Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

دەرهاوێشتەكانى دیاردەى خۆكوشتن لەدەزگاكانى ڕاگەیاندن

Be First!
by August 31, 2008 گشتی

 دەرهاوێشتەكانى دیاردەى خۆكوشتن لەدەزگاكانى ڕاگەیاندن
ئەنوەر  س . مەسیفی
  

 ماوەیەكە دەبینین لەدەزگاكانى ڕاگەیاندن بەتەلەفزیۆن و ڕادیۆو ڕۆژنامەكان بەشێوەیەكى زۆر بەربڵاوباس لەدیاردەى خۆكوشتن دەكەن جا خۆسوتاندن بێت یاخۆلەسێدارەدانبێت یان هەر شێوەیەكى ترى خۆ كوشتن بێت هەندێك لەڕۆژنامەكان باس لەهۆكارەكانى خۆكوشتن دەكەن وشىدەكەنەوە كەبەداخەوە زۆرجار ئەو بەڕێزانە پسپۆڕى دەرونناسى نین یان شارەزاییەكى باشیان نیە لەم بوارە كەچى ڕێپۆرتاژێك یان بابەتێكى زۆر درێژ بڵاو دەكەنەوە لەوانەیە زۆرجار ئەو بابەتانە بەزمانێكى تر و بۆ كۆمەڵگایەكى تر نووسرابىَ بە مەبەستى لێكۆڵینەوەى دەروونناسى بۆ دەزگاى تایبەتى یان دەزگاى پەیوەندیدار نەك بۆ راگەیاندن  نووسرابێت هەڵدەستن بە وەڕگێرانى بۆ سەر زمانى كوردى بىَ ئەوەى بیر لە ئاكامەكانى بكەنەوە, كە بەداخەوە دەڵێم لەجیاتى سوود لەوانەیە زیانى زیاتر بێت لەبەرئەوەى لەووڵاتى ئێمە هەموو چین و توێژەكانى كۆمەڵگا ئەم بابەتانە دەبینن و دەخوێننەوە و دەبیستن, زۆرجار دەبێتە بنێشتە خۆشەى سەر زارى خەڵك بۆ نموونە خۆ سووتاندنى ئافرەتان ئەگەر لەهەر شارێكى كوردستان ئافرەتێك خۆى بسووتێنێت ئەوە هەر ئەو رۆژە یان بۆ ڕۆژى دواتر لە گشت ڕاگەیاندنەكانى كوردستان بڵاودەبێتەوە , ئەم بڵاوبوونەوەش دەبێتە هاندەرێكى باش بۆ ئەو كەسانەى تووشى گیروگرفتى دەروونى بوونەتەوە بەباوەڕى ئەوان هیچ ڕێگایەك نەماوە بۆ خۆ دەربازكردن لەگیروگرفتەكانیان و كەسێك شك نابەن یاخود دەزگایەكى كۆمەڵایەتى تایبەت كە پەناى بۆببەن بۆچارەسەركردنى گیروگرفتە دەروونیەكانیان جگە لە خێزانەكانیان كەبەداخەوە دەڵێم زۆرجار خێزانەكانیان هۆكارى گیروگرفتەكەن بەناچارى پەنا دەبەنەبەر خۆكوشتن بەباوەڕى   خۆیان ئەوان یەكەم كەس نین بەم كارە هەڵساون واتە خۆكوشتن یاخود خۆسوتاندن. بۆیە لەمە بەدواوە جێگاى خۆیەتى دەزگاكانى ڕاگەیاندن بەشێوەیەكى زانستیانە بابەتەكان چارەسەر بكەن و حكومەتى كوردستانیش وەك ووڵاتانى ترى جیهان یاسایەك بۆ دەزگاكانى ڕاگەیاندن دابنێن و هەموو شتێك ئاوا بەسادەیى بڵاونەكەنەوە بۆ نموونە لەووڵاتى هۆڵەندا نزیكەى بیست ساڵ دەبێت ئەو كەسانەى كە خۆیان دەكوژن قەدەغەكراوە هەواڵى خۆكوشتنەكەیان لە دەزگاكانى ڕاگەیاندن بڵاوبكرێتەوە تەنها ئەگەر هەوڵى خۆكوشتنى چەند كەسانێك بێت بەیەكەوە وەكو هەوڵى باوكێك یاخود دایكێك بۆ كوشتنى منداڵەكانى ئەمەش ئەگەر هەوڵەكە سەركەوتوو بوو ئینجا بڵاودەكرێتەوە,ئەو كاتەش زۆر بەكەمى بڵاودەكرێتەوە یاخود هەوڵى چەند كەسێك بۆ خۆكوشتن كە تیایدا یەكێكیان ڕزگارى بووبێت لەنێویاندا بەڵام ئەگەر تەنها تاكە كەسێك بێت هەرگیز بڵاوناكرێتەوە ئەگەر هەواڵەكە بڵاویش بكرێتەوە دەبێت هەواڵەكە لەلایەن پسپۆڕانى دەروونناسى ڕێكبخرێت و لێكۆڵینەوەى لەسەر بكرێت و لەلایەن پۆلیس و دەزگا تایبەتیەكانى دەروونناسى تابزانرێت هۆكارەكەى چییە و چارەسەرى چۆن دەكرێت .لە ئەوڕوپا ڕاگەیاندن دێت بەشێوەیەكى تر چارەسەرى بابەتەكە دەكات بۆ نموونە بەرنامەیەك بۆ ئەو كەسانە ڕێك دەخات كە هەوڵى خۆكوشتنیان داوە بەڵام نەمردوون و دواتر لەلایەن دەروونناسەكان یارمەتى دراون بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكانیان لەدواى لەدەستدان وشێوانى بەشێكى جەستەیان پەشیمان بوونەتەوە, ئێستا هیوایان بەژیانى خۆیان هەیە  و زیاتر لە پێشوو ئاواتیان بەژیانەوە ماوە ئەم بەرنامەیە بۆ ئەوەیە كە ئەو كەسانەى كە ڕزگاریان بووە ڕێنمایى خەڵكى تر بكەن تاوەكو هەوڵى لەو جۆرە نەدەن.
 زۆر بەداخەوە دەزگاكانى ڕاگەیاندنى كوردستان زۆرجار بەرنامە پێشكەش دەكەن بەبىَ ئەوەى بزانن ئەو بەرنامەیە سوودى هەیە یان نا یاخود ئەو بەرنامەیە ئامانجدارە یاخود نا 0.
 نموونەى هەندىَ لەو بەرنامانە زۆر جار لەكاتى مردنى منداڵێك یاخود كەسێك یەكسەر دێن و وێنەكەى دەگرن ، جا لەنەخۆشخانە بێت یا لەماڵەوە ، جارێكیان لەیەكێك لەبەرنامەكانى تەلەفزیۆنێكى كوردى منداڵێك یان نیشاندا بە مردوویى كە پێشتر كەوتبووە خوارەوە دواى ئەوەى دایكى شیرى پێدابوو لەنەخۆشخانە یەكسەر بەبىَ لێكۆڵینەوەى پزیشكى یان لێكۆڵینەوەى پۆلیس پەیامنێرەكە دەیگوت : دایكێك منداڵەكەى خنكاندووە جا پرسیارەكە لێرەدایە باشە ئەگەر وانەبوو دواى لێكۆڵینەوە دەركەوت منداڵەكە نەخنكاوەو دایكى تاوانبار نییەو هۆكارى مردنەكەى هۆكارێكى تر بوو تازە خۆ ئەگەر هەزار لێكۆڵینەوەش بكرێت و بێتاوانى دایكەكە دەربخات ئەوا لەناو خزم و كەس و كۆمەڵگا ئەم ئافرەتە وەك دڕندەیەك سەیرى دەكرێت و هەتا هەتایە هەر باسى دەكەن، ئەمەو چەندین نمونەى ترى لەو شێوەیە .
 زۆر جار هەندىَ بەرنامە كەباس لەتوندوو تیژى و كارەسات دەكات لە تەلەفزیۆنەكان دواى كاتژمێر 10 ى شەو پێشكەش دەكرێن كە ئەمە شتێكى باشە هەرچەندە منداڵێكى زۆریش سەیرى دەكەت بەڵام كاتەكە باشە، بەڵام ئەوەى جێگەى داخە هەمان بەرنامە بۆ رۆژى دواتر دووبارە دەكرێتەوەو لەدواى نیوەڕۆ پەخش دەكرێت كە هەموو كەس دەیبینێت بۆیە دەبێت پێش پەخشكردنى بەرنامەكان تەلەفزیۆنەكانى كوردستان بیر لەكاتى پەخشكردنى بەرنامەكان و سوودوو زیانەكانیان بكەنەوە و هەوڵ بدرێت هەموو شتێك بڵاونەكرێتەوە
  ئەمجۆرە هەواڵە سەیرو سەمەرانە لەهیج ڕاگەیاندنێكى جیهان بڵاوناكرێتەوە تەنها لاى خۆمان نەبێت , ئاخۆ دەبێت فەلسەفە و ئامانجى ئەم هەواڵانە لەچى دابێت لەجیاتى هەواڵى دڵخۆشكەر ئەم هەواڵە دڵتەزێنانە بەگوىَى بینەران وبیسەران دەچرپێنن.
 بۆیە لێرەدا پێم باشە ئێمەش سوود لەتاقى كردنەوەى كۆمەڵگاكانى تر وەربگرین ,من ناڵێم سەد لە سەد بێت و وەكوئەوان بكەین بەڵام بەلایەنى كەم سودێكى كەمیش بێت هەر جێگاى خۆى دەگرێت,من پێم باشە لەكوردستان لێژنەیەك پێك بێت لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆئەوەى كۆنتڕۆلى ئەم جۆرە هەواڵانە بكرێت و دەزگاكانى ڕاگەیاندنیش سود لەپسپۆڕانى ئەم بوارە وەربگرن بۆخزمەتكردنى هاووڵاتیان .
 

Previous
Next

Leave a Reply