Skip to Content

Wednesday, September 30th, 2020

راگەیاندنەكانى كوردستان قەیرانی ئەركەك و دۆڕانى متمانە

Be First!
by May 8, 2008 گشتی

  مەجید ساڵح……

 لە رۆژئاوا گەر رۆژێك میدیاكان لە كار بكەوون یان مان بگرن، كۆمەڵگاكانیان تووشى پشێوىو سەرلێشێوان دێت، چونكە زیاتر لە 80% خەڵك زانیارییە رۆژانەكانیان لە كەناڵەكانى راگەیاندنەوە وەردەگرن. دەستورو یاساكانیش مافی ئەوەى بە كەناڵەكانی راگەیاندن داوە هەر زانیارییەكیان بووێت (تەنانەت زۆر زانیارى سەربازیش) پێى بگەنو لەسەرچى دەنووسن ئازادن (لە نووسین لە سەر بەرپرسسەكانى حكومەتەوە بگرە، تا دەگاتە نهێنییەكانى ئەكتەرێكى سینەمایی). كەچى زۆر بەدەگمەن نەبێت، نەمانبینی رۆژێك رۆژنامەنوسێك بدرێتە دادگا. بەڵام سەرەڕاى ئەوەش هێشتا لەو وڵاتانەشدا ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەوانى نەگەیشتوەتە ئەو رادەیەى خۆیان دەیانەوێت.
   چۆن "ئیدوارد مارو" دەڵێت: "دەبێت لە بیرمان نەچێت ئازادى رۆژنامەوانى لە پێش هەموو شتەكانەوەیە". لەم سەردەمەدا هیچ حكومەتێك ناتوانێت باس لە  دابینكردنى ئازادییەكان بكات بێ ئەوەى ئازادی رۆژنامەوانى بۆ كۆمەڵگاكەی بە شێوەیەكى تەشریعیو بێ كۆسپو كەند دابینكردبێت. میدیاى كوردی لە كوێی كۆمڵگاى ئێمەدایە، ئەى حكومەت چۆن دەڕوانێتە ئازادی رۆژنامەوانى دواتر ئەو هۆكارانە چین بونەتە هۆى نەمانى متمانەى خەڵك بە میدیاى حزبیو چى بكەین بۆ ئەوەى میدیاى ئێمەش ئازاد بێت؟ ئەمەى خوارەوە هەوڵێكى سەرەتاییە بۆ دەستخستنە سەر ئەو گرفتانە. بەڵام با لە پێشدا بزانین ئەركە سەرەكییەكانى راگەیاندن چییە.
 ئەركەكانی راگەیاندن چییە؟
 رەنگە سەرەكى ترین ئەركى كەناڵەكانى راگەیاندنەكان بریتبێت لە گەیاندنى هەواڵو پەیامو بیروڕاو لێدوانە رەسمىو نارەسمیەكان بە پەیام وەرگرەكانیان. مرۆڤەكانى ئەم سەردەمە بۆ ئەوەى بە شارەزاییەوە هەڵوێستو بڕیار لەسەر رووداوو كارەساتە ژینگەیىو نەتەوەیىو نێودەوڵەتییەكان بدات، پێویستى بەوەهەیە لەماوەیەكى كەمدا ئاگاى لە هەموو هەواڵە ناوخۆیىو جیهانیەكان هەبێت. لە رۆژئاوا میدیاكان سات بە سات ئەو خزمەتگوزارییە بەوپەڕى وردەكارییەوە لە گەورەترین رووداوى سیاسیی وەك واترگێت تا مەسەلەى مۆنیكاو كلینتۆن، تا بگاتە ریكلامكردن بۆ كاڵایەكى نوێ دەگەیەنێت بە خەڵك.
 ئەركى دیكەى كەناڵەكانى راگەیاندن بریتیە لەپێگەیاندنى كۆمەڵایەتی. پەیوەندییەكان چیدى وەك جاران بە تەریكیو دابڕاوى نەماونەتەوە، بەڵكو هەرتاكێك بگرى رۆژانە دەیان پەیوەندى كۆمەڵایەتى لەگەڵ كەسانى تردا دەبەستىَ، راگەیاندنەكان لەڕێگەى پەیامە مەعریفىو زانستیەكانەوە ئەو كارئاسانیەیان بۆ  دەكات تاكو وەك كەسانى كارامەو شارەزا هەڵسوكەوت بكەن.
 ئەركى دروستكردنى پاڵنەر بۆ پێكەوە ژیان، یەكێكى دیكەیە لە ئەركەكانى راگەیاندن. راگەیاندنى هاوچەرخ دەتوانىَ لە ناو كۆمەڵگاكاندا ئامانجى نوىَ دروست بكاتو لەرەوتى پێشكەوتنو داهێنان نزیكیان بكاتەوە، هەروەها دەبێتە هاندەرێك بۆ تاكەكانى كۆمەڵ تاكو ژیانێكى سەربەستو بەكەرامەتو دوور لەپەستان بژین.
 مرۆڤى ئەم سەردەمە لەگشت كاتەكان زیاتر پێویستى بەوە هەیە دیالۆگى بەبەرهەم لەگەڵ دەوروبەریدا سازبكاتو راستییەكانو بیرو راجیاوازەكان ئاڵوگۆڕ بكات. كەناڵەكانى راگەیاندن، بە تایبەتى پاش ئەو پێشكەوتنە گەورانەى تەكنەلۆژیاى پەوەندییەكان بە دەستی هێناوە، ئاسانترینو خێراترین ریگەن ئەو مەبەستە.
 راگەیاندنەكانى ئەركى پێشخستنو هاوچەرخكردنى كولتورەكانیشیان لە ئەستۆدایە. لەكۆنەوە تاكو ئێستا ئەركى گەیاندنى كولتورو دابو نەریتەكانیان لەنەوەیەكەوە بۆنەوەیەكى تر لەئەستۆی كەناڵەكانى راگەیاندندا بووە. میدیا گونجاوترین ریگەیە بۆ ئەوەى كلتورە لوكاڵیەكان لەسەر ئاستى دونیادا پەخشو بڵاوبكاتەوەو جۆرێك لەبەجیهانى بوونیان پىَ ببەخشىَ لەگەڵ زەمانەشدا بیانگونجێنىَ.
 ژمارەی ئەوانەى بۆ بەسەربردنى كاتى خۆشو پڕكردنەوەى دەستبەتاڵییەكانیان پەنا بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن دەبەن بەشى هەرە زۆرى پەیاموەرگرەكان پێك دەهێنن. میدیاكان دەكرێت رێگەى پەخش كردنى دراماو گۆرانىو سەماو هەڵپەڕكىَو موزیكى میللىو جیهانىو وێنەو چیرۆكو بەسەرهاتو وشەى یەكتربڕو سۆدۆكۆ….هتد، پشوویەكو كاتێكى خۆش بۆ پەیام وەرگرەكانیان فەراهەم بكەنو لەماندووبوونى كارى رۆژانە رزگاریان بكەن.
 متمانەى لە دەستچوو:
 كۆمەڵێك هۆكار هەن بونەتە هۆى دواكەوتوویی راگەیاندنەكانى كوردستان. لە سەرووى هەموویانەوە ئەو ژینگەیەى تێدا كاردەكات. ئێمە دەزانیین زۆربەى رۆژنامەنووسەكانى كوردستان كەسانى ناپسپۆرو دەرەوەى كارى رۆژنامەوانین، جاران شاعیرو ئەدیبە سەرنەكەوتووەكان خۆیان دەخزاندە ناو ئیشەكەوە، دواى راپەڕینیش هەركەسێك لە كاری حیزبایەتیدا شكستى دەهینا دەبوو بە رۆژنامەنووس. لە دواى دووهەزراریشەوە لە پەیمانگاو زانكۆكاندا چەند بەشێكى رۆژنامەنووسى كراونەتەوەو ساڵانە كۆمەڵێك دەرچووى خۆیان فڕێدەدەنە بازاڕەوە. بە ناوى "ئەكادیمیی" بوونەوە گۆمەكەیان هێندەى دیكە لێڵ كردووە. ئەوەش لە لایەك بوەستێ، پش رووخانی رژێمى بەعسیشەوە، چەند رێكخراوێكى بیانى، كۆمەڵێك خولیان بۆ رۆژنامەنووسانى كوردستان كردوەتەوە بێ رەچاوكردنى واقعى سیاسییو كۆمەڵایەتىو ئابورى كوردستان؛ پێوەرە رۆژئاواییەكانی خۆیان دەسەپێنن بەسەر رۆژنامەنووسانى كوردستاندا.
  تاكو ئێستا لە كوردستاندا كەناڵە گەورەكان بەپارەى حكومەت لە دەستى حزبەكاندان. ئەوانیش كەناڵەكانى راگەیاندن وەك ئامرازێك بۆ بەخشینى شەرعەیت بە خۆیان ودەسەڵاتەكەیان بەكاردێنن، هێشتا بە پێى تێوریی حیزبە شوعیەكانى سەردەمى شەڕى سارد كە پێى وایە "راگەیاندن باشترین هۆكارە لە رێگەیەوە جەماوەرى پێ تەعبیە بكرێتو رۆژنامەنووسانیش بەشێكن لە لەشكرى دوژمن بەزێن" كاردەكەن.
 گەر هێڵێكى وا بۆ میدیا رابكێشرێت كە تەنها سەرقاڵى پێاهەڵدانو گێڕانەوەى دەسكەوتەكانى راپەڕینو خەباتى شاخو شارى حیزبەكان بێتو باس "لە درێژەى ئەو خزمەتگوزاریانە" بكات كە حكومەت پێشكەشى هاووڵاتیانى دەكات، ئەو كاتە پەیامى راگەیاندن پوچو بێماناو بێكاریگەر دەبێتو پەیامى كەناڵى راگەیاندن تەنها پڕوپاگەندەیە نەك زانیارى. لەم حاڵەتەدا میدیا واقعێك دەگوێزێتەوە پێچەوانەى ئەوانەیە خەڵك بە چاوى خۆیان دەیبنین.
  ئەزموونى چەندین ساڵەى كەناڵەكانى راگەیاندنى حزبی و لە دەستدانى راستگۆیی بە شێوەیەكى رێژەیی و پەنابردنى پەیام وەرگرانى كورد بۆ كەناڵە بیانییەكان، ئەوە دەردەخەن خیتابی میدیاى حزبی لە كوردستان لە ژێر كۆمەڵێك پرسیاردایەو پێوست بەخۆداچوونەوە دەكات. كێشەكە بە تەنها لەومادانە نییە كە پێشكەش دەكرێن، بەڵكو لە گەڵ ئەو كەسو لایەنانەدایە كە جەڵەوى ئەو كەناڵانەیان لە دەستگرتووە، ئەوان بێ ئەوەى بە خۆیان بزانن، خەریكى لە گۆڕنانى ئەو متمانەین كە لە سەردەمى نەبوونى میدیاى ناحزبیدا بەدەستیان هێنابوو.
 ئازادىو بەرپرسیارێتى:
 بەبەراورد لەگەڵ تەمەنی 110 ساڵەى رۆژنامەوانى كوردستاندا، ئەوەى پێى دەوترێت رۆژنامەوانى ئازاد تەمەنێكى كورتى هەیەو دەكرێت بڵێن لە پاش 2000وە لەم بەشەى كوردستان سەرى هەڵداوە. پێش ئەوەى باس لە شێوازى كاركردنو لەمپەرەكانى بەردەمى ئەو جۆرە رۆژنامەوانیە بكەم، بەباشى دەزانم قسە لەسەر ئەو ناوە بكەم "میدیاى ئازاد"
 ئامانجی هەموو كەناڵێكى راگەیاندن ئەوەیە رووداوو زانیارییەكان وەكو خۆیان بەبێ زیادكردنو كەمكردنەوە بگوێزێتەوە بۆ ئەو پەیام وەرگرانەى كە رووداوەكەیان نەبینیەوەو بەشدارییان تێدا نەكردووە. ئەو كارەش لە پێناوى دروستكردنى پردى پەیوەندیی لە نێوان تاكەكانى كۆمەڵگادا دەكرێت. بە چاوپۆشین لەوەى كێ رۆژنامەكە دەردەكات، عەلییە یان وەلی، حزبە یان كۆمپانیا، هەر كەناڵێك بەو ئەركە هەستا كەواتە "كەناڵێكى ئازادە". مەرجی ئازاد بوونیش سەربەخۆییە. سەربەخۆیی لە رووی مادییەوە لە گەڵ سەربەخۆیی فیكرىو سەنگەرنەگرتنى ئایدۆلۆژى مەرجێكى دیكەىرۆژنامەنووس و رۆژنامەى ئازادە. بەداخەوە لە كوردستاندا "رۆژنامەى ئازاد" هەیە لە رۆژنامە حزبیەكان زیاتر دیلی ئایدۆلۆژیایەو بەردەوام چاویلەكەى رەشی بۆ نەبینى نەیارە ئایدۆلۆژییەكانى خۆی لەچاوكردوەو پەیامەكانى دەچنە ریزى پڕوپاگەندەوە نەك گەیاندنى زانیارى. لەوەى سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت رۆژنامەوانى ئازادو رەخنەگر بەرپرسیارێتیەكى گرنگو گەورەیە، هەم بۆ خودی كەناڵەكەو هەمیش بۆ ئەو كۆمەڵگایەى تێدا كاردەكات. بەبێ بوونى رۆژنامەوانییەكى ئازادى راستەقینە كۆمەڵگا وەك ئۆتۆمبێلێكە تاییەكى پەنچەر بێت.
 كاتێك بۆ بەخۆداچوونەوە:
 باشكردنى بارودۆخى رۆژنامەوانى لە كوردستان بە تەنها لە ئەستۆى دەسەڵاتى سیاسییدا نییە، بەڵكو پێویستە دامودەزگاكانى راگەیاندنو سەندیكاو رێكخراوەكانى رۆژنامەنووسانو خودی رۆژنامەنووسانو تەنانەت كۆمەڵگاش بەشدارى تێدا بكەن. پێویستە هەموو ئەوانەى سەرەوە لەم خەمساردیە دەرچنو لە گەڵ ئەو واقعەكەدا هەلسوكەوت بكەنو دەست لە سەر برینەكان دابنێنو رێگەچارەى گونجاوی بۆ بدۆزنەوە. پێش هەر شتێك پێویستە پەرلەمانى كوردستان لە رێگەى دانانى "یاساى مافی پێدانى زانیارى" رێگە بۆ رۆژنامەنووسانى كوردستان خۆش بكات بە ئاسانى دەستیان بگاتە هەموو زانیارییەك كە بەلاى خەڵكەوە گرنگن. ئەو یاسایە دەبێتە هۆى نەهێشتنى ئەو بیرۆكرتاتەتەى كە هەیە لە كاتى بەدواداچوونى رۆژنامەوانان بۆ كێشەیەك.
 هەروەها پێویستە حكومەت بە یەكچاو تەماشای رۆژنامەكان بكات و جیاوازی نەكات لە نێوان رۆژنامە حزبیو غەیرە حزبیەكاندا؛ بە تایبەتى لە كاتى پێدانى زانیارىو ریكلامى دامودەزگا حكومییەكان. وەك باوە لە زۆربەى ئەو وڵاتانەى كە رۆژنامەكان ناتوانن لە رێگەى فرۆشەوە خۆیان بژێنن، حكومەت لە رێگەى تەرخانكردنى بە شێك لە بودجەى بۆیان دەستگرۆیی داراییان دەكات و بەشداردەبێت لە پێشخستنى ئازادی رۆژنامەوانى. دامودەزگاكانى راگەیاندنى كوردی بە دەزگاى راگەیاندنى حزبەكانیشەوە، رەگەزێكى گرنگى باشكردنى بارودۆخى كارى رۆژنامەوانی لە كورستان پێك دەهێنن، ئەوانیش دەتوانن لە رێگەى "پلانى راگەیاندن"ێكى مۆدێرنەوە ئەو ئەركانەى كە لە سەرەتاى ئەم بابەتەدا دەستنیشانكراوە جێبەجێ بكەن. مەكتەبەكانى راگەیاندنى حزبەكان دەكرێت لە تەبعیەتى حزبی رزگاریان بێتو ببنە دەزگاى سەربەخۆى راگەیاندنو كەناڵەكانى راگەیاندنیشان لە جیاتى پڕوپاگەندەى حزبى رووت، حەقیەقەتو زانیارى پەخش بكەن، با لە سەر خۆشیان بێت، چونكە گەر ئەوانیش بڵاوى نەكەنەوە، خەڵك لەم سەردەمى زانیارییەدا لە جێگەى دیكە بەدوایدا دەگەڕێو دەیدۆزێتەوە.
 سەبارەت بە خودی رۆژنامەنووسانیش پێویست دەكات لە نوێترین تێورییەكانى كارى رۆژنامەوانى جیهانى ئاگاداربنو هەر گروپێكیان خۆیان لە رێكخراوى كۆمەڵى مەدەنی تایبەت بە خۆیان وەك رۆژنامەنووسانى تەلەفزیۆنو رادیۆو پەیامنێرانو سەرنووسەران…هتد رێكخەن. جێگەى داخە زۆرجار دەبینین هەندێك بەناو رۆژنامەنووس بازرگانى بە پیشەى رۆژنامەوانیەوە دەكەنو لە پێناوى بەرژەوەندیى تەسكى خۆیانداو لە سەر حسابی بەرژەوەندی گشتى، رەچاوى بنەما ئەخلاقیو پیشەییەكان ناكەن. ئەوەشى پەیوەندی بە خەڵكو راگەیاندنەوە هەیە؛ ئاشكرایە پەیوەندییەكە دوولایەنەیەو هەردوكیان كارلێك دەكەن. بە بێ بوونى كۆمەڵگایەكى مەدەنى هەرگیز راگەیاندنێكى ئازاد بەرهەم نایەتو كۆمەڵگاش بێ راگەیاندنى ئازاد ناتوانێت ببێتە كۆمەڵگایەكى زیندوو.
 راگەیاندن سەكۆییەكى گەورەیە بۆ پەرەپێدانى دیموكراسییو ئازادی رادەربڕینو دروستكردنى كۆمەڵى مەدەنى و ئاراستە كردنى رایگشتى، گومانی تێدا نییە وەك چۆن كۆمەڵگاى كوردی پێویستى بەوە هەیە میدیایەكى بەرپرسو چاوكراوەى هەبێت، حكومەتى كوردستانیش گەر خۆى بە حكومەتێكى شەفافو دیموكرات دەزانێتو باوەڕى بە ئازادی رادەربڕین هەیە، پێویستى بەوە هەیە لە دەرەوەى دامودەزگاكانى خۆى؛ دەزگایەك هەبێت چاودێرى كاروكردەوەكانى بكات.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply