Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دەسەڵاتى ئێكسپایەر.. كۆمەڵگەى ئێكسپایەر…..

دەسەڵاتى ئێكسپایەر.. كۆمەڵگەى ئێكسپایەر…..

Closed
by February 20, 2008 گشتی

دەسەڵاتى ئێكسپایەر….

 كۆمەڵگەى ئێكسپایەر خاوەنى دەسەڵاتو پەرلەمانو حكومەتوحیزبى ئێكسپایەرە، دواجار ئەم مۆدێلە پێكهاتەیەكى ئاڵۆزى كۆلێكتە لەدنیاى كلاسیكو دنیاى مۆدێرن، واتە پانتاییەكى گەورەى یادەوەرىو مێژوو، حیكایەتو موقەدەساتە، هاوكات بەكاربەرێكى بێمەعریفەو دواكەوتووى تەكنۆلۆژیاى مۆدێرنە لە(تەلەفیزیۆنەوە بۆ دەركردنى رۆژنامەو گۆڤار، لە كەناڵى ئاسمانییەوە بۆ سایتى ئینتەرنێت، لەدەزگاى رۆشنبیرییەوە بۆ كۆمپانیاى ئابورىو سیاسىو فەرهەنگى، لەوتارى سیاسییەوە بۆ بەڵێنى وەهمى، لەكاریزماى بەتاڵەوە بۆ حیكایەتى كوشندە، لەبانگەشەو هوتافكێشانەوە بۆ تاڵانكردنى ژیانو رووتكردنەوەى مرۆڤ لەهەر چالاكىو ئومێدێك، لەبەرپاكردنى تەمەڵخانەیەكى گەورەوە بۆ گڕتێبەردانى ناعەدالەتى، لەئاسایكردنەوەى گەندەڵییەوە بۆ ئیفلیجكردنى هەر گۆڕانكارییەك).
 دەسەڵاتى ئێكسپایەر سەربارى ئەوەى دەسەڵاتێكى كۆنو سواو و بێئاگاو بىَ لۆژیكە، دەسەڵاتێكە خوازیارە ببێتە كاریزماو هێزێكى رەهاو كۆنكرێتى. دەسەڵاتێكە بێئەندازە رقى لەرەخنەو رۆژنامەنوسانو نوسەرو رۆشنبیرە سەربەخۆكانە، بەڵام تا قیامەت شەیداى بێدەنگىو رۆژنامەنوسى زەلیلو بێقسەو نوسەرو شاعیرى دەربارو بەرماوەخۆرە. شەیداى تەلەفیزیۆنى پڕ لەستایشو رادیۆى پڕ لەگۆرانىو رۆژنامەى پڕ لەوێنەى سەركردەو بەرپرسەكانى. دەسەڵاتى ئێكسپایەر حساب بۆ رایشگتىو ئازادى بیروڕاو راپۆرتى نیۆدەوڵەتى لەسەر رەوشى مافى مرۆڤو حساب بۆ سەروەرى یاساو سەربەخۆیى دادگاكان ناكات. هاوكات بێئەندازە دەبێتە بەرهەڵستكارێكى راستەقینەى خۆپیشاندانو سەرلەبەرى چالاكییە شارستانىو رۆشنبیرییە سەربەخۆكان، كوشندەیەكى راستەقینەى گۆڕانو داهێنانو پەیوەندیى شارستانىو رۆشنبیریىو فەرهەنگییەكانە. هاوكات باوەڕى بە هەڵبژاردنو ناڕەزایىو فشارى هاوڵاتیان نیە. دەسەڵاتى ئێكسپایەر شەڕى گەورە لەسەر مانەوە دەكاتو وتارى ئەم مۆدێلە لەدەسەڵات هێندەى وتارێكە بۆمانەوە تاقیامەتو هێشتنەوەى هێزو جەبەروتى خۆى تا رۆژى حەشر، پێكڕا خاوەنى وتارێكى سیاسى یان ئابورى یان جیهانى سەربەخۆ نیە، نە خاوەنى هزرێكە بۆ گەشپێدانو وەرچەرخانى ئابورىو سیاسىو فەرهەنگىو سیاسى، بەڵام خاوەنى عەقڵیەتێكى كۆنزێرڤاتیڤو سەلەفییە بۆ هێشتنەوەى حیكایەتو موقەدەساتە حیزبییەكانو بەرگریكردن لەیادەوەرىو رابردووەكان.
 ئەم مۆدێلە لەدەسەڵات میراتێكى گەورەوگرانى دەسەڵاتە دیكتاتۆرو تۆتالیتارو ستەمكارو فاشىو سەركوتكارەكانى بۆ بەجێماوە، لەبەرئەوە بێئەندازە خوازیارى داگیركردنى سەرلەبەرى پانتاییە كۆمەڵایەتىو شارستانیەكانە، پێكڕا خۆى دەكات بەخاوەنى زانكۆو پەیمانگاو ناوەندەكانى خوێندنو سوپایەكى حیزبیى بێدەنگو بێئیرادە دروستدەكاتو لێشاوێك مامۆستا دەكەن بە ئەندامە زەلیلەكانى حیزبو لێشاوێك قوتابىو خوێندكار دەكەن بە سوپایەكى گەورە بۆ پارێزگاریكردن لەبێدەنگىو بێئیرادەیىو خولقاندنى رووبەرێكى گەورەى موچەخۆرىو نەسرییە خۆرىو مەكرەمەخۆرى. ئا لەم فەزا ناكۆكو بەتاڵەدا مزگەوتو مەلاو خوتبەبێژو قورئانخوێنەكانیش دەبنە موڵكى حیزبو دەسەڵاتە ئێكسپایەرەكان، دواجار دەبنە كوشندەیەكى گەورەى گەشەپێدانو گۆڕانكارىو پەیوەندیى رۆشنبیرىو فەرهەنگىو شارستانى، لەكاتێكدا داگیركردنو مۆنۆپۆلكردنى دەزگا رۆشنبیریىو فەرهەنگىو تادەگاتە راگەیاندنو سەرلەبەرى دەزگاكانى چاپەمەنى بێجگەلە سازكردنى سەرزەمێنێكى كۆنترۆڵكراوى زمانحاڵى دەسەڵاتو بەرهەمهێنانى لێشاوێك كارئەكتەرى رۆشنحیزبو رۆشنگەندەڵو خۆشباوەڕو خەیاڵپڵاوى سیاسىو مشەخۆرى ئابورىو دۆلارخۆرو گەندەڵخۆرى پرۆژەو حیكایەتخوانى كوشندە. پێكڕا هەموو ئەمانە بە پێورى شارستانىو مرۆیىو یاسایىو فەرهەنگییەكان خولقێنەرى دەسەڵاتێكى ئێكسپایەرن، واتە بەپێى ستانداردى زانستى سیاسىو ململانێى شارستانى هێزەكان دەسەڵاتگەلێكى ستۆكو بێبەرهەمن، گەندەڵىو ناعەدالەتىو دەرەبەگخوازىو عەنتەریاتى حیزبى دوابەرهەمو دوا هەناسەى ئەم مۆدێلە كوشندەیەیە لەدەسەڵات.
 چۆن دەسەڵات ئێكسپایەر دەبێت
 چۆن خواردنو خواردنەوە ئێكسپایەر دەبێت، دەسەڵاتو حكومەتو پەرلەمانیش ئێكسپایەر دەبن، پەرلەمانتارو وەزیرى ئێكسپایەریش بەرهەمدەهێنن، ئەو دەسەڵاتو حیزبانەى بوونەتە دەرەبەگێكى كۆنپارێز بۆ پاوانكردنو داگیركردنى سەرلەبەرى دامەزراوە فەرهەنگىو ئابورىو بازرگانىو شارستانییەكانو هێزگەلێكى كوشندەشن بۆ كوشتنى ئازادىو مافو جیاوازییەكانو هەمەڕەنگییە رۆشنبیرىو فەرهەنگییەكان، هاوكات چەند دەسەڵاتگەلێكى بەهێزنو بۆ داگیركردنى رووبەرەكانى ژیان هێندەش دەسەڵاتێكى كۆنخوازو ئێكسپایەرو وێرانن لەرووى ئەكادیمىو مەعریفىو ژیاندۆستییەوە. 
 ئەم دەسەڵاتە لەتوانایدایە ساتەوەختەكانى ئێستاى كوَمەڵگەو ژیان پڕبكات لەبەهاكانى رابردوو لەمەرگو كارەساتەكانى ناومێژوو، بۆ هێشتنەوەى خۆى لەسەر كورسى دەسەڵات خوازیارە سەرلەبەرى روَژژمێرەكان پڕبكات لەشەهیدو ترسو كارەساتو وێرانەییەكان، لەكاتێكدا شەهید لەلاى دەسەڵاتى ئێكسپایەر كارتێكە بۆ بردنەوەى هەڵبژاردنو دەسخەڕوَكردنى ئێستاو یادەوەرییەكانى كوَمەڵگە، تەنها لافیتەیەكى رەشە بۆ هەڵواسینى بە ئێستادا، یادێكە بۆ رازاندنەوەى سفرەى بەختەوەرىو پڕكردنەوەى عیشوەى مانەوە، كە دەبنە سەروەرى بۆ بەرزكردنەوەى ئاستى بەختەوەرىو چێژى دەستخەڕۆكردنو داگیركردنى رووبەرەكانى مانەوەو ماكیاژكردنى ناعەدالەتىو جوانكردنى گەندەڵىو رازادەوەى عەنتەریاتخانەكانى حیزبو حەشاردانى كەموكوڕىو كەلاوەكانى.
 دەسەڵاتى ئێكسپایەر دەسەڵاتێكى حیزبسالارو دیكتاتۆرە، بەو واتایەى دەسەڵاتى دیكتاتۆرى ئەو دەسەڵاتە هەژمونگەرو داگیركارەیە كە سەرلەبەرى سەرچاوەكانى ژیانو ئابورىو سیاسەتو ژیانى شارستانىو تەواوى كوَمەڵًگەو فەرهەنگو دەزگا شارستانىو روَشنبیرىو ئابورییەكان داگیرو كوَنترۆڵ دەكاتو خۆ ى دەكات بە خاوەنى یەكەمى هەموو ئەم بوارانە.
 هاوكات كار لەسەر كوَنكرێتكردنو سواغدانى ئەو ناوەندانە دەكات بە روانینو دنیابینییە داخراوەكەى خوَیەوە، ئەو دەسەڵاتەى بەم شێوازە بیردەكاتەوە سەربارى ئەوەى دەسەڵاتێكى ناموَدێرنو ناشارستانییە، دەسەڵاتێكى وێرانكارو كاولكاریشە بۆ بچوككردنەوەى كوَمەڵگەو ئەو ئاستە ژیارییەى كە فەرهەنگو دنیابینى كوَمەڵگەى پیادا تێدەپەڕێت، ئەو دەسەڵاتە سەربارى ئەوەى دەسەڵاتێكى نەرجیسیو خۆپەرستە، دەسەڵاتێكیشە خوازیارى سەپاندنى تاكەیەك روانینو بیركردنەوەى حیزبیانە یان ئایدۆلۆژیانەیە.
 ئەو دەسەڵاتانەى روانینو دنیابینییەكى روونو دیاریكراویان نیە، ئەو دەسەڵاتانەى كە خاوەنى بەرنامەو پلانى زانستىو ئەكادیمى نیین بۆ برەودانو گەشەپێدانى ئابورىو ژێرخانى ژیانى شارسانى هاوڵاتیان، پەنا دەبەنە بەر كردنەوەى مزگەوتو بەڕێوەبردنى مەراسیمو بۆنەو موناسەبەو فیستیڤاڵو كەرنەڤاڵى ساختەو دوبارەو حیكایەتامێز.
 كۆمەڵگەى ئێكسپایەر
 كۆمەڵگەى ئیٍَكسپایەر كۆمەڵگەیەكە زۆر هەڵەپەڕىَو كەم بیردەكاتەوە، كۆمەڵگەیەكى زۆرخۆرەو بەكاربەرو بەرخۆرە، بەڵام كۆمەڵگەیەكى خامۆشو بىَ بەرهەمو ئیفلیجە، نە خاوەنى دنیابینى خۆیەتى، نەخاوەنى روانینێكى دیاریكراوە، بەرپرسو خاوەن پارەكانى ئەم كۆمەڵگەیە حەزیان لەماشێنى ئاخر مۆدێلو ژنى ئاخر مۆدێلو كۆشكو تەلارى فیرعەونییە، بەڵام رقیان لەژیاندۆستىو پەیوەندیى فەرهەنگىو شارستانییە، بێئەندازە شەیداى دروستكردنى مزگەوتو تەعزێخانەو میوانخانەو قۆنتەراتخانەو گەندەڵخانەو تەمەڵخانەى فەرهەنگىو سیاسىو رۆشنبیرین، بەڵام پێكڕا بێئەندازە شەیداى بێدەنگىو خەمساردىو بێباكىو دوورەپەرێزیین، بەڵام بێئەندازەش شەیداى خواردنى بایەعىو یەك سەعات كارەباو كۆلێراو ئەنفلۆنزاى گیرفانو گرانەتاى خەیاڵو رۆماتیزمەى سوتەمەنىو فەقەراتى كرێچێتىو سەرەتانى بێئیشى.      
 كام خواردنو خواردنەوەیە زۆر گرینگە بەلاى تۆوە لەماوەى چوار ساڵدا ئێكسپایەر دەبێتو ئەوەى بیخوات ناوسكى دائەنێو ژەهراوى دەبێت، جارى وا هەیە بازاڕو دوكانەكان پڕدەبن لەخواردنو خواردنەوەى ئێكسپایەرو.. گرینگ نییە، لەبەرئەوەى ئەو كۆمەڵگایانەى كە بایەخێكى ئەوتۆ نادەن بە ژیانو گۆڕانكارىو نرخو بەها مرۆییەكان، گرینگیش نییە بەلایانەوە خواردنى ئێكسپایەر بخۆن یان نا، گرینگ نییە ئاوى زێراب تێكەڵى ئاوى خواردنەوە بێتو لایەكى كۆمەڵگە توشى كۆلێراو چەندین نەخۆشى ترسناك بێت، بۆ چارەسەركردنو پیسبوونى ئاو هاوڵاتیان دەبەیەكى ئاوى بە حساب كانزایى دەگرن بەدەستیانەوەو لەگەڵ خۆیاندا دەیخەوێننو دەیانبەن بۆ هەموو شوێنێك.  
 كۆمەڵگەى ئێكسپایەر، كۆمەڵگەیەكى خاڵییە لەئۆپۆزسیۆنى فەرهەنگىو رۆشنبیرىو سیاسىو ئابورى، بەئەندازەیەك خاڵییە لەململانێى راستەقینەى شارستانىو مەعریفى. خاڵییە لەگرینگیپێدانو بایەخپێدانى راستەقینە بە بەهاو دنیابینىو روانینى نوىَ، بەڵام لێوانلێوە لەیەكرەنگى بیركردنەوەو روانین، لەیەكدەنگى ئەخلاقىو ئاینىو كولتورىو سیاسیى ساختەو رەهاگەرو پەرگیرو پانكردنەوەى سەرى یەكترى. پڕە لەتەكەتولى رقو سەركردە پەرستىو كاڵبوونوەى موڕاڵى شارستانىو مرۆیىو زاڵبوونى كولتورى بەڕەڵاخانەى ئابورىو سیاسىو پەیڕەوكردنى یاساكانى جەنگەڵ. 
 رۆشنبیرى ئێكسپایەر
 لەو كوَمەڵگەیانەدا كە دەسەڵاتێكى داخراو و روَشنبیرانێكى سونەتى بێشومار دەبنە بیركەرەوەو داڕێژەرى راڤەكردنى دنیا لەنیگا داخراوەكانى خوَیانەوەو دەبنە بەرهەمهێنەرى دوبارەكردنەوەى وێنەكانى خوَیان لەكەرنەڤاڵو فیستیڤاڵو بوَنەو موناسەبەى ساختەو داگیركردنى ئەو ئاستە ژیارییەو خاوەندارێتیكردنى سەرلەبەرى هەر روانینێك كە دەكەوێتە بازنەى كەرنەڤاڵەكانیانەوە. روَشنبیرى ئێكسپایەر بێئەندازە لەهەوڵى جێگیركردنى كەلاوە مەعریفییەكانى خوَیدایەو بەردەوام خولیایەكى گەورە بوَ داگیركردنو موَنوَپوَلكردنى هزرو دنیابینییە جیاوازەكان لەگەڵىدا دەژىو كاردەكات بوَ بەرپاكردنى خەیاڵدانێكى بچوك لەچوارچێوەیەكى هەژارى كەرنەڤاڵیدا كە بەتاڵە لەهەر دنیابینییەكى موَدێرنو ئەكتیڤ، بەڵام لێوانلێوە لەكورتبینىو وڕێنەى دووبارەو سواو و وێران لەڕووى سایكوَلوَژییەوە، خاڵییە لەهەر فەلسەفەیەك كە هەڵگرى گوَڕانو قبوڵكردنى جیاوازىو بایەخدان بە فەرهەنگو روانینێكى كراوەتر بێت.             
 رۆشنبیرى ئێكسپایەر خاوەنى چەندین دەزگاى ئێكسپایەرە..بەرهەمهێنانى دەزگاگەلێكى رۆشنحیزبىو میدیاحیزبىو ئابوریحیزبىو كۆمپانیاحیزبى بۆ بەرپاكردنى پانتاییەكى بەرفراوانى جەهلو بێئاگایىو كەمتەرخەمىو مۆنۆپۆلكردنو بێبایەخكردنو نەخوێنەواری، كۆمەڵە هەوڵێكى كوشندەن بۆ بەرپاكردنى فەزایەكى گەورەى كۆنخوازىو شكۆداركردنى جەهلو بەرهەمهێنانى ماشێنێكى گەورەى بێبایەخكردنو دابەزاندنى ئاستى فیكرىو ئەكادیمىو مەعریفى ئەو ئاستە رۆشنبیرىو فەرهەنگییەى كە ناوەندە رۆشنبیرییە جیدییەكانى دەرەوەى دەسەڵات كە هەوڵى دەستەبژێرێكى جیاوازو رەخنەگرن بۆ خولقاندنى فەزایەكى بەرفراوانى ململانێى رۆشنبیرىو مەعریفى، كە كۆمەڵە هەوڵێكى ئەكادیمىو مەعریفین بۆ سازكردنى كڵێشەسازییەكى دیكەى تێگەیشتنو هەڵوەشاندنەوەو تێكشكاندنى ئەو خەیاڵگە كانزاییەى دەسەڵاتە هەژمونگەرو ستەمكارو سەركوتكارەن كە پێكهاتەى فەلسەفەیەكى كۆنزێرڤاتیڤو سەلەفین بۆ ئەبستراكتكردنى جەهلو دامەزراندنى كۆنسێپتێكى گەورەى داگیركردنو خامۆشكردنو سستكردنى گۆڕانو داهێنانو جیاوازىو نوێگەرى.
 ستراكچەرى كۆمڵگە
 كۆمەڵگا بەگشتى پێكهاتەیەكى گەورەى سەرەتایى پێكەوەگرێدراوى سەرلەبەرى كایەو پێكهاتەكانى دیكەى نێو بونیادێكى گەورەیە، سەرەنجام پێكهاتەیەكى مەزنى تۆڕى پەیوەندییەكى ئۆرگانیكى هەمەلایەنە، جەستەیەكى هەمەڕەنگى خانەو شانەكانە لەپانتاییەكى بەرفراوانى ژیاریدا، ئەو پانتاییە بەرفراوانەى سەرلەبەرى خێزانو دامودەزگاو تەواوى پەیوەندییە كۆمەڵایەتىو ئاینىو كولتورىو ئابورییەكانى تیادا كۆدەبێتەوە؛ ئەو سەرزەمینە دیاریكراوەى تەواوى كایەو پێكهاتەو ئاڕاستە جیاوازو تەباو كولتورە باوەكانو كولتورە دژەكانى تیادا كۆدەبێتەوە، ئەو ناوەندە گشتگیرەى تەواوى تاكەكەسو گروپو ناوەندە كۆمەڵایەتىو كولتورىو ژیارىو ئاینییەكانى گرتۆتەخۆ و لەناوەندێكى بەرفراوانى ژیارى دیاریكراودا كۆى كردوونەتەوەو بە نێوى كۆمەڵگاوە ناودێركراوە.
 كەواتە كۆمەڵگا بڕى ئەو هێزە كۆمەڵایەتىو كولتورىو ژیارییە نادیاریكراوەیە كە بووەتە شوناسێكى دیاریكراوى كایەو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانى ئەو ناوەندە: بە واتایەكى دى كۆمەڵگا ناوەندێكى ڕێكخراوى نوێى مرۆڤایەتییە بۆ كۆبوونەوەو پەیوەندىو گەشەكردنو بەرهەمهێنانى هێزو ئاستە جیاجیاكانى دەسەڵاتو كولتورى باو و توراسى ئایدۆلۆژیى. ئەوەمان لەبیرنەچێت كۆمەڵگایەك نییە لەدنیادا خاوەنى كولتور و شوناسى سەرەتایىو ڕواڵەتى ژیارىو ئاینى خۆى نەبێت؛ گروپێك نییە لەدنیادا زمانێكى هاوبەشى كۆمەڵایەتى یان كۆمەڵگایەكى هاوبەش یان كولتورێكى هاوبەش كۆیان نەكاتەوە، هاوكات ئەمەش بەو مانایە نییە كە كەسێك نییە لەدنیادا لەدەرەوەى كۆمەڵگادا بژىو لە دەرەوەى ئەو كایەو پێكهاتە كۆمەڵایەتیانەى كۆمەڵگا فەرامۆشییەكى گەورە لەئارادا بێتو بە كردەوە هیچ بوونو كاریگەرییەك لەئارادا نەبێت.
    لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر جیاكردنەوەیەكى سەرەتایىو پێویست بۆ كۆمەڵگاو ئاینو كولتور؛ لە ڕاستىدا كۆمەڵگا ئەو پانتاییە بەرفراوانەیە كە سەرلەبەرى پێكهاتەو كایەو كولتورو ئاستە ژیارییەكانى كۆمەڵو گروپو تاكەكەسو ئاینو ئاستى ڕوانینو ئایدیاكانى تەواوى ئەندامانى كۆمەڵگاى داگیركردووەو تەواوى ئەم پێكهاتانەش لەتەواوى پەیوەندىو بزاڤى هەنووكەیىو مێژووییاندا دەبنە پێكهێنەرى بەشە پێكهاتەكانى كۆمەڵگاو بونیادى ئەو ئاستە ژیارییە مرۆییەش دەخولقێنن كە كۆمەڵگایە،
 ڕەگەزە هەرە دیارەكانى كولتورى كۆمەڵایەتى كۆمەڵگەیەك لەتەواوى جیاوازى كۆمەڵگاكانى دیكەدا، لە پێناسە گشتییەكەیدا بریتین لەتەواوى ئاگایی گشتى كۆمەڵگایەك، لە هۆشیارى گشتییەوە بەرەو دابونەریتو یاساو ڕێكخەرى باو و بیروباوەڕى گشتى، هێما، فەنتازیاو نمایشى هەماهەنگى پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانى كۆمەڵگەیەك، هەڵبەت ئەوەى لێرەدا مەبەستى ئێمە دیاریدەكات، بە تایبەتى لەڕووى ئەنترۆپۆلۆژییەوە، كاریگەرىو پێكهاتەى ستراكتۆرە دیارەكانى پێكهاتەو سیستمى كۆمەڵایەتى كۆمەڵگەیەكە لەكۆمەڵگەكان، هاوكات قسەكردن لەسەر سەرەتاكانى گەڵاڵەبوونى ڕوانینو سەیركردنى كۆمەڵگەیەك بۆخۆىو دونیاو ژیانو گوزەران، ئاین، سیاسەتو گۆڕانكارییەكان، كوَمەڵە رەگەزێكن نامۆنین لەڕەگەزەكانى دیكەى كولتوردا، لەبەرئەوەى هەر كۆمەڵگەیەك بەپێى ڕوانینەكانى خۆى ژیانى شارستانىو كۆمەڵایەتىو ئایدۆلۆژى دەبات بەڕێوەو ڕاڤەیان دەكات، بەڵام تەواوى ئەو جیاوازیانەى سەرلەبەرى كۆمەڵگەى گرتۆتەوە لەپانتایى هێڵێكى گشتیدا یەكدەگرنەوە، ئەو هێڵەش بەدیوێكدا پێناسە جیاوازەكانى كولتورە، بەدیوێكى دیكەشدا واقعى كایەو فەزاى ڕوانینى كۆمەڵایەتى كولتورە، كە تەواوى ڕەگەزو توخمەكانى كولتور و پەیوەندىو دامودەزگا كولتورىو نا كولتورییەكانى تێدا لەگۆڕانێكى بەردەوامدایە.
 هەر لەسەرەتاى ئەم باسەدا. دەروازەیەك لەسەر ناساندنى كولتورو پێكهاتەو ڕەگەزەكانى دەخەینە بەردەم تاوتوآو ڕاڤەكردن، كەواتە ئەوەى لەڕێى فەرهەنگەوە كولتورمان پێدەناسێنآ، بەم شێوەیە دەڵآ: كولتور Culture تەنیا كۆمەڵێكى كەڵەكەبوو لەدابونەریتو شێوە جیاوازەكانى ژیان نییە، بەڵكو سیستمێكى ڕێكخراوە لە ڕەفتارەكان، یان شێوەى گشتیى ژیانى گروپێك یان چەند گروپێك لەخەڵك. ڕەگەزەكانى كولتور، وەك دابونەریتو بیروباوەڕەكان، هەروەها بەهاو بیروڕا هاوبەشەكان، مرۆڤەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوەو ناسنامەى كۆمەڵایەتییان پآ دەبەخشێت.  (دەروازەكانى كۆمەڵناسى، مەنو چیهر ومسنى، لا 103.)
 كۆمەڵگەى زیندوو
 كۆمەڵگەى زیندوو، واتا كۆمەڵگەیەكی قسەكەر، كۆمەڵگایەك كەقسەكردنو دیالۆكو ئاخاوتنو دواندنو بایەخو گرنگی خۆیان هەیە، هاوكات كاریگەرىو وریاكەرەوەیەكی بەهێزن بۆجوڵاندنی كایەو پێكهاتە فەرهەنگیو شارستانیو كۆمەڵایەتیو سیاسیو ئابورییەكان، بەڵام جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان (گفتوگۆو دیالۆگ) ە پڕن لەگفتوگۆو یەكتر قبوڵكردنو قۆڵبونەوە لەدیاردەكانو گۆرانكاریو پێكهاتو ژیانو شارستانیەتو لەگەڵ (شەڕە جوێنو موجادەلەى ساختە) كە سیماى جیاكەرەوەى كۆمەڵگە مردوو و خاڵییەكانن، بێئەندازە گوزارشتن لەورتەورتو هەلوەسەو زۆربڵێىو چەنەچەنى حیزبىو ناشارستانى.
 فەرهەنگی زیندوو
 كولتور بەشێكی جیانەكراوەو كاریگەرە لەكۆمەڵگاو بزوێنەرێكی گەورەشە بۆ چالاككردنی سەرجەم كایەو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە. كولتور تەنها بریتی نیە لەكۆی ئەو خونەریتو ترادسیۆنە بەرجەستەیەی سنور بۆ مرۆڤەكانو پەییوەندییو بیركردنەوەیان دیاریدەخات، بەڵكە كولتور پێكهاتەیەكی زۆر ئاڵۆزترە لەو سادەگییە ئەنترۆپۆلۆژییەى كە فەرهەنگو ترادسیۆن دابەشدەكات بۆ چەند بەشێكی جیانەكراوەو دانەبراو لەیەكتری كەواتە كولتور سەرباری ئەوەى كارخانەیەكە بۆ بەرهەمهێنانى گۆرانكاریو كەرەستەو شێوازو ڕوانینو دنیابینی، هاوكات پێكهاتەیەكی پەیوەندیامیزو هزرگەیەكە بۆ داڕشتنى سیستمێكى موراڵى بەهێزو كڵێشەسازییەكى ەستەیى بۆ روانینو دیابینى، واتە پێكڕا بیركەرەوەیەكی ناوكۆیی مرۆڤەكانە.
 كەواتە لێرەدا بەرلەوەى باس لەفەرهەنگی زیندوو بكەین، پێویستە ئەو دونیا داخراوەى پێكهاتەیەكی گرینگی وەك فەرهەنگی مردوو بخەینە بەرباسو راڤەكردنو شیكردنەوەى ئەو تەنئەندازە بەرجەستەیەى كە پێكهێنەرى ستراكچەرێكی داخراو و سنوردارە. ئەو كۆمەڵگەو مرۆڤانەى كە خاوەنی فەرهەنگێكی مردوون سەرەتا لەئاستی مۆرفۆلۆژییەوە دەناسرێنەوە، واتە رووە دیارو ئاشكراكانى ئەم فەرهەنگە بریتین لەو جۆرە كۆمەڵگەیانەى كە تەنها خاوەنی كۆمەڵێك حیكایەتی مردووی فۆكلۆرین, كۆمەڵێك كەرەستەو خشڵو بابەتی رازاندنەوەى كەلەپورین، بەڵام ئەم فەرهەنگە خاڵییە لەكەلەپورێكی بەرجەستەی زیندوو كە هەڵگری ماناو دەسەڵاتی مێژووییو فەرهەنگی گەشەكردوى مێژووى بێت. هاوكات كولتوری مردوو لەئاستی پەیوەندیدا تەنها هەڵگرو بەرهەمهێنەرێكی بەردەوامی كۆمەڵێك خونەریتو هەڵسوكەوتی داخراوی هاوخوێنیو خزمایەتیو عەشایەرگەریو تایەفەگەریو خێڵپەرستیو كەسپەرستیو خێزانخوازییە. لەبەردەم ئەم ترادسێۆنە داخراوەی پەیوەندیو مۆڕاڵە بەرجەستەیەدا شتێكی نوآ بەدی ناكرێت، لەم ئاستەدا كولتور دەبێتە سانسۆرو چاودێرێكی گەورەى تاكەكەسو گروپو دەستە جیاوازەكان. هاوكات دەبێتە هێزێكی ترادسیۆنی كە توانای داخستنى دەرگاكانى هەبێت بەسەر كولتورو موڕاڵە نوێَكاندا.
 كولتوری مردوو
 واتە كولتوری ئاپورەو حەشامات، واتە كولتوری یەكدەنگى ئەخلاقىو نائیرادەگەرى شارستانىو پەیوەندى.   یەكێك لەخەسڵەتە جیاكەرەوەكانی ئەم جۆرە لەكولتور بریتییە لەو ستانداردە ئەخلاقییە داخراوەی كە پێكهاتەیەكی ئاڵۆزە لەئاینو خوونەریتو روانینو دنیابینی سەلەفیو كۆنخوازیو شەهامەتخوازی. بۆ نمونە دیاردەی ژن كوشتن لەسەر شەرەفو مافەكانی، حەرام كردنی پەیوەندی رەگەزی مآ لەسەرتاكانی ژیانییەوە تادەگاتە پیری لەگەڵ رەگەزی بەرامبەریدا، وەك حەرامكردنی پەیوەندی خۆشەویستیو عیشقو سێكسو پێكەوەبوونو حەرامكردنی سەفەر كردنی ئافرەت بەتەنیا.
  بەواتایەك ئەوانەى ئافرەتێك دەكوژن تەنها بریتینین لەكۆمەڵێك بكوژ كە پێكهاتووە لە كەسە نزیكەكانی كوژراوەكە، وەك باوكو براو مامو یان مێرد، بەڵكە ئەوە كولتورێكی كوشندەیە كە بووەتە پاڵنەرو هێزێكی ئیلاهی لەرادەبەدەر بۆ سڕینەوەى ژیانى ئەو كەسانەى لەبازنەى داخراوى كولتور لادەدەن. هاوكات كوشتنی مرۆڤ لەڕێی ئاپورەیەكی كوشندەوە بەلگەیەتی گەورەیە كوشتنی شتە زیندووەكانە بەعەقلییەتیەكی بەكۆمەڵو ترادسیۆنێكی شەهامەتپارێزیەوە. كولتوری مردوو خاوەنی عەقڵیەتێكی داخراوی ترادسیۆنیە لەروانینو دنیابینی، عەقلیەتێكی خێڵگەراییو خێزانگەراییو حەشاماتگەراییەكان، واتە عەقڵیەتێكی كۆنائیرادەیی كە خەسێنەری تاكەكەسو روانینو هەڵسوكەوتوو بیركردنەوە جیاوازەكانە، واتە عەقڵیەتێك نیە بۆ سازكردنی پانتاییەكی بەرفراوانی تێگەیشتنو بەزیندوهێشتنەوەی جیاوازیو هەمەڕەنگییەكان، هاوكات رێگرێكی گەورەشە لەبەردەم كرانەوەو هەمەرەنگییەكانو زیندوگەراییدا.
 واتە عەقڵیەتێكە بۆ سڕینەوەی تاكەكەسو تۆخكردنەوەى عەقڵی بەكۆمەڵو ئیرادەی بەكۆمەڵو زەوتكردنی مافەكانى تاكەكەسو پێدانی مافى بەكۆمەڵو ئیرادەیەكى گشتگیرى رەها، واتە خاپوركردنی زەوقو چەشەى رۆشنبیریو فەرهەنگی نوآ لەمرۆڤەكانو پێدانی سەرزەمینێكی داخراو لەزەوقی جەماعیو تاموچێژی ژیانی مێگەلى. بەڵام كولتوری زیندوو، واتە كۆلتوری تاكەكەسەكان، كولتوری ئەو مرۆڤانەى بەرەنگو تەرزو جیاوازیو زەوقو تێڕوانینی تاكەكەسیانەى خۆیانەوە مامەڵە لەگەڵ كولتوری كۆنو نوآدا دەكەن، واتە پێدانى بارستاییەكی گەورە لەهەڵبژاردنو ئازادی ژیانو بیركردنەوەو روانینی تاكەكەسیانە خەسڵەتە جیاكەرەوەكانى كولتووری زیندوون، واتە كولتووری مرۆڤەكان. ئم كولتورە تەواو پێچەوانەى كولتووری مردووە، كە كولتوری كەرەستەو دابونەریتو ترداسیۆنە. لەكولتورێكی زیندوودا مرۆڤەكان ئازادان لەدەستكاریكردنی ترادسیۆنو دابونەریتی تاكەكەسییانەى خۆیان، وەك چۆن ئازادن لەداواكردنی مافەمەدەنیو كولتوریو شارستانییەكانی خۆیان، ئاوەهاش ئازادن لەدیاریكردنی ترادسیۆنی تاكەكەسیانەى خۆیان.
 كولتوری زیندوو، ئەو كولتورەیە كە سانسۆرەكانی كە مدەكاتەوەو ئازادییەكانی زیاد دەكات، دەرگاكانی دەكاتەوەو جیاوازییەكانی دەبینێتو رێزیان لێدەگرێتو ناببێتە رێگرێك لەبەردەم دونیای نوآو نوێگەرىدا، دەبێتە رێكخۆشكەرو ئاسانكارێك بۆ بەردەوام نوێكردنەوەى خۆیو ئازادی تاكەكەسەكانو گروپەجیاوازەكان. كۆمەڵگای زیندوو سەرباری ئەوەى خاڵییە لەحیكایەتی مردوو و سەرگوزشتەى بەسەرچوو، هاوكات لێوانلێویشە لەحیكایەتی تازەو دیاردەو گۆڕانكاری نوآ.
 كۆمەڵگای بەكاربەر(كۆمەڵگای مردوو)
 لەم نوسینەدا كۆمەڵێك چەمكو زاراوەى ئابوریو كومەڵناسیو كولتورناسیو شارستانیناسی بەردیدەى ئێوەی خوێنەر دەكەوێت، بەڵام سەرلەبەر ئەو چەمكانە پەیوەندییەكی ئۆرگانیكیان هەیە بەتەواوی باسەكەوە. سەرەتا بە كۆمەڵێك پرسیاری گەوهەری دەستپێدەكەین…كۆمەڵگاى بەكاربەر یان بەرخۆر چ جۆرە كۆمەڵگایەكەو چۆن لەكۆمەڵگاكانی دیكەی جیادەكەنەوە، ئایا چ پەیوەندییەك هەیە لەنێوان كۆمەڵگای پاشكەوتوو و كۆمەڵگای بەكاربەردا، ئایا كۆمەڵگای بەكاربەر كۆمەڵگایەكی مردووە یان كۆمەڵگایەكی زیندووە. بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە، سەرەتا پێویستە كۆمەڵگای بەكاربەر بناسینو ئەو كڵێشەسازییە وێناكراوە شیبكەینەوە كە بوونەتە كۆڵەكە گرینگەكانى ئەمجۆرە لە كۆمەڵگا. هاوكات زۆر گرنگە ئەم مۆدێلە لەكۆمەڵگە لەو فەزا ناكۆكو ئاڵۆزە دەربكەین كە پێكهاتەی مەودایەكی بەرفراوانی چەواشەكاریو سەرلێشێواوییە كە خولقێنەری دەستی ئەو میدیاو ریكلامە كوشندانەن كە هاوردەیەكی ناچارن بۆ دروستكردنی چێژو زەوقو چەشەى بینینو وێناكردنو سوودوەرگرتن. كەواتە كۆمەڵگەی بەكاربەر چەند كۆمەڵگەیەكی خۆراكیو بەرخۆرە، هێندەش كۆمەڵگەیەكی دەستەمۆیە، بۆ نمونە دیكتاتۆرەكان لەرێی كۆمەڵێك میكانیزمی جۆراوجۆرەوە كۆمەڵگە دەستەمۆدەكەن، یەكێك لەو میكانیزمانە بریتیە لەدەستەمۆكردنی جەماوەر لەرێی كۆنترۆڵكردنى كۆبونى خواردنو پێداویستییە سەرەكییەكانى هاوڵاتیانەوە، كاتێك دەوڵەتو دەسەڵات دەبن بەخاوەنی هەمووشتێك، ئەوكاتە ئیدی هاوڵاتیان توانای بڕیارو هەڵبژاردنیان نامێنێت كە پەیوەندییەكی زۆر گەوهەریو بنەرەتیان هەیە بە ژیانو گوزەرانی خۆیانەوە، دیكتاتۆرەكان كاتێك نیشتیمان دەكەن بەگرتوخانەیەكی ئابوریو كۆمەڵایەتیو فەرهەنگیو شارستانى، توانای ئەوەشیان هەیە كۆمەڵگە بكەن بە كۆمەڵگایەكی بەكاربەر.
  لەهەموو سەردەمەكاندا دەستەوتاقمى بەكاربەرو بەرخۆر هەبوون، بەشكڵو شێوەی جیاجیا دەركەوتوون. بەڵام كۆمەڵێكی مردوو بوون لەدەرەوەی مێژوو، هەمیشە كۆمەڵگەی بەكاربەر كۆمەڵگەى ژێردەستەو چەوساوە بوونو هەمیشە ئەو كۆمەڵگایانەی كە تواناو هێزی بەرهەمهێنانو خولقاندنو داهێنانی تەكنەلۆژىو ئابوریو ژیاریو فەرهەنگیان نەبووە بوونەتە كۆمەڵگایەكی وێران لەروی ئابوورییەوە، رەزیل  لەرووی سیاسییەوە، موحتاج لەرووی فەرهەنگییەوە، بەتاڵ لەرووی مێژووییەوە.
 لێرەدا ناكرێت بگەرێینەوە بۆ قوڵایی مێژووییەكی پڕە لەنمونەو بەسەرهاتی لەمجۆرە، لەبەرئەوەى لەسەردەمی ئیمپراتۆرەكانەوە تاساتەوەختی سەردەمى كۆلۆنیالیزمی كلاسیكو تا كۆلۆنیالیزمی نوآو سەردەمی نوآ لەگلۆبالیزەیشنى پەیوەندییە كولتورىو شارستانییەكان دەروازەگەلێك دەخەینە سەرپشت بۆ خوێندنەوەیەكی ئاركۆلۆژیو ژینالۆژی ئەو مێژووەى كە تائەوڕۆكە درێژبۆتەوە بۆ نێو پانتایەكی گەورەی ژیاری، كە لەرێیەوە زیاترو زیاتر ئەو فەرهەنگە دەناسین كە بووەتە بەرهەمێینەرو خوڵقێنەرى كۆمەڵگەی بەكاربەر. بەڵام ئەم نووسینە دەروازەیەكی گفتوگۆئامێزە لەبارەى كۆمەڵگای بەكاربەر لەسەردەمی جیهانگیریو سەردەمی كۆمەڵگە بەرهەمهێنەرە گەورەو بچوكەكانو كۆمەڵگە بەكاربەرەكاندا.
 كۆمەڵگای بەكاربەر سەرباری ئەوەى كۆمەڵگایەكی بەرهەمهێنەرو خوڵقێنەر نییە، ئەوڕۆكە دونیای مۆدێرن تەنها دنیای تەكنەلۆژیاو چێژو ئارەزووە تازەكان نییەو دنیای كڵێشەو ئەندازەسازیى بیناسازیو مۆدێرن نییە، بەڵكە دنیای بەرهەمهێنانی كارخانە گەورەكانی جلو بەرگو مۆدەو پێداویستییە هەرە سەرەسەرەتاییەكانیشە كە مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداریان بێت، دنیای كارخانە گەورەكانی ماشێنو ئوتومبێلو سەرلەبەرى هۆكانی هاتووچۆو گواستنەوەیە لەفرۆكەوە بۆ پاپۆرو لەشەمەندەفەرەوە بۆ میترۆكان. هاوكات دنیای بەرهەمهێنانی سەرلەبەری كەرەستەو تەقەمەنیو چەكو تفاقی سەربازییە، لەدەرزییەكەوە بۆ تانكو زرێپۆش، لە فرۆكەیەكی جەنگییەوە بۆ هەزارن چەكی سوكو قورسو موشەكی دورهاویژ….تاد.
 هاوكات كۆمەڵگەی بەكاربەریش ئەو كۆمەڵگەیەیە كە هێزو توانای بەرهەمهێنانی لەژێر سفردایە، بیركردنەوەو عەقلی ئابوری ئەم مۆدێلە لەكۆمەڵگە ئێكسپایەر بووەو بۆ دنیای ئەمڕۆ بێجگە لە كەلاكێكی ستۆك زیاتر هیچی دیكە نییە، رەنگە كۆمەڵگەی بەكاربەر خاوەنی زانكۆو چەندین قوتابخانەو پەیمانگەی جۆراو جۆری زانستیو تەكنیكی بێت، بەڵام توانای دروستكردنی یەك دەرزی دوورومانیان نییە، توانای دروستكردنی یەك قەڵەم رەساسو یەك تیانوسی سادەیان نیە، كۆمەڵگە هەیە هێندە مردووە لەكاتێكدا خاوەنی چەندین زانكۆو قوتابخانەو خوێندنگەیەو خاوەنى مامۆستاو پرۆفیسۆرو دكتۆری ئابوریو سیاسییە، بەڵام خاوەنی تاكەیەك كارخانە نییە بۆ دروستكردنو بەرهمهێنانی كاغەز یان پێداویستییە هەرە سەرەتاییەكانی جلو بەرگی ژێرەوەى پیاوانو ژنان، لەكاتێكدا ئەگەر كۆمەڵگەیەكت هەبێت ژمارەى دانیشتوانەكەى پێنج ملیۆن بێت، ئەگەر مانگانە یەكی یەك فالینەى عەلاگە(یان ژێركراس) بكڕنو لەبەری بەكەن، ئەگەر نرخەكەی بە یەك دۆلاریش بێت ئەوا مانگی پێنج ملیۆن دۆلار لەبوودجەى هاوڵاتیانى نیشتیمانێك دەچێتە خەزێنەى وڵاتێكی دیكەوە. ئەم نمونەیە زۆر سادەیە، بەڵام ئەگەر بیخەینە بواری پراكتیكیەوە، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە كۆمەڵگەی بەكاربەر چ كۆمەڵگایەكی وێرانە لەرووی ئابوریەوە، چ كەلاوەیەكە بۆ ساغكردنەوەی سەرلەبەری كاڵاو پێداویستیە هەرە سەرەتاییو رۆژانەییەكانی مرۆڤ.
 بۆنمونە لەكۆمەڵگەی بەكاربەردا تاكەیەك مرۆڤ كە بەدیار تەلەفزیۆنو سەتەلاتێكی بیانییەوە دانیشتووە، چاكەتو بیجامەو شۆرتو تریشێرتێكی توركی یان ئێرانى لەبەردایەو لەسەر فەرشێكی میسری دانیشتووەو قاپێ میوەشی لەلای خۆیەوە داناوە كە سێوی قوبروسیو پرتەقاڵی سوریو هەرمێى لوبنانىو خەیاری ئێرانی تیادایە پاكیان دەكاتو بەدەمودانێكی خۆماڵی دەیانخوات، بەڵام دوودانی كلۆرەو بەپلاتینی ئەوروپی پركڕاونەتەوەو ساردكەرەوەكەشی كۆرییەو چای سیلان دەخواتو لەسەر كورسییەكی چینی دانیشتووە، لەڕاستیدا ئائەمە پێی ناوترێت دەرەنجامو دوابەرهەمى گۆلۆبالییزەیشین یان جیهانگیریی ئابوری، بەڵكە ئەمە پێی دەوترێت نەگبەتیو قوربەسەرى ئابوریو وێرانەییەكانی كۆمەڵگەیەكی بەكاربەرو مردوو.
  لەكاتێكدا ئەگەر ئەم مرۆڤە ئەو پێداویستانەى باسمان لیوە كردن لەوڵاتانی دراوسێوو وڵاتە دوورەكانەوە نەگاتە بەردەستی، ئەوا لەبەرئەوەى زادەی كۆمەڵگایەكە كەخاوەنی هیچ بەرهەمو پێداویستییەك نیەو لەبری ساردكەرەوە باوەشین بەكاربهێنێتو لەبری خواردنی میوە تەنها گوڵەبەڕۆژە بخواتو لەبری ئەوەى لەسەر كورسی دابنیشێت دەبێت لەسەر بەڕەى كوردی دابنیشێتو لەبەری ئەوەى  سەیری TVو سەتەلایت بكات دەبێت بخەوێت. بەرێزان ئائەمەیە كۆمەلگای بەكاربەر.
 لەراستیدا ئەوە گەمژەكانن پێیانوایە ئەم مەزهەلە ئابوریو ئەم رەزالەتە ژیارییە واتە بازاری ئازاد،  هەندێك لەو ئابوریناسە بەناو ئەكادیمیستانەى كە فڕیان بەدنیای مۆدێرنو بازاری ئازادو جیاكردنەوەى كومەڵگەی بەرهەمهێنەرو كۆمەڵگەی بەكاربەرەوە نییە خۆیان دەكەن بە شیكەرەوەو راڤەكاری بارودۆخێك كە هیچى لەبارەوە نازانن. هاوكات زۆربەى كۆمەڵگا بەكاربەرەكان خاوەنی دەسەڵاتگەلێكی نامۆدێرنو ناشارستانیو دواكەوتوونو تاسەرئێسك جاهیلن بەپێشكەوتنی شارستانیو ئابوریو فەرهەنگیو سیاسیو ئۆپۆرتۆنیستو گەندەڵو ستەمكارو ناعادیلن، تەنها بریتین لەكۆمەڵێك نەخوێنەواری بێسەلیقەو بێئەزموونومافیاو خڵافاو بە ریكلامەو میدیای ئێكسپایەرو عەقلی ستۆكەوە…..
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.