دیموكراتی وه‌ك چاره‌نوس … ئومێد حه‌مه عه‌لی
میخایل مه‌یاتسكی له تێكستێكیدا به‌ناونیشانی “دیموكراتی وه‌ك چاره‌نوس” ده‌نوسێ : “جیهان مه‌حكومه به‌دیموكراتی . ئه‌مه ئاینده‌یه‌كی گه‌شی هه‌موومانه , چاره‌نوسی هاوبه‌شمانه . هه‌ندێك خودی خۆیان به‌ره‌و دیموكراتی ده‌چن و , كه‌سانێكیش ده‌به‌ن و كه‌سگه‌لێكیش له‌ته‌ك خۆیانا ڕاده‌كێشن . هه‌ندێكی كه‌لله‌ڕه‌ق و لاسار هه‌ن , كه پێویستیان به‌كێشكردن و ڕاپێچكردنێكی زۆر هه‌یه . ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌وها كه‌لله‌ڕه‌قییه‌ك ته‌نها به كێویبون و گه‌مژه‌یی ئه‌وان ده‌كرێ : له‌به‌رئه‌وه شایانبون و شكۆی دیموكراتی به‌رچاو و ڕوونه”. ئه‌م تێزه‌ی فه‌یله‌سوف مه‌یاتسكی گه‌لێك كه‌مه‌ندكێشه ده‌رباره‌ی دیموكراتی نه‌به‌ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بووه بڵێ : مه‌حكومین به دیموكراتی , به‌ڵكه له‌به‌رئه‌وه‌ی دیموكراتی وه‌ك چاره‌نوس دێنێته زمان , هه‌ڵبه‌ت چاره‌نوسیش لێره‌یا دۆخێكی سه‌پێنراوی هه‌یه , وه‌ك وابێ دیموكراتی ڕه‌وشێكی داكه‌وتیانه و حه‌تمیانه‌ی مێژوویی و خۆلێلانه‌دراوی هه‌بێ . ئه‌مه‌ش له‌ڕوویه‌كه‌وه ئه‌شێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و دیده ڕه‌خنه‌ییه ببێته‌وه كه به‌رده‌وام ئاراسته‌ی ئیدۆلۆژیاكان ده‌كرێت له‌په‌یوه‌ند به ته‌ماشاكردن و تێگه‌یشتنیانا بۆ مێژوو , به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌توانین به‌پێچه‌وانه‌وه تێیبگه‌ین , واده‌كات ئه‌م تێزه له‌لای ئیمه ڕزگاری ببێت له‌و شوناسه ئیدۆلۆژییه له‌به‌رئه‌وه‌ی دیموكراتیی وه‌ك ره‌وشێك كه مه‌حكومكراوین پێی مانای ئه‌وه‌یه ڕاسته‌قینه‌ی بوونی مرۆڤایه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌ستكارییه‌كی ڕیشه‌یی بكه‌ین , خۆی خاوه‌نی خه‌سڵه‌تێكی ئۆنتۆلۆژیانه‌یه كه بریتیه له جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنی و قبوڵكردن و مانه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه بنه‌ڕه‌تییه ته‌نها له‌دیموكراتیدا ده‌بێت. هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته بۆ خۆی سه‌رچاوه‌ی بنچینه‌یی تێزی حه‌تمیبونی دیموكراتییه . دیموكراتی زۆردارانه نییه , ناچاره‌كیانه‌یه له پێناو ژیانكردنێكی نازۆردارانه‌دا .
هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌كی دیموكراتیانه‌ی ڕاسته‌قینه هاوڕێیه له‌گه‌ل فراوانبونی ده‌وڵه‌ت و زیاتریش كۆنتڕۆڵێكی داكه‌وتیانه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت گه‌رنتیكردنی مافه‌كان مسۆگه‌ربكرێت . به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بهاتبا و بمانتوانیبایه مرۆڤگه‌لێكمان ببینیایه‌ته‌وه ئه‌وه‌نده وریاوژیربوایه‌ن كه له ئاستێكی بچوكیشدا نه‌كوتنایه‌ته نه‌زانییه‌وه و ده‌رنه‌چونایه له‌سنوری كاروچالاكییه‌كانیان , یان خه‌ڵكانێك هێنده چاكه‌خوازبونایه , كه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ته‌نها له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یا به‌كاربهێنن ؛ سه‌رباری ئه‌وه ڕه‌وشێك هه‌یه , كه رێبازی ئه‌رستۆكراتیانه تیایدا له‌به‌رده‌م له‌ناو چوندایه و شیاوی نه‌مانه .
بێگومان جوڵانه‌وه و بیركردنه‌وه‌ی دیموكراتییانه به‌ته‌نها له‌ئاستی تیۆریدا نامێنێته‌وه , به‌ڵكه له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگای سیاسی دیموكراتییه‌وه خۆی به‌رجه‌سته‌ده‌كا , به‌و هۆیه‌وه ده‌توانێ پایه‌كانی خۆی سه‌قامگیربكا و ئه‌و مافه بنچینه‌ییانه‌ی مرۆڤ پایه‌داربكا كه جه‌وهه‌ری ئه‌م سیسته‌مه و بیركردنه‌وه‌ی دیموكراسییانه هه‌ڵگریه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا “جۆن دیوی” هێمای پێده‌كات ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئێمه بشتوانین مرۆڤگه‌لێكی ئه‌وه‌نده پاك و ته‌واو ببینینه‌وه , كه به ڕێژه‌یه‌كی كه‌میش نه‌كه‌ونه هه‌ڵه‌وه , ئه‌وه هێشتا پاساوی بوونی ڕێباز و سیسته‌می ئه‌رستۆكراتی و نادیموكراتیمان پێنادات , له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه ڕه‌وشێك و بۆشاییه‌ك ده‌مێنێته‌وه كه سیسته‌می غه‌یره-دیموكراتی به‌ره‌و داڕمان و له‌ناوچون بگوازێته‌وه . ئه‌مه له‌به‌شێكی گه‌وره‌یدا په‌یوه‌ندی به سروشتی مرۆڤه‌وه هه‌یه , به‌و پێیه‌ی “چاكه” ئه‌گه‌ر ده‌ره‌كی و سه‌پێنراوبێت , ئه‌شێ خه‌سڵه‌تی “چاكێتی” خۆی له‌ده‌ستبدات . له‌دواجاردا چاكه‌یه‌ك له‌هه‌ناوی ویستی خه‌ڵك خۆیه‌وه ده‌رنه‌هاتبێت , چاكه‌یه‌ك ژیانێكی دیموكراتییانه‌ی ڕاسته‌قینه به‌رهه‌می نه‌هێنابێت , ناتوانێ وه‌ك چاكه بێته قبوڵكردن . جۆن دیوی فه‌یله‌سوف له‌و باره‌وه ئێژێ :”كاتێك خه‌ڵكی مۆتیڤی ته‌بابون له‌گه‌ل چاكه‌ی باڵای كۆمه‌ڵگه‌ییدا به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن , كه ئه‌وان خۆیان ئه‌و چاكه‌یه‌یان بۆ خۆیان مسۆگه‌رنه‌كردبێ , ئه‌مه بیری ئه‌خلاقییانه ڕه‌زامه‌ند ناكات”. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بیری ئه‌خلاقییانه ئه‌و چاكه‌باڵایه له‌خۆناگرێ كه له ئیراده‌ی ئازادانه‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێ و ئه‌وه په‌یوه‌ندی به خودی چاكه خۆیه‌وه نییه . به‌ڵكه به‌توندی گرێدراوی خه‌سڵه‌تی بونه‌وییانه و سروشتی مرۆڤ خۆیه‌تی له قبوڵنه‌كردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی یان ئایدیایانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌یانگرتووه ئه‌گه‌ر چاكیش بن . مرۆڤ شایسته‌ی ژیان و هه‌ڵبژاردنی دیموكراسیانه‌یه , ئه‌و هه‌ر له‌بنچینه‌وه مه‌حكومه به‌دیموكراتیی . ئه‌وه‌ی كێشه‌ی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و مرۆڤه به‌گشتی نه‌ناسین و دانپێدانه‌نانی مه‌حكومیه‌ته‌كانمانه , به‌تایبه‌ت مه‌حكومبونمان به دیموكراتی .