Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

روڵی گه‌نجان له‌ گۆڕانی هاوكێشه‌ سیاسیه‌كاندا

Be First!
by June 27, 2009 گشتی

 ئارێز سمكۆ (دهام)   

arezsmko@yahoo.com           

به‌ رامان له‌ ئه‌زموونی ژیانی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌تایبه‌تیتر كه‌ ئێستا "به‌ره‌و قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌نگاو ده‌نێین"، زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك گله‌یی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌داكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌زگاكانی تری به‌رپرس له‌ كوردستاندا، دیاره‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌مانه‌وێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ له‌م بابه‌ته‌ هه‌نووكیه‌ رابمێنین وبیخه‌ینه‌ ڕوو، ئه‌وه‌نده‌ خه‌می ئه‌وه‌مان نییه‌ كه‌ لایه‌نگیری و پڕوپاگه‌نده‌ بۆ لایه‌نێك و قه‌واره‌یه‌كی به‌شداربووی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین، دیاره‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خودی هاوڵاتیانی كوردستان هه‌یه‌ و خۆیان سه‌ربه‌ستن كێ‌ وه‌ك نوێنه‌ر له‌ په‌رله‌ماندا هه‌ڵده‌بژێرن. جگه‌ له‌مه‌ش له‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان و جڤاكی كوردیشدا، له‌ هه‌موو كاتێك جیاوازتر و به‌ شێوه‌یه‌كی زه‌ق و به‌ربڵاو باس له‌ چه‌مكی "گۆڕانكاری" ده‌كرێت له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیی حیزبی و حكومیه‌كانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ هاوڵاتیانی ساده‌ش. هاوكات ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجیشه‌ به‌لای چاودێرانی سیاسیه‌وه‌، ئه‌م گله‌یی و دداننان به‌ كێشه‌كان هه‌ر ته‌نیا له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و میدیاكانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو زۆرێك له‌ به‌رپرس و كه‌سایه‌تیه‌ حیزبی و حكومیه‌كان به‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ بۆ "گۆڕانكاری" به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ته‌نگه‌ژانه‌ی كه‌ هه‌ن، ویستی خۆیان بۆ گوِڕانكاری دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌هه‌مووشی بایه‌خدارتر به‌ لای زۆرێك له‌ چاودێران و راگه‌یاندن و رۆشنفكرانه‌وه‌ گرینگترینیان پڕۆژه‌كه‌ی مام جه‌لال بوو، دیاره‌ بۆ ئه‌مه‌ش هۆكار گه‌لێك هه‌بوون بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی و، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ شه‌قامی كوردیدا زۆرترین قسه‌ی له‌باره‌یه‌وه‌ كرا، یه‌كه‌میان: كه‌ به‌لای زۆرێك له‌ چاودێرانی سیاسی بارودۆخه‌كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو، كه‌ له‌لایه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك مام جه‌لال كه‌ له‌ لوتكه‌ی ده‌سته‌ڵاتی وڵات و حیزبیدایدایه‌ دانی به‌ هه‌بوونی كێشه‌ دانه‌ و هاوكات پێشنیاری بۆ رێگه‌چاره‌سه‌ركردنیان كرد، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ پێویستی چه‌مكی گۆڕانی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سیاسیه‌ جه‌نجاڵه‌ی كه‌ هه‌نووكه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م چه‌ندها تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌خت دایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێ‌ كه‌ سه‌ره‌تا نێو ماڵی خۆمان رێكبخه‌ینه‌وه‌ ئینجا به‌ره‌و ئه‌م تاقیكردنه‌وانه‌دا هه‌نگاو بنێین، كه‌ گرینگترینان یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا هه‌مانه‌ بۆ سه‌لماندنی زۆرێك له‌و مافانه‌ی كه‌ هێشتا به‌ده‌ستمان نه‌هێناون. هاوكات نیشاندانی ئه‌زموونی سیاسیی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتونه‌ به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر. دووه‌میان: زێتر ئاماژه‌دانه‌ به‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی زه‌روره‌تی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌كانی (یاسادانان، جێبه‌جێكردن، دادوه‌ری) و، هاوكات رۆڵدان به‌ده‌سته‌ڵاتی چواره‌م كه‌ میدیایه‌، بۆیه‌ به‌لای چاودێرانه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی مانای وایه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێ‌ و ئه‌م هه‌رێمه‌ش به‌ره‌و به‌ دام و ده‌زگایی ده‌چێ‌، كه‌ گرینگترین نیشانه‌یه‌ بۆ هه‌ر وڵاتێك و ده‌سته‌ڵاتێك تا به‌ دیموكراسی ناوزه‌ند بكرێت (لێره‌وه‌ وه‌كو تیۆر و بابه‌تیانه‌ بۆ پڕۆژه‌كه‌ جێگای دڵخۆشیه‌، لێ‌ له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ره‌و پڕاكتیزه‌كردن بڕوات) دیاره‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی جێگای ره‌خنه‌یه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ تا هه‌نووكه‌ نه‌چۆته‌ بواری كریانه‌ی راسته‌قینه‌ و نه‌هێشتنی هه‌یمه‌نه‌ی حیزب به‌سه‌ر دام و ده‌زگاكانه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی زۆرێكیش له‌ به‌ئاگایانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان پێیان وایه‌، ئه‌م گۆڕانانه‌ له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس و یه‌كگرتنی دوو ئیداره‌یی (هه‌ولێر و سلێمانی) ئه‌م داخوازی و بانگه‌شانه‌ زه‌قتر بوونه‌ته‌وه‌، له‌م باره‌شه‌وه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌بوونی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌روه‌ رووبه‌روی كورد بوونه‌ته‌وه‌. له‌لایه‌كی تر هه‌بوونی كێشه‌ له‌ نێو حیزبه‌كاندا، ئه‌مه‌ش خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ نێو حیزبه‌كاندا ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ نادۆزرێته‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ گفتوگۆی روون نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان تاوه‌كو له‌ كاتێكدا په‌نگده‌داته‌وه‌ و رێگای خۆی ده‌گرێت. ئه‌وه‌ی من تێبینیم كردبێ‌ له‌ نێو حیزبی كوردیدا به‌ درێژی مێژوو باڵاده‌ستی ناو حیزب ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یه‌وێ‌ موجامه‌له‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانی ده‌روه‌ی حیزب بكات، نیو ئه‌وه‌نده‌ خه‌می نییه‌ كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كادیرانی خۆی نه‌رم و نیان بێت، هه‌موو هه‌وڵێكی تاكه‌كانی نێوی حیزبه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی موئامه‌ره‌ لێكده‌داته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بێ‌ كه‌ له‌یه‌كتر نه‌گه‌یشتن و دیالوگی ناڕوون هه‌بێ‌ له‌نێوانیاندا، هاوكات ئه‌مه‌ش خۆی ئاماژه‌دانه‌ به‌وه‌ی كه‌ كێشه‌ و چه‌وتی هه‌یه‌ له‌ ئه‌دای كاری حیزبی و حكومیدا له‌ كوردستاندا، حكومه‌ت: به‌و مانایه‌ی كه‌ ئه‌زموونی حكومه‌تداری له‌ كوردستاندا ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ هاتۆته‌ كایه‌وه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دام وده‌زگایه‌ نییه‌ و په‌رله‌مانیش تا هه‌نووكه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت وه‌ك چاودێریكه‌ر نابینرێت. حیزب: تا ئێستاش له‌ كوردستان حیزب مانایه‌كی زۆر ته‌قلیدی هه‌یه‌ و زۆرێك له‌ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك تیره‌ و عه‌شیره‌ت له‌ حیزب ده‌نواڕن و چه‌شنی دیوه‌خان له‌ باره‌گاكانی و وه‌ك ئاغاش له‌ به‌رپرسه‌كانی. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ حیزبه‌ كوردیه‌كان له‌ كۆپیكراوێكی ته‌واوی حیزبه‌ چه‌په‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ره‌حه‌مه‌تیی ده‌چن، بۆیه‌ رام وایه‌ تا ئه‌و مانایه‌ ته‌قلیدیه‌ی حیزب نه‌گۆرێت، باس كردن له‌ گۆڕان شتێكی ناكامڵه‌. به‌مه‌ش ده‌كرێ‌ به‌وه‌ بگه‌ین كه‌ ئه‌م چه‌مكانه‌ وه‌كو پێویسته‌كی حه‌تمی هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌ و ئاماژه‌ی زیندوون بۆ گۆڕانی ئه‌م بارودۆخه‌، بۆیه‌ش لام وایه‌ هیچ شتێك له‌ بۆشایدا ناێته‌ بوون ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌سازی بۆ هاتنه‌دی نه‌كرابێ‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست و بایه‌خی ئه‌م وتاره‌یه‌ ئاماژه‌دانه‌ به‌ڕۆلی گه‌نجان له‌م قۆناغه‌دا كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌درێت گۆڕانكاری رووبدات، له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌م ڕۆڵ بینینه‌ زیاتر به‌ گه‌نجان ده‌درێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن به‌ هاوكێشه‌كان چونكه‌ خوێنی نوێن و زۆرینه‌ی جڤاكی كوردیش پێكده‌هێنن. دیاره‌ پێویستیشه‌ له‌سه‌ر گه‌نجان زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ستیار وبه‌رپرسیاریانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوانه‌دا بكه‌ن و، پێش ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبیه‌كانیان بخه‌نه‌ پێش چاو به‌ ئاگابن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لێك كه‌ سه‌ده‌ها ساڵه‌ خه‌بات بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات. دیاره‌ مه‌به‌ستی ئێمه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی حیزب نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا، به‌ڵكو ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌تێكه‌ هه‌موو حیزبێك كه‌ داده‌مه‌زرێت بۆ زیاتر به‌رزكردنه‌وه‌ و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌توانێ‌ كه‌ گه‌یشته‌ ده‌سته‌ڵات كاری بۆ بكات. له‌كاتێكیشدا ئه‌مڕۆ زیاتر ده‌رگاكان به‌سه‌ر گه‌نجدا ئاواڵان و ده‌كرێ‌ بێ ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ ناو هاوكێشه‌ مه‌نگه‌كان، خۆیان هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ چ رێگایه‌ك ده‌گرن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان. له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ وه‌ك له‌ وتارێكدا ده‌رباره‌ی گه‌نجانی بیست و پێنج ساڵی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌مان بۆ كرد، كه‌ ده‌توانن وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ سوودی لێببینن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی كرداریانه‌ ڕۆڵ له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كاندا ببینن.

Previous
Next

Leave a Reply