Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانە لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوور

دیمانە لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوور

Closed

کاروان عومەر کاکەسوور: چیرۆک بەرهەمی ئەو هەموو فێڵو پێچ و پەنایەیە کە گێڕانەوە لەترسی گوتنى ڕاستەوخۆدا پەنایان بۆ دەبات.
سازدانى: زانیار محەممەد
ئایا جوداییەک لە نێوان چیرۆکو حیکایەتدا هەیە؟ چى جودایان دەکاتەوەو چى پەیوەست؟ مانا لەم نێوانەدا چى بەسەردێت؟ زمانو چیرۆک تەواوکەرى یەکدین، یاخود ئەو دیدگا، فۆرم، تەکنیکە چیرۆک تەواودەکات؟ دەربارەى ماناو چیرۆکو گێڕانەوەو زمان کاروان عومەر کاکەسوور بە کورتىو چڕى بۆمان دووا، ئەو هەنووکە نیشتەجێى وڵاتى دانیمارکە، خاوەنى دەیان چیرۆکى ناوازەیە، ڕۆمانێکى بڵاوکراوەى هەیە.

هاوڵاتى: نووسینی چیرۆک واتای چی؟ ئاخۆ خودی چیرۆک واتایەکی هە‌یە؟ چییە تۆ ناچار دە‌کات چیرۆک بنووسیت؟
کاروان عومە‌ر کاکە‌سوور: بیرم نایەت ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسیارێکی ئاوا یان نزیک لەوە بە‌ خە‌یاڵی مندا هاتبێت‌، ئاخۆ خودی چیرۆک واتایەکی هە‌یە. ڕێک وەکو ئەوەی کاتێک لە سە‌رما پە‌نا بۆ ئاگر دە‌بە‌م، هیچ مە‌بە‌ستم نییە لە پێکهاتەی ئاگر بکۆڵمە‌وە، مادام ئاگر دە‌توانێت گە‌رمم بکاتەوە. ئەگە‌ر خودی چیرۆک مانایەکی هە‌بێت، ئاخۆ خودی ماناش مانایەکی هە‌یە؟ ئێمە‌ کە‌ی دە‌توانین لە پێکهاتەی ئاگر بکۆڵینەوە؟ بێگومان کاتێک لەو سە‌رماو لەرزەی گیانمان ڕزگارمان بووە، بە‌ڵام باوەڕ ناکە‌م چیرۆکنووس لەو سە‌رماو لەرزەی گیانی ڕزگاری ببێت، هە‌تا بگاتە ئەوەی بیر لە پێکهاتەی چیرۆک بکاتەوە. جیاوازیی نێوان ئاگرو چیرۆک ئەوەیە، کە‌ یەکە‌میان بوونێکی ماتریالیی هە‌یە، بە‌ڵام دووەمیان ناوێکە‌ بۆ کۆمە‌ڵێک پرۆسێسی زۆر نهێنیو شاراوە. ئەو پرۆسێسانە لە خودی چیرۆکنووس خۆشی شاراوەن. ئاگر کۆنتاکت لەگە‌ڵ جەستە دە‌کاتو بە‌ بە‌رچاومانەوە ئەرکە‌کانی خۆی لەوێ بە‌جێدەهێنێت، کە‌واتە ئاگر لە دە‌رە‌وەی ئێمە‌دا‌ بە‌سە‌ر‌بە‌خۆیی هە‌یە، بە‌ڵام ئاگری چیرۆک ئاگرێکی مە‌جازییەو بە‌شێکی جیانەکراوەی خودی ئێمە‌یە‌، دە‌شێت هە‌ر بە ‌نهێنی هە‌ندێک جار بمانتەزێنێتو هە‌ندێک جار داخمان بکات. دە‌گە‌ینە ئەوەی بڵێین (مانا) بە‌ سە‌ربە‌خۆیی لەناو خە‌یاڵی چیرۆکنووسدا بوونی نییە، بە‌ڵکو بە‌شێکە‌ لە پرۆسێسی بیرکردنەوەو زمان. چیرۆکنووس کاتێک دە‌توانێت بیر لە واتای چیرۆک بکاتەوە، کە‌ لە خە‌یاڵە‌کانی ڕزگاری بووەو لە فانتازیاکانی دابڕاوە. لێرە‌شدا چیرۆکنووس یان کۆتایی پێهاتووە، یاخود بووە بە‌ ڕە‌خنەگر. ئەگە‌ر هە‌ر چیرۆکێک بە ‌ڕووخسار قاڵبی کۆمە‌ڵێک بیرۆکە‌ بێت، ئەوا ئێمە‌ هێشتا لەبە‌ردە‌م چە‌ند پرۆبلیماتیکێکدا داین، بە‌وەی ئاخۆ ئەو بیرۆکانە درێژکراوەیان لەناو خودی چیرۆکنووسدا ماوە، یان نا؟ ئایا زمان توانیویەتی هە‌موو مە‌بە‌ستەکانی ئێمە‌ بگە‌یەنێت؟ ئایا وێنەکانی ناوەوەی ئێمە‌ هە‌مان ئەو وێنانەن، کە‌ زمان لەوێوە‌ بۆ ناو تێکست ڕایگوێزاون؟ بوونی خە‌یاڵو فانتازیاکانمانە ئێمە‌ ناچار دە‌کات بە‌شێوەیەکی بێکۆتایی ئەو پرۆسێسە‌ درێژە‌ پێبدە‌ین.

هاوڵاتى: ئەگە‌ر وەکو تۆ پێت وایە (مانا) هە‌ر خۆی بە‌شێکە‌ لە پرۆسێسی نووسین، کە‌واتە چیرۆکنووسین لەپێناوی بە‌رهە‌مهێنانی مانا دایە، یاخود بۆ پاراستنی مانایە؟
کاروان عومە‌ر کاکە‌سوور: بە ‌بڕوای من ئێمە‌ ناتوانین باس لە مانا بکە‌ین، لەکاتێکدا هێشتا زمان بوونی نییە. زمانیش لەگە‌ڵ بیرکردنەوەدا دە‌خوڵقێتو چالاکدە‌بێت. بە‌ مانایەکی دیکە‌ ئێمە‌ کاتێک دە‌توانین بڵێین مانامان هە‌یە، کە‌ زمانمان هە‌یەو لەپشت زمانیشە‌وە دیدگامان هە‌یە. خە‌یاڵی هیچ چیرۆکنووسێک لە وێنە خاڵی نییە، بە‌ڵام کێشە‌ لە دیدگادایە. لەسە‌ر ئاستی مێژوودا دوو جۆر وێنەمان هە‌ن، ئەوانەی دە‌کە‌ونە پێش فۆرمی تێکستو ئەوانەی دە‌کە‌ونە ناو فۆرمی تێکستەوە. واتە وێنەی نائۆرگانیو وێنەی ئۆرگانی. ئەوەی دووەمیان کۆنتاکت لەگە‌ڵ خوێندنەوەو ڕە‌خنەدا دە‌کات، چونکە‌ ئەو وێنانە لە ڕێگای بیرکردنەوەو زماندا فۆرمیان وەرگرتووەو بە‌رجەستە بوون‌. لێرە‌دا مانا ڕێک بە‌واتای زمان دێت. هە‌موو قسە‌کردنێک لەبارە‌ی ماناوە، قسە‌ کردنە لەبارە‌ی زمانەوە. کاتێک لەپشت زمانەوە هۆشیاری هە‌یە، ئەوا ئەو وێنانە قووڵترنو هێزی گواستنەوەشیان گە‌ورە‌ترو چاکترە‌. دە‌گە‌ینە ئەوەی بڵێین زمان ئامانجە، نەوەک نووسین، چونکە‌ نووسین لە چوارچێوەیەک زیاتر نییە، بە‌ڵام ئەوە زمانە هە‌موو چوارچێوەکان تێکدە‌شکێنێتو ماناکان ئازاددە‌کات. ئەگە‌ر لەنێوان زمانی داهێنانو زمانی ئاساییی ڕۆژانەدا جیاوازییەکی گە‌ورە‌ هە‌بێت، ئەوا ئەو جیاوازییە هە‌مان جیاوازیی نێوان مانای هونەریو مانای ئاساییە. ناکرێت باس لە (مانا) بکە‌ین لە چیرۆکدا، کاتێک ئێمە‌ لە دە‌رە‌وەی تەکنیکو فێڵە‌کانی گێڕانەوە داین. بە ‌تەنیا دیدگا بە‌س نیە، بە‌ڵکو ئێمە‌ لە ڕێگای ئەو تەکنیکانەوە دیدگا بە‌رە‌و ئاڕاستەیەکی تایبە‌ت دە‌بە‌ین، کە‌ ئاڕاستەی گێڕانەوەیە. مە‌بە‌ستم ئەوەیە دیدگا خۆی چە‌مکێکی گشتگیرە‌ تا ئەو کاتەی ئاڕاستەیەک وەردە‌گرێت. چیرۆکیش یەکێکە‌ لەو ئاڕاستانە. من خۆم وەکو چیرۆکنووسێک نە لەگە‌ڵ ئەوانە ڕێکم، کە‌ پێیان وایە چیرۆک وەکو هە‌ر ژانرێکی دیکە‌ی ئەدە‌ب لەناو دیدگاوە ناخوڵقێتو نە ‌لەگە‌ڵ ئەوانەش یەکدە‌گرمە‌وە، کە‌ دە‌ڵێن‌ گرنگ ئەوەیە چیرۆکنووس دیدگایەکی گە‌ورە‌ی هە‌بێت، ئیدی هونەری چیرۆک خۆی مە‌یسە‌ر دە‌بێت.

هاوڵاتى: ئەو دە‌مە‌ی خە‌یاڵ دە‌تخاتە سە‌ر کە‌ڵکە‌ڵە‌ی نووسینی چیرۆکە‌وە. تۆ ئەو ساتانە ناو دە‌نێیت چی؟ ساتی گوتنی ڕاستییەکان؟ نووسینەوەی خە‌یاڵ؟ گە‌مە‌کردن بە‌ مانا؟ یان چی؟
کاروان عومە‌ر کاکە‌سوور: مادام باس لە خە‌یاڵ دە‌کە‌ین، کە‌واتە زۆر لە پرۆسە‌ی ناولێنانەوە دوورین. ڕاستە وەکو لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژە‌م پێدا چیرۆکنووس ئایدیا بە‌ ئاڕاستەی گێڕانەوەدا دە‌بات، بە‌ڵام ئەم ئاڕاستەیە هێشتا هە‌ر لەناو خە‌یاڵدایە. ڕە‌نگە‌ هە‌موو ئەو شتانەی تۆ دە‌یانڵێیت لەناو ئەو پرۆسێسە‌دا هە‌بن، بە‌ڵام ئەمە‌ مانای ئەوە نییە، کە‌ دە‌توانین هیچ ناوێک لەو پرۆسێسە‌ بنێین. دە‌توانم بڵیم چیرۆکنووسین گێڕانەوەیە، بە‌ڵام هە‌ر چە‌مکی گێڕانەوە خۆی هە‌ڵگری کۆمە‌ڵێک پرۆبلیماتیکە‌. ئێمە‌ چی دە‌گێڕینەوە؟ چۆنی دە‌گێڕینەوە؟  بۆ کێی دە‌گێڕینەوە؟ وەکو خۆی دە‌گێڕینەوە، یان جیاواز؟ ئایا هە‌مووی دە‌گێڕینەوە، یان بە‌شێکی؟ ئایا ئەو گێرانەوەیەی کارە‌کتەر دە‌یگرێتە ئەستۆ، هە‌مان ئەو گێرانەوەیەیە‌، کە‌ خۆمان جێبە‌جێی دە‌کە‌ین؟ پە‌یوەندیی ساتی گێڕانەوە بە‌ زەمە‌نو شوێنەوە چییە؟ ئایا ئەوەی ئەمڕۆ دە‌یگێڕیتەوە، دوێنێ بتگێڕابوایەتەوە، هە‌مان شت بوو؟ ئەگە‌ر ئەوەی لێرە‌ دە‌یگێڕیتەوە، لەوێ بتگێڕابایەتەوە، گۆڕانی بە‌سە‌ردا نەدەهات؟ کە‌واتە هێزی ئەو گێڕانەوەیەیە کار لە ماددە‌ خاوەکە‌ی (حەکایەت Narrative) دە‌کات. گێڕانەوە هە‌ر کاتێک دە‌سە‌ڵات دە‌گرێتە دە‌ست، چیرۆکنووس تا ڕادە‌یەکی زۆر بە‌لاوە دە‌نێت. هە‌موو ئەو تێکستانەی تۆ ئێستا دە‌یانخوێنیتەوە، جیاوازن لەوانەی نووسە‌ر نەخشە‌ی بۆ کێشا بوون. گێڕانەوە ڕێگا نادات هیچ یەکێکمان بگە‌ینە ئەو مانایانەی ئێمە‌ پێش ئەوەی خۆی دە‌سە‌ڵات بگرێتە دە‌ست، دە‌مانویست پێیان بگە‌ین. هاوکات دە‌توانم بڵێم ئەو مانایانەی لە ڕێگای گێڕانەوەوە پێیان دە‌گە‌ین، زۆر گە‌ورە‌ترو قووڵترن لەو وێنانەی خۆمان دە‌مانویست بە‌دە‌ستیان بهێنین. پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ ئەگە‌ر سانسۆر نەبووایە، ئێمە‌ پێویستمان بە‌ چیرۆک دە‌بوو؟ چونکە‌ چیرۆک بە‌رهە‌می ئەو هە‌موو فێڵو پێچوپە‌نایەیە، کە‌ گێڕانەوە لە ترسی گوتنی ڕاستەوخۆدا پە‌نایان بۆ دە‌بات. لایەکی دیکە‌ی ئەو هاوکێشە‌یەش ئەوەیە، کە‌ وێنەکانی ئێمە‌ پاسیڤ نیین، بە‌ڵکو ئەوانیش خۆیان ئاڕاستەو جووڵە‌یان هە‌یەو لەو ڕێگایەشە‌وە لەگە‌ڵ ڕە‌گە‌زەکانی گێڕانەوەدا کارلێک دروستدە‌کە‌ن.

هاوڵاتى: ئەدی چ پە‌یوەندییەک لەنێوان حیکایەتو چیرۆکدا هە‌یە؟ یەکدی تەواو دە‌کە‌ن، یاخود هە‌رگیز پێکە‌وە هە‌ڵناکە‌ن؟ ئەدی چی جودایان دە‌کاتەوە؟ مە‌رجە لە چیرۆکدا حیکایەت هە‌بێت؟
کاروان عومە‌ر کاکە‌سوور: بیرۆکە‌ کاتێک دە‌بێتە چیرۆک، کە‌ سنووری حەکایەتی بڕیبێت. حەکایەت بابە‌تی گێڕانەوەیە، یاخود ماددە‌ خاوەکە‌یە. هیچ چیرۆکێکمان نیە پێشتر حەکایەتێک یان چە‌ند حەکایەتێک نەبووبێت، بۆیە هە‌ر کاتێک چیرۆکمان هە‌بێت، ئەوا پێشتر حەکایەتمان هە‌بووە، بە‌ڵام زۆر جار حەکایەتمان هە‌یەو خاوەنی چیرۆک نیین، چونکە‌ سیستێمی زمانو گێڕانەوە ئەو هێزەیان نەبووە، کە‌ بونیادی حەکایەت تێکبشکێننو چیرۆکی لێبخوڵقێنن. بە‌ مانایەکی دیکە‌ هە‌تا هێزی گێڕانەوە لاواز بێت، دە‌سە‌ڵاتی حەکایەت گە‌ورە‌تر دە‌بێت. باوەڕ ناکە‌م‌ هیچ چیرۆکو ڕۆمانێک توانیبێتیان بە ‌تەواوی خۆیان لە حەکایەت ڕزگار کردبێت، بۆیە حەکایەت کە‌مو زۆر لە هە‌ر تێکستێکی ئەدە‌بی گێڕانەوەدا بە‌دیدە‌کرێت. ئەمە‌ش خە‌وشێک نییە تیایدا، بە‌ڵام کاتێک حەکایەت دە‌ست بە‌سە‌ر سیستێمی گێڕانەوەدا دە‌گرێت، ئەوا تێڕامانو لێکدانەوە سنووردار دە‌کات. ئەو چیرۆکو ڕۆمانانەی، کە‌ ئێمە‌ بە ‌ئاسانی لێیان تێدە‌گە‌ین، لەبە‌ر ئەوەیە تیایاندا حەکایەت بە‌سە‌ربە‌خۆیی ماوەتەوەو زمانو گێڕانەوە نەیانتوانیوە پێکهاتەکانی بگۆڕن. ڕە‌گە‌زەکانی حەکایەت سنووردارنو هە‌موویان پابە‌ندی مێژوون. لە حەکایەتدا مێژوو هە‌یە، ڕووداو هە‌یە، بۆیە مرۆڤ بوونی هە‌یە. بە‌ مانایەکی دیکە‌ کارە‌کتەر بوونێکی سە‌ربە‌خۆی نییە، بە‌ڵام لە چیرۆکدا یەکە‌مجار مرۆڤ هە‌یەو هە‌موو ئەو شتانە لە دیدگای کارە‌کتەرە‌وە خاوەنی ئەرکن. لێرە‌وەیە لە چیرۆکدا رە‌گە‌زەکانی سە‌رە‌تاو گرێچنو کۆتایی، کە‌ مە‌رجی سە‌رە‌کیی حەکایەتن، تێکدە‌شکێنو لە کۆنتێکستی خۆیان دوور دە‌خرێنەوە. حەکایەت لە توانایدا نییە بچێتە ناو دە‌روونی کارە‌کتەرە‌وە، مادام پابە‌ندی گێڕانەوەیەکی درامییەو ڕووداوەکان یەک بە‌دوای یەکدا دێن.‌ وەکو (کارل گۆستاڤ یۆنگ) پێیوایە کارە‌کتەر لە حەکایەتی خورافییدا لە هە‌وڵی ئەوە دایە کە‌سایەتییەکی تەواو پێکبهێنێت، کە‌ چ لەگە‌ڵ خۆیو چ لەگە‌ڵ خە‌ڵکو چ لەگە‌ڵ دنیاشدا تەبا بێت. کە‌واتە بە‌پێی بۆچوونی (یۆنگ) کارە‌کتەری حەکایەتی خوارفی دە‌یەوێت بگاتە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ، دە‌بێت هە‌ر سە‌ر بکە‌وێت، چونکە‌ کۆمە‌ڵگا هیواخوازی ئەوەیە. چیرۆک کە‌ دە‌نگی تاکە‌، کە‌س چاوەڕێی سە‌رکە‌وتنی کارە‌کتەرە‌کانی ناکات. ئامانجێکی دیاریکراو نییە ئەو کارە‌کتەرانە هە‌وڵی بۆ بدە‌ن. کارە‌کتەری چیرۆک بە‌پێچە‌وانەی کارە‌کتەری حەکایەت لەگە‌ڵ مێژوو، لەگە‌ڵ جۆگرافیا، لەگە‌ڵ کۆمە‌ڵگاو ترادیسیۆنەکان ناتەبایە، بۆیە توانیویەتی ببێتە دە‌نگیکی تاک.
هاوڵاتى: باسی ئەو نەێنییە دە‌کە‌یت، کە‌ تۆ ناچار دە‌کات ڕۆمان بنووسیت؟ بە‌ واتایەکی دیکە‌، بڕیک جار هە‌موو شتەکان بە‌ چیرۆک ناگوترێن، بۆیە پە‌نا بۆ ڕۆمان دە‌بە‌یت؟ یاخود چی؟
کاروان عومە‌ر کاکە‌سوور: ڕە‌نگە‌ هە‌موو ئەو جیاوازییانەی ڕە‌خنەگران لەنێوان چیرۆکو ڕۆماندا دە‌یانکە‌ن وەکو کورتیو درێژیو ژمارە‌ی کارە‌کتەرو لایەنی دە‌ربڕینو پانتاییی زەمە‌نو شوێنو شتی دیکە‌ ڕاست بن، بە‌ڵام ڕە‌خنە زیاتر لەبارە‌ی ئەو شتانەوە دە‌دوێت، کە‌ فۆرمیان وەرگرتووەو بە‌رجەستە کراون. کاتێک لە ئەزموونی خۆمانەوە لەو جیاوازییانە دە‌ڕوانین، دە‌بینین هێشتا کۆمە‌ڵێک نهێنیی دیکە‌ ماون. هە‌ر کاتێک کۆتاییی چیرۆک لای چیرۆکنووس لەسە‌ر ئاستی سیمبۆلدا دە‌ردە‌کە‌وێت، ئەوا چیرۆکنووس ڕووبە‌ڕووی مە‌رگ دە‌بێتەوە. ئەمە‌ ئەو شە‌ڕە‌یە، کە‌‌ چیرۆک بە‌ ئاڕاستەی ڕۆماندا دە‌بات. من خۆم پێشتر دوو جار ڕووبە‌ڕووی پرسیاری لەم شێوەیە کراومە‌تەوە، جاری یەکە‌م لە 2003 لەلایەن (توانا ئەمین)، جاری دووەمیش ئەمساڵ لەلایەن (دانا فایەق)ە‌وە. ئەو دوو پرسیارە‌ وایان لێ کردم، من‌ بە ‌ڕاستی بیر لەو نهێنییەی ناخم بکە‌مە‌وە، کە‌ پێشتر هە‌رگیز بیرم لێ نەکردبوونەوە. ئەگە‌رچی پرسیارە‌کانیان تەواو جیاواز بوون، بە‌ڵام هە‌ردووکیان لەوەدا خۆیان دە‌بینیەوە، کە‌ ئەو نهێنییە چییە وا دە‌کات درێژە‌ بە‌ پرۆسێسی گێڕانەوە بدە‌ینو تا لە توانادا بێت، نەهێڵین ئەو پرۆسێسە‌ کۆتایی پێبێت. شە‌ڕی چیرۆکنووس لەگە‌ڵ ئەو زەمە‌نەیە، کە‌ هە‌موو شتەکان بە‌بێ جیاوازی بە‌ تاکە‌ ئاڕاستەیەکدا دە‌بات. ئێمە‌ لە ترسی کۆتاییە، پە‌نا بۆ تەکنیک دە‌بە‌ینو زەمە‌ن بە‌ چە‌ندین ئاڕاستەی جیاوازدا درێژ دە‌کە‌ینەوە. چییتر لای ئێمە‌ تێکست ئەو فۆرمە‌ نییە، کە‌ لە دە‌رە‌وە بە‌ ژمارە‌ی وشە‌و لاپە‌رە‌ دە‌پێورێت، بە‌ڵکو ئەو پە‌ناگە‌یە، کە‌ ژیانی خۆمانی تیادا دە‌پارێزین. ئەو هە‌ستە ئایرۆسییە پاڵ بە‌ فانتازیای ئێمە‌وە دە‌نێت لە دروستکردنی دنیای ئێکزۆتیکی بە‌ردە‌وام بین. لەناو ئەو ڕێتوالەدا ئێمە‌ کارە‌کتەرە‌کان دە‌کە‌ینە قوربانیی خۆمان، بە‌ڵام دوای مە‌رگی هە‌موو کارە‌کتەرە‌کان‌، لە تەنیاییو لە شوێنی چۆڵ دە‌تۆقین، کە‌ بە‌ ئاوتۆفۆبیاو کێنۆفۆبیا ناسراون. ئەگە‌رچی لەنێوان تێکستێکو یەکێکی دیکە‌ماندا مە‌ودایەکی مێژوویی هە‌یە، بە‌ڵام پێ لەسە‌ر ئەوە دادە‌گرم، کە‌ لەناوەوەی خۆماندا مە‌سە‌لەکە‌ بە‌شێوەیەکی تەواو جیاوازە. مە‌بە‌ستم ئەوەیە هە‌موو چیرۆکو ڕۆمانەکانمان تەواوکە‌ری یەکترن‌.‌ وەکو (جەیمس جۆیس) دە‌ڵێت "ڕۆماننووس تەنیا یەک ڕۆمان دە‌نووسێت". (بە‌ختیار عەلی)یش لە تاکە‌ ڕۆمانێک زیاتری نەنووسیوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.