Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

رابونی ئیسلامی: ئاینداری یان ئیدمانبونی ئاینی

Be First!
by August 21, 2008 گشتی

 رابونی ئیسلامی: ئاینداری یان ئیدمانبونی ئاینی
 
 ن/ حەمید زنار
 و/هێمن مەحمود
 
 هەموو كۆمەڵگا عەرەبیەكان توشی داڕمانی كۆمەڵایەتی و داخرانی رۆشنبیری و مەهزلەی زانستی بون، ئەویش بەهۆی هەڵەی ئەو دەسەڵاتانەی كە لەدیماگۆگیەتی سیاسەتدا ئەزموندارن و بەشێوەیەكی ئینتیهازیانە كاروباری خەڵكی دەبەن بەرێوە.
 هەرچی توێژی نوخبەشە ئەمە جیا لەو هەموو تەنازولاتانەی دەیكات خۆشی لەنێوان دوو هاوپەیماندا بینیەتەوە كە هەرگیز بەزەییان بەرامبەر ئازادی نیە: ستەمی دەسەڵاتێكی رەهاگەری سەرەتایی لەلایەك و داخرانی دەزگای ئاینی لەوپەڕی دواكەوتنیدا.
 ئیدی بەمجۆرە كۆمەڵگا گەشتۆتە ئاستێك كە بۆی دیاریكراوە پێی بگات و كەوتۆتە ژێر رەحمەتی ئاگری ئوسوڵیەتی ئیسلامی سەدەكانی ناوەڕاست و چاوەڕوانی ئەوەیە بەرەسمی دەوڵەت هەڵبوەشێتەوە و دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی شەریعەت وەك چۆن ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا روودەدات.
 ئەم جیهانە رۆژ لەدوای رۆژ و لەسەرخۆ و بەردەوام رووەو هەڵدێر هەنگاودەنێت، هەر ئەوەندەی خۆر لەلایەكەوە هەڵدێت كەچی لەلایەكی دیكەوە هەژاری و لەناوچونی ئەخلاقی رودەدات.
 "بۆچی گەنجێتیم بەهەدەر بڕوات كەچی سەروەتی وڵاتەكەم ناژمێردرێت" گۆرانیەك لەرۆژئاوای عەرەبییەوە وەها دەڵێت. ئەویش وەك نوكتەیەك لەبەرامبەری خەمدا.
 گەنجەكانی جەزائیر دەڵێن " ئەگەر رۆژێك داگیركەر بگەڕێتەوە پێی دەڵێم كە سەربەخۆیی چی لێكردوین!"یان هەندێك لەوانەی كە ئیدی گەشتۆتە گیانیان و رووە و ئەوروپا دەڕۆن دەڵێن " لەدەریادا بمرین باشترە لەوەی لە خەمدا بمرین". ئەمەش هەر بەتەنها حاڵی جەزائیرییەكان نیە بەڵكو حاڵی هەموو خوشك وبرا عەرەبە موسڵمانەكانیانە.
 ستەم و ئینتیهازییەتی لێپرسراوان و بێدەنگی ئەوەی لە توێژی ناوەڕاست ماوەتەوە لەجیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا لە دۆخێكی خراپی فیكری  و شارستانی وەهایە كە ئاواتی بۆ ناخوازرێت.
 ئەوەی كە لەكۆمەڵگا ئیسلامیەكاندا بژی سەرنجی ئەوە دەدات ئەو تێكەڵاوییە عەجیبە دەبینێت لەنێوانی رۆشنبیری و عیبادەتدا، لەنێوان مەعریفە و ئیماندا، لەنێوان ئەو دونیا و ئەم دونیادا، لەنێوان مێژوو نۆستالۆژیادا.
 فیكری ئاینیش لەنێو ئەم فەوزا ئەبستمۆلۆژیە بەرفراوانەدا هەموو لایەنەكانی ژیانی گرتۆتەوە،و بەشێوەیەكی ناعەقڵانی وەهاش  كۆپی كردووە كە ئەستەمە لەماوەیەكی نزیكدا پاكبكرێتەوە.
 ئایا ئیدی وەها باشتر نیە كە لێكۆڵینەوەی زانستی بەر لەهەموو شتێك لە ئاین پاكبكەینەوە؟ ئایا ئیدی كاتی ئەوە نەهاتوە كە موزایەدە بە ئاینەوە نەكەین؟ ئایا ئیدی پێویست نیە رۆشنبیر دژی بە ئاینیكردنی كۆمەڵگا بوەستێتەوە، ئەو تاوانەی كە شێخەكان و عەسكەرەكان و ئەمیرە موسڵمانەكان بەرۆژی نیوەڕۆ ئەنجامی دەدەن؟.
 وادەردەكەوێت كە هیچ شتێكی گرنگتر نەبێت جگە لەدروستكردنی پەرستگا و حسەینیەكان، چونكە سەرەرای زۆربونێكی هیستریا ئامێزی ژمارەی مزگەوتەكان بۆ نمونە لەوڵاتێكی وەك كوەیتدا كەچی دەسەڵاتداران ناتوانن داواكارییەكی لەوجۆرە رەتبكەنەوە، ئەگەر دروستكردنی پەرستكاكان بەوجۆرە بەردەوامبێت ئەوا  دیوار وكۆنكرێت هەموو زەوییە كشتوكاڵیەكان دەسڕێتەوە.
 زانایەكی بواری فیزیك كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بڕوای وەهایە موسڵمانەكان لەو مرۆڤانەن كە كەمترین گرنگی بە زانست دەدەن، هیچ زانكۆیەكی عەرەبی نیە لە ریزی ئەو 1500 زانكۆ بژارەی كە لەجیهاندا دەستنیشانكراون.
 ئایا بڕوادەكرێت كە زانكۆیەكی وڵاتێكی هەژاری ئەفریقی لەپێشەوەی زانكۆكانی جەزائیردا بێت.
 لێكۆڵەرەوەی سۆسۆلۆژی (مستەفا ماچی) پەنجە دەخاتە سەر حەقیقەتی زانكۆ لە جەزائیردا بە (الحچانە) ی گەورەكان وەسفی دەكات.
 بەڵام خەولە ئیبراهیم ی لێكۆڵیار پرسیاردەكات سودی مانەوەی ئەم زانكۆیانەلەچیدایە.
 لەهەموو بەشەكانی دیكەی گۆی زەویدا عەقڵ كاریگەری هەیە بۆسەر ئاین بە جۆرێك لەجۆرەكان، بەڵام لە جیهانی عەرەبی ئیسلامیدا ئەوە ئاینە بەشێوەیەكی بنەڕەتی عەقڵ بەرێوەدەبات.
 ئەوە شتێكی ئاسانە تێبگەیت كە ئەگەر ئاین نەبەستیتەوە ئەوا ئەو دەتبەستێتەوە، ئەمەش لەزۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا هەیە بەجۆرێك سەرنجی ئەوە دەدەین كە ئایندارییەكەمان بێ چاكەیە.
 ئەگەر ( پاك خاوێنی لە ئیمانەوە بێت) و (ئاین مامەڵەبێت) و (ئێمە چاكترین نەتەوەبین بۆ چاككردنی خەڵكی)……ئەی بۆچی شەقامەكان و شۆستەكانمان پڕن لەپیسی و ئیداراتەكانیشمان خەریكی بەرتیل خواردن؟ بۆچی پەلاماری ئافرەت دەدەین، لەگەڵ مناڵاندا توندین، تف فڕێ دەدەینە سەر زەوی، و میز بەدیوارەكاندا دەكەین، رقمان لە هەژارانە و لەبەردەمی دەوڵەمەنداندا دەنوشتێینەوە..؟.
 یەكێك بەخەفەتەوە دەڵێت" لە هەفتاكاندا دەمانتوانی لەرەمەزاندا بە ئاشكرایی شت بخۆین، بەڵام ئێستا ئەمە بوەتە خەونێك".
 لەگەڵ زیادبون ژمارەی نوێژكەران و ئوسوڵیەكان و كشانەوەی عەقڵ و كەمبونەوەی لایەنكرانی تازەگەری مەلاكان وەها گومان دەبەن كە ئەوان قسەكەری رەسمی خودان، لە هەموو مەسەلەیەكدا قسەیان هەیەو دەستكار ی هەموو شتێكی گەورە و بچوك دەكەن.
 ئایا تاكو كەی ئەم  گەمەیە لەنێوان جەهلی عەمەلی و جەهلی تەواوەتیدا بەردەوام دەبێت، كەی حیكمەت بەكاردەهێنین.
 Hemnm1979@yahoo.com

 سەرچاوە:
  http://www.alawan.org
 

Previous
Next

Leave a Reply