Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

دیوە مێینەییەکەی خودا

Be First!
by October 1, 2011 گشتی


    
      میشێل کازناڤ (Michel Cazenau) کە ئەنترۆپۆلۆژیستێکی پسپۆڕی بواری ئاینەکانە، بە نوسەرێکی فرەبەرھەم و دانایەکی تایبەتمەند دادەنرێت، وەکچۆن ناسراویشە بە شاعیری ئافرەت و بەرھەمھێنی بەرنامەی “زیندوەکان و خواوەندەکان ” لەسەر شەپۆلەکانی ئێزگەی کولتوریی فەرەنسا.
بەڕای کازناڤ “فێمینی یا مێیەتی ئەو جێگەیەیە کە لێوەی جەخت لەسەر سەرچاوەی باڵا و بڵندمەندی ھەموو شتەکان دەکرێتەوە”، قبوڵکردن و داننانی پیاویش بەمەدا، دەشێت دیدە دوژمنکارانەیە بۆ ئافرەت بگۆڕێت کە لەئاینەکاندا زاڵە، وەکچۆن دەشێت ئەزمونێکی رۆحییانەی ڕاستەقینەی پێببەخشێت.  

– ئافرەتان ڕوبەڕوی بەردبارانکردن، سوتاندن و شێواندن دەبنەوە، بڕێکی ھێجگار زۆر لەڕق و بوغزیش لەئاینەکاندا بەرامبەر بە ئافرەت ھەن. ئەم ھەمو توندوتیژییە بۆ؟

کازناڤ: ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەو شتەی کە من پێیدەڵێم “فۆبیای توندوتیژ”، فۆبیایەک کە پیاو بەرامبەر بە ئافرەت ھەیەتی، وابزانم بەشێکیشە لەپێکھاتەی کارەکتەرە نێرینە و ماسکولینیەکەی… ئەوە دیاردەیەکە زۆر سەختە پیاوان بەئاسانی لێی ڕزگاربن، تەنھا لەدۆخێکدا نەبێت کە کاری لەسەربکەن و تێیبپەڕێنن، دیاردەیەکە لەبنچینەی ھەمو کولتورێکدا ھەیە، بەچاوپۆشین لەچەشن و چۆنێتی ئەو کولتورە. 

– بۆچی مێیەتی جۆرێکە لەمەترسی؟

کازناڤ: بەڵێ، چونکە ھەستی چێژوەرگرتنی ئافرەت کە سەد جار لەچێژی پیاو زیاترە، لەو زیاتر دەڕوات، تێیدەپەڕێنێت و بەربەرەکانێی دەکات. ئەم ئایدیایە لەمیتۆلۆژیای گریکییشدا ھەیە، کاتێک تیریسیاس Tyrésias کە خواوەندێکی نێرەموکە و بۆ خواوەندەکانی دیکەی دەسەلمێنێت و دوپاتیدەکاتەوە کە لەبارەی چێژەوە پرسیاری لێدەکەن، لەم بوارەیاندا – واتە بواری چێژ – ئافرەت بەسەر پیاودا زاڵە و لەو پێشکەوتوترە. پیاوان وا ھەستدەکەن کە چێژی ئافرەت بێئەندازەیە و ھیچ سنور و کۆتاییەکی نیە. ئافرەتان بەسەر ئەو شتەدا کراوەن کە پتر لەنەشوەیەکی یەزدانی دەچێت… ھەر لەبەر ئەم ھۆیەشە کە پیاوان دەترسن.

– ئەی ئایا ئەو ترسە توندوتیژەی پیاو دەگەڕێتەوە بۆچی؟

کازناڤ: ئەگەر کەسێکی تەواو فرۆیدییش نەبم، ئەوا ھەر پێتدەڵێم پەیوەندی بە فۆبیای “خەسان”،  بە دڵەڕاوکێی مەرگەوە ھەیە. ئەڵبەتە بەتەنھا ئەمە نا، چونکە لەم ھەستکردنەدا شتێکی واقیعیتر ھەیە کە فانتازیی نیە، ئەویش بریتییە لەترسێکی ناماقوڵ و نالۆجیکی لەنەبونی توانای “ڕەپبون، ھەڵسانی فالوس”، چونکە ئەوە تاکە شتێکە کە بۆ پیاوی دەسەلمێنێت کە پیاوە…

– فیکری فرۆیدیی بەشداربوە لەدۆزینەوەی دیدێکی کەموکورتدا بۆ ئافرەت: دەبینین لەسەرەتای مێژودا یەک لیبیدۆ ھەیە کە لیبیدۆی نێرینەیە، ئەوە پیاو بوە کە ڕێبەرایەتی خێڵی سەرەتایی کردوە.. بەبەردەوامی ئافرەت پەراوێزخراوە؟

کازناڤ: فرۆیدیش وەک دەرەنجامی قۆناغەکەی خۆی، ھەڵگری جۆرێک ڕقە لەئافرەت. دواتر لاکان ئەو تیۆرە فرۆیدییە دەھێنێت کە دەڵێت “ئافرەت بەرزەمنی نیە” کەواتە ناتوانێت کاری فیکریی دابھێنێت، تا ئەوەمان بۆ ڕاڤەبکات کە مادامەکی “بەرزەمن” ی نیە کەواتە بەدەریشە لەیاسای خەساندن… بەڵام ئەنجامەکانی لاکان لەسەر ئەم گریمانەیە تەواو جیاواز دەکەونەوە، بۆ نمونە کە دەڵێت چێژبینینی مێینە لەنەشوەی سۆفیگەرییانەدا دەبینین. کاتێک لاکان دەڵێت “ئافرەت بونی نیە” مەبەستی لەوەیە کە ئافرەت “ئەوێکی دیکەی ڕەھایە” کە ناتوانین چەمکێکی پێببەخشین، چونکە سەر بە ناکۆتایە… پیاویش کە لەکۆتا و فانیدایە، ھەربۆیە زۆر بەداخ و حەسرەت دەیبینین، توانەوە و رۆچونیشی بەناو چێژدا ناچاریدەکات شوناسێکی نوێی پیاوانە بۆ خۆی دابتاشێت… فرۆید دەڵێت لەش قەدەرە: لەپێکھاتەی مێینەدا شتێک ھەیە کە بەبەردەوامی وایلێدەکات، وەرگر و قبوڵکەر بێت… بۆ پیاویش، کرانەوە واتە داننانی بەبونی مێینە لەپێکھاتە ناوەکییەکەی خۆیدا، یان لەخراپترین دۆخەکانیدا دەبێتە ھۆمۆسێکسواڵ. بەڕای من پیاو ناتوانێت ئەزمونێکی ڕاستەقینەی سۆفیگەرییانە بژی، ئەگەر ھاتو قبوڵی ئەوە نەکات بەشێوەیەکی فێمینیانە لەزەت وەربگرێت، واتە بە بەشداری ھەمو لەش و قەوارەکەی.

– یۆنگیش لەلای خۆیەوە وای ڕاڤەدەکات کە ئەزمونی ڕۆحییانە زادەی ئانیمایە anima، واتە بەشە مێیینە وفێمینیەکەی کەسایەتی مرۆڤ؟

کازناڤ: بێگومان بەلای یۆنگەوە مرۆڤ لەرۆحانیەتەوە، لەناکۆتایی یان ڕەھەندە فێمینیەکەوە دەرکی یەزدانێتی دەکات. لەتێکستە پێشبینیئامێزەکەشیدا بەناوی “سۆز و نزیکایەتی بۆ مردوەکان” وایلێکدەداتەوە کە ئێمە لەژێر کۆنترۆڵی دو ستەمکارداین: رۆحانییەت و دێوانەیی کە دوو نێوەندگەیەنەری نێوان ئێمە و یەزدانێتین، یەزدانێتییش بەناو مێیەتیدا تێپەڕدەبێت، بە دەرکەوتنی لەناویدا. فێمینی وەک ڕەگەزێکی دینامیکی، بەرەو کەماڵبونێکی گەرموگوڕی دەرونمان دەبات، واتە توانای ئەوە بۆ خود دەستەبەردەکات کە بتوانێت ھۆشیاری بەخۆی ھەبێت.

– ئایا ئەو کەلێنەی کەوتۆتە نێوان پەرستنی خواوەندەکانی دایک و ئایینەکانی خواوەندی باوکەوە بارودۆخی ئافرەتی گۆڕیوە؟

کازناڤ: بۆ ماوەیەکی زۆر باوەڕم وابو. بەڵام ئەمێستا پێموایە کە کینە بەرامبەر بە ئافرەت بەتەنھا خاسیەت و تایبەتمەندێتی ئایینە یەکتاپەرستەکان نیە. با نمونەی ھیند بھێنینەوە کە تێیدا ھەندێک رێچکەو رێبازی ئایینی ھەن کە خۆیان بە پێنجینە Tantrique دادەنێن، ھاوتاییەکی تەواو لەنێوان یەزدانەکان و برەھماندا دروستدەکەن. ئەی دواجار چی دەبینین؟ دەبینین ئافرەت بەبەردەوامی پاشکۆی پیاوە، جا وەک ئافرەت بێت یان وەک کچ. کەواتە ئەم مەسەلەیە دیاردەیەکە زۆر گەورەتر لەو ئاینانەی کە ئاسمانین و بۆ مرۆڤ ھاتونەتەخوارێ. لەگریکی کۆنیشدا کە ئاینەکان یەکتاپەرستی نەبون، ھەر بەھەمان شێوەیە: مێژوی پرۆمیسیۆس فێرماندەکات کە گەورەترین تۆڵەی یەزدانی بریتیە لەخوڵقاندنی ئافرەت بۆ مرۆڤ، ئافرەت وەک بەدبەختیە قەشەنگەکە.

– بەڵام ئەو ھەمو ڕقە لەجەستە بۆ؟ ئەی بۆ بەتایبەتی لەئاینی یەھودی – مەسیحیدا جەخت لەبونی ئافرەتی فریودەر دەکرێتەوە؟

کازناڤ: جارێ دەبێت یەھودیەت لەمەسیحیەت جیابکەینەوە، ئەگەرچی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ئافرەت لەکولتوری یەھودیدا تەواو نزم و بێفەڕە. لەکتێبی پیرۆزی یەھودیەتدا “ماتریارکەکان” دەبینین کە ھەمان بەھای “پاتریارکەکان” یان ھەیە. یەزدانی بەخشندە دەڵێت: “ھەرگیز دەستبەرداری ڕۆڵەکانی ڕەحمی خۆم نابم”… وەک دەبینین، جەستە شتێکی بێزراو نیە: کەسێک ھاوسەرگیریی نەکردبێت، ناتوانێت ببێتە قەشە. بەڕاست بیرمکەوتەوە، ئێمە “بۆ ئەوەی ئافرەت بناسین”، ھەروەھا “بۆ ئەوەی یەزدان بناسین”، ھەمان وشە بەکاردەھێنین. کابالای ئەو ئاینە داخراوەش – کابالا بە مانای فەقێیەکانی یەھود – دڵنیایی یان ئامادەگی خواوەندی مێینە دەخاتە نێو درەختی سێفیرۆتەوە (بەمانای درەختی ژیان دێت لەکابالادا کە لە دە سێفیرۆت پێکھاتوە – و.ک). کەواتە شکۆدارکردن و مەزنڕاگرتنی نێرینەیی کاری مەسیحیەتە کە چەمکی باوکی سەپاندوە. لەکتێبی پیرۆزی یەھودییدا پێنج جار ناوی پیاو ھاتوە لەبەرامبەر چواردەجار لەئینجیلدا. بەڵام بەدەر لەھەمو ئەو تێڕوانینانە، دواجار ئافرەت شتێک نیە بتوانین ئاوەھا بەئاسانی لەدەستیان ڕزگارمان بێت، ئەوان لەملاولەی خاچەکەدان, بەودیویشدا مەسیح خۆی ھەڵیبژاردوە کە لەبەردەم (ماریا مادەلێنا) دا زیندوبێتەوە.   

– ئایا پاکیزەپەرستی قەرەبوی پێوارێکی نمایشکارانەی مێینە نیە؟

کازناڤ: مریەمی پاکیز کەموکورتی نێرینەیی لەکەنیسەدا ڕوتوشدەکات، کاتێک ھەوڵدەدات دیوە فێمینی و مێینیەییەکەی یەزدان بدۆزێتەوە. ئەو لە ئیفێز Ephèse – شاری ئارتمیسی مەزن – دەمرێت تا بەو شێوەیە جێگەی خواوەندی دایک بگرێت. قەشە بێرنارد دەپرسێت: “بۆچی پێویستمان بە نێوەندگەیەنەرێکی مێیینە بێت، لەکاتێکدا مەسیح نێوەندگەیەنەرمانە؟” ھەر خۆیشی وەڵامدەداتەوە و دەڵێت: “باشترە دایکێکی نێوەندگەیەنەرمان ھەبێت، چونکە لەگەڵ خودای باوکدایە. کەس نازانێت؟ سەبارەت بە پاکیزەیی دایکی خودایش، ئەمەیان شتێکی تازە نیە و سیناریۆیەکی میتۆلۆژییە لەنێو زۆربەی کولتورەکاندا و بریتیە لە: ھاوسەرگیریی پیرۆز.

– بەڵام باوکانی کەنیسە ڕێگیریان لەھیچ ھەوڵێک نەکردوە کە بۆ بێحەیا و بێشەرمکردنی ئافرەت لەئارادبوە؟

کازناڤ: ئەو دەمە بۆ ئەوەی دان بەبونتدا بنرایە، دەبو ھاوڵاتیەکی چاکی رۆمانی بویتایە، لەکولتورێکیشدا کە ئیرادەی نێرینە زاڵبوە، دەبو ڕقت لەئافرەت بوایە. دیارە بە دورخستنەوە و پەراوێزخستنی ئافرەتان کەنیسە بەشێوەیەکی حەرفی و ئەرتۆدێکسیانە لەراستیەکان تێگەیشتوە. مادامەکی مەسیح پیاو بوە، کەواتە دەبێت پاشینە و جێگرەوەکانیشی پیاوبن. بێگومان ئەوان ھەرگیز لەوە تێنەگەیشتون کە مەسیح مرۆڤێکی تەواوە، لەیەککاتدا ھەردوکیانە: واتە ھەم پیاوە و ھەم ئافرەتیش.

– بەدرێژایی سێ سەدە، زیاتر لە سەد ھەزار جادوگەر (دێوەژن) لەسوتێنگەکانی پشکنیندا سوتێنراون؟

کازناڤ: سوتاندن و سوتێنگەکانی جادوگەرو دێوەژنەکان لەسەدەی سیانزەیەمدا سەریانھەڵداوە، ئەو دەمەی کە کەنیسە ھەستی بە مەترسی و ھەڕەشەکانی ھێرتیک و بیدعە کردوە. ھەربۆیە لەسەدەی پانزەیەمدا دەسەڵاتدەگرێتەوە دەست و کۆتایی بە سەردەمی پارچەپارچەبونە گەورەکان دەھێنێت. کەنیسە بەرپرسیارێتی سەرکەوتنی ھەمو ئەو سۆفیگەرانەی ڕەزامەندیان لەسەر بوەو زۆە خۆشویستراون – کە لە گەورە رەبەنە ئافرەتەکان و راھیبە فرەنسیسکانیەکان پێکھاتبون – دەخاتە ئەستۆی ئافرەتان، ئەوانەی بەدرێژایی سەد و پەنجا ساڵ رۆحانیەتیان بڵاوکردۆتەوەو بەبێ بونی نێوەندگەیەنەرێکی پیاوانە، توانیویانە لەپەیوەندیەکی زۆر باشدا بن لەگەڵ خودا و پارێزگاریش لەو پەیوەندییە بکەن. لەسەدەی سیانزەیەمدا ئافرەتان بە زاھیدەکان ناسراون، لەسەدەی شانزەیەمدا پیێانوتراوە جادوگەر و دێوژنەکان، لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمیشدا بە ھێرتیکی لەقەڵەمدراون.

– تۆ نوسیوتە “لەو دەیانەی دواییدا، لەڕێی زۆرێک بزاوتەوە سەرلەنوێ ھەڵسەنگاندنەوە و دەستنیشانکردنەوەی “مێینەیی” ئەو چەمکەی ھێناوەتە ئارا کە بۆ ماوەیەکی زۆر لاوەکی و بێزراو بوە..” ئایا ھەر لەسەر ئەو ڕایەت ماویت؟

کازناڤ: بەڵێ، بەڵام بەھەندێک دەستکاری و جۆرێک لەدەمپاراستنەوە. چونکە ھەندێکجار، ئەو سەرلەنوێ ڕاستکردنەوەیە دەکەوێتە ھەڵەی ڕوکەشییەوە. با بزاوتی ژینگەپارێزەکان بە نمونە بھێنینەوە کە باوڕیان بە مەزنڕاگرتنی دۆگمی سادە و پاکی “خواوەندی زەمین”ە، لەکاتێکدا بەو شێوەیە نیە و بەتەنھا ھەقیقەتێکی رەمزییە. چونکە دواجار خواوەندەکان بەتەنھا دەرکەوتن وبەرجەستەبونێکی فۆرمالیستیین و جەوھەر نین لەخودی خۆیاندا. ھەربۆیە ئەم قسەیە بۆ ھەندێک بزاوتی فێمێنیستی ئەمریکییش ڕاستە. ئایا چ قازانجێک دەکەین گەر ھاتو لەجیاتی دەستەواژەی خواوەندی باوک، خواوەندی دایکمان بەکارھێنا. پێویستە لەجیاتی ھەڵگێڕانەوەی پەیوەندی ھێزی نێوان دو ڕەگەزەکە کولتورێک دروستبکەین کەتێیدا داننان بە یەکدیدا لەھەردو لاوە بێت، بێگومان لەچوارچێوەی جیاوازییدا.       

– پێتوایە ئەو شەپۆلی گەڕانەی ئەمرۆ بەدوای رۆحانیەتدا ھەیە و بەبەردەوامی لەھەڵکشاندایە، ئەو دەسەڵاتە زاڵەی پاتریارکیزم بگۆڕێت کە لەئاینەکاندا ھەیەتی؟

کازناڤ: تەنھا بە مەرجی قبوڵکردنی دیوە مێینەییەکەی خودا. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە دەشێت ئەو بزاوتە رۆحانیانە تەڵەبن، وەک ریسکێکی تاکەکەسییانەش پێویستیان بە کولتورێکی باڵا و ھەبونی ئامرازە بۆ جیاکردنەوە، کە تائێستا بە ڕاگەیاندنی شۆڕشی فێمێنیزمیشەوە ھیچیان دەستەبەرنەکراون و تێکەڵاوکردنێکی سەیر دەبینین. بەھەر حاڵ، دواجار کۆمەڵگەیەک نیە کە بتوانێت بەبێ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بەرگەبگرێت و بمێنێتەوە، بەھەمان شێوە لەئاینەکانیشدا. ئەمە کێشەیەکی سەختە: دەبێت لەیەک کاتدا ھەم پێ لەسەر لایەنە تاکەکەسییەکە دابگرین “واتە لەگەڵ سۆفییەکاندا بین” و ھەم پەنایش ببەینە بەر دەزگاکان (بەچاوپۆشین لەوەی کە دەزانین خراپیەکانیان چین). دواجار پاگانیزم “الوثنية” لایەنی پۆزەتیڤی خۆیشی ھەبوە، چونکە سەرباری ئەوەی کە دۆگماتیکیانە نەبوە، وەک خۆراکێکی رەمزی، پێشنیاری بڕێک سروت و ریتواڵی پێویستیشی کردوە.


– گفتوگۆ لەگەڵ میشێل کازناڤ –
سازدانی: فلۆرینس کێنتان
وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

———————————————————

سەرچاوە: دەقە سەرەکیەکەی ئەم گفتوگۆیە لە ژمارە ١٣ی (le monde des religions) دا بەفەرەنسی بڵاوکراوەتەوە. سەرچاوەی وەرگێڕانەکەی منیش دەقی گفتوگۆکەی کازناڤە کە بەرواری ٣٠-٨-٢٠٠٩ لەماڵپەڕی “www.alawan.org” دا بە ناونیشانی “المرأة في الديانات… إدراك الإلهي يكون عبر البعد الأنثوي”  بڵاوبۆتەوە و كمال بوعجيلة وەریگێڕاوە بۆ عەرەبی (و.ک).

Previous
Next

Leave a Reply