Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دەمامك و ترسنۆكى و هیتر!!……نورى بێخاڵى

دەمامك و ترسنۆكى و هیتر!!……نورى بێخاڵى

Closed
by November 22, 2008 گشتی

  دەمامك و ترسنۆكى و هیتر!!
 نورى بێخاڵى

 (مەحوى) مەزن دەڵىَ:
 كەى لە كن ئەحمەق دەبىَ حاجەتى دانا رەوا؟!
 قەت دەكرىَ چەرمەكەر،  یا بە عەبا یا كەوا؟!

 سروشتى مرۆڤى بودەڵە و ترسنۆك وایە، هەرگیز بوێرى ئەوەى تێدا نییە لە روناكیدا دەركەوىَ، بەڵكو بەردەوام شەمشەكوێرە ئاسا لە تاریكە شەودا بە پارێزەوە دێت، چوون دڵنیایە لەوەى لە روناكیدا تواناى رووبەڕووبوونەوەى نییە. مرۆڤى ترسنۆك رێك خەسڵەتى وشترمل (نعامە)ى هەیە و بەردەوام سەرى لە خاك و لمدا چەقیوە و پاشەڵى وا بە هەواوە و بەبەرچاوى خەڵك، گوایە كەس نایبینىَ.
 بێگومان ترسنۆكى جۆرى هەیە، بەو پێیەى هەر ترسنۆكە و نۆرمێك لە ترس سەرچاوەى ترسەكەیەتى، واتە مەرج نییە بە تەنها ئەو كەسە ترسنۆك بێت كە لە شەڕ رادەكات، هاوكات لەنێو كەسانى ترسنۆكیشدا ترسنۆكترینیان هەیە، ئەویش ئەو كەسەیە، كە پیاوەتى ئەوەى نییە بە ئاشكرایى بێتە مەیدان، كەسێك زاتى ئەوە ناكات سیماى راستەقینەى تەڵخ و تەوێڵى پڕ لەكەى خۆى لە سێبەرى تاریكى دەربخات و ناچارە بۆ ئەوەى (تا بۆ ریش دێَ، سمێڵى دانەنىَ) لەپاڵ دێوجامانەوە تیر دەهاوىَ!!
 ئێمە خۆشبەختین بەوەى بێترس و هەر شتێكى هەمانبووبىَ و هەمانبىَ و بەرامبەر هەر كەسێك گوتومانە و دەیڵێین و شەرمیش لە كەس ناكەین، نە فێرى دەمامكین و نە بە دێوجامەش دەچینە راوى كەس و ئەوەى باوەڕمان پێى هەبێت و لەناو دڵمان بێت لەسەر زارمانە و سڵ لەم و لەو ناكەینەوە، باوەڕى تەواویشمان بەوە هەیە، كە هیچ مرۆڤێك كامڵ نییە و دەكرىَ هەڵە بكات، گرنگ بتوانىَ بوێرانە ناخى خۆى دەرزى ئاژن بكات. كەسى ترسنۆك و حیزەبخۆ ناچارە لەبەر ملهوڕى و دۆڕاوى و بێتفاقى خۆى، بە دەمامك و مكیاژى جیاجیاوە خۆى بخزێنێتە ناو خەڵك، ئەوێك جورئەت و پیاوەتى و غیرەتى ئەوەى نییە وەك خۆى كە هەیە و ناو و ناوەڕۆكى چییە بێتە مەیدان.
 بە داخەوە ماوەیەكە دیاردەیەكى تا بڵێى ناشیرین سەرى هەڵداوە، ئەویش بەخشینەوەى بوختان و تەشهیركردنە بە خەڵك لە پاڵ ناوى خوازراو و دەمامكدراوەوە، ئەو جۆرە كەسانە ئەگەر تۆزقاڵێك پیاوەتى و تنۆكىَ جوامێرى و زەڕەیەك غیرەت و بوێرییان تێدا بێت، وەك چۆن ئێمە بە ناوى خۆمان و بە وێنەشەوە قسە دەكەین، ئاوا پیاوانە بەناوى خۆیان و بەو تیفاقە ئێكسپایەرەى پێیانە دەهاتنە شەڕەكان، ئاخر بۆیەش بەو رۆژى روناكە ناوێرن دەركەون، چونكە دڵنیان لەوەى شەڕێكى خۆتڕێن دەكەن و قازانج سەرى دەستمایەكەیان دەخوات. لەوەش قێزەونتر ئەوەیە ئەو بۆرە سوارانە شەڕى بە وەكالەت دەكەن، بەڵام لە بیریان چووە، كە ئەوانەى ئەو بودەڵانە شەڕیان بۆ دەكەن بیبیلۆگرافیاى ژیانیان وەك مانگى چواردە بە ئاسمانەوەیە و دیوار و پەنجەرەى ماڵیان هێند ناسكە بەرگەى فوێك ناگرىَ. بە پشت بەستن بە سەرچاوە مێژوویى و راستییە زانستییەكان، ئێمە بەوپەڕى باوەڕ و بىَ ترس و سڵەمینەوە دەڵێین دونیابینیتان موڵكى بیابانە و لە سەر پشتى حوشتر و بەدەم باهۆزى عروبە و داگیركارى و شمشێر ماڵى لێرە داكوتاوە، ئەگەریش هێندە لە خەمى بوون و مانەوەى نەتەوایەتیتان دان، فەرموون بوێرن و بچن ئابڕووى تكاوى كچانى كورد، كە بەسەر سەرى تیغ و رمەوە برانە دەربارى خەلیفە وئەمیرەكان بكڕنەوە و ئەو خوێنە بەناهەق رژاوانەى دۆڵى ئەسحابە و شەهیدان و كوىَ و كوێى تر، كە شمشێرى غەدر و داگیركارى رژاندنى وەرگرنەوە. چ كارەساتێكە خوایە بازرگانى و سوكایەتى بەناوت دەكەن..چ وێرانەیەكە خوایە لە پشتى ناوى جوانى تۆوە تەونى جەهل و نەزانى دەچنن و تاریكى دەبەخشنەوە..چ قەدەرێكە خوایە هێندە بڕوایان لاوازە بۆ شەڕێكى خۆ تڕێن، خۆیان لە بەناو بەها و بنەماكانى دەقەكانیان دەدزنەوە، كە بەدوا حەقیقەت و راستى رەها و (مپل العلیا)ى خۆیانى دەزانن..گۆڕت پڕ نوور (مەحوى)، كە دەڵێى:
 غەیرى ئەمە كە سوێندى درۆى پىَ بخۆن و بەس
 قوربانى ناوى، ناوى لە ناوا نەما خوا!
 هەست دەكەین بچوكییەكى زۆرە لێرە زمانى خۆمان بەناوهێنانى ئەو ناوە ترسنۆكە خوازراو و دەمامكدراوانە پیس بكەین، كە لەو دیو تاریكى جەهالەت و بە ماسكى ساختە و لە پشت دێوجامەى ریاوە، خەریكى بەشینەوەى وەعز و تەلقین و ئەخلاق و چى و چیترن، چونكە حیكمەتى تێدانیە مرۆڤ شەڕ لەگەڵ سێبەر بكا و بە گژ سەرابدا بچێتەوە، چوون ئەوانە ئەگەر هێندە مەرد و مێرخاس و راستگۆن، با بفەرموون كورد گوتەنى (ئەوە ئەرز و ئەوەش گەز)، بۆیە دواجار  دڵنیایین لەوەى، كە دەریا زۆر لەوە گەورەترە بە دەمى پیسى پڕ رشانەوە و زمانى زبر و پڕ جوێن و تۆمەتى ئەو شەمشەمەكوێرانە گڵاو بێت و هەر لێرەوەش بە بەیتَێَكى دیكەى پڕ حیكمەتى (مەحوى) كۆتایى پێدێنین، كە دەفەرمووىَ:
 لە سایەى دەورى چەرخى سوفلە پەروەر لەك بە لەك دەدوىَ
 سەگى ئاواتەخوازى ئێسكى وشتر لە شەك دەدوىَ  
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.