Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

د.موحسین ئەحمەد عومەر

Be First!
by May 18, 2008 گشتی

 وەرگێران باشترین و گونجاوترین ڕێگایە بۆ  بە یەك گەیاندنى مرۆڤە جیاوازەكان و كولتوورە لێك دوورەكان
سازدانى: رابەر فاریق و سۆران عەزیز……..
 
 كوردستان راپۆرت: وەرگێڕان وەك بنەمایەكى (كلتوورسازى)، چەندە كاریگەرە لە دروستكردنى پاشخانێكى هزرى و بنیاتنانى كلتوور بە گشتى؟
 د.موحسین ئەحمەد عومەر: هەڵبەت كاریگەرییەكى زۆرى هەیە، هەموو كولتوورێك، یان باشترە بڵێن هەموو رۆشنبیرییەك ( بۆ ئەم حاڵەتە من ڕۆشنبیریم پىَ باشترە وەك لە كولتوور، چونكە ئەمەى دواییان فراوانترە و كێشەى ئاڵۆزتر دروست دەكا)  هى هەر نەتەوەیەك بىَ، لە رێگاى وەرگێران ئاشناى رۆشنبیریى دیكە دەبىَ و خۆى پىَ نوىَ دەكاتەوە. لە رۆشنبیرى لىَ وەرگێڕدراوەوە، ئاشناى هزرو ڕوانینى دیكە دەبین و سەرەنجام ئەمەیان وەك خۆ باشتر ناسین لێكدەرێتەوە، خۆباشتر ناسینیش كێشەیەكى فەلسەفی و دەروونى و كۆمەڵایەتیە، دەمێكە، لەسەر دەمى سوكراتەوە ئەم دیاردەیە بۆتە كێشەیەك مرۆڤ بە دواى وێڵە. وەرگێران كولتوورێك بۆ ناو یەكێكى دیكە دەگوازیتەوە و هەر ئەم گوازتنەوەیەشە دەبێتە پاشخانێك بۆ كولتوورى بۆ وەرگێڕدراو  و دروستكردنى پاشخانى هزرى تر. وەرگێران باشترین و گونجاوترین ڕێگایە بۆ  بە یەك گەیاندنى مرۆڤە جیاوازەكان و كولتوورە لێك دوورەكان.   
 كوردستان راپۆرت: وەرگێڕان و زانینى دوو زمان بە ئەبستراكتى، چەندە تواناى ئاشنابوون و گواستنەوەى كلتوور و مێژووى وڵاتانى دیكەى هەیە بۆ نێو كەلتوورى (بۆ وەرگێڕدراو)؟
 د. موحسین ئەحمەد عومەر: كە دەڵێى زانینى دوو زمان بە ئەبستراكتى نازانم دەتەوىَ بڵێى چى؟ من لەم ڕستەیە ناگەم. هەر چۆنێك بىَ من لەو كەسانەم كە باوەڕیان وایە هەر تەنیا زانینى دوو زمان بە قووڵى تێرى ئەوە ناكا تێكستێك وەكو خۆى بهێنیتە ناو زمانى بۆ وەرگێڕدراو. ئەو كەسەى لە زمانێكەوە وەردەگێڕىَ دەبىَ شارەزایى لە كولتوورى ئەو زمانە هەبىَ، ئاگاى لە مێژوو و داب و نەریت و كەسایەتى دەروونى و كۆمەڵایەتى و جوگرافیا و سیاسەت و … هەموو شتێكى ئەو كولتوورى لىَ وەرگێڕدراو هەبىَ. بۆ نموونە من شانۆگەرى (دەستە پیسەكانى) ژان پۆل سارترم لە فرانسیەوە بۆ كوردى وەرگێڕا ساڵى 2002 لە لایەن ئاراس چاپ كراو بڵاوكرایەوە. ئەم وەرگێڕانە كارى زۆرى تێدا كراوە جوان وەرگێڕدراوە، دواتر بینیم ساڵى پار برادەرێك تەكلیفێكى خۆرایى داوەتە خۆى لە عەرەبیەوە هەمان شانۆگەرى كردۆتە كوردى، بەڵام لە چاو وەرگێڕانەكەى من هەتا بڵێى سەقەتە. هەمان شت ڕاستە بەرامبەر بە ڕۆمانى (بێگانە)ى ئەلبێر كامو، من لە فرەنسیەوە كردومەتە كوردى و ساڵى 1998 لە هەولێر چاپكراوە، بەڵام دواتر برادەریكى تر هەمان ڕۆمانى لە فارسى كردووە بە كوردى بە ناوى (نامۆ) بڵاوى كردۆتەوە، ئەگەر وەرگێڕانى من و هى ئەو برادەرە بەراورد بكەى ئەرز ئاسمانیان فەرقە. یەكێك كە بیەوىَ شتى ئەلبێر كامو بكاتە كوردى دەبىَ لە فەلسەفە و شێوازى نووسینى ئەلبێر كامو  شارەزا بىَ. ئیتر ئەم شارەزاییە لە وەرگێرانەكانى من دیارن و هەستیان پىَ دەكرىَ، بەڵام لە وەرگێڕانەكانى تر هەستى پىَ ناكرىَ
 كوردستان راپۆرت: نووسین لێپرسراویەتییە و لە بەرامبەریشدا وەرگێڕان لێپرسراویەتییەكى لەو گەورەتر. ئایا دەكرێت بڵەین بەو فەرهەنگە (قامووس) لاواز و ئەزموونە كەم و كورتەى كە لە كتێبخانەى كوردى ئامادەگى هەیە، وەرگێڕانێكى جدى لە هزر و فەلسەفە دروست بێت؟
 د. موحسین ئەحمەد عومەر: ئەمەیان پەیوەندى بە لاوازى و كەم ئەزموونى فەرهەنگ و كتێبخانەى كوردییەوە نیە، بەڵكو پەیوندى بە وەرگێڕ خۆیەوە هەیە، ئەگەر وەرگێر لاواز بىَ بەرهەمەكەشى وەكو خۆى لاواز دەبىَ. بۆیە شارەزایى و لىَ زانى و دوایش دڵسۆزى و راستەوخۆ لە زمانى یەكەمەوە وەرگێڕان، وەرگێڕانى پوختەى لىَ دەكەوێتەوە. بێگومان وەرگێران بەرپرسیاریەكى مێژووییە، ئەوەى بەرامبەر بەم دیاردەیە هوشیار نەبىَ وەرگێرانى نایابى نابىَ.
 كوردستان راپۆرت: وەرگێڕانێكى باش خۆى یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانى وەرگێڕان، ئایا بەڕاى جەنابتان هەڵبژاردنى دەقێكى ناوازە خۆى بەشێك نییە لەو تایبەتمەندى و پرۆسەیەى كە پێى دەڵێین وەگێڕان؟
 د.موحسین ئەحمەد عومەر: دیسان پرسیارەكەت زۆر ڕوون نیە، تا ئەو ئاستەى لێى تىَ گەیشتبم، من بۆ خۆم كارى وەرگێران بەردەوام دەكەم، بەڵام شتێك ناكەم خۆم ئارەزووم لێى نەبىَ، بە كورتى من شتێك، ڕۆمانێك، لێكۆڵینەوەیەك ، تێكستێك دەكەمە كوردى كە لەگەڵ فەلسەفە و ڕوانینى خۆم بگونجىَ و جیهانى ئەو تێكستە لە جیهانبینى من نزیك بىَ. من حەز لە ئەلبێر كامو و سارتر و پاسترناك و ئارتور كۆسلەر و ئۆكتاڤیۆ پاز و سان ژۆن پێرس …هتد دەكەم، بێگومان هى تریش هەن، من كارى ئەمانە بە چەشە و تامێكى زۆرەوە دەكەمە كوردى،  بێگومان نووسەرى تر زۆرن بەڵام من تەنیا بە لاى ئەمانەدا دەچم.
 كوردستان راپۆرت: ئایا لە وەگێڕندا كێشەیەكمان بۆ دروست نابێت لە تەرجەمەكردنى هزر، بە حوكمى ئەوەیكە لە فەرهەنگى هزریدا هەژارى وشە و دەستەواژە باڵادەستە؟
 د. موحسین ئەحمەد عومەر: هزر چیە هزر؟ هزر لە پڕۆسەى وەرگێڕان بریتیە لە زمان لە حاڵەتێكى خاو، خۆ هزر بریتى نیە لە قاڵبێكى زمانەوانى داڕێژراو لە ناو مێشگ. هەمو هزرێك لە پڕۆسەى نووسین لە حاڵەتى وێنەییە، كە دەكەوێتە سەر كاغەز شێوەى گرافیكێك وەردەگرىَ لە چواچێوەیەكى زمانى داڕێژراوەتەوە، ئەمەیان دەكەوێتە سەر شارەزایى و لێزانى وەرگێڕ خۆى، وەرگێڕى زمان زان و شارەزا دەتوانىَ بەرگێگى جوان دروست بكا، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە.
 كوردستان راپۆرت: یەكێك لە ئاراستە بەهێزەكانى مۆدێڕنە، دروستكردنى پردى پەیوەندى و دیالۆگى شارستانیەت و لەویش گشتگیرتر دیالۆگ و پێكهەڵپڕژانى كلتوورەكانە. تەرجەمەش چ پشكێكى لەم نێوەدا بەردەكەوێت؟
 د. موحسین ئەحمەد عومەر: ڕەنگە لە سەر هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم عەولەمە سەرەتاكانى دەگەڕێتەوە بۆ وەرگێران، لێرەوە مەبەستم ئەوە نیە باسى عەولەمە بكەم، بەڵكو ئەمەیان ڕەنگە وەڵامێكى زۆر گونجاوى پرسیارەكەى ئێوە بىَ، وەرگێران یەكەمین پەیوەندى راستەوخۆیە لە نێوان كولتوور و جیهانەكان، ڕاستە وەرگێران لە نێوان كولتوور و جیهانەكان لەگەڵ سەردەمى نوێخوازى، واتە لەگەڵ سەردەمى بە ماددى بوون و بە پیشەسازى بوونى كۆمەڵانى خەڵكەوە زیاتر گەشەى كردووە. وەرگێڕان جیاوازى و خاسیەتە تایبەتیەكانى كولتوورە جیاجیاكان لە ناو دەبا و كولتوورەكان لێك نزیك دەكاتەوە. دواجار مرۆڤەكان بەیەك دەگەیەنىَ و ئاشناییەكى جیهانى دروست دەكا.
 
 –  د. موحسین ئەحمەد عومەر: ساڵى 1962 لە هەولێر لە دایك بووە.
 – دەرچووى زانكۆى سۆربۆن بەشى ئەدەبى گشتى و بەراوردكارى ساڵى 1996 .
 – ئێستاش سەرۆكى بەشى فرەنسیە لە گۆلیژى زمان زانكۆى سەلاحەدین.
 – چیڕۆكنووس و وەرگێر و تۆژەرەوەیە. 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply