Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دەسەڵاتى کوردى و سەیارەکەى حەمەپارەپیس!…..عه‌تا قاجری

دەسەڵاتى کوردى و سەیارەکەى حەمەپارەپیس!…..عه‌تا قاجری

Closed
by May 20, 2009 گشتی

 

بە داواى لێبودن لەوەى کە ناو دێنم بەڵام سەیارەکەى ئەو باشترین نمونەیە بۆ تیگەیشتن لە ئه‌‌قلى سیاسى و دەسەڵاتى کوردى. سەیارەکەى ئەو بەڕێزە ڕاستە ئەو خاوەنى بوو لەگەڵ ئەوەش بەشێکى زیندووە لە یاده‌وه‌ریی هەڵه‌بجەییەکان من تەنها بەراوردیک دەکەم لەنێوان ئەو نمونەیەى کە ئەو لە هەشتاکان پێشکەشى کرد لەگەڵ دەسەڵاتى کوردى 2009 واتە پاش 30 ساڵێک.

قوتابیەکانى ئامادەیى پیشەسازى ساڵانى هەشتاکان ئەگێڕنەوە ئەڵێن هەرکاتێک کە لەگەڵ کاکەحەمە سواردەبووین هەر زوو هاوارمان دەکرد کاکە ئێمە لەئامادەییەکە دێینه‌خوارێ ئیتر ئەویش دەستى ئەکرد بە ستۆپ شێلان تێدەپەڕى ئینجا تۆزیک سەیارەکەى هێواشى دەبۆوه‌ دەیگوت لەوە زیاتر ڕاناوەستێت دەتوانن دابەزن ئیتر دەبوایە وەک کۆماندو خۆت فڕێ بدایە و خوینى خۆیشت لەسەرخۆت بوایە.

ئەلێن جاریک نەفریک لە هەڵه‌بجە بۆ زەمەقى دەچێت هەر کە سواردەبێت دەڵى کاکە لە زەمەقى دابەزین هەیە ئیتر کاکەحەمەش خەریکى ستوپ کردن دەبیت تا دەگاتە ناحیەى سیروان بە کابرا دەڵێت کاکە ڕاناوەستێت دەتوانى خۆت فڕێ بدەیت.

دەلێن ئەو سەیارەى ئەو چاکسازى تێدا نەده‌کرد مەگەر پینەوپەڕۆکردن نەبێت ئەگەر شتیکیش پینەوپەڕۆ نەکرایە ئەوا بڕواى بەچاککردنى نەبوو هەر بەو شیوە لەسەرى ئەڕۆیشت، ئەو هەر لە بیرى پەیداکردنى پارە بوو هەرچیەکیش پارەى تێ بچوایە ئەو بەلایدا نەئەڕۆى لە هەمووى خرابتر بڕوایشى وابوو کە سەیارەکەى ئەو باشترینە سەیارەیە و کەسیش ڕکابەرى ناکات، لەگەڵ ئەوەش زۆرخەرجى بێ شۆین وڕى هەبوو. هەر لەبەرئەوەش بوو ناویان نابوو حەمە پارەپیس. وابزانم تا ئیرە بەسە بۆ تێگەیشتن لە کاکەحەمە نۆرەى ئەوەیە باسى هاوشێوەکەى بکەین هەرچەندە هاوشێوەکەى کەسێکى بەرجەستە نییە بەڵام کتومت لەیەک ئەچن.

دیموکراتى دەسەڵاتى گەلە حکومەت و پەڕلەمان و دەسەڵاتى سیاسى ئامرازگەلێکن بۆجێبەجێکردنى ئەم دەسەڵاتە و ئیدارەکردنى و بەدیهێنانى خواستە جەماوەرییەکان بە دیوێکیتر حکومەت فەرمانبەرى گەلە و لە ئەستویەتى خواستەکانى گەل ڕاى بکات فەرمانبەرە بە گرێبەست هەرکاتیک گەل خواستى بێت لەگەڵى نۆى دەکاتەوە و ئەگەر کەمتەرخەمیش بوو هەڵیده‌وشێنێتەوە و گریبەستى نۆى لەگەڵ کەسانى جیاوازتر گرێ ئەدات ئیتر پرۆسەى حوکمدارى و گواستنەوەى دەسەڵات پرۆسەیەکى ئاساییە و ناکرێت بەرگى پیرۆزیی و نەریتگەراى بەبەردا بکریت.

ئەمەش ئەو بنەڕەتەیە کە کەسیستەمى دیموکراتى و دەسەڵاتى دیموکراتى پێ دەناسرێتەوە بەڵام ئەوەى وڵاتەکەى ئێمە زیاتر بە لاى پرنسیپەکانى حەمەپارەپیس دادەچێت نەک ئەو بنەڕەتەى کە دیموکراتى لەسەر بنیات دەنرێت .
هەروەک چۆن کاکەحەمە برواى بە خواستى نەفەرەکانى نەبوو و تەنها خواستى خوى نەبیت دەسەڵاتى کوردیش کتومت.
هەروەک چۆن کاکە حەمە بڕواى بە چاکسازى نەبوو دەسەڵاتى کوردیش کتومت.
هەروەک چۆن کاکەحەمە شتەکانى پینەوپەڕۆ ئەکرد دەسەڵاتى کوردیش کتومت.
هەروەک چۆن کاکەحەمە هەر بیرى لاى پارەوەرگرتن بووە پارەکانیشى لەشتى بێ ڕێ‌وجىِ دا خەرج دەکرد دەسەڵاتى کوردیش کتومت.
هەروک چۆن کاکەحەمە ئەگەر شتێکى پێ پینەوپەڕۆ نەکرایە ئەوا وەک خۆى لەسەرى ئەڕۆیشت دەسەڵاتى کوردیش کتومت.
هەروەک چۆن کاکە حەمە برَواى وابوو سەیارەکەى ئەو باشترین سەیارەیە کتومت دەسەڵاتى کوردیش بڕواى وایە دیموکراتیەکەى لە ناوچە بێ وینەیە.
هەروەک چۆن لە نەفەرەکانى بێ ئاگایە و ئاگاى لە پارەیە دەسەڵاتى کوردیش کتومت ئاگاى لە گەل نییه‌ و ئاگاى لەپارە و میزانییە‌یه‌ و خەرجییەکانیان بىُ پلان و بەرنامەیە و دابەشکردنى دارایى و سامانى وڵات بە میزاج و لە خزمەتى سەرمایەى سەرمایەدارەکان و دەوڵەمەندکردنیان و دابەشکردنى کۆمەڵگا بۆ دوو تۆیژى هەژار و دەوڵەمەنده‌.

بۆیه‌ لێرەوە دەڵیم دەستخۆش کاکە حەمە ئەمە لاساییکردنەوەى جەنابتان نییە کە دەسەڵاتى کوردى ئەیکات بەڵکو ئەمە ئاستى سەرخان و ژێرخانى هزرى ئەوانە وا دەکات پاش 30 ساڵ ئەو نمونەیەى کە تۆ پێشکەشت کرد ئەمانیش بە ئیلهام و وەحى هەمان نمونە لە دونیاى نۆى دا پێشکەش بکەن.
 

ataqajri@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.