، کارەسات ئەوەیە کە گەورەکان نەزان (جاهل) بن! بۆ نموونە تێنەگەشتن لە سیاسەت، بە هۆی نەزانێکی واوە سەری دنیایەک دەچێت بە قوڕدا، خەڵکی سەر جادەو کرێکار و کاسبکار و هەژار، ئەوانە هیچ دەسەڵاتێکیان نیە! ئەوانە مێژوو دروست ناکەن، شتەکان ناگۆڕن! کارەسات لای خاوەن دەسەڵات و زاناکەیە کە هەڵە دەکەن! دەزانی یاسای (بطلیموس) چۆن بووه‌؟ ئەو زەوی بە چەقی کەون دادەنا! دەیگوت ڕۆژو مانگ و هەموو ئەوانی دی بەدەوری ئەمدا دەخولێنەوە! تا گالیلۆ و کۆپەرنیکۆس هاتن و شەقێکیان تێهەڵدا و وتیان کاکە زەوی سەر بەوانی ترەو خۆشی دەخولێتەوە، جا چەندی ئاوەها هەیە شتەکان ڕاست کاتەوە؟ ئەوانە دەگمەنن! ئەوەی تر خەڵکە ڕەش و ڕووتە کە بڕیار لەسەر چی دەدات؟ ئەوەیە کە کاکم ناویان دەبات  دەسەڵاتیان نییە! تۆ بڕوانە عێراق ٢٧ ملیۆن دانیشتوانی هه‌یه‌، وانییە؟ کە سەدام ڕوخا نەدەبوو ئەو ٢٧ ملیۆنە یەک بگرێت و جارێکی تر دیکتاتۆر پەیدا نەبێت؟ بەعس دەسەڵاتی نەمێنێت و ئیرهاب و ئەو جۆرە شتانە نەبێت؟ کەچی ئەوەتا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەوە زیاتر دەبێت! چونکە میللەتەکە هیچ نییە.

 

واتا لە ڕوانگەی مامۆستا  ئینسانەکانن دیکتاتۆر دروست دەکەن؟ 

 

و.چاویان لێ زەق بکەینەوە و زمانیان لێدەربێنین، هەڵدێن، چونکە پوچەڵن! بەس ئێمەین کە ئەوە نین! ئێستا ئەم کوردستانە هی ئەوەیە ئەم هەموو حیزبەی لێ دروست بێت؟ یەک دانەیان لەگەڵ ئەوانی ترڕێک نییە، هەر بە ڕووکەش دەڵێن واین! تازە ترسیان لێ نیشتووە و دەڵێن کورد لە ژێر مەترسیدایە، ئێستا بەتەمان ڕێک کەون.

 

ئەو کاتەی کە هەڵهاتین و سەدام ڕاوی ناین، چونکە ترس پەیدا ببوو، مەترسی یەکەش ڕووبەڕووی هەموومان بوو، هەرگیز نەمدیبوو کورد ئەوەندە ڕێک بێت، شیوعی یارمەتی پارتی دەدا، پارتی یارمەتی ئەوانی دی دەدا و ئەوانی تریش بە هەمان جۆر، هاریکاری کردنێکی عەنتیکە بوو چونکە مەترسیمان لە پشت بوو! گەر ئەو مەترسیە نەبێت ئەو خەڵکە ڕێک ناکەوێت، هەریەکە بە میزاج و بە پێی بۆچونی خۆی کار دەکات.

 

ده‌ڵێن: مه‌سعوود محه‌مه‌د پێش نوسین بیری دەکردەوە و پیاسەی دەکرد و به‌ده‌م خۆیەوە قسەی دەکرد.

 

و.ئەو بە منی دەوت’ کە دەست بە نوسین دەکەم، وەک ئەوەیە  حه‌وزێکی پر لە ئاوت هەبێت و دەرچەیەکی باشی هەبێت بۆ دەرچوون لێی، کە دەیکەیتەوە ئاوەکە چۆنت بوێت وا دێتە دەر، دەیوت قەڵەمەکەم ئاوا بە ئاسانی و ڕەوان دەڕوات، ڕاوەستانی تیادا نییە، لەوانەیە پێشتر بیری لێکردبێتەوە، بەڵام ده‌یوت له‌وکاته‌دا بەداوای یەکتردا دێت، واتە وەک بە دوای یەکداهاتنی زەمەنی، یاخود هاوکێشەی بیرکاری ،١،٢،٣،٤ دەیوت ئاوا بە دوای یەکدا دێت تا ده‌گه‌مه‌ کۆتایی.

 

مامۆستا نووسینەکانی هیچ ناونیشانێکیان نییە” لەسەرەتاوە، بۆ نموونە کە (مرۆڤ و دەوروبەر) دەخوێنیتەوە، یان (حاجی قادر) ئەوە نیە وەکو کتێبی تر ناونیشانێکی هەبێت یان بەشێک بڕۆیت و بچیتە بەشی دووەم دیاری کرابێت، واتە ئەکادیمی نییە، نازانم ئەوە چۆنە لای ئێوە؟

 

و.وایە هیچ پەراوێزێکی نەبووە، پێیان دەوت بۆ؟ هەموویم خوێندووه‌تەوە، نایەم پەڕە هەڵبدەمەوە و بڵێم لەوێدا فڵان وا دەڵێت، منیش وەک ئەوان لەوە تێدەگەم، جا ئەوە قسەی محەمەد عەبدەیە و بابیشم زۆر لەسەری دەوەستا، دەڵێت’ منیش بەقەد ئەوان دەزانم ئاینی ئیسلام چۆنه‌، هێندەی ئەوان شارەزای شەریعەت و مەزهەبەکان و هەموویانم وەرگرتووە، کە باسێک دێتە پێشەوە یان پرسێک، پێی ناوێت بچم پەڕە هەڵبدەمەوە من بۆ خۆم کتێبەکەم، لەگەڵ واقیعی ئێستا چی بگونجێت ئەوە جێبەجێ دەکەم، ئەوەی کە وا ١٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە مەدینە گونجاوە ئێستە لێرە ناگونجێت! من دێم دەیگۆڕم، پێی ناوێ پابەندبم بەوەوە، وەک ئەو ژیرم، وەک ئەو ڕۆشنبیرم، زانام، هەمووم وەرگرتووە، واقعی خۆشم دەزانم، ئەوە جێبەجێ دەکەم، دژیش ناوەستێت لەگەڵ دەقی شەریعەتی ئیسلام، ئەوانە تازەگەر بوون، موجاهید بوون، ئەوانە دنیا بەرەو پێش دەبەن، وەکو محەمەد عەبدە و کەواکیبی .

 

هه‌روه‌ها عەباس عەقادیش؟ 

 

و.نا، عەباس عەقاد لە هەندێ لایەندا زۆر ڕەجعی بوو! لە لایەنی هەندێ شتدا، وەک ئەنیشتاین، ئەنیشتاین ئەو عەقلە فیزیاییە گەورەیەی هەبوو بەڵام لە فەلسەفە و زانستی کۆمەڵناسی هیچ تێنەدەگەیشت! بەڵێ عەقاد نووسینی بەرزی هەیە، دەتیتوانی لەسەر باڵی مێشێک سێ هەزار دێڕ بنوسێت! بەڵام لەهەندێ پرسدا خۆی دابوو بەدەست شتێکەوە، نەدەبوو وا بێت.

 

مامۆستا پێت باشە چی بۆ مه‌سعوود محه‌مه‌د  بکرێت بۆ ئەوەی فیکری ئەو وەک خۆی بخوێندرێتەوە ؟ 

 

و.فیکری ئەو، پوختەی  بۆچونەکانی، ئەوەی کە پەیوەندی بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە، پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، وە هەروەها شتەکانی تریش، پوختە بکرێت و وەک نیمچه‌ کتێبێک بڵاو بکرێتەوە، زوو زوو کۆڕ بۆ بۆچونەکانی بگیرێت، ئەگەر حکومەت ڕێگە بدات.

 

کۆمەڵگا نە بە ڕۆمان نە بە شیعر و نە بە وتار بەرەو پێش ناچێت! بە مامۆستای قوتابخانە، مامۆستای زیرەک، مامۆستای کراوە، لەگەڵ مەلای چاک بۆ وتاری هەینی، مامۆستای باشیش لە زانکۆ، خەڵک بە دوای ئەمانە دەکەوێت، تۆ بڕوانە مەلا هەیە زۆر ڕەجعییە، هەرچی چینە نەزانەکەیە دوای ئەوە دەکەوێت، بەڵام ئەگەر مەلایەکی باش بێنیت بە جۆرێکی تر تێیان دەگەیەنێت، مامۆستایەکی دینی ئەگەر زۆر توندڕەو بێت سەری کوڕەکەی خۆشی لە قوڕ دەنێت و بە جۆرێکی تری دەبات بە ڕێگادا، بەڵام ئەگەر کراوە بێت جەوهەری دینی ئیسلامی فێر دەکات، چونکە جەوهەری دینی ئیسلام شتێکی زۆر ڕێک و پێکە، دیموکراتیەتێكی تەواوە!

 

جەوهەری دینی ئیسلام دیموکراتیەتی تەواوە؟ مەبەستت  چییه‌‌؟

 

و.جەوهەری دینی ئیسلام دیموکراتیەتی تەواوە ئەگەر جێبەجێ بکرێت! بەڵام نەخرێتە باری غەیبییاتەوە، وەک نەهجێک، چۆن یاسایەکی بابەتی دادەنرێت ئاوا بخرێتە بەردەمی قوتابی، ئەو کات نە خراپە دەکات نە درۆ دەکات نە دزی دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا زانستیشی فێر بکرێت، من ئەگەر دەسەڵاتم هەبوایە و حکومەت بوومایە لە پۆلی چواری بنەڕەتیەوە (گه‌ردوونناسی) ــم بۆ خوێندن دادەنا.

 

مامۆستا مەسعود محەمەد زۆر زۆر کاریگەرە بەمەلای گەورە، واتە لە قسەکردنی، لە کتێبەکانی، تەنانەت من بۆ خۆم لەم دوایانەدا زۆر دەچومە لای، ئەو هەمیشە وتەکانی بابی لەسەر دەم بوو.

 

و.وایە، ئەو خۆشی دەیوت: زۆری پێ چوو تا من لە شەرم و حوکمی بابم دەرچم، بەڵام هەر دەریش نەچووم! 

 

بەڵام پێم خۆشە بزانم ئەو کاریگەرییە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتیەوە بووه‌ یان لە ڕوانگە فیکری و ئاینییه‌کەوە بووه‌؟ 

 

و.لە هەموو ڕوانگەکان، لە هەموو شتێکەوە، چونکە مەلای گەورە دەگمەن بوو، خۆی هەموو شتەکان بوو.

 

تێبینی: له‌ ژماره‌ 254ی رۆژنامه‌ی رووداو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply