Skip to Content

Wednesday, January 20th, 2021

دەنگدان و پووش بژاردن لە كا …سالار بابەشێخ

Be First!
by June 17, 2009 گشتی

 

بە بەراورد لە گەڵ چەند ساڵی رابردوو لە باشووری وڵاتەكەمان كە دەسەڵاتێكی خۆماڵی ئیدارەی كردووە، تا رادەیەكی بەرچاو خودی حكومەت و راگەیاندنی بیسراو و بینراو رۆڵی كارای بینیوە لە هەنگاونان بەرەو كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و لە سایەی ئازادی رادەربڕیندا و ئاستی وشیاری كۆمەڵگە بەرەوپێشچوونێكی تێدا بەدیدەكرێ، هەر ئەمەش وایكردووە كە جارێكی دیكە نەوەی نوێی ئەم خاكە، ژێردەستیی داگیركەری پێ قبووڵ نەكرێت و تەنانەت لە كارنامەی دەسەڵات و حكومەتە خۆماڵییەكەشی رازی نەبێت.
 ئەم گەشەی رووناكبیرییە گەرچی زۆر بەرفراوان نەبووە، بەڵام زۆرجاران بەرپەرچی پیلاندوورانی نەیاری ئەم وڵاتەی داوەتەوە. ژمارەی ئەو كەسانەی لە رێگەی ئایین و مەزهەبەوە بۆ كاری توندوتیژی رادەهێنران، زۆر كەم بوونەتەوە، ئێستا شان و باڵی رووت و قاچ و قۆڵی خانزادەكانی شار و لادێ تێزابی پێدا ناكرێ، بەڵام هێشتا ئەم گرفتانە بنبڕ نەبوون و كاری بەردەوامی پێویستە.
جیا لە گرفتە كۆمەڵایەتییەكان كە شۆڕشێكی فەرهەنگی پێویستە تا بەسەریاندا زاڵ بین، كەندوكۆسپە رۆشنبیری و سیاسییەكانیش تەنگی بە كۆمەڵگەی كوردی هەڵچنیوە. كوردی كەونارا و خاوەن مێژوویەكی دێرینە كە لە پاش چەندین سەدە خەبات و شۆڕرشی خوێناوی، هێشتا كەمترین مافی نەتەوەیی پێ رەوا نابینرێ، دەیان كۆسپ و تەگەرەی دەستكرد لە ناوچەكە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەخرێتە بەردەم خەون و ئاواتەكانی بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی، كەچی رۆشنبیرانی ئێمە كەمیان لە خەمی بەرژەوەندییە گشتییەكانی نەتەوەكەیاندان، واتە ئەوەندەی دڵیان بۆ گیرفانیان لێدەدات و هەر كات و ساتێك ئاوێزانی بەژنی لایەنێكی سیاسی دەبن، نیو ئەوەندە بۆ بەرزكردنەوەی هەست و سۆز و بیری نەتەوەیی خۆیان ماندوو نەكردووە، هەر ئەم پەتایەش بەرۆكی زۆربەی رۆشنبیر و سیاسەتكاری كوردی گرتووە و كەمیان كاری پێسپێردراوی حزبی و نەتەوەیی خۆیان تێكەڵ بە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان و خێزان و كەسوكاریان ناكەن. كێشمەكێش و ململانێی گەیشتن بە پلە و كورسی دەسەڵات، خۆیان و حزبەكانیانی تووشی تەنگ و چەڵەمە و لێكترازان كردووە.
كۆمەڵێك رێكخراوی رابردوو خراپی ئایینی كە لە رێگەی دینەوە بازرگانییان بە رۆڵەكانی گەلەكەیانەوە كردووە، بۆسەی خراپیان داناوە و داوی وایان تەنیوەتەوە كە لە هەموو كون و قوژبنێكەوە بێنە ژوورێ و ناوەندەكانی بڕیار وەك پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی كوردستان داگیر بكەن. كۆمەڵێك پلەپەرەستی یاخی بە نیازن (بە بێ گوێدان و ئاوڕدانەوەیەك لە رابردووی ئەو جۆرە تاقم و گروپ و لایەنە ئایینییانە) هاوپەیمانییان لەگەڵ ساز بكەن، بریا لە جیاتی ئەو زۆرانبازییە، جارێك بە ئەزموونی وڵاتانی ئایینیدا چاوێكیان بگێڕابایە، بۆ ئەوەی پێمان بڵێن كام فاكتی سەركەوتووی ئەو وڵاتانە بكەین بە سەرمەشقی خۆمان و وڵاتی لە سەر بنیات بنین؟!
 كورد پێویستە لە جیهادیزم و ركەبەرایەتیی مێژوویی نێوان شێعە و سوننە دووری بگرێ، كە زۆرجار گەورەترین گرفتیان بۆ كورد دروستكردووە و بەشێك لە رەسەنترین كوردەكانیان (فەیلییەكان) لە هاوچارەنووسی نەتەوەیی خۆیان دابڕیوە. لەم سەردەمەدا پێویستە نەتەوەیی و عەلمانییەكان هەموو ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان بەلاوە بنێن و خۆیان لەو لایەنە ئایینییە توندڕەوانە جیا بكەنەوە، كە بە نیازن كوردستان بكەنە ئەفغانستانێكی دیكە، زۆر گرنگە كۆمەڵگەی كوردی لە مەترسییەكانی حكومەتی ئایدیایی و ئایینی ئاگادار بكرێنەوە، باشووری كوردستان لە بەردەم تاقیكارییەكی مەزندایە، یەكەمجار دەبێت شەقامی كوردی بیسەلمێنێ كە بە پێوەر و پێوانەی دیموكراسی رازین و حیساب بۆ ئیرادەی گشتی گەلان و نەتەوەكانی دانیشتووی كوردستان دەكەن، بەم پێوەرانە لایەنە ئایینییەكانیش بۆیان هەیە لیستی خۆیان هەبێت، بەڵام دەبێت سەربڕەكان و مەدەنییەكانیان لێك جیا بكرێنەوە، زانیاری تەواو بە گەلی كورد و هەموو هاونیشتمانانی كوردستانی بدرێ. ئەگەر راستییەكان نەشیۆێندرێن و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی باشووری كوردستاندا دیمەنێك لە دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگەی خۆمان بۆ رای گشتی و جیهانی سیاسی وێنا بكەین، دەكرێ بەوە دڵخۆش بین كە ئیرادەی گشتی دوا بڕیاردەر دەبێت و خەڵك بە ئازادییەكی تەواو چارەنووسی خۆی بە متمانەپێكراوی خۆیان دەسپێرن. لە لایەكی دیكەوە بەڵگە هێنانەوەی لۆجیكیانە و ئارگومێنتی زانستییانەی ناوێ، تا بڵێن: تۆران، گۆڕان، دۆڕان، دەبێتە "پوش بژاردن لە كا".

 

Previous
Next

Leave a Reply