Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
دەردە کۆپان …نەوزاد بەندى

دەردە کۆپان …نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

ژنێ

پانزە ساڵ کوڕەکەى بەخێو کرد ،

بۆ ئەوەى بە هاوین 

بە دیار عەرەبانەیەک شوتیەوە باوێشک با و ..

زستان ، پاسەوانى عەرەبانەیەک شێلم بێ 

 

-2-

زیاتر لە چل ساڵ ،

کەس نەبو بتوانێ بکۆکێ ..

( ئەمە ڕیکلامى شروبى کۆکە نییە ،

بەڵکو پێناسەى دیکتاتۆرە.. )

 

-3-

هەرچەندە لە دێر زەمانەوە ،

توت ئەخناتون مردووە ،

کەچى ئێمە بەردەوام ،

خەریکى دروستکردنى هەرەمین ..

( ئەمە وەفایە بۆ میژوو ..

یان بێ ئاگاییە لە ڕابوردوو .. ؟؟

ئەمە بێ حورمەتیە بە داهاتوو ،

یان جۆرێکە لە ژێرخانى ئابوورى ؟؟)

 

-4-

ئایا ئەزانن ،

هەموومان لە ماڵەوە  ،

چەکوش و

ئەسپانە و

بزمار و

دەڕنەفیزمان هەیە ؟؟ ..

بەڵام نیشانى میوانەکانى نادەین ..

 

-5-

چەپڵە بە هەموو جۆرێک ئەخورێ :

بە کاڵیى

بە کوڵاویى

بە برژاویى

بە سوورکراوەیى ..

(دواى ئەوەى چین ،

بازاڕەکانى پڕ کرد لە پەردەى کچێنى دەسکرد ،

نازانم چۆن ،

چەپڵەى قوتو کرا و و

وشک کراو و

فرێشیان بۆ نەناردووین ؟ )

 

-6-

کە سەمونفرۆشەکانى بەرەبەیان ،

بە خۆیان و

فەردە سپیە خامە پڕ لە سەمونە گەرمەکانیان ،

لە کۆڵانەکانمان ون بوون ،

کەسمان بۆیان نەگەڕاین ..

کەسمان ئاگادارییەکمان ،

بۆ چارەنوسیان ،

لە ڕۆژنامەیەک ..

 لە تەلەفزیۆنێکى مەحەلى بڵاو نەکردەوە ..

هیچ مجەورێک ،

لە بڵندگۆى مزگەوتێکەوە ،

جاڕێکى بۆ نەدان ..

 

-7-

بازرگانەکان ،

بۆ کچى جوان ئەگەڕێن ،

بۆ ئەوەى ناشیرینى کەن ..

 

-8-

زۆر شت بە فەریکەیى ئەخورێ ، وەکو نۆک ..

بادەم ..

هەڵوژە .. گوێز ..

کچ ..داهات ..بودجە ..

شتى تریش ..

لەگەڵ ئەوەیشا ،

بازاڕ پڕە لە نۆکى کۆن و

بادەمى ڕەق و

هەڵوژەى تەپیو و

قەیرە کچ و

پارەى دوو ڕەقەم و دڕاو ..

 

-9-

ماوەیەکە گەیشتومەتە کەنارەکانى پیریى ..

نە بایەوانى سپى کەشتیەک ئەبینم ،

نە پەڵەیەک نەورەس ..

نە کچێکى جوان ..

نە دوو مناڵ بە لمى کەنار

بورجى ئیڤڵ دروست ئەکەن ..

نە ماسیگرێ ..

نە گوڵێکى شین..

نە ئایسکرێم فرۆشێک ئەبینم .. 

(هەر بۆیە ناچار ،

دەستم کردووە بە پیاچونەوەى تەمەنم ..

دوێنێ پێنجەم دانى شیریم کەوت و

سبەینێ باوکم ئەمبا ،

لە قوتابخانەى ئەیوبی ،

لە چوارباخ ناونوسم ئەکا ..

دوێنێ عەسریش 

لەگەڵ مناڵانى گەرەک ،

بە قاپى فافۆن ،

دانوولەمان لە باجى مەنیج وەرگرت و

بەمرۆرەوە ..

بە بێ خوێ ..

بە گەرمیى ، خواردمان .. )

 

-10-

ئەمریکا بچێتە هەر ناوچەیەک ،

کۆمەڵێک

بە چەقەنەیەک دەولەمەند ئەکل ..

بۆ ئەوەى خەڵکەکە جنێویان پێ بدەن ..

( ئەوەیش سەرەتاى دروستکردنى

بازاڕى چەکە )

 

 

-11-

ڕەنگە بپرسن

ئەوە بۆچى ئەوەندە شیعر بڵاو ئەکەیتەوە و

ناهێڵی پەیجەکە ڕۆژێک

مۆڵەت لەسەر و کەللەت وەرگرێ ؟؟

ئازیزانم !

ئەوەندە شیعرم خراوەتە تەنەکەخۆڵى

میدیاکانەوە..

ئەوەندە شیعرم،

لە هەڵدێرى لوت بەرزى بەڕێوەبەرى نوسینەوە،

خراوەتە خوارەوە ،

گۆڕ ونکراوە ..

ئەوەندە شیعرم بە دەست قاچاخچیەکانى ئەدەبیاتەوە ،

ون بوون و

لە دەریاى ئیجە و مەڕ-مەڕەى 

ئێرەیى سەرنوسەرەکانا خنکاوە ..

ئەوەندە شیعرم کیمیا باران کراوە

ئەوەندە شیعرم جینۆساید کراوە

ئەوەندە شیعرم ئەنفالکراوە ..

ئەوەندە شیعرم زیندانکراوە ..

ئەوەندە شیعرم ئیغتیساب کراوە ..

ئەوەندە شیعرم تەعزیب دراوە

هەر لاپەڕەیەکى ئاوەڵا ببینم ،

تەنانەت کاتى ڕیش تاشینیش شیعر ئەنوسم ..

کاتى نانخواردن ..

کاتى خەوتن ..

لە ترافیکلایتا ..

لە دەبلیو سى ..

تەنانەت لە کاتى شەڕکردنیشا ،

شیعر ئەنوسم ..

قەت تێر نابم ،

هەتا ئەو کاتەى (ئەمانیش) وەکو (ئەوان )

ئەکەونە ترساندن و

تۆقاندن و

فڕاندن و

دڕاندن و

سوک تەماشا کردنى ،

شیعرەکانم …

 

-12-

سڵاو کاک نەوزاد

سوپاس بۆ ناردنی چیرۆکەکەت بۆ (…………)

ببوورن کە چیرعکەکەتان لای ئێمە بڵاونابێتەوە.(*)

 

-13-

ڕەنگە بپرسن ،

بۆچى بەرهەمەکانت کۆ ناکەیتەوە و

بیکەى بە کتێب ..

هاوڕێیان !

بڕواتان بێ ،

بەرهەمەکانم ،

لەبەر پەنجەرەى ڕۆژنامە و 

گۆڤارە حیزبى و

میزاجى و

کاڵفامەکاندا ،

ئەوەندە وەستاون و ..

ئەوەندە پۆلیسەکان ڕاویانناون ..

ئەوەندە کەوتون ..

ئەوەندە بریندار بوون..

ئەوەندە شکاون ..

ئەوەندە ماندوون ..

هەرچەند تەماشایان ئەکەم ،

هى ئەوە نین کۆ بکرێنەوە..

کۆیشبکرێنەوە ،

لە جیاتى دیوانى شیعرى ،

نەخۆشخانەیەکى پڕ لە دەردەداریان لێ پەیدا ئەبێ ..

 

-14-

گۆڤارەکان بون بە مەجلیسى ئەعیان ..

سمێڵ سوورە ناودارەکان ،

لە پێشى پێشەوە دائەنیشن ..

دەروێشەکانیش ،

بە پێى پلەى قەرابە و ئیخلاس ،

یەک لە دواى یەک ڕیز بوون ..

( ئەوەندە وەسفى ڕوو بە ڕووى یەکتریان کردووە و

لەسەر شەرەفى یەکترى ،

ژێر پیاڵەى وتاریان کرماندووە ..

پەڕ و باڵیان لێبۆتەوە و

خەریکە لە نوسین ئەچنەوە ..

ڕەنگە ئیتر ،

لاپەڕەى سپى بڵاو بکەنەوە ،

ئیحتیرامەن بۆ مێژووى پڕ لە داهێنانیان ،

موکافەئەى لاپەڕەى سپى ،

لەگەڵ کەڵەشێر ،

بهێنرێتە خزمەتى بەر هەیوانەکانیان )

 

-15-

(نالى)  تا ئەمڕۆ بمایە ،

لە داخى مقاول و قۆنتەراتچیەکانى ئەدەب ،

وازى لە شیعر ئەهێنا و

خوى ئەدایە فەیسبوک و

پلەیستەیشن ..

مەحوى بمایە ،

لە بەرپەنجەرەى گۆڤارێکا

توشى جەڵتەى دڵ ئەبوو ،

نە فریاى قەستەرە ئەکەت

نە شەبەکە

نە باڵۆن .. !

 

-16-

کە جل ئەگوشن ،

ئاوى تێدا نامێنێ ..

ئەو داهێنەرانەم دێتەوە یاد ،

کە تەڕاییان تێدا نەماوە ،

کەچى باس لە نەهەنگى داهاتوو ئەکەن ..

 

-17-

هیچ میللەتێکم نەبینیوە ،

ئەوەندەى میللەتى خۆمان ،

دۆنکیشۆتى تیا بێ ..

 

 

(*) تێبینى : پارچەى ژمارە (12) هۆنراوەى من نییە ، هى سەرنوسەرێکە بۆ من  ..هەڵەیەکى چاپیشى تێدایە ، چاکم نەکرد ، چونکە من سەڵاحیەتى ئەوەم نییە .. 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.