روحتاو از شاهو تا برزنجه‌ی چاپ و بڵاوكرده‌وه
یارسانه‌كان یان وه‌ك له هه‌ندێ ناوچه‌دا به “ئه‌هلی حه‌ق، عه‌له‌وی، كاكه‌یی، هاواری” ناو ده‌برێن، خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێكی گه‌وره‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لای به‌شێكی باوه‌ڕداری سه‌ر به ئه‌م ئایینه، نووسین و بڵاوكردنه‌وه له‌سه‌ر ئایینه‌كه‌یان به كارێكی ناپه‌سه‌ند داده‌نرێت، تا ئێستا وه‌كو پێویست زانیاری له‌سه‌ر تێكست و ئایینی یارسانی له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام لای به‌شێكی تریان “به‌تایبه‌تی ئه‌و یارسانانه‌ی كه له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێن”، نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر ئایینه‌كه‌یان نه‌ك هه‌ر كارێكی ئاساییه، به‌ڵكو ڕێگه‌یه‌كیشه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵانه‌ی كه له سه‌ر ئایینه‌كه‌یان لێره‌وله‌وێ ده‌وترێن و ده‌نووسرێن. ئنستیتیوتی كه‌له‌پووری كوردیش له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ی كه تێكست و فه‌رهه‌نگی یارسانی به به‌شێك له كه‌لتووری كورد و كوردستان ده‌زانێت، هه‌روه‌ها پاڵپشت به‌و كۆمه‌ڵه واژۆیه‌ی كه له‌لایه‌ن كه‌سانی ئایینی یارسانییه‌وه به‌و تێكستانه دراون كه له‌م كتێبه‌دا هاتوون، ئنستیتیوتی كه‌له‌پووری كورد ئه‌م كتێبه‌ی چاپ كردووه.
ئاشكرایه كه كه‌لام و تێكسته كۆنه‌كانی یارسان، په‌یوه‌ندیان به 72 ده‌وره‌ی مێژووییه‌وه هه‌یه و ئه‌وه‌ی له‌م كتێبه‌دا هاتووه، ته‌نها بریتییه له یه‌كێك له‌م ده‌ورانه كه په‌یوه‌ندی به ماوه‌ی سه‌فه‌ركردن و گه‌شتنامه‌یه‌كه‌وه هه‌یه كه له “شاهۆ”وه ده‌ست پێده‌كات و له”به‌رزنجه” كۆتایی پێ دێت.وه‌كو ناوه‌رۆكیش بریتییه له سه‌رگوزشته‌ی پڕ ڕاز و ڕه‌مزی روحتاو “پیربنیامین” و (ێ‌تسا “خاتون رزبار” كشكول “داود كوسوار” و قلم “مصگفی داوان”) و هه‌ریه‌ك له “بشارت” و یاران “عنقا” كه وه‌ك دوو هاوڕا له دیداری روحاتاودا بوون. تێكڕای كه‌لام و به‌سه‌رهاته‌كانی نێو ئه‌م گه‌شته، له 297 به‌نددا ڕیزكراون و لای یارسانه‌كان به قسه‌ی پیرۆز و یاسا ده‌زانرێن و لێی لاناده‌ن.
شایه‌نی باسه، كتێبی (روحتاو از شاهو تا برزنجه) له نووسین و ئاماده‌كردنی (سه‌ید محه‌ممه‌د حوسه‌ینی)یه.