Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
دەرکەوتەکانی گرێی ئۆدیپی لە چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)ی کاروان کاکەسووردا

دەرکەوتەکانی گرێی ئۆدیپی لە چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)ی کاروان کاکەسووردا

Closed
by October 1, 2012 ئەدەب

 

 

دەروازە:

خەسڵەتی سەرەکیی ئەدەبی گیڕانەوەی (کاروان کاکەسوور) منداڵییە. دیارە مەبەستمان لە فلاشباک نییە، بەڵکو وێناکردنی بینین و بەریەککەوتنە لەگەڵ شتەکانی دەرووبەردا بە دیدگای منداڵێکەوە. زۆرجار خەخت لەوە دەکرێتەوە، کە (کاروان) ئەدەبی خۆی لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ منداڵی دامەزراندووە، کاروان خۆیشی لە گفتوگۆ و یاداشتەکانیدا رایەکی وای ڕەت نەکردووەتەوە، بگرە زۆرجار بەرگریی لەوە کردووە، بەڵام ئەوە بەلای منەوە جگە لە فێڵی نووسەر، هیچی دیکە نییە، چونکە مەبەستی نووسەر ئەوەیە، کە لە ڕێگەی نووسینەوە ئاماژە بەوە بدات وەکو تاکێکی کۆمەڵ ژیاوە و بەر دیاردەکان کەوتووە، بەڵام دیدگایەکی جیاوازتری هەبووە.

دیارە لەمەیشدا دوو هۆکار پاڵنەرن، یەکەم، ئیشکردنێکی چڕ لەسەر دەرکەوتەکانی کۆمەڵگە. بە مانایەکی دیکە ئەدەبی (کاروان) لە هەناوی کۆمەڵگەوە هەڵقوڵاوە، بەمەیش منداڵی هۆکاری سەرەکییە بۆ وێناکردن، چونکە منداڵی یەکەم کەناڵە، کە مرۆڤ تێیدا هەست دەکات هەموو شتەکان تازەن. یەکەم وێنە بۆ بینینی دیاردەکان هەمیشە کارلێک لەگەڵ تێگەیشتنی سەرەتامان بۆ شتەکان دەکات، بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمەن وێنەکان هەرچەند کاریگەر بن، تووشی شۆک و سەرسووڕمانمان ناکەن، ئەمەیش دەکرێت بە سەرەتای لەناوچوونی مانای دیاردە لە دیدی ئێمەدا گوزارشت بکەین. لە ڕووی زانستییشەوە کاتێک وێنەیەک زۆر دووبارە دەبێتەوە، هەرچەند کاریگەریش بێت، خاڵی جەوهەری خۆی، کە کاریگەرییە، لە دەست دەدات، چونکە لە نەستماندا جێگەی خۆی کردووەتەوە. بۆیە کاتێک کارەکتەرێکی گەورە دەدوێت ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە، کە منداڵێک لە ناویدایە، چونکە ئەندێشەی کارەکتەرەکە بە لۆجیک سنووردار کراوە، بەمەیش خەیاڵ لە پرۆسێسێکی سەرسوڕ‌هێنەری بەرفراوان بۆ وێناکردنی شتە نەکردەکان، دەبێتە کەرەستەیەک بۆ وێنە کەلتوورییەکان، کە دواجار لە بەرژەوەندیی زەقکردن و جێگیرکردنی وێنە باوەکان دەشکێتەوە. کەلتووری لاواز بەرهەمی خەیاڵێکە توانای بەرفراوانبوونی لە خۆیدا نییە. بەو هۆیەوە دەتوانین بڵێین ئەو تەکنیکە لای (کاکەسوور) ئیشکردنە لەسەر تێگەیشتنی کەلتووری کۆمەڵگە بۆ دیاردەکان، کە لە بنەڕەتدا بەو شێوەیە نین، بەڵکو ئەوە تێگەیشتنی گشتییە، کە شوێنی تێگەیشتنی خودی گرتووەوتەوە. دەتوانم بڵێم لە گشت بەرهەمەکانیدا ویستوویەتی کار لەو پێکهاتانەدا بکات، بۆیە ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی نووسەر بەردەوام توانای خۆتێپەڕاندنی هەبێت. واتە لە هەر بەرهەمێکیدا ئاڕاستەی دیکەی زمان و خەیاڵ دەدۆزێتەوە و بە شێوەی جیاواز ئەو پێکهاتانە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە کەلتووری کۆمەڵگە بەرهەمی هێناون، بەو مەبەستەی جارێکی دیکە لە ڕێگای تێگەیشتنی خۆیەوە ڕێکیان بخاتەوە.

هۆکاری دووەم، کە ئێمە مەبەستمانە لێی بدوێین، هەڵوەشاندنەوەی وێناکردنی گشتە بۆ دیاردەکان. بە مانایەکی دیکە لە جیاتی خودی کۆمەڵایەتیمان، خودی ڕاستەقینە دەدوێت و بە ناو ڕەهەندە هەرە سەرەتاییەکاندا قووڵ دەبێتەوە، کە گەڕانەوەیە بۆ یەکەم وێنە و بەریەککەوتن لەگەڵ دیاردەکاندا. ئەمەیش یارمەتیمان دەدات پرۆسێسی بە کۆمەڵایەتیبوونی خود بخەینە بەر باس. 

من لە دیدی (فرۆید)ەوە هەوڵی شیکردنەوەی ئەو پرۆسێسە ئاڵۆزە لە چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)ی (کاروان کاکەسوور) دەدەم، چونکە (فرۆید) بە دامەزرێنەری دەروونشیکاری دادەندرێت، بەمەیش دەتوانین بڵێین شۆڕشێکی گەورەی بەرانبەر بە تێگەیشتنمان بۆ واقیع بە دیدێکی تەواو جیاواز، بەرپا کردووە. دەتوانین بپرسین بۆچی (فرۆید)؟ پێم وایە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان، لە رێگەی دیدی (فرۆید)ەوە دەتوانین بەشێکی زۆری دەرکەوتەکانی ئەو چیرۆکە بخەینە بەر رۆشنایی شیکردنەوەی سایکۆلۆجیانە، لە کاتێکدا (فرۆید) هەر خۆی خاوەنی تیۆری (گرێی ئۆدیپی)یە و مەبەستی ئێمەش لەو لێکۆڵینەوەیدا دۆزینەوەی دەرکەوتەکانی ئەو گرێیەیە لای (هیڤان)ی کارەکتەری سەرەکی لە چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)دا. خاڵی دووەم، پێوەندیی بە ئیشکردنی چڕی (کاروان کاکەسوور)ەوە هەیە لە ئافراندنی کارەکتەردا، کە بە چەندین رەهەندی سایکۆلۆجی ڕایەڵیان دەکات. پێم وایە بۆ شیکردنەوەی ئەو لایەنە لە زۆربەی کارەکانی نووسەردا، بە تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی کورت ناتوانێت لەو رەهەندانە نزیکمان بکاتەوە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە لێکۆڵینەوەیە لەبارەی دەرکەوتەکانی گرێی ئۆدیپی لە چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)دا. وەکو دیکە لە هەر بەرهەمێکی تری (کاروان)دا دەتوانین بە دوای ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی سایکۆی کارەکتەردا بگەڕێین و بە تیۆرە جیاوازەکان هەوڵی شیکردنەوەیان بدەین. ئەوەی من تێبینینم کردووە (بەختیار عەلی)یش لە نووسینەکەیدا لەبارەی کۆمەڵە چیرۆکی (منارەی ئاوەدانی) بە پشتبەستن بە (جاک لاکان) هەوڵی خستنە بەر باسی ئەو رەهەندە سایکۆلۆجییانەی لە کارەکتەرەکانی (کاروان کاکەسوور)دا داوە. 

 

گرێی ئۆدیپی

گرێی ئۆدیپی Oedipus complex لای (فرۆید) بە مەبەستی روونکردنەوەی زانینی ڕەسەنیەتی (نیرۆسیس – العصاب –  Neuroses) لای منداڵ داهێنرا، کە سەرچاوەکەی بۆ ئەفسانەی (ئۆدیپ)ی گریکی دەگەڕیتەوە. بەپێی ئەو ئەفسانەیە هاوسەری (لاوسLaius- )ی پادشای (تبس- Thebes.)،  کە ناوی (ژوکاستە- Jocasta)یە کوڕێکی دەبێت، ئەوە لە کاتێکدا یەکێک لە غەیبزانەکان پێشبینیی کردووە، کە ئەگەر ئەو منداڵە کوڕ بێت، ئەوا پێویستە لە ناو ببردرێت، چونکە (لاوس) دەکوژێت، کە باوکیەتی. بۆیە (ئۆدیپ) توند دەبەستن و لەسەر چیای (سیترۆن)ی دایدەنێن. شوانێک دەیدۆزێتەوە و ناوی لێ دەنێت (ئۆدیپ)، چونکە قاچەکانی هەڵاوساون، ناوەکەیشی هەمان مانا دەدات. دواتر (ئۆدیپ) لای (پۆلیب- Polybus) پادشای (کۆرینت- Corinth) وەک ئەندامێکی شاهانە گەورە دەبێت. (ئۆدیپ) لە دانیشتنێکی مەیخواردنەوەدا ئەوەی پێ دەوترێت، کە بە منداڵی هەڵگیراوەتەوە. (ئۆدیپ) دەیەوێت نهێنیی لەدایکبوونی خۆی بزانێت و لەگەڵ (دێڵفی- Delphi)ی غەیبزان دەکەوێتە راوێژەوە، بۆ ئەوەی بزانێت دایک و باوکی کێن، بەڵام (دێڵفی) ئامادە نابێت نهێنییەکەی پێ بڵێت، بۆیە پێی ڕادەگەیەنێت نابێت بۆ وڵاتەکەی بگەڕێتەوە، چونکە باوکی دەکوژێت و زەماوەند لەگەڵ دایکی خۆی دەکات. دواجار بڕیاری دا نەگەڕێتەوە (کۆرنت)، بۆیە دەیەوێت هەموو ڕێگەکانی (تبس) بگرێتە بەر. لە چواڕیانێکدا لەگەڵ پیرەمێردێک دەبێتە شەڕیان، (ئۆدیپ) پیرەمێردەکە دەکوژێت، کە باوکیەتی. دواتر ڕووبەڕووی (سفینکس- Sphinx) دەبێتەوە، کە لەسەر رێگا مەتەڵ لە رێبواران دەپرسێت، هەر ڕێبوارێک نەیتوانیبا مەتەڵەکە لێک بداتەوە، دەیخوارد. (ئۆدیپ) توانی وەڵامەکەی بداتەوە و بووە پاشای (تبس) و (ژوکاستە)ی دایکی دەکاتە هاوسەری خۆی. لە ئەنجامدا چوار منداڵیان دەبێت، کە دووانیان کوڕن. پاش چەندین ساڵ تاعون بڵاو دەبێتەوە و خوداوەندی غەیبی داوا دەکات پیاوکوژەکە لە شار دەرکەن. (ئۆدیپ) بە ڕازی لەدایکبوونەکەی خۆی دەزانێت. (ژوکاستە) کە ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، سەربوردەکە بۆ (ئۆدیپ) دەگێڕێتەوە، دواتر خۆی هەڵدەواسێت و (ئۆدیپ)یش چاوەکانی خۆی دەردەهێنێت و دەبێتە کەسێکی ( بێئارام – عصبي- nervous ). ئەوە سەربوردەی ئەفسانەکەیە بە شێوەیەکی کورت.

(سیگمۆند فرۆید) بە شێوەیەکی دەروونشیکارانە راڤەی ئەو ئەفسانە گریکییەمان بۆ دەکات. (فرۆید) پێی وایە منداڵ لە قۆناغی ئەناڵ ستەیگ (Anal Stage-  واتە لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تاکو سێ ساڵی) ، کاتێک شیری دایکی دەمژێت، پەیڕەوەی لە کردەیەکی سێکسی دەکات. بۆیە دەمی منداڵ دەبێتە ناوچەیەکی چێژدار، تەنانەت پاش تەواوبوونی ماوەی مژینی مەمکی دایک، منداڵ پەنجەی دۆشاومژەی خۆی دەخاتە ناو دەمیەوە، لە قۆناغەکانی دیکەشدا ماچ دەبێتە کردارێکی چێژبەخش. بۆیە پێوەندیی منداڵ بە دایکەوە دەبێتە پێوەندییەکی سێکسی. لەو قۆناغەدا منداڵ کەسێکی خۆپەرستە و دەیەوێت غەریزەکانی خۆی پڕ بکاتەوە. ئەو پێوەندییە منداڵی کوڕ و کچ بە یەکەوە دەگرێتەوە، هەرچی کچە لە پێوەندییەکی هاوتوخمبازی دایە لەگەڵ دایکدا. لەگەڵ دەرکەوتنی باوک پێوەندیی دوولایەنی دەگۆڕێت بۆ پێوەندیی سێلایەنی. بە تایبەتی لای کچ هەستێکی دیکەی بەرانبەر بە باوک سەر هەڵدەدات. لە تەمەنی فالیک ستەیگ (phallic stage- واتە لە چوار ساڵی تاکو پێنج یان شەش ساڵییەوە) لای کوڕ (گرێی ئۆدیپ-  Oedipus complex) و لای کچیش (گرێی ئیلکترا – Electra complex) سەر هەڵدەدات. حەزی کوڕ بۆ دایک و غەریزەی کچ بۆ باوکی لای (فرۆید) پرۆسێسێکی گشتگیرە و پێکهاتە ئاڵۆزەکانی (نەست –  unconscious) ئەو کارە ڕادەپەڕێنن، بەڵام لەگەڵ بینینی هەڵسوکەوتەکانی باوک بەرانبەریان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەرکەوتەکانی ئەو دوو گرێیە دیار نامێنن و لە نەستدا جێگیر دەبن، کە کانگای حەزە سێکسییە سەرکوتکراوەکانە. لێرەدا منداڵ دەکەوێتە جەنگی لەناوبردنی حەزە نامەحرەمەکانی بەرانبەر بە دایکوباوکی. کوڕ هەوڵی خۆ گونجاندن لەگەڵ واقیعدا دەدات و دەیەوێت جێگای باوکی بگرێتەوە، بەمەیش خەونی بوون بە باوک دەبێتە پرۆژەی ئایندەی. هەرچی کچە دیار نییە، کە چۆن بەرانبەر بە غەریزەکەی دەوەستێتەوە، چونکە بە پرۆسێسی خەساندن تێپەڕیوە، بەڵام ئەوەی دیارە کوڕ و کچ بەسەر گرێکانیاندا زاڵ دەبن، بەمەیش گرێکانیان لە کرداری هەستیاردا دەچێتە خانەی نەستەوە. کەواتە دەتوانین ئەو پرۆسیسە ناو بنێین بە کۆمەڵایەتییبوونی منداڵ. لەو هاوکێشەیەدا کۆمەڵێک نەریت هەن، کە دەست بەسەر خودی ڕاستەقینەی منداڵدا دەگرن، منداڵیش بۆ ئەوەی بەسەر گرێکەیدا زاڵ بێت، هەوڵی پێڕەویکردن لەو نەریتانە دەدات. بەڵام هەر وەکو (فرۆید) ئاماژەی پێ داوە حەشارگەی ئەو دوو گڕێیە بەشی (نەست)ە، کە دەورێکی باڵا دەگێرێت لە هەڵسوڕاندنی خودی کۆمەڵایەتیماندا. لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا دەتوانین بڵێین گرێکان بە شێوەیەکی ناخودئاگا دەرکەوتەی تایبەت بە خۆیان دەبێت. 

 

چیرۆکی ئەسپیدیلۆن و دەرکەوتەکانی گرێی ئۆدیپی:

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەب دەرخستنی دیاردە ناوەکییەکانە، بە مانایەکی دیکە ئەدەب گرنگی بە حەزە سەرکوتکراوەکانی ناو نەست و هەوڵی دیارخستنیان دەدات. ئەگەر نامەحرەمەکان ئەو کۆتانە بن، کە بە هەر بیانویەک دانراون، ئەوا ئەدەب ئەو جیهانەیە، کە لە ڕێگەی چێژ و فەنتازیاوە هەوڵی وێناکردن و بەرجەستەکردنیان بە ژیانەوە دەدات. لەبەر ئەو هۆکارەیە، کە ئەدەب بە شێوەیەکی خۆرسک توانای بەرەنگاریی هەیە. ئەدەبی ڕاستەقینە دیوی هەرە شاراوەی ناخ دەهێنێتە قسە. ئەگەر زمان لایەنی دەربڕینی خودیمان لە خۆوە دەگرێت، ئەوا پێویستمان بە زەمینەیەکی ئازادە. ئەوەی لە ئەدەبی گێڕانەوەی (کاروان کاکەسوور)دا تێبینی دەکرێت، ئەو زەمینە ئازادەیە، کە تێیدا کارەکتەرەکان بە مەبەستی خۆگوزارشتکردن دێنە قسە. 

(هیڤان) کە کارەکتەری سەرەکی چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)ە، لە جەنگێکی خەیاڵییانەدا گوزارشت لە هەستە ئاڵۆزەکانی دەکات. سەرەتای گێڕانەوەی چیرۆکەکە بە مۆنۆلۆگی کارەکتەر دەست پێ دەکات، که وا دەردەکەوێت پلانی کوشتنی کەسێکی هەیە، بەڵام لە کۆتاییی گیڕانەوەی چیرۆکەکەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەمە تەنیا خەیاڵ و شپرزەیی دەروونیی کارەکتەرە. (هیڤان) تفەنگێکی داری بۆ (ئاگرین)ی (تابان)ی پورزای کڕیوە، بەڵام ئەو تفەنگە وەک دالێک کۆمەڵێک مەدلولی جۆراوجۆر دەئافرێنێت. واتە ئەو تفەنگە لە ڕووی سیمبۆڵەوە ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت. لە ڕووی شێوەوە لە چووک دەچێت و وەک ئاڕاستەیش ڕووی لە دایکیەتی، کە لەسەر پشتی کەشتی لە بەرانبەری دانیشتووە. کەشتییەکە هەر خۆی ئاماژەیە بە نائارامیی کارەکتەر، مادام بەردەوام دەلەرێتەوە. ئەمەیش هەر پێوەندیی بە شێوازی ئیشکردنی (کاروان)ەوە هەیە، کە لە هەموو بەرهەمەکانیدا هەوڵ دەدات شوێن بکاتە ڕەگەزێکی چالاک. لەمەشدا پشت بە هونەری سینەما دەبەستێت و وەک دەرهێنەری سینەما کارەکتەرەکان لەناو شوێندا هەڵدەسووڕێنێت، کە ئەمە باسێکی جیاواز و سەربەخۆیە. دەبێت ئاماژە بەوە بدەین ئەو دیاردانەی لەم چیرۆکەدا دەردەکەون، تەنیا لە خەیاڵی (هیڤان) سەرچاوەیان گرتووە. ئەوەش دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە لایەنی نەستی کارەکتەر بخەینە ژێر رۆشنایی شیکردنەوەوە. وا دەردەکەوێت کە (هیڤان) باوکی نەماوە و کەسانێکی زۆر بە جوانیی دایکی سەرسام و کاریگەرن. لە گەشتە خەیاڵییەکەی (هیڤان)دا، (حەمە عەلی شاسواری)، کە جارێکیان زللەیەکی لە (هیڤان) داوە، دەبێتە هاوسەری دایکی و منداڵێکیشیان دەبێت، ئەوەیش بە پلانێکی داڕێژراوی (هیڤان)ە. واتە ئەوە تەنیا لە خەیاڵی (هیڤان)دا ڕوو دەدات، ئەگینا لە واقیعدا نییە. هەموو چیرۆکەکە لەسەر زەویی واقیعدا ئەوەیە جارێکیان (حەمە عەلی شاسواری) زللەیەکی لە (هیڤان) داوە و گاڵتەی پێ کردووە، کە کوڕێکی لووسکەیە و دایکیشی ژنێکی ناسک و هەستبزوێنە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی (هیڤان) لە خەیاڵەکانیدا باوکێکی دیکە بۆ خۆی دەئافرێنێت؟ تەنانەت دەیەوێت باوکە نوێیەکەی هەر چەند حەز بکات ئازاری بدات؟ دیارە لە ڕێگەی شەپۆلی هۆشەوە چەندین دەرکەوتی جیاواز دەردەکەون و کارەکتەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، کە هەموو ئەمانە چەندین دیاردە لە دوای خۆیاندا جێ دەهێڵن. دەتوانین ساتی خەیاڵکردن بۆ دۆزینەوەی باوکێکی دیکە بە دەرکەوتەیەک بۆ زاڵبوون بەسەر (گرێی ئۆدیپی) دابنێین، بەوەی کارەکتەر دەیەوێت زەمینەی ئاشتەوایی لەگەڵ باوک (بە مانای خاوەنی دەستەڵاتی ماڵ) بهێنێتە کایەوە، بەڵام نەبوونی باوک بۆتە هۆی دووبارە هەستکردن بە گرێی ئۆدیپی. سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم ناتوانین ڕاستەوخۆ لە چیرۆکەکەدا بە دوای ئەو دیاردەیەدا بگەڕێین، چونکە نووسەر زۆر بە ناڕاستەوخۆیی کاری لەو پێکهاتە ئاڵۆزەدا کردووە. لێرەوەیە (کاروان) جیاوازیی خۆی لەگەڵ (شێرزاد حەسەن)دا پێشان دەدات، کە ئەویش لایەنی سایکۆلۆجیی کارەکتەری مەبەستە، بەڵام بە شێوەی ڕاستەوخۆ. بە مانایەکی تر (شێرزاد حەسەن) لایەنی سیاکۆلۆجی دەهێنێتە ناو ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی و لەم ڕێگایەوە ئەدەبی خۆی لە سەرجەم ئەدەبی پێشوو دادەبڕێت، بۆ ئەوەی ئەو لایەنە شاراوەیەی تاک و کۆمەڵگای ئێمە دەربخات، کە پێشتر بیری لێ نەکرابووەوە. لە نەوەدەکان (کاروان کاکەسوور) دێت و هەوڵی قووڵکردنەوەی ئەو لایەنە دەدات، بە تایبەتی کارەکتەرەکانی (کاروان) زیاتر خوڵقاوی ناو شارن و خەمە شارستانییەکانیان ئەوەی بەسەردا سەپاندوون ئاڕاستەی زمانیان بەرەو خودی خۆیان بێت وەک لەم چیرۆکەدا هەستی پێ دەکەین، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانی (شێرزاد حەسەن) باسی ناوەوەی خۆیان بۆ دەرەوە دەکەن، بۆیە ئەو ڕوونییەی لای (شێرزاد) هەیە لای (کاروان) نامێنێت و کەناڵەکانی گێڕانەوە هەم زۆرتر و هەم ئاڵۆزتر دەبن. ئەمەیش وا دەکات خوێندنەوەی ئێمە کەمتر دەستی بە بەرهەمەکانی (کاروان) بگات، وەک چۆن (شێرزاد)یش لە سەردەمی خۆیدا نەخوێندرایەوە، یان دەکرێت بڵێین بە سادەیی خوێندرایەوە، تا ئەو کاتەی نووسەرانی وەک (بەختیار عەلی) و (مەریوان وریا قانیع) دەرکەوتن و بە میتۆدی ڕەخنەیی گرنگییان بە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە دا. خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئەدەبی گێڕانەوەی (کاروان) ئاسان خۆی نادات بە دەستەوە، ئەمەیش پێوەندیی بە فرەڕەهەندی ئەدەبەکەیەوە هەیە. لە ئەدەبی (کاروان)دا لە یەککاتدا ئێمە دەتوانین بە دوای ڕەهەندە سایکۆلۆجی، هزری، سۆسیۆلۆجی و تەنانەت فیزیایشدا بگەڕێین، کە بە هۆی ئەوەی نووسەر بەردەوام دەیەوێت بە شێوەیەکی جیاوازتر مامەڵە لەگەڵ شوێن و کاتدا بکات. ئەگەر کارەکتەرەکانی (شێرزاد حەسەن) باسی ناوەوەی خۆیان بۆ دەرەوە دەکەن، ئەوا کارەکتەرەکانی (کاروان) لە ڕێگەی باسی کردنی ناوەوەی خۆیان هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دیاردەکانی دەرەوەش دەدەن، ئەمەیش پێوەیستی بە تێگەیشتن لە ماهیەتی دیاردەکانەوە هەیە. لای (کاروان) کارەکتەرەکان لە یەککاتدا هەم گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن، هەم لەگەڵ شتەکانی دەورووبەر کۆنتاک دروست دەکەن. وەکو دیکە لە بەرهەمەکانی دیکەی (کاروان)دا بۆ نموونە لە ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە، کە ئاماژەیە بۆ (گرێی ئیلکترا – Electra complex)، کە ئەو گرێیە تایبەتە بە هەستی سێکسوالەتی کچ بەرانبەر بە باوک. ڕووداوەکە ئەو کاتەیە، کە یەكێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان کە (سۆزان)ی ناوە، لە درزی دەرگای گەرماو (حمام)ەوە  سەیری باوکی دەکات، کە لەو کاتەدا باوکی ڕووتە. دایکی (سۆزان) بە بینینی ئەو هەڵسوکەوتە تێک دەچێت. مەبەستی من ئەوەیە لە چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)یشدا تەنیا دەتوانین بە پشتبەستن بە خەیاڵەکانی کارەکتەر دەرکەوتەکانی ئەو گرێیە بدۆزینەوە.

یەکێک لە کێشە دەروونییەکانی کارەکتەر گەڕانەوەی بەردەوامیەتی بۆ ڕابردوو، تەنانەت ناتوانێت بەسەر خەیاڵەکانیدا زاڵ بێت. وێنەکانی ڕابردوو بە جۆرێکی دیکە دێنەوە بیری (هیڤان)، کە ئەمەیش بە پرۆسێسێکی تەواو جیاواز لە واقیعی کارەکتەر دەردەکەون. ئەگەر لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە بمانەوێت لەو دۆخەی کارەکتەر تێبگەین، ئەوا دەتوانین بڵێن گەڕانەوەی بەردەوام بۆ ڕابردوو، دووبارە گەڕانەوەی وێنەکانی نەستە بۆ هۆش، کە لە ئەنجامی ئەزموونکردنێکی پێشوەخت وێنەکان لە نەستدا جێگیر بووینە. لە سایکۆلۆجیادا چەندین نەخۆشیی دەروونیی جیاواز لەبارەی دەستبەردارنەبوون لە ڕابردوو هەست پێ دەکرێت، کە تێیدا کەسی نەخۆش بە چڕی لە بیرەوەرییەکانی ڕابردوودا دەژیێت، تا ڕادەیەک بەرانبەر ئێستای ژیانی هەستیار نییە و ڕووبەڕووی وەهمی گەورە دەبێتەوە، بەڵام ناتوانین بڵێین (هیڤان) کارەکتەرێکی نەخۆشە، بەڵکو ئەوە پێوەندیی بە هێڵی سەرەکیی چیرۆکەکەوە هەیە، کە تێیدا نووسەر ویستوویەتی دەستی بە قووڵاییەکانی نەستی کارەکتەر بگات. دەشتوانین بڵێن (هیڤان) لە وەهمێکی گەورەی ڕابردوودا دەژیێت، بەڵام خودی ئەو وەهمە بۆ ئافراندنی زەمینەیەکی گونجاوە تاکو کارەکتەر بە ڕەهایی بدوێت و گوێ بە هیچ بەربەستێکی سنووردا نەدات. لەو ڕوانگەیەوە دەتوانم بڵێم کێشەی سەرەکی لە چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا تەنیا ئازادنەبوونی کارەکتەر نییە لە زمان و گێڕانەوەدا، بەڵکو نەبوونی زەمینەیەکی ئازادیشە بۆ ئەوەی کارەکتەرەکان نەشونمای ئازادیی خۆیان بکەن. کاتێک (هیڤان) لە وەهمێکی گەورەی ڕابردوودا دەژیێت، ئەوا بە هۆیەوە ئازادیی لە زمان و دەربڕین بە دەست هێناوە. زۆرجاریش (هیڤان) وەکو کارەکتەرێکی نیمچەشێت دەدوێت، کە ئەمەیش هێندەی دیکە زەمینەی بۆ ئەوە خۆش کردووە، کە زمان و گێڕانەوە تاکو ناواخنی نەستی کارەکتەر قووڵ ببنەوە و بە ڕەهایی گوزارشت بکەن. 

دۆخی ڕووتبوونەوەی کارەکتەر لە هەموو پۆشاکە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان بە هۆی وەهمی ڕابردوو و نیمچەشێتییەکەیەوە، دەروازەی زیاترمان بۆ دەکاتەوە تاکو دەرکەوتەکانی هەستی گرێی ئۆدیپی تێبینی بکەین. کاتێ (حەمە عەلی شاسواری) دەبێتە هاوسەری دایکی، (هیڤان) چڕتر چاودێری هەستەکانی دایکی دەکات بەرانبەر بە هاوسەرە نوێیەکەی، لە هەمانکاتدا گومانی ئەوە دەکات پێشتر پێوەندییان هەبووبێت. دۆخی گومانکردنی کارەکتەر لەگەڵ خۆیدا دەرکەوتەی هەستی ئەو بەرانبەر بە دایکی دەردەخات. دایکی (هیڤان) پاش هاوسەرگیرییەکە پێوەندیی لەگەڵیدا سارد دەبێت، تەنانەت دوای لەدایکبوونی (ئاگرین)ی برای، پێوەندییەکە هەر نامێنێت. (هیڤان) چەندین بیرۆکەی شەڕانگێزی بە خەیاڵیدا گوزەر دەکەن، تەنانەت دەیەوێت شەڕ لەگەڵ (حەمە عەلی شاسواری)دا بکات. بوونی بیرۆکەی شەڕکردن لەگەڵ باوکدا، تێکچوونی ئەو ئاشتەواییەیە، کە (فرۆید) ئاماژەی بۆ کردووە. لە ئەفسانەکەیشدا، (ئۆدیپ) بە هۆی ڕووداوی شەڕەوە باوکی خۆی دەکوژێت. بەڵام ئەوەی بۆتە هۆی ئەوەی، کە (هیڤان) باوکە نوێیەکەی بۆ نەکوژرێت، لە لایەک دەستەپاچەیی (هیڤان)ە، لە لایەکی دیکەشەوە خۆ بە دوورگرتنی (حەمە عەلی)یە لە شەڕ. کەواتە دەتوانین بوونی بیرۆکەی شەڕ لای (هیڤان) بە دەرکەوتەیەکی دیکە بۆ ئەو گرێیە لێک بدەینەوە. (هیڤان) بەردەوام هەستی بۆ دایکی هەیە، لە هەموو ڕووداوەکانیشدا کارەکتەر دەیەوێت هەستی دایکی بزانێت. ئەگەرچی (حەمە عەلی) زۆر رێزی (هیڤان) دەگرێت، بەڵام کاردانەوەی ئەو تەنیا ڕقە. پێچەوانەی ئەو دۆخە (هیڤان) هەستی بۆ دایکی هەیە، بەڵام کاردانەوەی دایکی هیچ ئاماژەیەکی خۆشەویستیی بۆ کوڕەکەی تێدا بەدی ناکرێت. ئەوە ئەو دۆخەیە، کە (فرۆید) بە هەبوونی هەستی بەردەوامی نائاگاییانەی رق بۆ باوک و خۆشەویستی بۆ دایک گوزارشت دەکات. 

بە هۆی ئەوەی ڕووداوەکان لە خەیاڵی کارەکتەردا ڕوو دەدەن، ئەوا بە هەر شێوەیەک بێت کارەکتەر ویستی خۆزاڵکردنی بەسەر ئەندیشەکانی خۆیدا هەیە. پاش ئەوەی هەموو ڕێگاکانی بەدەستهێنانەوەی هەستی دایکی لێ دادەخرێت، کارەکتەر هەوڵی کوشتنی (حەمە عەلی شاسواری) دەدات. ئەگەرچی هەموو شتەکان پرۆسێسێکی خەیاڵییان هەیە، بەڵام ویستی کوشتنی باوک لای کارەکتەرێک، کە نەیتوانیوە بەسەر گرێکەیدا زاڵ بێت، لە هەر ساتێکدا ئەگەری دەرکەوتنی هەیە. خودی ڕووداوی کردنی (حەمە عەلی شاسواری) بە باوکێکی نوێ بە مەبەستی کوشتنیەتی لە دواجاردا، کە ئەمەیش مانای ئەوەیە کارەکتەر نەیتوانیوە بەسەر گرێ ئۆدیپیەکەیدا زاڵ ببێت و لەگەڵ باوک پەیمانی ئاشتی نابەستێت. رۆژێک بەر لە مردنی، (حەمە عەلی) لە لایەن (هیڤان)ەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن دەبێتەوە، تەنانەت (هیڤان) دەیەوێت بیکوژێت، بەڵام کاتێ لێفەکەی لەسەر لا دەدات، (حەمە عەلی) مردووە، ئەمەیش بۆمان دەردەخات، کە مەرامی کوشتنی باوک لای (هیڤان) دەرکەوتەیەکی سەرەکییە بۆ گرێی ئۆدیپی. پاش مردنی (حەمە عەلی) هەموو شتێک لای (هیڤان) دەبێتە مەتەڵ، هەر وەک چۆن کاتێ (ئۆدیپ) باوکی خۆی کوشت، (سفینکس- Sphinx) مەتەڵێکی لێ دەپرسێت، کە ئەگەر نەیتیوانیبا هەڵی بهێنێت ئەوا دەکوژرا، بەو شێوەیەش (هیڤان) لەو دۆخەدا گیری خواردووە، بەڵام جیاوازییەکەیان ئەوەیە، کە (هیڤان) لە بەردەم مەتەڵی دەرکەوتەکانی واقیعی خۆیدایە و ناتوانێت هەڵیان بهێنێت. لە ئەنجامدا کارەکتەر هەست بە جۆرێک لە مەرگی ڕواڵەتی دەکات، کە خەریکە سەرتاپای خەیاڵی داگیر دەکات. لە زۆر دۆخی جیاوازدا (هیڤان) هەست بە ئازاری ویژدانی دەکات، بە تایبەت کاتێ (ئاگرین)ی برای دەبینێت، کە لە تەمەنێکی بچووکیدا (حەمە عەلی) باوکی لە دەست داوە. هەست کردن بە ئازاری ویژدان پاش مردنی باوک دووبارە دەرکەوتەیەکە بۆ ئەو گرێیە. ئەو دۆخە لای (ئۆدیپ)یش هەیە، کاتێ هەست دەکات باوکی خۆی کوشتووە و دایکی کردووەتە هاوسەری خۆی، کە لە ئەنجامدا چاوەکانی خۆی دەردەهێنێت. (هیڤان) کاتێ ئاماژە بەوە دەدات کە نایەوێت بیر لە دایکی بکاتەوە، نەوەکا پەلاماری بدات و بیکوژێت، ئەوا ئاماژەیە بۆ نیرۆسیسبوونی کارەکتەر، کە ئەو دۆخەیە (ئۆدیپ) پاش زانینی ڕازەکە و مردنی دایکی ڕووبەڕووی بووەوە. 

 (هیڤان) بە قەدەر ئەوەی ئازار لەو خەیاڵانەیدا دەبینێت بە هەمان ئەندازەیش چێژیان لێ وەردەگرێت. ئەمەیش دۆخی ماسۆشیی کارەکتەرە. ئەگەر ماسۆشی چێژ وەرگرتن بێت لەوپەڕی ئازاردا (بە مانا فرۆیدیەکەی)، ئەوا لای (هیڤان) پرۆسێسی بەردەوامییە لەنێوان دۆخی ئێستا و بیرەوەرییدا. چونکە لە ڕێگەی چێژوەرگرتن لە ئازارەوە هەوڵی زاڵبوونی بەسەر گرێی بیرەوەرییەکانی داوە، بەمەیش کارەکتەر لە کەشێکی بەرفراوانی زماندا هەوڵی وێناکردنی ئازارەکانی خۆی دەدات، تاوەکو سەرچاوەی گرێکانی بۆ دەر بکەوێت. پەنابردن بۆ نووسینی شیعر بە مەبەستی دەرخستنی برینەکانی ناوەوەیە، کە (هیڤان) دەیەوێت بەردەوامی بەو پرۆسێسە بدات لە پێناو گوزارشتکردن لە خۆی و ئازارەکانی، بەڵام کاتێ لای ئەوانی دیکە دانی پێدا نانرێت، ڕووبەڕووی دەرکەوتەی وێناکانی ناوەوەی کارەکتەر دەبینەوە. واتە ئەوەی پێویست بوو بە زمان بوترێت، دەبێتە دیاردەی واقیعی. کەواتە بۆمان دەردەکەوێت لە نائامادەیی زماندا بۆ گوزارشت کردن لە خۆ، دیاردەکان دەبنە دەرکەوتەی گوزارشتکردن لە خود. 

لە ئەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت هەموو ئەو دەرکەوتانەی، کە ئاماژەمان پێییان دا دەروازەی گرنگن بۆ بەرجەستەکردنی ئەو تیۆرە لە ئەدەبدا، مادام ئەدەب لەگەڵ خۆیدا دووالیزمی بەرجەستەبوون و ئافراندنی تیرۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە کایەوە، کە ئەمەیش دۆخی ڕووبەڕووبوونەوە و وێنا کردنی واقیعە بە دیوێکی جیاواز. 

 

سۆران ئازاد 

سوود لەو بابەتانە وەرگیراوە: 

1- لەبارەی تیرۆری گرێی ئۆدیپی لای (فرۆید) سوود لەو لینکانە وەرگیراوە، کە چەند بابەتێکی جیاوازیان لە خۆ گرتووە: 

http://romuluscomplex.tripod.com/romulus11.htm

http://en.wikipedia.org/wiki/Oedipus_complex

http://www.haverford.edu/psych/ddavis/freud_e.html

 

2- دەتوانن کورتەی ئەفسانەی (ئۆدیپ) لەو دوو لینکەدا بخوێنەوە:

http://www.users.globalnet.co.uk/~loxias/myth.htm

http://en.wikipedia.org/wiki/Oedipus

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.