Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
دەوڵەتی کوردی و خۆشخەیاڵی

دەوڵەتی کوردی و خۆشخەیاڵی

Closed
by March 22, 2012 گشتی

 

تۆ پێویستە باوەڕت بەداهاتووی ئەڵمانیا هەبێت
کەلەسەر شانی گەلەکەت وەستاوە
ڕێگە نەدەیت ئەم باوەڕەت بدزن
فیختە

هەموو دەسەڵاتێکی تۆتالیتار چۆن ناتوانێت بەبێ زەبروزەنگ درێژە بەدەسەڵاتی بدات ئاواش ناتوانێت بەبێ فانتازی ترس و تۆقاندنیش بژی.
فانتازی ترس و تۆقاندن جۆرە فۆرمێکی تری زەبرو زەنگە، کە دەسەڵات لە ڕێگای چیرۆکە درووستکراوەکانییەوە لە خەڵکی دەگەیەنێت، کە هەڕەشە دەرەکییەکان زۆر گەورەترن لە کێشە ناوخۆییەکان، ئێمە تا نەتوانین ئەو هەڕەشانە کۆتایی پێبهێنین ئەوا کێشە ناوخۆییەکانیش بەردەوام دەبن. فانتازی ترس و تۆقاندن بەردەوام پێویستی بە دروستکردنی دوژمنی وەهمی هەیە، پێویستی بە درووستکردنی چیرۆکی نوێ هەیە، لەهەرکاتێکدا سەردەمی دروستکردنی ئەم چیرۆکانە کۆتاییهات ئەوا دەسەڵاتیش کۆتایی دێت.
هەموو دەسەڵاتە دکتاتۆرو تۆتالیتارەکان بەردەوام چیرۆکی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ دروستکردنی ئەو فۆرمانەی توانای بێدەنگکردنی خەڵکیان هەیە هەندێکجار مەرج نییە توندوتیژ بێت، دەشێت بە پێچەوانەی فۆرمەکانی ترەو پڕ لەهیواو ئومێد بێت ، وەک فۆرمی مژدە گەورەو خۆشەکان. بۆ ئەم فۆرمەش پێویستی بە سیاسەتی ڕابەری گەل یان دیماگۆگی  هەیە، کە یەکێکە لەو سیاسەتە ترسناکانەی دیکتاتۆرەکان وەک ئەلتەرناتیفی ترس و تۆقاندن بەکاری دەهێنن. لەم سیاسەتەدا بە پێچەوانەی سیاسەتی زەبروزەنگەوە گەل لەگەڵ ڕابەردا ئاشت دەبێتەوەو هیواکانی بۆ دەگەڕێتەوەو ئەمجارەیان هەموو خەونەکانی دەڕژێنە ناو گوتارو بڕیارەکانی ڕابەرەوە. فۆرمولەکردنی خەونەکانی گەلێک لەناو بڕیارەکانی ڕابەردا، بۆ خۆی کۆتاییهاتنی خەونی ئەو گەلەیە، چونکە ئەو چیتر خەونێکی نییە ئەگەر ڕابەر قسە نەکات و بڕیار نەدات. ئیتر ئەم خاوەنی خەونەکانی خۆی نییە، ئەگەر ڕابەر بۆی نەگێڕێتەوە، ئەمە ئەو خاڵە ترسناکەیە، کە نەتەوەیەک توشی بێهیوایی دەکات، کاتێک ڕابەر بڕیارە قورس و مژدە خۆشەکان بۆ کات جێدەهێڵێت. کوشندەترین بێهیواییش ئەو کاتانە دەستپێدەکات، کە خەونەکانمان بەکاتەوە گرێبدرێن.
نهێنی سەرکەوتنی سیاسەتی ڕابەری گەل (دیماگۆگی) لە توانای فریودانیایەتی، لە ڕێگای بزواندن و ختوکەدانی هەستی نەتەوەییەوە، ئەو گوتاربێژییەیە بەردەوام جەخت لەسەر مەترسییەدەرەکییەکان دەکات، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئایندەی نەتەوەو خۆی بە فریادڕەس لەئاست ئەو مەترسییانەدا دەبینێت.
خاڵیکی گرنگ لە سیاسەتی دیماگۆگیدا ئەوەیە، کە دەبێت ڕابەرێک هەبێت، بتوانێت پراکتیزەی خەونەکانی گەل بکات، بە بێ درووستبوونی ئەم ڕابەرە گەل ناتوانیت بە خەونەکانی بگات. ئیتر مەرج نییە ئەو ڕابەرە مرۆڤێکە لە خوێن و گۆشت درووستبووە یان پەیکەرێکی بێگیانە، ئەوەندەی گرنگە ئەو کەسایەتییە لەهەر بەرگێکدا بێت، دەتوانێت ببێتە ڕۆحی ئەو نەتەوە.
دروستکردنی ڕۆحی نەتەوە یەکێکە لە ستراتیژە سەرەکییەکانی سیاسەتی دیماگۆگی، کە توانای ئەوەی هەیە ڕابەری گەل بکات، ئەگەر هیتلەر نەکرایە بە ڕۆحی ئەڵمانەکان ئەوا هیچ کەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد هیتلەر بڵێت: (من ئەمڕۆ دەمەوێت ببم بە پێغەمبەر) . بە پێغەمبەر بوونی مرۆڤ واتە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی، لەچەمکی دیماگۆگیدا بەبێ بوونی ڕابەرێک، کە هاوتای پێغەمبەرەکانە نەتەوە جگە لەبوونەورێکی کۆیلە هیچی تر نییە، بە بێ ڕابەر گەل مێگەلێکە لە کێڵگەی گورگەکاندا. ڕابەر ئەو کلیلەیە توانای کردنەوەی هەموو دەرگا عاسییەکانی هەیە، بەبێ ئەو هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت و بۆ چارەسەری کێشەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو.
ئەوەی مەبەستمە لە کۆتاییدا بیڵێم خەونی دەوڵەتی کوردییە، کە خەونی نەتەوەیەکە بەدرێژایی مێژوو لەناو لابۆرەکانی مەرگدا تاقیکراوەتەوە، خەونی نەتەوەیەکە بەتەنها لەناو لاپەڕە لەبیرکراوەکانی مێژوودا ناوی هەیە، چۆن و بەچی ڕیالیزە دەکرێت؟.
سەردەمی ئەمڕۆ چیتر سەردەمە کۆنەکانی جەنگەڵ نییە، هەرکەسێک دەسەڵاتی هەبێت چی و چۆنی بووێت شوێنێک داگیربکات و بڵێت ئەمە ماڵی منە. با ئێمە چیتر ئەوەندە خۆشخەیاڵ نەبین، کە پێمان وابێت دەوڵەتی کوردی تەواو بووە، بەتەنها پێویستمان بە ڕابەرێکە بۆمان ڕاگەیەنێت، ئەم خۆشخەیاڵییە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی لەسەرەوە باسم کرد. لەسەردەمی ئەمڕۆدا نەک دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ بەڵکو دروستکردنی خانویەکی نوێش لەسەر زەوی خۆت پێویستی بە چەند یاساو ڕێسایەک هەیە.
کاتێک کەسێک بیەوێت خانویەک لەسەر زەوییەکەی خۆی، کە لەباو باپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە دروست بکات، پێویستە پێش هەموو شتێک ڕوخسەتی یاسایی بۆ وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت نەخشەی زەوییەکەی پێبێت، کە لە چەند مەتردووجا پێکهاتووەو شوێنە جوگرافییەکەی دەکەویتە کوێوە. درووستکردنی هەر دەوڵەتێکی نوێ پێویستی بە هەمان یاسا هەیە. لە حەڤدەی شوباتی ٢٠٠٨  کاتێک  سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کۆسۆڤۆ هاشم تاچی، دەوڵەتی کۆسۆڤۆی راگەیاند گووتی:” کۆسۆڤۆ ووڵاتێکە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، سنورەکانی لە باشوری ڕۆژئاواوە بە ئەلبانیاو لە باکوری ڕۆژئاوا بە مۆنتینیگرۆو لە باکور و ڕۆژهەڵاتەوە بە سربیا و لە باشوری ڕۆژهەڵاتەوە بە مەقەدۆنیاوە بەستراوەتەوە. ڕوبەرەکەی پێکهاتووە لە ١٠.٨٨٧ کم٢” پاشان باسی ڕێژەی دانیشتوان، زمان و ئاڵاو نازانم چی تری کرد.
ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کۆسۆڤۆ لەلایەن سەرۆکی پارتی دیموکراتی کۆسۆڤۆوە، پەیوەندی بە ڕۆحی نەتەوەیی تاچی یەوە نەبوو، کە ئەگەر تاچی نەبوایە ئەوا قەت دەوڵەتی کۆسۆڤۆ درووست نەدەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێشتر لەلایەن جالییەی کۆسۆڤۆوە لەدەرەوەی ووڵات کار بۆ دروستکردنی دەوڵەت کرابوو، هەروەها پاڵپشتی تەواویان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکاو تەنانەت ووڵاتە ئیسلامییەکان بەدەست هێنابوو. هاوڵاتییانی کۆسۆڤۆ بەسەرجەم ڕەگەزو نەتەوە جیاوازەکانەوە ناگاتە نیو هێندەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەدەرەوە جالییەکی بەهێزیان هەیە، ئەوەی دەوڵەتی ئیسرایلی دروستکرد ڕۆحی هیچ سەرکردەیەکی نەتەوەیی جولەکە نەبوو، بەڵکو ڕۆحی ئەو گەلە بەهێزەبوو لەدەرەوە کاریان بۆ درووسکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ جولەکەکان دەکردەوە، کۆی سەرجەم جولەکە لە جیهاندا ناگاتە ١٤ ملیۆن، لەگەڵ ئەوەشدا توانای فەرمانڕەوایی جیهانییان هەیە، بۆیە ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێز درووستدەکات سەرۆکێکی کاریزمی نییە بەڵکو گەلێکی بەهێزە، بۆیە دەڵێم: کورد دەبێت واز لەو خۆشخەیاڵییە بهێنێت، کە چاوەڕوان بێت دەوڵەتێکی کوردی بە گوتارێک درووست ببێت، لە هیچ جێگایەکی ئەم دونیا نەبووە تۆ دەوڵەت راگەیەنیت بە بێ ئەوەی درووستت کردبێت، دەبێت دەوڵەت درووست بکرێت پاشان رابگەیەنرێت، ئەگینا ئەڕوخێ بەسەرتدا.

 

یاسین بانیخێڵانی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.