Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

دەریا هەرگیز پیر نابێت

Be First!
by January 4, 2008 ئەدەب

   عومەر جەلال…..
  
  لەیەكەم  نیگاتدا  پەرچوویەكى قەشەنگت نیشان دام
 بە بینینى تۆ منداڵى خۆم  هاتەوە  یاد
 بە شەپۆلە هێدییەكانت
 پرچى ئەو كچەت نیشان دام
 كە بەئەندازەى ناكۆتاییەكەت دوورە لێم
 ئەو باڵندانە چەندە ناسكن
 ختووكەى مەمكەكانت دەدەن
 مەمكى تۆ لەبرى شیر    
 كەف دەكات كەف
 مەمكى تۆ شەوان لە نێوانى دەمى ئەو ماسیانەیە
 خەون بە ئاسمانەوە دەبینن
 چەندین جار مانگ بە تریفەوە  رشایە ناوتەوە
 تۆ هەر پیر نەبووى
 چەندین جار مرۆڤە قاچاخچییەكان تەمەنى خۆیان پێت بەخشى
 كەچى تۆ هەر پیر نەبووى
 ئەو هەموو ناسكیە چیە بەیانیان لەخەو  هەڵدەستیت
 بەر لەوەى دەم و چاوت بشۆى
 فرمیسك بۆ ونبوونى مانگ دەڕژیت
 ئەى دەریا
 تۆ لە كچى زەوى دەچیت
 ئەو هەموو نازەى ئێواران بە شەپۆلەكانت دەیكەیت
 ئەو هەموو خەندەیەى بە رووخسارە  شینەكەت دەیكەیت
 تۆ هەرگیز پیر نابیت
 ئەى دەریا
 گەر بمزانیبایە تۆ لەسەر چى ڕاوەستاوى ؟
 هەرگیز ڕا نەدەمام  بە دیار هاوڕێتى كتێبە بێكەسەكانەوە
 گەر بمناسیتایە وەك خۆم
 دەمێك بوو ئاوێتەى مەرگى خۆم دەكردى
 شەوان ئەستێرەكان تۆ دەبینن
 هەست بە تەنیاى ناكەن
 خۆر  تا  ئاوا دەبێت دەمى لە نێو دەمتدا دەرناكات
 تیشكەكانى خۆر هەمیشە ماچى  وردە شەپۆلەكانت دەكەن
 ئەى دەریا
 تۆ منداڵدانت تەژیە لە ماسی
 مانگ و خۆر لە سەر تۆ دابران
 هەنووكەش جەنگى نێوانیان بەردەوامە
 وەلێ ,تۆ نازانى لەكامیان سكت پڕ بوو
 ئەى دەریا
 تۆ مرۆ ناناسیت چەندە تامەزرۆى بینینتن بە رووتى
 چەندە ئارەزوویانە ئەو جلكە شینە لەبەرت داكەنن
 پێیەكانت بۆنى بەهارى لێدێت
 دەستەكانت لە جادووى مۆسیقا دەچێت
 چاوەكانت لە نهێنى پۆرترێتەكەى مۆنالیزا دەچێت
 ئەى دەریا
 ئارەزوومە لە خۆتم هەڵكێشیت
 بمبەیتەوە بەرەو ئەو دیوى  ژیان
 باسی خەمبارى ماسیە چكۆلەكانم بۆ بكەیت
 دەچنە تەڵەى ماسیە گەورەكانەوە
 وانەیەكم پێ بڵێ
 فێرى بێدەنگیم بكات
 زمانێكم فێر بكە
 بتوانم لەتەك بەرد بئاخڤم
 هێزێكم بدەرێ
 چى دى ژیان نەمكوژێت
 دیاریەكم پێ ببەخشە
 وەك دەستەكانت میهرەبان بن
 ئەى دەریا
 ئێمە دەمرین و تۆ هەر گەنجیت
 ئێمە دەمرین و ئەو  یادەوەریانەت بۆ جێدەهێڵین
 كە لێوان لێوان بوون لە تەنیایى
 ئێمە دەمرین و باخچەكان بە ناوى تۆوە دەنێین
 ئێمە دەمرین و تۆ  سەردانمان ناكەیت
 ئەى دەریا
 چەند بەختەوەرى
 هەمیشە زیندوویت
 چەند میهرەبانیت
 دەستمان دەگریت
 بنوو ئەى دەریا بنوو
 تۆ هەندێ سات لە ئافرەت دەچیت
 ئەى دەریا…
 
 omerjelal@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply