Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رواو… لەچەقى چاوەڕوانیدا…..ئیدریس عه‌لی

رواو… لەچەقى چاوەڕوانیدا…..ئیدریس عه‌لی

Closed
by October 28, 2008 ئەدەب

                رواو… لەچەقى چاوەڕوانیدا
 
 دڵم خۆشە
 مناڵیى داویە لەكەلەم..
 بەو رێیەدا..  كەلێوەى هاتم بۆ مردن
 بەسوارى قامیشێكەوە
 بەدەم فیكە لێدانەوە
 دەگەڕێمەوە لاى ژیان،
 دەچمەوە بەردەرگاى مەكتەب
 كە هەمووجار بەقەڵەمى رەش لەسەریم دەنووسى
 " بەیانى پشووى رەسمییە.. هەموومان دەچین بۆ سێو  دزین".
 دڵم خۆشە
  ئەوین پێى لێكردووم بە كەوشا
 بەرلەوەى بڕۆم
 دوو پسك عەتر.. ئەدەم لە ملى رێحانە
 عەینەكێكى شەمسى.. دەكەمە چاوى سمۆرە
 چەترێك.. ئەدەمە دەست باران
 دەستكێش.. هەڵدەكێشمە دەستى بەفر
 مستیلەیەكى زیو.. دەكەمە پەنجەى كاریلە
 نینۆكى پەپولە.. بەرەنگى ترى بۆیە دەكەم
 چپەیەكى خۆش دەكەم بۆ تەنهایى ،
 جانتاكەم دەكەمەوە
 قەڵەمێك دەردێنم
 دەكەومە وێنەكردنەوەى رابردوو
 باخچە تۆخ تۆخ دەكەمەوە
 پەنجەرەیەكى ڕا ڕا  دەكێشم
 سێبەرێكى درێژ  درووست دەكەم
 لەسەر سنگى تاریكى.. تارمایى خەمێك دەنەخشێنم
 ئیمزایەك ئەدەم لە درەخت
 دەنووكى كۆتر بە ماچ  تیژ دەكەمەوە
 خەیاڵ هەڵدەكێشم لەرۆیشتن
 دەكەومە كەڵكەڵەى نووسینو گێڕانەوەى خەونى سەیر سەیر
 لێوى گریان بەگێلاس سوور دەكەم
 چاوەڕوانى بە شاتوو رەش دەكەمەوە،
 دڵم دەكەوێتە هەڵفڕین
  نەرم .. نەرم.. بەژێر هەتاوەكەدا  دەڕۆم
 كتێبێك لەسەر شۆستەكە هەڵدەگرمەوە
 كتێبێكى بەرگ پەمەیى
 دەیبەمە ناو باخچەكەى حەوشە
 لەرادیۆكەوە
 دەنگى مۆسیقایەك دەبیستم
 كتێبەكە دەنووسێنم بەدڵمەوە
 دەستدەكەم بەخوێندنەوەى ژیان،
 لاسكى رێحانە دەخەمە نێوان لاپەڕەكانییەوە
 بۆ ئەوەى كە لەخەیاڵ گەرامەوە
 بزانم لە كوێتدام..
 كتێبێك دەخەمە سەر كۆشم
 كتێبێكى ماكسى پەمەیى
 لە كۆڵانەكەوە دەنگى سەوزە فرۆشەكە دێت
 ئەمبوڵانس لوورە لوور
 هەموو شار دەبات بۆ ژوورى ئینعاش،
 لەمنارەى مزگەوتەكەوە حاجى لەقلەق هاوار دەكات ( اللە اكبر)
 هەموو گەڕەك بەگۆچانەوە دەچن بۆ نوێژ،
 ریزێك چۆلەكە لەسەر تەنافەكە هەڵدەنیشن
 ستیانو تەنوورەو ئاوەڵكراسەكان ریقناوى دەكەن،
 كەچى من
 كتێبێكى ماكسى پەمەیى هەر لەباوەشمایە
 یەكبینە  هەر تۆ دەخوێنمەوە،
 جارجار نەبێت كە خەیاڵ دەمبات:
 ناوكى ترىَ
 توێكڵى خەیار
 تاڵێك لەسمێڵى پشیلە
 لەتێك لەرۆحم
 قومێك دووكەڵى جگەرە
 دەنكە گەنمێك بە دەمى مێرولەوە
 پارچەیەك كلێنس لەگیرفانى چۆلەكەدا دەردێنم
 دەینێمە نێوان لاپەڕەكانیەوە
 بۆ ئەوەى كە لە خەیاڵ گەڕامەوە
  بزانم لەكوێتدام.
 كتێبێك دەنێمە بنباڵمو دەڕۆم
 لەپاسدا شوێنى نەفەرێكى بۆ دەگرم
 لە شەعب چایەكى بۆ بانگ دەكەمو جگەرەیەكى دەدەمىَ
 لەسەرجادە دەستى دەگرمو دەیپەڕێنمەوە
 دەچینە بازاڕى زانكۆ
 كراسێكى پەمەیى بەدڵى ئەو دەكڕم
 وێریدەكەم لەسەر من عەترێك هەڵگرىَ
 دەیناسێنم بەهاوڕێكانم،
 لەدوورەوە كاشانى نیشان دەدەم
 سهرابى بۆ دەخوێنمەوە.. دەیبەم بۆ ماڵى لۆركا
 لەگەڵ ماركیز رەسمیان دەگرم
 واى لێدەكەم گوىَ لەماملىَ بگرێت
 فێرى چاتى دەكەم.. دەیبەم بۆ رۆژنامە..
 ناهێڵم هەواڵى شەڕەكان ببینىَ
 بانەزانىَ هەفتەى پێشوو
 چەند سنەوبەر خۆیان سووتاند
 بانەبیسێت چەند سوورە ماسى
 لەسەرابى غوربەتا خنكاند،
 خەنى دەبم
 بەم نەختە رووناكییەى ژوور سەرم
 بەم چڵە ئومێدەى داومە لەیەخەم،
 دڵخۆش دەبم
 بەهەر شتێك كە  بۆنى ژیانى لێدێت.
 قوشقى دەبم
 بەسڵاوێك كەبەدەستى هاوڕێیەكمەوە بەردەبێتەوە
 بەنیگایەك كە لە ژێر عەینەكى كچێكەوە دەڕژێت
 بەمنداڵێك كەبەسوارى پاسكیلەوە نانى گەرم دەباتەوە
 بەژنێك كە بە بوخچەى حەمامەوە بەیانی باشم لێدەكات
 بەئیمەیلەكانى ( كاروان) 1 كە داخن بە میهرەبانى
 بەگومانە شەرعیەكانى ( یوسف) 2 لەژیان
 بەلێزمەى بارانەكانى (غەمبار) 3 كە سڵاوى پێدا دەنێرێت بۆ نیشتمان
 بەفیكە فیكى حەسحەسێكى شەوانە
 بەحەماڵێك كە  فەردە "پیاز" دادەگرێت
 بەفێنكایى چواردەورى عەرەبانەى بەقاڵێك
 بەغەڵبە غەڵبى بازاڕى لەنگەكە
 بەشانشانێنى بەردەرگاى هۆڵى شانۆ
 بە چاوەڕوانى بەردەم نانەواخانەیەكى لاكۆڵان
 بەبۆنى حێلو دارچینىو.. مڵچە مڵچى شەكرى كڵۆ لەدەمى بێدانێكدا
 بە زرینگە زرینگى تێكدانى پیاڵەیەك چا.. لەبەیانییەكى دڵخۆشی هاویندا
 بەهووها كێشان لە دوو كەڵەشێرى شەڕانى
 بەئاورشێنكردنى بەردەرگاى خەیاڵ
 بەخرمە خرمى پێى مێرولە كەبەسەر بەفردا دەڕوات
 بەدەنگى كردنەوەى دەسكى دەرگا
 بەزەنگى پشووى نێوان وانەكان
 بەدەنگى گۆچانى ئیختیارەكانى لاى مزگەوت
 بەبۆنى مەنجەڵێك نیسكێنە لەماڵە باجێنەى كۆڵانێكدا
 بەكەسێكى رواو لەچەقى چاوەڕوانیدا..
 كە رەنگە مناڵى لەسەردا هاتبىَو دابێتى لە كەلەى
 كە رەنگە خەونى دیتبىَ ئەوین پێى لێدەكات بە كەوشاو
 مەزەنەى كردبێت دڵى كەوتۆتە هەڵفڕین.
 
 ——————
 تێبینى ئەو ناوانەى  لەم دەقەدا هاتوون:
 1- كاروان كاكە سوور
 2- یوسف عیزەدین
 3- جەمال غەمبار
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.