Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

رونان و داپلۆسین و رفاندنی خۆپیشانده‌ران چاره‌سه‌ری ده‌ردی ده‌سه‌لات ناکات

Be First!
by April 25, 2011 گشتی

دوای به‌یاننامه‌که‌ی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌لاتدار که‌ داواکاریه‌کانی خۆپیشانده‌رانی ره‌تکرده‌وه‌ و به‌ ده‌ستی ئۆپۆزیسیۆن ناوزه‌دی کردن، هه‌ره‌شه‌ی له‌ ئۆپۆزیسۆن و خۆپیشانده‌ران کرد،  خۆپیشاندانی قه‌ده‌گه‌کرد، ئیستا هێزه‌ داپلۆسێنه‌ره‌کانی سه‌ر به‌ هه‌ردوو پارت (هیزی دژه‌ تیرۆر، زێره‌ڤان و …) له‌ زۆر له‌ باره‌کاندا دوور له‌ بریاری دادگا ده‌ستیان به‌ راونان، فراندن، ئازاردان و زیندانیکردنی خۆپیشانده‌ران کردووه‌.  سوکایه‌تی به‌ خوێندکارانی کچ و کوڕ دڕاندانه‌‌ کراوه‌ و ده‌کرێت. مال و ترومبێلی که‌سه‌ چاڵاکه‌کان ده‌سوتێنن، شه‌وانه‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌سه‌ر ماڵیان و به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی خۆپیشاندانی قه‌ده‌غه‌کردووه‌ و ره‌تی مۆڵه‌تی خۆپیشاندان جار له‌ دوای جار ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ویستیان خۆپیشاندان بکه‌ن و به‌مجۆره‌ ره‌تی ئه‌م پێشێلکارییه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به‌ مافی گردبوونه‌وه‌یان بکه‌نه‌وه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ داپلۆسێنه‌ره‌کانی پارتی لێیاندرا، ئازاردران، راونران و گیران. ئه‌وه‌ ئه‌و مافه‌ی ئازادی خۆپێشاندانه‌ که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ندین جار له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ خه‌ڵکی فرۆشت. 
ئه‌و کرداره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دووبه‌رێوه‌به‌ری هه‌رێم پێشێلکردنی خالوبه‌نده‌کانی مافه‌ گه‌ردونیه‌کانی مرۆڤه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ بێڕێزییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌، پێشێلکردنی مافی ئاسایشی خه‌ڵکه‌، کۆیله‌کردن و ژێرده‌ستکردنی خه‌ڵکه‌، ئازاردان و هه‌لسوکه‌وتی نزمکه‌ره‌وانه‌ی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌. هه‌روه‌ها پشێشێلکردنی مافی ئازادی ده‌ربڕین و مافی خۆپیشاندانه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات ئاره‌زووی دروشمی خۆپیشانده‌ران ناکات، ئه‌گه‌رچی حه‌ز به‌ چاره‌ی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن ناکات و لایوایه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ سه‌ر به‌ لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنن، ئه‌وه‌ واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ ئیتر ئه‌و خه‌ڵکه‌ مافی خۆپیشاندانی نییه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ ناتوانێ ببێته‌ پاکانه‌ی ئه‌و تاوان و پێشێلکاریانه‌ی هێزه‌ میلیتسه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات که‌ دژی ئه‌و خه‌ڵکه‌ نارازییه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ده‌سه‌ڵات بانگاشه‌ی دیموکراسیبوونی خۆی ده‌کات، ئه‌گه‌ر وایه‌ ده‌سه‌لات بۆی نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ر سه‌ر به‌ هه‌ندێ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆنن یا داواکاریه‌کانیان گونجاو نین رێگه‌ی خۆپیشاندان به‌ خه‌ڵک بگرێت یا ده‌ستدرێژیان بکاته‌سه‌ر و پێشێلی مافه‌کانیان بکات. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاددا هه‌موو لایه‌ن و گرۆپێک خاوه‌نی هه‌رچی بیروباوه‌رێک بن مافی خۆیانه‌ خۆپیشاندان بکه‌ن و ده‌سه‌ڵات بۆی نییه‌ رێگه‌ به‌ گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ی ئه‌وان بگرێت. 
ده‌سه‌ڵات به‌ زۆری داپلۆسین و سه‌رکوتکردن گه‌ره‌کیه‌تی خۆپیشاندانه‌کانی سلێمانی یا شوێنی دیکه‌ نه‌هێلێت، ده‌سه‌لات پێیوایه‌ وه‌لامی خه‌ڵکه‌که‌ی داوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی به‌ چاکسازی کردووه‌ بۆیه‌ لای ده‌سه‌لات بوونی خۆپیشاندان چیتر ‌ره‌وا نییه‌. کاتێ خه‌ڵک به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێیانوایه‌ داواکاریه‌کانیان وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و چاکسازی بنه‌ڕه‌تی به‌م هه‌نگاوانه‌ی ده‌سه‌ڵات ناکرێت، خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌سه‌ر خۆپیشاندان به‌رده‌وام بێت، سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی نارازی که‌ ئاشتیانه‌ گردبوونه‌ته‌وه‌ پێشێلکردنی مافی گردبوونه‌وه‌ و ئازادیه‌کانه‌ له‌مباره‌دا، پێشێلکردنی مافی مرۆڤه‌ به‌شێویه‌کی دڕندانه‌.
 پارتی و یه‌کێتی ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو خۆپیشاندانه‌کان هه‌موو شاره‌کان بگرنه‌وه‌ و چاره‌نوسیان به‌ ده‌ردی دیکتاتۆره‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌ب بچێ، له‌به‌ر گه‌لێ هۆ له‌وانه‌ رێگه‌ گرتن له‌ خۆپیشاندان و به‌زه‌بروزه‌نگ خۆپیشاندانه‌کان له‌ ناوچه‌ی سلێمانی تێنه‌په‌رین، بۆیه‌ خۆپیشاندانه‌که‌ سنوردار بوو، ئێستا ده‌یانه‌وێ به‌تووندووتیژی و داپلۆسین په‌رته‌ به‌ خه‌ڵکه‌ نارازیه‌که‌ بکه‌ن و درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراسیانه‌ی خۆیان بده‌ن.
سه‌رکوتکردن و داپلۆسین تووندوتیژی دێنێته‌ئاراوه‌، چونکه‌ که‌ گوێ له‌ داواکاری خۆپیشانده‌را‌ن ناگیرێت و درێژه‌ به‌ پۆلیتیکی پێشوو ده‌درێت، ئه‌وه‌ واده‌کات خه‌ڵکه‌ نارازییه‌که‌ په‌نا بۆ رێگه‌ی دیکه‌ ببه‌ن و بیر له‌ په‌رچه‌کرداری تووندوتیژ بکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ خه‌ڵکی نارازی ده‌کرێ بگاته‌ بڕیارێک که‌ ئیتر چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دیموکراسیانه‌ شانسێکی نییه‌ و بیر له‌ رێگه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌کرێ بکاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌کرێ ببێته‌هۆی به‌رپابوونی ناکۆکی خویناوی له‌ نێوان گروپه‌ نه‌یاره‌کاندا. ئه‌گه‌ر رێگه‌ دیموکراسیه‌کان بۆ چاره‌سه‌ر نه‌گرترێنه‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ئه‌گه‌ری زۆر کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و دووبه‌ره‌کی ناوخۆ ده‌بێته‌وه‌. به‌کارهێنانی هێز و تووندوتیژی دژی خه‌ڵکی ئازادیخواز وه‌کو له‌ ستاته‌ دیکتاتۆره‌کاندا هه‌ن بۆنمونه‌‌ لیبیا و سوریا هۆکه‌ی پشووته‌نگی و ره‌تکردنه‌وه‌ی ئازادی و دیموکراسییه‌‌. له‌ رابردوو و ئیستادا به‌کارهێنانی هێز و داپلۆسین هه‌میشه‌ چه‌کی کاریگه‌ری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دووبه‌رێوه‌به‌ری میلتسیانه‌ی هه‌رێم بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی سیسته‌مێکی دیموکراسیانه‌ بووه‌ که‌ تۆله‌رانس، ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌گریته‌خۆی‌.  په‌نابردنه‌به‌ر تووندوتیژی ئاکامه‌که‌ی ده‌کرێ زۆر ترسناک بێت و کوردستان به‌ره‌و لێواری لیکترازان و سه‌رگه‌ردانی ببات.
هه‌رچۆنی بێت ره‌نگه‌ ده‌سه‌لاتی خۆسه‌پێنه‌ر و دیسپۆتیانه‌ی یه‌کێتی و پارتی بتوانن سه‌رکوتی خه‌ڵکی ئازادیخواز و نارازی بکه‌ن، بۆ ماوه‌یه‌کیتر درێژه‌ به‌ پێشێلکاریه‌کانیان بده‌ن، به‌لام ناتوانن ئه‌و راستییه‌ له‌ خه‌ڵک چ له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی کوردستان‌ بشارنه‌وه‌ که‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ رامیارییه‌ی ئه‌وان له‌ ماوه‌ی فه‌رمانره‌واییاندا پێکیان هێناوه‌، ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێکی بنه‌ماڵه‌یی نادیموکراسی و خۆسه‌پێنه‌ره‌ و ته‌ژییه‌ له‌ تاوان و پێشێلکاری هه‌مه‌جۆره‌. ئه‌و بارودۆخه‌ ئه‌مرۆی باشوری کوردستان ئه‌وان لێی به‌رپرسیارن چونکه‌ ئه‌وان هۆکاری بوونی ئه‌و بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا بێ یا سبه‌ی، پێویسته‌ و ده‌بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سیته‌مه‌ بنه‌ماڵه‌یی، مافیایی و میلیتسانه‌یه‌ له‌بنه‌ره‌ته‌وه‌ بگۆردرێت و کوردستان دیموکراتیزه‌ بکرێت. ئه‌گه‌ر سیسته‌مێکی کراوه‌ و دیموکراسی مه‌به‌سته‌‌، کوردستان چاره‌یه‌کی دیکه‌ی نییه‌.

 ‌ شاخه‌وان شۆڕش
25ی ئه‌پریلی 2011‌

Previous
Next

Leave a Reply