روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی (پۆستمۆدێرنیزم و ئایین)ه‌كه‌ی كاك هه‌ندرێن
رۆژی (11-8-2012) كاك هه‌ندرێن له (ده‌نگه‌كان) چاوپێكه‌وتنێكی بڵاوكرده‌وه له‌باره‌ی (پۆستمۆدێرنیزم و ئایین) كه من له‌گه‌ڵیم ساز كردبوو, له راستیدا ئه‌م چاوپێكه‌وتنه بۆ گۆڤاری كاروان ئه‌نجام درابوو (وه‌ك كاك هه‌ندرێن)یش ئاماژه‌ی پێكردووه و له كاروانیش بڵاوبووه‌وه, ئه‌م چاوپێكه‌وتنه پرۆژه‌ی كتێب نه‌بووه، به‌ڵكو ته‌وه‌رێك بووه بۆ گۆڤاری كاروان, به‌ڵام به كاك هه‌ندرێنیشم گوتووه كه هه‌وڵ ده‌ده‌م بیكه‌مه كتێب و ئه‌م (هه‌وڵ ده‌ده‌م)ه‌شم به‌ڵێن نه‌بووه. دواتریش كردم به كتێب، به‌ڵام چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی كاك هه‌ندرێن و براده‌رێكی تر له ده‌زگاكه لادران.. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پێیان گوتم و منیش رازی بووم له‌سه‌ر لادانه‌كه‌ی و هۆكاری ره‌زامه‌ندییه‌كه‌شم له خواره‌وه به دیار ده‌كه‌وێ, ئه‌و براده‌ره‌ی دیكه كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی لادراوه ئێستا خۆشی نازانێ مه‌به‌ستم كێیه و نازانێ چاوپێكه‌وتنێكی له‌مجۆره‌ی لای منه, چونكه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌ویش له میانه‌ی ته‌وه‌ره‌كه‌دا بڵاوبووه‌وه و به‌مه كۆتایی هات, ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه كردنی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه به كتێب لای من به‌ڵێن نه‌بووه.
كاك هه‌ندرێن ده‌یویست من روونكردنه‌وه‌یه‌ك بنووسم و ده‌زگاكه تۆمه‌تبار بكه‌م كه چاوپێكه‌وتنی ئه‌ویان سانسۆر كردووه, به‌ڵام من (وه‌ك بۆم روونكردۆته‌وه) به‌ڵێنێكی ئه‌خلاقیم له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌زگایه هه‌بووه و ئه‌وان تۆمه‌تبار نین به‌رامبه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ندرێن. به‌ڵكو خۆم ره‌زامه‌ندیم نیشانداوه. ئه‌مه‌ش نه ماستاوكردنه بۆ ده‌زگاكه و نه ترسه, به‌ڵكو به‌ڵێنی ئه‌خلاقییه.
دیاره وه‌ك له بابه‌ته‌كه‌ی ده‌نگه‌كان به دیار ده‌كه‌وێ, ئه‌م ده‌زگایه كتێبی دیكه‌ی كاك هه‌ندرێنیان سانسۆر كردووه و ئه‌ویش ده‌یه‌وێت شه‌ڕه‌كه‌ی خۆی به من بكات, هه‌روه‌ها وه‌ك ده‌ڵێ چاوپێكه‌وتنی دیكه‌شی هه‌بووه و سانسۆر كراون, كه‌چی ته‌نها یه‌خه‌ی من ده‌گرێ و به توانجه‌وه به كاكی خه‌مخۆری ئایین و پۆستمۆدێرنیزمم ناو ده‌با.. له كاتێكدا بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌و بۆ كاروان بووه و له كاروانیش سانسۆر نه‌كراوه و وه‌ك خۆی بڵاوبۆته‌وه.
هه‌ر ئه‌و كاته‌ش كه له كاروان بڵاوبووه‌وه, كاك هه‌ندرێن له ده‌نگه‌كان بڵاوی كرده‌وه, واتا ئه‌مه جاری دووه‌مه بڵاوی ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش لینكی بڵاوبوونه‌وه‌ی جاری یه‌كه‌مه.
http://www.dengekan.com/nwseran/handren.htm
كه‌واته جگه له كاروان له ده‌نگه‌كانیش بڵاوبۆته‌وه.
من به‌رێز و راستگۆییه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵ كاك هه‌ندرێن كردووه‌كه كه‌چی ئه‌و له نامه‌یه‌كدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه نامه‌كه‌م بڵاو ده‌كاته‌وه, من پێی ده‌ڵێم: له هیچێك له نامه‌كانم په‌شیمان نیم و ده‌بوو تۆش بڵاوی بكه‌یه‌وه، نه‌ك ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی به كه‌ڵكی تۆ دێت ئه‌و بڵاو بكه‌یه‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌موو بابه‌ته‌كه روون ناكاته‌وه. بۆیه به پێویستی ده‌زانم من ده‌قی نامه‌گۆڕینه‌وه‌كه بۆ خوێنه‌ران وه‌ك خۆی بڵاوبكه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م بابه‌ته‌كه روون بێته‌وه و هه‌میش جه‌خت له‌وه بكه‌مه‌وه كه من له نامه‌كانم په‌شیمان نیم و به دووڕوویی قسه ناكه‌م.
له لایه‌كی دیكه كاك هه‌ندرێن ده‌نووسێت: “ئێوه وه‌ك رۆژنامه نووس، گرینگه بۆتان وه‌ك ئیش له رووی مادییه‌وه سوودی هه‌بێ”. ئه‌مه مافی رۆژنامه‌نووسه كه كاره‌كانی له رووی مادییه‌وه سوودی پێبگه‌یه‌نن, به‌ڵام من دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌م كاره‌م بۆ پاره نه‌كردووه, ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌رمم پێ بێ, به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاری دیكه‌م هه‌یه و له خوا به‌زیادبێ پێی ده‌ژیم. ئه‌م كاره‌م ته‌نها وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی رۆ‌شنبیریی بۆ گۆڤاری كاروان كردووه.
ئێستاش حورمه‌تم بۆ كاك هه‌ندرێن هه‌یه و لای من یه‌كێكه له نووسه‌ره به تواناكان..
ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌گۆڕینه‌وه‌كانمانه له فێیس بووك كه له باره‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه و وه‌ك خۆی بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ڵه رێنووسییه‌كانی هه‌ردوولاشمان راست ناكه‌مه‌وه.
فه‌رموون:
Handren Ahmad
سلاو كاكه سه‌نگه‌ر، كاكه ده‌مێكه جار جار دێته بیرم له‌سه‌ر ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی من و تۆ له‌سه‌ر پۆستمۆدێرنیزم ئایین نامه‌ته بۆ بنووسم. چونكه له‌و ماوه‌یه دوو كتێبم بینی له ده‌نگه‌كان كه تۆ چاپتكردوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته. حه‌ز ده‌كه‌م بپرسم بۆچی ئه‌و دیداره‌ی من له‌گه‌ل ئه‌و كتێبه نه‌بوو؟ ئه‌وه ده‌پرسم، چونكه تۆ به منت گوت كه بۆ كتێبته و وه‌ڵامه‌كانی منیش هیلاكی زۆرم بۆ كێشا و فره‌وانه. حه‌ز ده‌كه‌م بزانم به ته‌مای ئه‌و دیداره له‌گه‌ڵ ئه‌وانییتر بكه‌یته كتێب؟ هه‌رچه‌نده ساڵانێكه. سڵاو و رێزم
Sangar Zrary
سڵاو برا..
به‌ڕاستی من شه‌رمه‌زاری تۆم و نه‌مده‌زانی چۆن پێت بڵێم.. ئێستا كه ئه‌و نامه‌یه‌ت بۆ ده‌نووسم، دوو ڕۆژه ئه‌و كتێبه‌م هێناوه‌ته‌وه كه چاوپێكه‌وتنه‌كانی تێدابوو كه ده‌بوو هی تۆشی تێدا بێت. به‌ڵام به داخه‌وه، دوای هێنان و بردنێكی زۆر و مانه‌وه‌ی زیاتر له ساڵێكی ئه‌و كتێبه له به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ، ئه‌وه‌ی تۆ و هی براده‌رێكی تریان لادا.. سه‌ره‌تا رازی نه‌بووم لای بده‌ن، ئه‌وانیش چاپیان نه‌ده‌كرد، به‌ڵام دواتر بیرم له‌وه كرده‌وه كه له‌به‌ر دوو دانه با ئه‌وانه‌ی تریش نه‌مێننه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه رازی بووم كتێبه‌كه چاپ بكه‌ن.. ئه‌وه‌ی تۆش به بیانووی ئه‌وه‌ی تۆ قسه‌ی تووندت له‌سه‌ر ئایین و به تایبه‌تی ئایینی مه‌سیحی كردووه، به حیسابیش ئه‌وان حكومه‌تن و نایانه‌وێ له دائیره‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه هیچ قسه‌یه‌كی تووند و حه‌ساس به‌رامبه‌ر ئایینه‌كان بكرێت.. من داوای لێبوردن له تۆ ده‌كه‌م و پێشم وابوو یه‌كێك بوو له چاوپێكه‌وتنه هه‌ر جوانه‌كانی ئه‌م كتێبه.. ببووره
Handren Ahmad
سڵاو كاكه گیان، ئه‌زیزم ئه‌و چاوپێكه‌وتنه كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تیۆرییه. من دوای ئه‌زموون و خوێندنێكی زۆر ئه‌و باسه‌م بۆ تۆ نووسیوه، واته له خۆمه‌وه ره‌خنه و كێشه‌كانی تێگه‌یشتن له ئایین و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی نه‌كردووه، پاشان من قسه‌ی تووندم نه‌كردووه به‌ڵكه به لۆژیكی و له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆریی قسه‌م كردووه. له‌وه‌ش گه‌ڕێ، ئه‌و چاوپێكه‌وتنه كه 6 ساڵ زیاتره كراوه بۆ پرۆژه‌ی كتێب، له رووی ئێتیكیی و به‌رپرسیارییه‌وه، تۆ كه ساڵێك زیاتر خه‌ریكی ئه‌و كتێبه‌ی. بۆیه تۆ ده‌بوو له جیاتی بێده‌نگیی و له پێناوی چاپی كتێبه‌كه بێ پرس كردن به من ئه‌و كاره نه‌كه‌ی، تۆ ده‌توانی له‌و ماوه درێژه‌دا پێم بلێ كام شوێن له وه‌ڵامه‌كان تووندن و ناهه‌قیم به ئایینه‌كان و به تایبه‌تیش مه‌سیحی كردووه، ئه‌وكات من و تۆ ده‌مانتوانی ده‌ستكاریی ئه‌و ده‌ربڕین و كۆپلانه بكه‌ین كه ئه‌و ده‌زگای رۆشنبیرییه كێشه‌یان له‌گه‌لیاندا هه‌یه. چونكه ره‌نگه چه‌ند دێرێك ده‌ستكاری بكرابا ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌بوو و دیداره‌كه‌ی منیش كه تۆش پێت باشه و ره‌نگه ئه‌و خوێندنه‌وانه بۆ ئێستای كوردستان زۆر گرینگ بن. بۆیه تۆ ده‌بوو له پێناو ئامانجی رۆ‌شنبیریی و ماندووبوونی من بێ پرسكردن به من ئه‌و دیداره‌ی منت فرێ نه‌دابابه.
من كێشه‌م له بڵاوكردنه‌وه نییه، كێشه‌ی من ده‌ستپاكیی و به‌رپرسیاریی ئێتیكییه كه تۆ روو له من ده‌كه‌ی به‌شدار بم له بابه‌تێك ناكرێ وا بێباكانه ماندووبوونی من به‌فیڕۆ بڕوات له پێناو چاپی كتێبه‌كه‌ت. هه‌روا تۆ كه ده‌ته‌وێ بابه‌تێكی وا هه‌ستدار بورووژێنی، نابێ ئه‌و كتێبه له چاپخانه‌یه‌كی وه‌ك وه‌زاره‌تی رۆ‌شنبیریی حكومیی چاپبكه‌یت، چونكه گرفتی ئایین و كیشه‌كانی له كوردستاندا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و ئه‌خلاقه دوو روویی و پاراستنی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی. به‌هه‌مه حاڵ، تۆ كه ئه‌و هه‌موو كێشه له‌سه‌ر وه‌ڵامی من، كه‌چی ته‌نانه‌ت له ریكلام كردن بۆ كتێبه‌كه‌شت، ئاماژه‌ت به لابردنی وه‌ڵامی من نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش به گرینگ نه‌زانی تۆیه بۆ ماندووبوون و به‌لا نانی رێزی من بۆ تۆ. ده‌بوو به لای كه‌می دوای چاپكردنی كتێبه‌كه‌ت، له سایتی ده‌نگه‌كان و لاپه‌ره‌ی خۆت له فه‌یسبووك ئاماژه به‌و كیشه‌ی لابردنی دیداره‌كه‌ی من و ئه‌و كه‌سه‌ی تر بكه‌یت، ته‌نانه‌ت تۆ ئه‌گه‌ر من نامه‌م نه‌نووسیبا، بۆ منیش باس نه‌ده‌كرد، ئه‌وه ئه‌و به هه‌ند وه‌رنگرتنی ئێتیك به‌رپرسیارییانه‌یه كه نووسین و هه‌وڵه‌كان له كوردستاندا ما‌نایان نه‌ماوه، تۆش هه‌مان نه‌ریتتت دووباره كردۆته‌وه. بۆیه من پێم خۆشه، نه‌ك له‌به‌ر خودی من، به‌ڵكه وه‌ك به‌رپرسیاریی ئێتیكی خۆت، روونكردنه‌وه‌یه‌ك له سایت و لێره‌ش به ئاشكرا بۆ خوێنه‌ر بنووسی كه بۆچی وه‌ڵامه‌كه‌ی من له‌و كتێبه‌دا نییه كه ده‌بوو هه‌بێت، هه‌روا ئه‌و ده‌ربڕین و كۆپلانه كامانه‌ن كه ئه‌و ده‌زگایه به كێشه‌ی زانیوه. من ده‌مه‌وێ بزانم و بۆم بنووسی كامه به‌ش له دیداره‌كه بۆته هۆی كێشه‌ی بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و دیداره. هیوادارم تۆ ئه‌و كاره بكه‌یت، ئه‌گینا من روونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌نووسم و نامه‌كه‌ی تۆش بڵاو ده‌كه‌مه‌وه. چونكه زۆر دیدار و نووسینم به بێده‌نگی فه‌رامۆشكراوه، شه‌ونخوونی من به‌هه‌ده‌ر چووه. هاوكاتیش ئه‌و جۆره ره‌فتارانه كێشه‌ی گه‌وره‌ی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی كوردییه، كه ته‌نیا به نائاشكرا به‌سه‌ر ده‌چن، له كاتێكدا ده‌بێ ئه‌و كێشانه بۆ رای گشتیی و خوێنه‌ر ئاشكرا باس بكرێن. چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی تۆم. رێز و سڵاوم هه‌ندرێن
Sangar Zrary
سڵاو و خۆشه‌ویستی كاك هه‌ندرێن..
دیاره تۆ دڵت شكاوه به هۆی چاپكردنی ئه‌م كتێبه و تێدا نه‌بوونی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی تۆ.. ئه‌مه‌ش حه‌قی خۆته، ده‌مه‌وێ چه‌ند شتێكت بۆ روون بكه‌مه‌وه.
1- من سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی تۆ یه‌كێكه له بابه‌ته‌جوانه‌كان، برا ئه‌و پێشه‌كییه‌ی بۆ كتێبه‌كه‌م نووسیوه له ساڵی 2007ه‌وه نووسراوه. كه ده‌ڵێم ساڵێك مایه‌وه له چاپخانه،، ئه‌و ساڵه ته‌نها له به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ بووه و پێش ئه‌ویش واته له 2007ه‌وه من خه‌ریكی ئه‌و كتێبه‌م كه ده‌كاته نزیكه‌ی پێنج ساڵ نه‌ك ساڵێك، له چه‌ند شوێنێكی دیكه هه‌وڵی چاپكردنیم دا.. چاپ نه‌كرا، هه‌ر یه‌كه‌و به بیانووێك.
2- نووسیوته (ئه‌و چاوپێكه‌وتنه كه 6 ساڵ زیاتره كراوه بۆ پرۆژه‌ی كتێب).. كاك هه‌ندرێن ئه‌گه‌ر بیرت بێ له راستیدا ئه‌م چاوپێكه‌وتنانه به فه‌رمی پرۆژه‌ی كتێب نه‌بووه، به‌ڵكو ته‌وه‌رێك بوو بۆ گۆڤاری كاروان و گوتیشم (هه‌وڵ ده‌ده‌م بیكمه كتێب) دیاره ئه‌و هه‌وڵه‌ش ماندووی كردم و دڵی یه‌كێكی وه‌كو تۆی لێ شكاندم.. بۆیه كه ده‌نووسی (من كێشه‌م له بڵاوكردنه‌وه نییه، كێشه‌ی من ده‌ستپاكیی و به‌رپرسیاریی ئێتیكییه كه تۆ روو له من ده‌كه‌ی به‌شدار بم له بابه‌تێك ناكرێ وا بێباكانه ماندووبوونی من به‌فیڕۆ بڕوات).. ماندووبوونه‌كه‌ی تۆ به فیڕۆ نه‌ڕۆیشتووه و منیش به‌رپرسیارێتی ئیتیكی خۆم به‌جێگه‌یاندووه، چونكه له ته‌وه‌ره‌كه‌ی گۆڤاری كاروان كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وێ بوو.. زوو به زوو و بێ ده‌ستكاری بڵاوكرایه‌وه. به‌ڵام كه له كتێبه‌كه بڵاو نه‌بۆته‌وه له راستیدا من مولزه‌م نه‌بوومه به‌وه‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه بكه‌مه كتێب و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش جارێكی تر داوای لێبووردن ده‌كه‌م، بۆیه‌ش هیچ یه‌ك له‌و براده‌رانه نه‌یانزانیوه ده‌یكه‌مه كتێب و ئێستا وه‌كو هه‌ر خوێنه‌رێكی تر ده‌یبینن، جگه له تۆ و له كاك عه‌لی سیرینی كه بۆم باس كردبوون هه‌وڵ ده‌ده‌م بیكه‌مه كتێب.
3- داوام لێ ده‌كه‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌ك بنووسم و بڵاوی بكه‌مه‌وه.. برا من خۆم ره‌زامه‌ندیم نیشانداوه له‌سه‌ر بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو چاوپێكه‌وتنه ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و داواكارییه‌ی ئه‌وان و ئه‌وه‌ی كه بۆم روونكردییه‌وه، ئێستا ناكرێ ئه‌وان تاوانبار بكه‌م. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ترس نییه به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌و ئیتیكه‌یه كه تۆ باسی ده‌كه‌ی و نابێ به‌رامبه‌ر ئه‌وان كارێكی نابه‌رپرسانه بكه‌م.
4- ئه‌گه‌ر پێت خۆش بێ جارێكی تر چاوپێكه‌وتنه‌كه بڵاوبكه‌ینه‌وه، ئه‌وا من قسه له‌گه‌ڵ براده‌رانی پاشكۆی (روانگه و ره‌خنه)ی رۆژنامه‌ی چاو‌دێر ده‌كه‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م بڵاوی بكه‌ینه‌وه، ئه‌م پاشكۆیه خوێنه‌ری زۆره.
دووباره داوای لێبوردن ده‌كه‌م و هیوادارم دڵت لێم نه‌ڕه‌نجێ..
رێز و حورمه‌تم
سه‌نگه‌ر
Handren Ahmad
كاكه سه‌نگه‌ر سڵاو و رێز، ئه‌زیزم ، هه‌رچۆنێك بێت، تۆ كه كتێبه‌كه‌ت بریتییه له‌و ته‌وه‌ره، كه‌واته هه‌ڵبژاردنی چه‌ند چاوپێكه‌وتن، مانای خۆی هه‌یه، من پرسیارم له تۆ كرد له ماوه‌ی ئه‌و 6 ساڵه كه ده‌تزانی له‌به‌ر به‌شێك له ده‌ربڕینی وه‌ڵامی من بۆته كیشه بۆ بوونی وه‌ڵامه‌كانی من له‌و كتێبه‌دا، بۆ پرست نه‌كرد به من كه ئه‌و شوێنانه ده‌ستكاری بكه‌ین؟ ئه‌وكات ئه‌و دیداره له‌و كتێبه ده‌رنده‌كرا. به‌ڵام تۆ وه‌ڵامی ئه‌وه نادایته‌وه. هه‌روا تۆ كه به‌رپرسیاری ئێتیكی له‌به‌رانبه‌ر ده‌زگای چاپ جێبه‌جێ ده‌كه‌ی، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر من نایه‌كه‌یت. من وا حاڵی بوومه كه ئه‌و دیداره بۆ كتێبه. ئه‌وه بێبایه‌خییه. پاشان من حه‌ز ده‌كه‌م بزانم له كام و كام ده‌ربڕین تووندی تێدایه له‌سه‌ر ئایین، تكایه ئه‌و به‌شه‌م بۆ ده‌ستنیشان بكه و بنێره، چونكه ده‌مه‌وێ بزانم لای ئه‌و ده‌زگایه مانای تووندی چییه. هیوادارم ئه‌وه بنێریت. برا ئیلتزام كردن به‌رانبه‌ر داواكاری ئه‌و ده‌زگایه، مانای ئیلتزامی سانسۆره نه‌ك ئێتیكی! تۆ به‌رانبه‌ر رای ئازادی من ئه‌و ئیلتزامه ناكه‌یت، به‌ڵام به‌رانبه‌ر ده‌زگایه‌ك كه سانسۆری رای من ده‌كا، ئیلتزام ده‌كه‌ی. تۆ ئه‌گه‌ر دوای بڵاوكردنه‌وه ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه بنووسیت، كه ئه‌و كتێبه ده‌بوو دوو چاوپێكه‌وتنی تریشی له‌گه‌ڵ بووایه كه هی هه‌ندرێن و ئه‌ویتر نازانم كێیه، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌زگه‌ی چاپكردنه له‌به‌ر تووندی ده‌ربڕین له‌سه‌ر ئایین، كه ئه‌مه‌ش ده‌ربڕینانه‌كانه، بلاویان نه‌كرده‌وه. ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه زۆر ئاسایی و ئێتیكییه. پار ساڵ گۆڤاری هه‌نار كه وابزانم تۆش له‌وێ چاپتكردووه، چه‌ند كۆپله‌ی كتێبه‌كه‌میان سانسۆر كرد، به‌ڵام من كه كتێبه‌كه‌م له ده‌نگه‌كان بڵاو كرده‌وه ئاماژه‌م پێكردووه و هاوكاتیش له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنی نه‌ورۆز له سوێد، به درێژی باسی ئه‌و سانسۆره‌م كردووه، چونكه ئه‌وه جۆرێكه له سانسۆر،، نه‌ك رێز و تووندی. بۆیه من به داخه‌وه، ئه‌و بیانۆیه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی بڕوادار نیم. چاوپێكه‌وتنه‌كه هی خۆته، له كوێ بڵاوی ده‌كه‌یته‌وه كه‌یفی خۆته، به‌ڵام ده‌ركردنی له‌و كتێبه به بیانۆی “تووندی” له‌سه‌ر ئایین و ئه‌و قسانه، بێ ئه‌وه‌ی من ئاگادار بكرێمه‌وه، به بێ ئێتكیی و سانسۆر ده‌زانم و تۆش بێده‌نگی لێده‌كه‌ییت. هیوادارم روون بێت قسه‌كانم. سڵاو و رێزم
Handren Ahmad
سڵای دووباره، كاكه من چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی تۆم.
Sangar Zrary
كاك هه‌ندرێن سڵاو..
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كانم دوابكه‌ون ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه كه‌م فێیس بووك ده‌كه‌مه‌وه نه‌ك هۆكارێكی تر..
برا ئه‌گه‌ر وا تێگه‌یشتبیت كه ئه‌مه بۆ پرۆژه‌ی كتێب بووه، دیاره هه‌ڵه تێگه‌یشتنێك هه‌بووه، چونكه وه‌ك گوتم هه‌ندێكیان تا بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه نه‌یانزانی كراوه به كتێب و هه‌ندێكیشیان هێشتا نه‌یانزانیوه، من داوای لێبوردن ده‌كه‌م.
له راستیدا به وردی نازانم ئه‌و كۆپله و ده‌ربڕینانه كامانه‌ن كه به هۆیه‌وه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی تۆ و….. سانسۆر كراون، چونكه ئه‌وان دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی كتێبه‌كه، پێیان گوتم كه به هۆی ئه‌م دوو چاوپێكه‌وتنه‌وه ناتوانین كتێبه‌كه چاپ بكه‌ین، ئه‌وه‌ی گوتومه به هۆی قسه‌كانت له‌باره‌ی ئایینی مه‌سیحییه‌وه‌یه، یه‌كێكه له هۆكاره‌كان كه ته‌وه‌قوعی خۆم بووه، دواجار رێگه‌م دا كتێبه‌كه بڵاو ببێته‌وه، وا مه‌زانه ئه‌مه‌ش به دوو قسه‌ی سه‌رپێیی بووه، چونكه وه‌كو گوتم ئه‌و كتێبه زیاتر له ساڵێك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ مایه‌وه و دواجار رازی بووم.
به‌هه‌رحاڵ، به هۆی ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵێنێك له نێوان ئێمه نه‌بووه بۆ كردنی به كتێب، بۆیه من هیچ پابه‌ندییه‌كی ئیتیكم به‌رامبه‌ر به تۆ نییه، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ده‌زگای چاپ هه‌مه، ده‌كرا من رازی نه‌بام به چاپكردنی كتێبه‌كه، به‌ڵام كه رازی بووم به‌م شێوه‌یه چاپ بكرێت، پابه‌ندی ئه‌خلاقیشم به‌رامبه‌ریان هه‌یه به‌وه‌ی دواتر پاشقۆڵیان لێ نه‌گرم..
هیوادارم دڵت نه‌ڕه‌مجێ، وه‌كو گوتیشم ئه‌گه‌ر پێت باش بێ دووباره بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه..
سوپاس
سه‌نگه‌ر
Handren Ahmad
سڵاو كاكه، مه‌سه‌له تووڕه بوون نییه لای من، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و چاوپێكه‌تنانه و ئیشی نووسین وه‌ك ئیشی حكومه‌ت بێسه‌ر و به‌ر و به هه‌ده‌ر چوونی هێز و كاتی مرۆڤه. كاتی خۆی تۆ چه‌ند نامه‌ت ناردووه كه ئه‌و دیدارانه ده‌كه‌یته كتێب، تۆش ئێستا بۆ پێویستی خۆت بێ ئه‌وه‌ی بشزانی ره‌خنه‌ی ئه‌و ده‌زگه‌یه له كام كۆپله و ده‌ربڕینی منه، چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ت واز لێهێنانه‌وه. ئه‌وه‌نده به‌سه كه من بزانم تۆ هێشتا نازانی كێشه‌ی تووندی من له‌چییه! ئێوه وه‌ك رۆژنامه نووس، گرینگه بۆتان وه‌ك ئیش له رووی مادییه‌وه سوودی هه‌بێ. كه‌سێك به بابه‌تی وا مه‌شغول بێ ئه‌وها چه‌ند چه‌ند چاوپێكه‌وتن چاپناكا و یه‌ك دووه‌كێش فڕێنادا، نه‌شزانی هۆیه‌كه‌ی چییه. تۆ دزانی من 5 چاوپێكه‌وتنی له‌و جۆره‌ی تۆم هه‌یه و هه‌مووش بۆ كتێب داوام لێكراوه، كه‌چی هه‌موویان به بیانۆی جیاواز ماونه‌ته‌وه، 3 له‌و چاوپێكه‌وتنانه نزیك 100 لاپه‌ره. ئه‌وه دیارده‌ی ئه‌مڕۆی رۆژنامه نووسی كوردییه، بۆ ئێش مرۆڤ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن. من تێگه‌یشتم له تۆ، له‌و رۆژانه خۆم چاوپێكه‌وتنه‌كه بڵاو ده‌كه‌مه‌وه و روونكردنه‌وهكیش ده‌نووسم سه‌باره‌ت به‌و شێواز به‌زمه‌ی رۆژنامه‌نووسان و ره‌خنه‌ی تووند و … سوپاس
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com