راوێژێك بۆ كابینه‌ی حه‌وته‌م و هه‌شته‌م و ئه‌وانیتریش….
كه‌سی راسپێردراوی ئه‌م كابیهنهیه نێچیرڤان بارزانییه و ئه‌ویش، ده‌مێكه له‌م خوله‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌دا، هاتووچۆو هه‌ڵوه‌دا و سه‌ردانیه‌تی بۆ لای ئۆپۆزسیۆن و حزبه نه‌یارو به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا، ده‌مێكه له پهیجهكهیانهوه نامه‌و دیدگا‌و قسه‌و گفتوگۆی خۆیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و هاونیشتمانی كوردستاندا، ده‌خه‌نه به‌رچاوی خوێنه‌ری خۆیانه‌وه..
به‌ڵام دوا نامه‌ی ئاراستهكراوتان بۆ خه‌ڵكی كوردستان، كه داخوازن هاوكارو هاریكارتان بین له‌م خوله‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومهتهكهتانداو داوای ره‌خنه لێگرتن و راوێژ‌و ده‌رخستنی گله‌یی و گازنده‌كان ده‌كات.. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و بهسهربازیكردنهی له شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و شاری رۆشنبیری كوردستان (سلێمانیه حه‌یاته‌كه) روویدا. وه‌ڵامی ئه‌م نامه‌یه‌تان تام‌و بۆیه‌كی دیكه به‌خۆوه ده‌بینێت، پێویستی به هه‌ڵوێسته‌یه، ئه‌گه‌ر رێگامام پێبده‌ن، وه‌كو نوسه‌ر یان هاوڵاتی و دانیشتووی ئهمێستاكهی شاری سلێمانی و، وه‌كو كه‌سێكیش كۆمه‌ڵناسی له كوردستان و هۆڵه‌ندا خوێند بێت ، ئه‌م وه‌ڵامه‌تان به‌م نامه كراوه‌یه ئاراسته بكه‌م، كه چه‌ندی ویستبێتم به زمانی گوڵ و به زمانێكی مه‌ده‌نیانه‌وه وه‌ها بێت، كه شایسته‌ی كه‌سێكی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی باڵای كۆمه‌ڵناسی بێت له هۆڵه‌ندا، ئه‌م نامه كراوهیهتان بۆ بهۆنمه‌وه كه هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ژارو خاوه‌ن موعاناته، كه نزیكه‌ی حه‌وت ساڵه گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و به ئازادانه رۆژنامه‌نووسی و كتێبنووسی ده‌كه‌م و هه‌ر ئه‌وه‌ش بژێومهو به خواستی خۆشم بووه.. بۆئه‌وه‌ی وه‌كو كه‌سێكی ئازاد ژیان بگوزه‌رێم، بۆیه هه‌ست به كه‌سی هه‌ژارو برسی و بێكارو كرێچی و نه‌خۆش و پیاده‌و نه‌دارو كه‌مده‌رامه‌ت ده‌كه‌م و ده‌توانم واقیعییانهو دوور له درۆ‌و بوختان بۆ هه‌ڵبه‌ستنه‌وه گوزه‌ران و شێوازی ژیانی زۆرینه‌تان بۆ باس بكه‌م، كه ره‌نگه ئێوه وه‌كو به‌رپرسێك و بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌نگینی ئه‌م رۆژهه‌ڵاتی ناڤینه زۆر هه‌ستی پێنه‌كه‌ن!!
ئێوه، پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌وه بزانن كه دوو حزب بۆ نزیكه‌ی بیست‌و یه‌ك ساڵه حوكمڕانی ئه‌م كوردستانه ده‌كه‌ن كه باشووری كوردستانی گه‌وره‌یه. سیخناخه له گه‌نده‌ڵی و خۆشتان ئه‌مه ناشارنه‌وه، سیخناخه له چه‌ك و چه‌كبه‌ده‌ست و حیمایه‌و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌و زێره‌ڤانی و دژه تیرۆر‌و ( زۆر و زۆری دیكه له چه‌كبه‌ده‌ست)، ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی مه‌ده‌نیه‌ت و دیمۆكراسی له هه‌ر سیستمێك ده‌سێنێته‌وه له‌سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه‌دا كه دۆخێكی ئاوه‌ها عه‌سكه‌رتاری و میلیشایی فه‌راهه‌م بكات و بره‌وی زیاتری پێبدات و رۆژ دوای رۆژ چه‌مكی سه‌ربازیی نوێ ئیبداع بكات!
ئێوه، ده‌بێت ئه‌وه بزانن كه له بوارگه‌لێكی زۆردا كه‌موكوڕی و كێماسیتان هه‌یه‌و هه‌وڵی جیددیش ناده‌ن بۆ چاككردنیان، له‌وانه‌ش: بواری په‌روه‌رده‌و خۆپیشاندانه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی خوێندكاران و قوتابیان.
له بواری ته‌ندروستیدا: ئه‌و هه‌موو ده‌رمانه ئێكسپایه‌رو ئاشكرابوونی كارگه‌ی دروستكردنی مادده‌ی هۆشبه‌رو كه‌می خزمه‌تگوزاری نه‌خۆشخانه‌كان و خراپی جۆر‌و كوالیتی پشكنین و ده‌رمان و له‌و لاشه‌وه گرانیی نرخی عه‌یاده‌و دكتۆر بوه‌ستێت، كه هه‌میشه ده‌بێژین: ساڵ دوای ساڵ خۆزگه‌مان به پار!
له بواری كاره‌باو ئاو و سووته‌مه‌نی و دابینكردنیان بۆ هاوڵاتیان، هه‌روه‌ها كه‌می و خراپی له پێشكهشكردنیاندا، ناعه‌داله‌تی له دابهشكردنیانداو دروستكردنی جیاوازی له‌نێوان به‌رپرسان و هاوڵاتیاندا، وه‌كو رۆژی رووناك وایه‌و ، ده‌بێت ئێوه‌ش به‌چاوی موجه‌ڕه‌دی خۆتان بیبینن!
له‌بواری دارایی و نه‌بوونی چاودێریی دارایی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی كاریگهرو فه‌عال به‌سه‌ر حزب و حكومه‌ته‌وه، دۆخێكی ده‌سته‌به‌ر كردووه كه گه‌نده‌ڵی بیست‌و یه‌ك ساڵی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه كه‌ڵه‌كه كردووه‌و بارێكی قورسی وای پێكهێناوه فیلیش ناتوانێت چاكسازی تێدا بكات و ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆری ناو گۆڕه‌پانی پاره لووشدان، سزا بدرێن، باوه‌ڕ ناكه‌م سه‌د كادێرو به‌رپرسی حزبی له هه‌ردوو حزبه‌كه‌تاندا و (+ ره‌نگه ناو حزبه بچووكه‌كان و هه‌روه‌ها ئۆپۆزسیۆنیشدا) بمێنێته‌وه.. ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌وه لێپرسینه‌وه‌تان نه‌بووه نه له خۆتان و نه له كه‌سوكارو نه له هه‌ڤاڵانتان! باشه ئه‌گه‌ر له ماڵه‌كه‌ی خۆماندا ته‌نیا یه‌ك هه‌فته لێپرسینه‌وه نه‌كه‌ین چی ده‌قه‌ومێت!؟
-ئه‌وپه‌ڕی گه‌نده‌ڵی!!
له‌بواری هه‌ژاری و كه‌مده‌رامه‌تیه‌وه، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ژارن و بێكاری و نه‌خۆشی و نه‌خوێنده‌واری له‌م نیشتمانه‌دا رۆژ دوای رۆژ زیاد ده‌كه‌ن، به‌وه نییه ئه‌و هه‌موو سه‌یاره‌و ڤێلایانه ده‌بینین و بڕیاری خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی به‌گشتی بده‌ین، نه‌خێر وا نییه، ئه‌وه كه‌مینه‌ن، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ژارن، كرێنشینن و بێمووچهن و ده‌ستگێڕو فرۆشیارو كاسب و سواڵكه‌رن! جیاوازی مووچه‌ی په‌رله‌مانتارێك و كارمه‌ندێكی ئاسایی، ئاسمان و رێسمانه!
به‌رپرسه‌كان، مووچه‌ی هایلایڤ و ڤیلای هایلایڤ و سه‌یاره‌ی هایلایڤیان هه‌یه به‌ڕێزم، ته‌نیا هه‌ڵامه‌تێك ده‌گرن، به‌ره‌و توركیا‌و هه‌نده‌ران ده‌فڕن بۆ پشكنین و چاره‌سه‌ر! خه‌ڵكیش ده‌پرسن، به‌چی؟؟
بێجگه له بودجه‌ی زه‌به‌لاحی به‌غدا بۆ كوردستان، خه‌ڵكی پرسیار له داهاتی گومرگه‌كان و نه‌وت و غاز‌و تاد…. ده‌كه‌ن!؟
گه‌نده‌ڵیه‌كان و كێماسی و كه‌موكوڕی و گله‌یی و سكاڵاكانمان زۆرن و له ژماردن نایه‌ن و ده‌ست و په‌نجه‌مان شل و كوت بوو، ئه‌وه‌نده‌مان نووسی و ئه‌وه‌نده‌شمان بڵاوكرده‌وه به‌ڵام به دوژمن حسێبتان كردین و كه‌سیش ئه‌و نوسینانه‌مان ناخوێننه‌وه‌و گو‌ێشمان لێناگرن! چ جای وه‌ڵاممان به‌فیشه‌ك و بۆكس و شه‌ق ده‌ده‌نه‌وه، دوا داهێنان و ئیختراعی ده‌سه‌ڵات بۆ نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان (كه زمان و چاوی نهتهوهكهن) فهلاقهكردن و به سه‌ربازگه‌كردنی شاری رۆشنبیری و قوربانییه، شاری سلێمانی ئازادیخوازه!!
به‌ڵام به‌كورتی و به پوختی:
ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌تان عه‌رز بكه‌م، كه ئێمه‌ی هاوڵاتی چۆن ببینه هاوكارو هاریكاری حكومه‌تێك، كه ته‌نیا به بڕیاری نێو ژووره‌كانی ده-بیست به‌رپرسی زۆر باڵای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی ده‌چێت به‌ڕێوه!؟ من ناڵێم ته‌نیا بچۆره‌وه بۆ لای ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵكو بچۆره‌وه سه‌ر بنه‌ما گرنگه‌كانی حكومه‌تێكی مه‌ده‌نی-سیكولار، ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه ته‌نیا پشت به یاسایه‌كی سه‌روه‌رو دادوه‌رانی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له كۆڵه‌كه گرنگه‌كانی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی موئه‌سه‌ساتی، ته‌نیا یاسا‌و ده‌ستوورێكی دیمۆكراسی و دادوه‌رێكی ئازا‌و ئازاد ده‌توانێت وڵاتێك به‌رێت به‌ڕێوه كه /
یه‌كه‌م: یاسای سه‌روه‌ر بێت و كه‌سانی حزبی و لایه‌نه‌كانی تر، ده‌ستكاری و كۆنترۆڵی نه‌كه‌ن. كه بتوانێت كه‌سی گه‌نده‌ڵ و دز و جه‌رده بخاته زیندانه‌وه، نه‌ك پاداشتی بكات.. كه‌سی بكوژیش وه‌ك تاوانبار پێناسه بكات، ئهگهربێتو كوڕی سه‌رۆكی كۆمار‌و هه‌رێمیش بێت. چ نزیك بێت له ده‌سه‌ڵاته‌وه ، چ كوڕه‌زای ئۆپۆزسیۆن بێت!
دووه‌م: چاودێریی دارایی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌و ده‌ستپاكی بێلایه‌ن و به‌هێزی هه‌بێت. كه گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵكارو پاره لووشلێدهر بخاته كونجی زیندانه‌وه، نه‌ك هایلایڤ بژین!
سێیه‌م: په‌رله‌مانێكی به‌هێزی هه‌بێت و چاو‌دێر بێت به‌سه‌ر حكومه‌تێكی عادله‌وه، گوێی وه‌زیرو به‌رپرسی گه‌نده‌ڵ و خائین، رابكێشێت و لێپرسینه‌وه‌ی توندی له‌گه‌ڵدا بكات.
چواره‌م: جیاوازی نه‌كردن له‌نێوان حزبی ده‌سه‌ڵاتدارو بهرههڵستكارو هاونیشتمانیی ئازادا. بۆ ئه‌وه‌ی عه‌داله‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی بچه‌سپێت و مرۆڤی هاوڵاتی و هاونیشتمانیی مه‌ده‌نی بێته كایه‌وه كه هه‌ست بكات مرۆڤێكی به‌به‌هایه‌و سه‌نته‌ره له كۆمه‌ڵگاكه‌یدا، نه‌ك په‌راوێزكراو.
پێنجه‌م: ئه‌م هه‌نگاوانه ده‌توانێت یه‌ك دارایی و یه‌ك پێشمه‌رگه‌و یه‌ك ئاسایش و یه‌ك ئیداره بۆ یه‌ك پارچه له كوردستانه‌كه‌ی باشوورمان بێنێته‌دی و ئه‌و كاته ئینتیمامان بۆ خاك و موئهساسات و حزب و نه‌ته‌وه‌كه‌مان زیاد ده‌كات، ئه‌وكاته وه‌كو تاكێكی ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندی ئاماده ده‌بین ئاڵای وڵات و نیشتمانه‌كه‌مان له‌سه‌ر ته‌پڵی سه‌رمان بنه‌خشێنین.
به‌ڕێزم، ئه‌مانه‌و گه‌لێكی دیكه بنه‌مان و هاوكارن و هاریكارتانن له‌م حكومه‌ته‌و له ده‌یان حكومه‌تی دیكهتاندا، جا چ ئێوه ده‌سه‌ڵاتدار بن یان ئۆپۆزسیۆن، گرنگ ئه‌وه‌یه به كردار پیشانمان بده‌ن، به بڕیاری جه‌سوور و بوێرانه، قۆڵی لێهه‌ڵماڵن و ئه‌و خاڵه گرنگانه بكه‌نه پره‌نسیپ و بنه‌ما، با به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌نگاو بنێین…!!!!!!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه، رقه‌به‌رایه‌تی ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵكی نه‌یارو ناههواداری خۆتان بكه‌ن و هه‌ر توندوتیژ بن و سه‌ربازو چه‌كبه‌ده‌ست و كێبڵ به‌ده‌ست و جه‌لادو فهلاقهكهری بۆ بخه‌نه سه‌ر شه‌قام و سه‌نته‌ری شاره‌كان، ئه‌وا ئومێدم نییه ئه‌م گفتوگۆ شهرمنهش بمێنێت و ئه‌م هاتووچۆو سهردانهشتان بۆ لای گۆڕان و كۆمه‌ڵ سه‌قامگیرو گهرهنتیدارتر بمێنێته‌وه تاسه‌ر ..
بۆ مه‌سه‌له‌ی وێنه‌و كاریزمای بارزانیی باپیرتان، وا بزانم زۆرینه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه مه‌لا مسته‌فا رێبهرو پێشه‌وای شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووی وچانی خه‌باتگێڕیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆكه ئێوه ئه‌ركێكی قورسترتان له‌سه‌ره‌و ده‌بێت په‌یامی باپیره‌تان، به پراكتیكی و به كردار پیشانی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بده‌ن، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵناسان و بیرمه‌ندانی ئه‌م سه‌ده‌یه به نه‌وه‌ی ئینته‌رنێت و فه‌یسبووك ناوزه‌دی ده‌كه‌ن، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ته‌نیا و ته‌نیا كردار‌و پرۆژه‌و خزمه‌تگوزارییان ده‌وێت، ئه‌وان وه‌كو من و تۆ، نه‌وه‌ی شه‌سته‌كان نین، كه هزرو بیروباوه‌ڕ به نانی ره‌قه‌وه بخۆن..
قسه‌ی بوێر‌و لۆژیك و هه‌قبێژی ئه‌وه‌یه كه سه‌رده‌می كاریزما‌و وێنه و مه‌بده‌ئو ئایدۆلۆژیا به‌سه‌رچوون!! وێنه و كاریزما له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری و ته‌كنۆلۆژیادا، كاڵ و كاڵتر بوونه‌ته‌وه‌و تاقه پارووه نانێك به كه‌س نابه‌خشێت، ئه‌و شته‌ی ئه‌و كاریزما‌و وێنه‌یه‌ی باپیرتان و شۆڕشگێڕی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، له‌سه‌رووی هه‌موومانه‌وه راده‌گرێت، ئه‌وه‌یه كه كار‌و خزمه‌تی به‌رده‌وام به‌خه‌ڵكی خۆتان پێشكه‌ش بكه‌ن، ده‌بێت، بێنه ماڵه‌كانمان و سه‌ردانیمان بكه‌ن، وه‌كو سهدامیشتان پێناكرێت!! كه بێنه ماڵ و گوزهرهكانمان، ته‌ماشای سه‌لاجه‌و موجهمیدهكانمان بكه‌ن، ته‌ماشای سۆپای زستان و موبهردهی هاوینانمان بكه‌ن، ته‌ماشای منداڵی له‌تۆز گه‌وزاوی نێو كۆڵان و نێو شه‌قاممان بكه‌ن، ده‌ستی پیره پیاوه كه‌وتووه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كانمان بگرن، چاوی قه‌تیسی سواڵكه‌ری ته‌زیووی سه‌ر شۆستهكانمان بسڕن.. بچنه عه‌یاده‌ی دكتۆره سیخناخهكان و گیرفانی سارده‌وه‌بووی نه‌خۆشه‌كانمان گه‌رم بكه‌نه‌وه..
زۆر‌و زۆری تریش ماوه، به‌ڵام مهرهكهبهكهم تیا نه‌ما چونكه سه‌رگوزه‌شته‌و سكاڵامان بێشوومارهو زمانی وتن ده‌ره‌قه‌تیان نایه‌ت!!!!!!
*ئومێده‌وارم ئه‌م نامه كراوهیهم وه‌ڵامێكی برایانه‌ی پڕ له رێز‌و حورمه‌ت بێت، به‌دڵ و به چاوێكی برانهشهوه بیخوێننه‌وه، چونكه به‌نده خۆی به دڵسۆز‌و كوردێكی پاكی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ ده‌زانێت، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئهكادیمیاو بهرزتریشم.. بۆیه ناتوانم زمان و ره‌خنه‌ی گوڵاوی خۆم، بۆ هیچ كه‌سێك بگۆڕم، هێشتاكه وه‌كو برا ته‌ماشای هه‌موو تاكێكی كورد ده‌كه‌ین و دیالۆگ و نامه‌ی كراوه‌ش ده‌بێت به زمانی گوڵ و عه‌تر بنووسرێته‌وه و بسازێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی شوێنه‌كه خۆشتر بكات و زهمینهخۆشتر بێت بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت.
سلێمانی 21ی2ی2012