Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

دیموكراسیەت لەژێر چەتری داگیركەردا….ستارە عارف

Be First!
by December 23, 2008 گشتی

 ستارە عارف
 دیموكراسیەت لەژێر چەتری داگیركەردا.

 حكومەتی هەرێم ماوەی17ساڵە دروشمی دیموكراسیو كۆمەڵگای مەدەنی كەدەكەنە پێگەكانی "گۆڕەپانی سێهەم"ی هەڵگرتوە، رۆژانەش بەبەرچاوی خەڵكەوە بەهێزو گوشارو زەبر لەخەڵك دەدەنو رۆژنامەنوسانو كەسانی چالاك دەستگیر دەكەنو تۆمەتی جۆراوجۆر دەخەنە پاڵیان، كەلەگەڵ راستی دەستگیركراوەكەدا ئاسمانو رێسمانە، ئەوەی من لەچەمكی دیموكراسی تێگەیشتومو زانیبێتم مامەڵەی خۆشو هێورە لەگەڵ هاوڵاتیانو تا بكرێت، سایكۆلۆژیای بەكارهێنانی هێزی چەكو زەبر كەمتر بەكاردێتو هەر بەكاریش نایەت، چونكە هێزی گەورەتری لێكۆڵینەوەی مرۆییانەو یاساییانەی هەیە، باوەڕی بەو هێزو چەكە هزرییە هەیە، كەپاڵپشتی دەكات، واتە دیموكراسیەت لەناوەڕۆكی خۆیدا جەسارەتو نەترسانە، لەگۆڕانو چالاكیو دەنگ بەرزكردنەوەی خەڵكو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵ، وەلێ لەهەرێمی كوردستاندا لەدایكبونی دیموكراسی زۆری ماوەو هێشتا شكۆڤەشی نەكردووە، ئەگەر نا جارێك لەهەڵوێستی دەزگاكانی ئاسایشو دامەزراوەكانی حكومیدا شاهێدی دەبوینو ئەو كاتە قسەیەكی ترمان دەكرد، لەدیموكراسیدا باشترین هەڵوێستو بەهێزترین چەكی دەستی خەڵك چالاكی هێمنانەو خۆ دەربڕینە بەهەر شێوەیەك بێت، كەچی هەر دوێنێ یەكێكی تر لەو چالاكیانەی كەویسترا لەدایك بێتو خۆی نمایش بكات، بەهێزی چەكو سایكۆلۆژیای خۆ گیڤكردنەوەی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی دامركێنرایەوەو دەستگیریشكران، بەبیانوی نەبونی مۆڵەت، كەئەمەیان درۆیەكی شاخدارەو هیچیتر، چونكە دەزگاكانی ئاسایش زۆر وەستایانە دەتوانن درۆو بوختانو تۆمەت بخەنە پاڵ هەر كەسێك كەبیانەوێت.
 هەرێمێك كەخۆی سنوری دیار نیەو پێوانو نەخشەی رێگای نیە بۆ خۆ بەڕێوەبردن، چۆن دەتوانێت باس لەدیموكراسیەتێك بكات، كەئافرێنەرانی سەردەمی رێنسانسو شارستانیەتی یۆنان جیهانێك قوربانیو خوێنیان بۆ داوە. هەرێمێك هێشتا بەهێزو راوێژی داگیركەرانی دراوسێی وەك ئێرانو توركیا بەڕێوە دەچێتو لەبەرامبەر ئاوارەكردنو تۆپبارانكردنی ئەو گەلەی كەئەوی پێگەیاندوو گەورەی كرد، ناتوانێت دەنگێك بێتو ترسنۆكانەترین هەڵوێستیشی نیە، ئیدی بەچی پێوانێك دەڵێت دیموكراتم، یان ئەمە تەنها لەحكومەتێك قەوماوە كەباشیو خراپیو پێوانی ڕەدو قبوڵی خۆی لەیەكتر جیاناكاتەوە. دیموكراسیەت بەرهەمی سیستەمێكی ترسنۆكو عەوام نیە، بەڵكو ئیرادەی قایمو بەجەوهەری بانگەشەی سەربەخۆییو خۆبەڕێوەبردنی دەوێت، حكومەتێك لەبەرخاتری ئامۆژگاری داگیركەر نەوێرێت گوێ بۆ رایەكی جیاواز رابگرێتو جەسارەت نەكات تەماشای رەنگێكی بێجگە لەرەنگی خۆی بكاتو دەنگیان ببیستێت، دەبێت واتای دیموكراسیەت لەهەناوی ئەم حكومەتو سیستەمەدا چۆن لەدایك ببێتو چۆن بەرهەمێكی بۆ گەل هەبێـت.
 فاكتەرەكانی پێشنەكەوتنی دیموكراسیەت لەناو گەلی باشورو سیستەمەكەیدا بەپلەی یەكەم گەلە كەهوشیارو بەئاگا نیە، بێگومان باشترین زەمینەش بۆ دیموكرات نەبونی دەزگاكانی حكومەتو مانەوەی لەم قاڵبەی ئێستادا گەلو ستاتۆ كۆنەكەیەتی كەهێشتا ژن لەلای شەرەڤەو باشترین هەڵوێستی نەتەوەیی كشو ماتیو سەركزكردنەو جوانترین تێكۆشانیشی تەنها گرنگی دانە بەژیانێكی رۆتینیو مادی، دەسەڵاتیش بەزانابونو بێ زانا بون كار لەسەر ئەم زەمینە عادەتیە دەكات.
 تا ئەم كیانەش بەردەوام بێت، سیستەمی بەناو دیموكراسی هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر گەشە ناكات.
 گەرەنتی پێشكەوتنی دیموكراسیەتو گۆڕینی ئەو سیستەمە ترسنۆكەی كەهەیە لەپێناو كۆكردنەوەی راو هزو دیدو رەنگو مەزهەبە جیاوازەكان لەسەنتەزێكداو ددانپێدانانیانو پەسندكردنیانو بوار پێدانیان بۆ خۆ دەربڕین، گرنگی دانە بەرێكخراوە جۆراو جۆرەكانی ژنان بەپلەی یەكەمو كۆمەڵگای مەدەنیو رێكخراوەكانی تری لاوانو توێژەكانی تری كۆمەڵ، بەتایبەتی رێكخراوەكانی ژنان هەرچەندە زیاتر بن جۆرێك لەكێبەڕكێ دروست دەكاتو پێشكەوتن دێنێتە كایەوە هەرچەندە كەموكورتیشیان هەبێت، بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو چەمكە هەڵەی پیاوان كەرێكخراوەكانی ژنان بەژمارەی زۆر دادەنێن، كەبێگومان ئەم رایە لەیەك رەنگیو سیستەمی زاڵی پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێتو دیسانەوە هەزم نەكردنی چەمكی دیموكراسیەتو فرەییە، یان تەنها خوێندنەوەیانە بەچەندایەتیو كە تەنها بەزیادبونی رێكخراوە مەدەنیەیو ژنانیەكانیش دەتوانرێت نوخبەی پیاوانو لاوانیش قازانج دەكرێت.
 
 Stare-arif@hotmail. com
 

Previous
Next

Leave a Reply