Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

راڤه‌ …. 8

Be First!
by August 11, 2008 گشتی

 راڤە
 8
 رەگەز رەشید هەفتانە دەینووسێت

 
 عیادەى دكتۆر و سوێندی پزیشكی
 
 ئەگەرچی من پیشەى پزیشكی بە پیشەیەكی پیرۆز و فرە مرۆڤایەتی دەزانم، بە تایبەت كاتێك كەسێك لە تاو ئازاری جەستە و دەروونیدا بە دوای فریادرەسێك دەكەوێت و لەبەردەم پزیشكێكدا دەكەوێتە نزا (خۆی بریندار و پزیشكیش حەكیم) بۆ ئەوەى بیماری دەردی بكات.. ئەو وێنەیەى نەخۆش و پزیشك، ئەو وێنەیەى بریندار و بیمار، هەر بەتەنها لە وێنەیەك هەیە كە ویژدان و مرۆڤایەتی ئامادە بێت.
 بەڵام ئەوەی جێگای داخ و پرسیارە، گوێ نەدانی زۆربەى دكتۆرەكانی ئێمەیە بە ئاكاری پزیشكی و هێندێكیان هەر زوو سوێندی پزیشكیان بیر دەچێت. ئەمەش بە تایبەت لەنێو عیادەكانیان هەستی پێدەكەین. بۆ نموونە بە پێی هەواڵێك ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین بڕیاری داخستنی كۆمەڵێك عیادە دەدات، ئەمیش لە كاتێكدا دێت كە سەرپێچی لە یاسای عیادەكان دەكەن و لە بڕی وەرگرتنی 8 هەزار دینار لە نەخۆش، 15 هەزار دیناریان لێوەردەگرن).
 رەنگە ئەو  نموونەیە یەكەم نموونە نەبێت بۆ ئەوەى بزانین كە بەشێكی زۆر لە پزیشكانی ئێمە گوێ بە نەخۆشان نادەن و سوێندی پزیشكییان لە عیادەكانیان بیر دەچێتەوە، بەڵكو كاتێك سەردانی ئەو عیادانە دەكەیت، جگە لەوەى پیس و بێسەروبەر دێنە بەرچاو، زۆر جاریش دكتۆر بەهۆی جەنجاڵی موشتەرییەكانی چوار چوار نەخۆش بەیەكەوە دەكاتە ژوور، بێئەوەى گوێ بەوەى بدات كە بەشێك لە سوێندی پزیشكی باسی ئەوە دەكات كە نهێنی نەخۆش بشاردرێتەوە، ئاخر جەنابی دكتۆر بیری دەچێت كە كردنەوەى چوار نەخۆش بەیەكەوە، نهێنیەكان ئاشكرا دەكات..
 رەنگە هەركەسێك ئەو نووسینە بخوێنێتەوە نموونەى دیكەى لەبەر چاوبێت و داخ لەدڵ بێت لەبەرامبەر عیادەكانی ئێمە، بەڵام با بپرسین بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین دەتوانێت بەهۆی سەرپێچی عیادەكان دابخات، بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی شارەكانی تر ئاوڕێك لەو پرسە نادەنەوە؟ خۆ ئەگەر بیانووی عیادەكانی ئێمە ئەوە بێت كە بینای باش نییە تا عیادەكانیان لە بێسەروبەری و ناشیرینی بپارێزن، چۆن وەڵامی ئەوە دەدەنەوە كە پزیشك هەیە لە عیادەكەى خۆى رۆژانە زیاتر لە 100 نەخۆش بەڕىَ دەكات؟ ئاخر من نازانم بۆ چەند كاتژمێرێك كار، چۆن دەكرێت ئەو رێژە زۆرەى نەخۆش ببینرێت و چارەسەر بكرێن؟ لەكاتێكدا بڕواناكەم لە هیچ شوێنێكی ئەو سەر زەمینە پزیشك هەبێت بە تەنیا لە چەند كاتژمێرێكدا ئەو رێژە زۆرەى نەخۆش ببینێت، ئەمە جگە لەوەى لە بەیانیەكەشیدا رێژەیەكی دیكەى نەخۆش دەبینێت.
 _ یەكێك لەو مۆدێلە ترسناكانەى كە لەلای هێندێك لە پزیشكانی ئێمە درووست بووە، ئەوەیە كاتێك لە نەخۆشخانە نەخۆش دەبینن، ناونیشانی عیادەكانی خۆیانیان دەدەنىَ و زۆر جاریش لەسەر كاغەزی دەرمان نووسین ناوی عیادەكانیان دەنووسن (ئێمە جارێكی تر بە دیكۆمێنت لەسەر نموونەیەكی لەو جۆرەمان نووسی). ئەو مۆدێلە ترسناكە ئەگەر هیچمان پێ نەڵێت، گوزارشتێكی گەورەیە بۆ بازرگانی كردن بە سوێندی پزیشكی و ئەو پیشە جوانەى كە بە هۆی هێندێك پزیشكەوە، ئەوانی تریش لەكەدار دەكات. ئەگەرچی هێندێك پزیشك لێرەو لەوىَ هەن، كە بەتەنیا خەمی نەخۆشیان هەیە و تا سەر ئێسقان پابەندن بە سوێندی پزیشكی، بەڵام چی دەڵێیت كە رۆژانە نموونەى ناشیرینی مامەڵەى دكتۆر و عیادەكانیان دەبینیت؟.
 
 r_ragaz@yahoo.com
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply