Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
رووە شاراوەکانی رووداوەکانی سوریا و بێ ئابڕوویی ئەمەریکا و رۆژئاوا!

رووە شاراوەکانی رووداوەکانی سوریا و بێ ئابڕوویی ئەمەریکا و رۆژئاوا!

Closed
by June 19, 2012 گشتی

 

ئەوەی لەسوریا دەگوزەرێ و‌میدیای بورژوازی غەربی پێچەوانەی دەکاتەوە، تەنھا ڕوویەکی خۆپاکردنەوەیە لەشەرمەزاری و ئەو پەڵە ڕەشانەی کەنێوچەوانی بۆرژوازی جیھانی وبازاڕی ئازادو دیموکراسیەکەی ئەمەریکاو ووڵاتانی غەربی داگرتووە.کوشتنی رۆژانەی بەلێشاوی مناڵان و پیری ئەو ووڵاتەو داڕمانی خانوو بەسەر خێزان و قوتابیاندا لەلایەن یەکێک لە دیکتاتۆریترین رژێمی ناوچەکەوە، ھەروەھا ‌کوشتارو ئێعدامی خەڵکی ناڕازی، نمونەیەکە لەھاوشانی رژێمەکەی سەدام حسین و ھەردووکیان دەرچوانی یەک قوتابخانەی دەسەڵاتێکی بۆرژوا قەومی عەرەبین. ئەوەی کەھەر ئێستا ئەمەریکاو غەرب و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان شیوەنی ترسی جەنگی داخلی دەکەن و رێگای جۆراجۆری رۆیشتنی بەشار ئەسەدو چونە ناوەوەی ھێزی سەربازی دەرەکی بەرێگا چارە دەزانن، بۆ پاراستنی خەڵکی سوریا لەو جەنگە ئەھلیەی کەدەستی پێکردوە، شتێکیتر نیە جگەلە سیناریۆ سازیەک ورێگا چارەیەک، کەبۆ لەباربرنی شۆڕشی خەڵکی ستەم لێکراوی سوریا پەنای بۆدەبەن. بەتایبەتی کەئەم دەوڵاتانە ھەم گرنگی شوێنی سوریا لەئاڵوگۆڕی ناوچەکەدا دەبینن وھەم ترس لەپەرەگرتنی باھۆزی شۆڕش، بۆ وڵاتانی ھاوپەیمانیان ناچاری کردون بەگرتنەبەری سیاسەتێک کەلەباربردنی شۆڕشی بەدواوەبێت. بەڵام رێگا چارەی ئەمەریکاو غەرب بۆ رژێمەکەی ئەسەد، نەئەوەیە کەبۆ لیبیا و نەئەوەیە کەبۆ عەلی عەبدوڵا ساڵحی یەمەن گرتیانەبەر. ئەگەرچی لەو دوو ووڵاتەدا ئەمەریکا و ھاوپەیمانانی یەک شتیان دەویست و ئەوەشیان بەدەستھێنا، ئەویش لەبار بردنی ئەو ھەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیە ‌بوو کەبەدوای شۆڕشی تونس و میسردا، ھاتە پێشەوەو ناچاری کردبوون بەوەی خۆیانی لێ ڕزگار بکەن. یانی تەواوی ھەوڵێ ئەوان بۆ ڕێگە گرتن بوو لەدەخالەتی خەڵک، لەدیاریکردنی چارەنوسی خۆیان وکۆمەڵگاو ھێنانەکایەوەی ڕژێمێکی سیاسی دڵخوازی خۆیان. روداوە گەورەکانی ناوچەکە وخەڵکی کرێکارو دەستەنگی ئەو وڵاتانە کەشۆڕش تیایدا بەرپابووە، بەرھەمی قەڵشتی چینایەتیو ‌ڕەوینەوەی خۆشخەیاڵیەکان بوو بەدەسەڵاتی خۆماڵی و وەلانانی پیرۆزیە قەومی و نیشتمانیەکان و توڕدانی بیروباوەڕی ھەڵخەڵەتێنەرانەی قەومی ودینیە، کەھەریەکە لەو دەسەڵاتانە بۆ چەند دەیە بانگەوازیان بۆ دەکرد.
بەدوای ئەو ھەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیەدا کەلەووڵاتانی باکوری ئەفریقا ھاتە کایەوە، زۆرێک لەخۆشخەیاڵیەکانی خەڵک بەدەسەڵاتی بۆرژوا قەومی ڕەویەوەو ئەو ھەلومەرجە وەک ڕەشەبا، بەخێراییەکی ڕەچاونەکراو گوێزرایەوەو ‌ھەموو ناوچەکەی گرتەوە، بەڵام بۆ ئەمەریکاو غەرب ئیستقرار و ئاشتی لەو ولاتانە جێگیر نەبوە، ھەر ئەم خاڵەیە کەئەمەریکا ودەوڵەتانی ڕۆژئاوای وادار کردووە تا‌بەدوای رێگایەکی تر وبۆ بەدیلێکی تر لەوەزعی ئێستای سوریادا بگەڕێن، لەبەئەوەی لەنێوان خەڵکی تینووی راپەڕیوو و شۆڕشگێردا، کەکەم تەجروبەیی‌و نائامادەبوون و نەبوونی حزبی کۆمۆنیست و مارکسیست کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکان و رێگاچارەیان بکات، دەرگای کردۆتەوە بۆدەوڵەتانی بۆرژوازی جیھانی تا لەڕیگای دەخاڵەتی سەربازیو سیناریۆ سازیەوە، شۆڕشی جەماوەری بەلاڕیدا ببەن. بەتایبەتی کەحکومەتەکەی سوریا نەیتوانی بۆبەرگرتن وەکو ڕژێمەکانی کویت وسعودیە ومەغریب، دەستبەرێ بۆ سیاسەتی چاکسازی وخۆی لەمەترسی سەرھەڵدانی شۆڕش وئاڵوگۆرەکان دوربخاتەوە.
بەڵام ئەمەریکاو غەرب نەیانھێشت ھەلومەرجی شۆڕشگێرانە تەشەنە بکات وڕێگری جۆراجۆریان دروستکردو نارەزایەتیەکانی خەڵکیان بەھۆی سیاسەتی لەچاوەڕوانیدا ڕاگرتنی خەڵکەوە، ‌خستە مەیدانی شەڕو کوشتارەوە. پەلکێشکردن ودەستگرتنی ھێزە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان لەلیبیاو یەمەن وسوریاش، ھەوڵێکی تر بوو بۆ سواربوون بەسەر شەپۆلەکانی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی ئەم وڵاتانەدا. بەڵام ئەوەی کەئەمەریکاو دەوڵەتانی رۆژئاوا نەیانتوانیوە لەم وڵاتانەدا بەوجودی بھێنن، ئاسایش وئارامی وتەنانەت ئەو دیموکراتیەیە کەباسی دەکەن.
ئەوەی ئاشکراو بەرچاوە بەھەوڵەکانی ئەمەریکا دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە، بەرامبەر بەسەرکوتی شۆڕش لەم وڵاتانەدا، بەسوریاشەوە، ئەوەیە کەتوانیویانە ھەلومەرجی شۆڕشگێرانە بەرەو دواوە ببەن ومەساری شۆڕشیش لەسوریا بگۆڕن بەشەڕو ھەرای دووباڵی کۆنەپەرستی بۆرژوازی، کەیەکێکیان لەدەسەڵاتدایەو ئەوی تریشیان بەرگی ئۆپۆزسیۆنی پۆشیوە. ھێزە ئیسلامیەکان کەلەژێر ناوی ئیسلامی معتەدلدا سازو ئامادەکراوە وھێنراوەتە سەرشانۆی نوێنەرایەتی، بۆئەوەیە تا سواری شەپۆلی نارەزایەتیەکانی خەڵک بکرێن ولەبەرامبەر خواست و داواکاریەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی سوریادا قوتبکرێنەوە. ئەمانە ھەمووی بۆ ئەوەیە کەڕەوتی شۆڕش بەلاڕیدا ببرێ ولەجەوھەری ڕادکاڵ وئاڵوگۆڕ بەخشانەی خۆی دوربخرێتەوە. بەم جۆرەش ئەو وڵاتانەی کەفەزای شۆڕس تیاگەرمە کراونەتە بنکە بۆ ئیسلامی سیاسی معتەدل و میدیاکانیان. تا دەسەڵاتی بۆرژوازی لەمەترسی شۆڕس ونارەزایەتیە جەماوەریەکان ڕزگار بکرێ.
رژێمە بۆرژوازیەکانی ناوچەکە کەنوێنەری سەرمایەو بۆرژوازی و کەمایەتی کۆمەڵگان، ‌ھاتنەمەیدانی زۆربەی خەڵک وسووربونیان لەسەر رۆشتنی ئەو رژێمە دیکتاتۆرانە و خواستی دادگایی کردنی ھەموو سەرانی سەرکوت و تاڵانچی، زەنگێکی خەتەرە بەڕووی دەسەڵاتی بۆرژوازیدا لەئاست ‌ناوچەکە، کەبێگومان کاریگەری جیھانیشی ھەیە. ھەربۆیە بەرژەوەندیەکانی بۆرژوازی جیھانی وادەخوازێ کەلەدژی بکەوێتە پیلان گێڕیەوە.
ھاتنەمەیدانی خەڵکی سوریا تایبەتمەندیەکی خۆی ھەبوو لەتێپەڕینی زیاتر لەیەک ساڵ وکوشتاری رۆژانەی بەکۆمەڵیان لەلایەن ئەو رژیمە ھارەی نوێنەری سەرمایەوە، بەڵام لەمەیداندا بوون وداواکاری ڕۆیشتنی بەشارو نابۆ بەشار وتن، تایبەتمەندیەک بوو بەنارەزایەتیەکانی سوریاوە، بەڵام لەدرێژماوەی ئەم نارەزایەتیەو لەمەیداندا بوونەی خەڵکی سوریادا، بەبێ ڕابەرێکی شۆڕشگێڕو ڕادیکاڵ، بەبێ حزبێکی سیاسی کۆمۆنیست ومارکسیست، کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندی وئاڵوگۆڕێکی خوازراویان بکات، بەسادەیی دەرگای بەکراوەیی لەبەردەم ‌رێگا چارەکانی ئەمەریکاو غەرب لەلایەک ولەلایەکی ترەوە بۆ دەخالەتی روسیا و چین و دەست ئاوەڵایی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە ئێران وتورکیا وسعودیەو قەتەرو عێراق و تەنانەت ھێزە ناسیونالیستەکانی کوردیش، لەچەشنی پەکەکە و پارتی ھێشتۆتەوە.تا بۆمەرامی سیاسی خۆیان سودی لێوەربگرن
سوریا جێگاو ڕێگایەکی گرنگی خۆی ھەیە و بەم ھۆیەشەوە بۆتە ‌جێگای کێشمەکێشی ھێزە جیھانیەکان لەوانە ئەمەریکاو غەرب لەلایەک وڕوسیاو چین، لەلایەکیترەوە.ئەمە لەکاتێکدایە کەئەمەریکاو ڕۆژئاوا ‌زۆر ھەوڵیاندا بۆ رووھێنانی سوریا بەرەو لای خۆیان، بەڵام ملنەدانی بەشار ئەسەد و بەدینەھاتنی ئەم ویستەیان ھەرچی زیاتر ئەوانی بەرەو دەخاڵاتی زیاتر بردووە تا گرەو لەحەریفەکانی وەک ڕوسیاو چین و ئیران، لەسەر حسابی خەڵکی سوریا ببەنەوە. ھاوکات بەرژەوەندیەکانی روسیاو چین وڵاتانی ناوچەکە لەوانە؛ ئێران، تورکیا، سعودیە، وای کردووە کەسوریا ببێتە ناوەندێک بۆ کێشمەکێشێکی جیھانی وناوچەیی وبۆ دابەشکردنی سەرلەنوێی ناوچەکە لەنێوان ئەم وڵاتانەدا. ھەموو تەرحەکانی ووڵاتانی کۆمکاری عەرەبی تا شکستھێنانی تەرحەکەی کوفی ئەنان، تا تەرحەکەی دوێنێ ھیلاری کلینتۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتەرحی ئەمڕۆی ولیەم ھێگی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ھەموویان لەسەر ‌رۆیشتنی بەشار ئەسەد کۆکن، بەڵام کێشەیان لەسەر چۆنیەتی سازدانەوەی سوریای دوای ئەسەد وناوچەکەیە. بەتایبەتی کەئەمەریکاو ڕۆژئاوا ئەوە دەبینن کەبەلاچوونی ئەسەد ئەتوانن پەیوەندیەکان و‌تەوازنی ھێز لەگەڵ ئێران وحزبوڵای لوبنانیشدا بەئاسانی بگۆڕن.. ئەمەیە ئەو ڕاستیانەی کەلەپشت غەمخۆری ئەمەریکاو دەولاتانی ڕۆژئاواوە، بۆ خەڵکی سوریا، خۆی حەشارداوە.

Noori Bashi
Email: nooribashir1@yahoo.com
Mob: 0044 7960 669 896

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.