رۆشنبیری ئاڕاسته‌كراو و بوده‌ڵه سیاسی قین له‌دڵ و چه‌نه‌باز
بێگومان قسه‌كردن له دوو كایه و دوو وێنه‌ی جیاواز و هه‌ندێجار ناكۆك و دژ به‌یه‌كتری هه‌ر ته‌نها قسه‌كردن نییه له دوو زمانی ته‌عبیركردن و دوو ناوكۆیی و دوو دید و شێوه داڕشتن… به‌ڵكو قسه‌كردنه له دوو شێوه بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و خه‌ونی جیاواز…
فیكر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رهه‌می مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه، بۆیه نامه‌وێ له‌باره‌ی فیكری ئه‌ده‌بی و فیكری سیاسی به‌و شێوه به‌رته‌سكه قسه بكه‌م، وه‌ك چۆن به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش نامه‌وێ له باره‌ی وێنه‌ی رۆشنبیر و وێنه‌ی سیاسی دووباره بچمه‌وه سه‌ر بیروڕاكانی سارته‌ر و گرامشی و ئه‌وانیدیكه. ئه‌مڕۆ مانا و رۆڵی رۆشنبیر له كلیككردنێكدا ده‌كرێته‌وه. رۆشنبیری سه‌رده‌می سارته‌ر به‌سه‌رچوو، ئیتر رۆشنبیر چیدی ئه‌و كه‌سه نییه كه بتوانێ رابه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگه بكات، ئیتر رۆشنبیر چیدی ئه‌و كه‌سه نییه په‌ند و ئامۆژگاری دابدات… وه‌ك چۆن سیاسی هه‌ر ته‌نها ئه‌و بوونه‌وه‌ره ئۆڕگانییه نییه، كه له‌پێناسه‌كانی گرامشییه‌وه خۆی ده‌دۆزێته‌وه… ئه‌مڕۆ رۆشنبیر كاری به‌رهه‌مهێنانی كایه‌ی رۆشنبیریی و ئیبداعه، ئه‌مڕۆ ئینته‌رنێت و میدیا و كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی زانیاری به ته‌واوی شوێنی رۆشنبیری ئۆڕگانی و رۆشنبیری په‌ندیار و رۆشنبیری رابه‌رییان گرتۆته‌وه. ده‌شێ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی رۆشنبیریی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دوو پرس و دوو دنیابینی جیاواز بخه‌ینه روو، یه‌كه‌مییان له‌ڕێگه‌ی ره‌خنه و به‌دواداچوون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی به‌رده‌وام خۆی نمایان ده‌كات. دووه‌میان له‌میانی په‌یڕه‌و و پرۆگرامێكی دیاریكراودا خۆی دووباره به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه. به مانایه‌كی دیكه پرسی رۆشنبیر له‌نێو جێگیرنه‌بوونی كایه رۆشنبیرییه‌كاندا خۆی داده‌هێنێ و پرسی سیاسی له جێگیربوونی كایه‌ی سیاسی درێژه به‌خۆی ده‌دات.
كه‌واته ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامییه‌ت به رۆشنبیر ده‌دا، ره‌خنه و گومان و جێگیرنه‌بوونه، ئه‌وه‌ی بوونی رۆشنبیر وه‌ك بوونێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌سه‌لمێنێ به‌رهه‌مهێنانی كایه جیاوازه‌كانی رۆشنبیرییه! به‌ڵام بوونی سیاسی ده‌شێ له تیژبینی و خه‌مڵاندن و یاری سیاسیانه‌دا هه‌ڵبگرینه‌وه… ئیتر ئه‌و پێكدادانه‌ی كه ده‌كه‌وێته نێوان ئه‌و دوو بوونه، راسته‌وخۆ له‌رووی داهێنان و رۆشنبیریی له‌لایه‌ك و له‌ڕووی ئاسایش و كارگێڕی لهرووییهكی دیكه‌وه په‌یوه‌ندی به بارودۆخی كه‌ڵه‌كه‌بووه‌وه هه‌یه. هه‌ڵبه‌ته كۆی سه‌ركه‌وتنه‌كان به كرانه‌وه و دیالۆگ و شه‌فافییه‌ته‌وه به‌نده، وه‌ك چۆن كۆی دابه‌زینه‌كان به داخران و شێوه‌كانی گه‌نده‌لییه‌وه ده‌لكێ. له كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌دا رۆشنبیر وه‌ك چاودێرێك به‌ر ژینگه‌ی سیاسی ده‌كه‌وێ و ره‌خنه‌ی جۆراو جۆر ئاڕاسته‌ی كایه سیاسییه‌كان ده‌كات و له‌وێشه‌وه دیالۆگ دێته ئاراوه. به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا هه‌میشه سیاسی له‌هه‌وڵی ئاڕاسته‌كردن و ده‌سته‌مۆكردنی رۆشنبیر دایه و له‌وێشه‌وه به بنبه‌ستبوون ده‌گات.
یه‌كێكی دیكه له جیاوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كایه‌ی سیاسی و كایه‌ی رۆشنبیریی ئه‌وه‌یه، كه كه‌سی رۆشنبیر كاتێك له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا خۆی ده‌بینێـته‌وه، ئه‌و كاته له رۆشنبیر، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه كه‌سێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆیه ده‌كه‌وێت و ده‌شێ ناوێكی دیكه‌ی (جگه له رۆشنبیر- به مانای كه‌سی ئازاد) بخه‌ینه پاڵ، به‌و مانایه‌ش پێویسته هه‌میشه رۆشنبیر مه‌جالێك یان ماوه‌یه‌ك له‌نێوان خه‌ونه‌كانی خۆی و خه‌ونه‌كانی سیاسیی‌دا بهێلێته‌وه، تاكو بتوانێ ئازادییه‌كانی خۆی پراكتیزه بكات.
به بڕوای من رۆشنبیری داهێنه‌ر پێویسته هه‌میشه پارێزگاری له‌و ماوه‌یه بكات و هه‌رگێز نه‌هێلێ سیاسییه‌كان له‌ڕێگه‌ی یارییهكانیانهوه ئه‌و ئازادییه‌ی بشێوێنن! چونكه رۆشنبیر له‌ڕێگه‌ی پاریزگاركردن له‌و ماوه‌یه ده‌توانێ به ئازادی ره‌خنه‌كانی رابگه‌یه‌نێت، هه‌ر له‌وێشه‌وه رووه‌كانی حه‌قیقه‌ت روونتر به‌رجه‌سته بكات، چونكه وه‌ك ده‌زانین هێزی رۆشنبیریی جگه له ئازادی به شتێكی دیكه‌وه پشتبه‌ست نییه. ئیتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كایه‌ی رۆشنبیری هیچ كاتێك له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا نییه شوێنی كایه‌ی سیاسی بگرێته‌وه، بۆیه كه‌سی رۆشنبیر هه‌رگیز له كایه (ئازادی/رۆشنبیری)یه‌كه‌ی خۆی دانابه‌زێ و خۆی له بازنه‌ی سیاسی نقوم ناكات.
به كورتی ئه‌وه‌ی ده‌شێ له‌باره‌ی وێنه‌ی رۆشنبیره‌وه زێتر جه‌ختی لێبكه‌مه‌وه به‌رهه‌مهێنانی كایه‌ی رۆشنبیریی و ئیبداعییه، ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی وێنه‌ی سیاسییه‌وه ده‌شێ جه‌ختی لێبكه‌مه‌وه تیژبینی و گۆڕینی واقیع و كرده‌ی دامه‌زراوییه، هه‌ر له كرده‌ی دامهزراویشهوه ده‌شێ قسه له رۆشنبیری سیاسی و سیاسی رۆشنبیر بكه‌ین. له‌و خاڵه‌وه ده‌شێ راسته‌وخۆ رۆشنبیر دیالۆگ له‌گه‌ڵ سیاسی بكات (به پارێزگاریكردن له ماوه‌ی ناوبراو) له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانه‌وه راسته‌وخۆ چاوێك بێ به‌سه‌ر ساسییه‌وه و وه‌ك راڤهكارێك بچێته نێو ده‌زگا و یارییه‌كانییه‌وه، به‌و مانایه‌ش رۆشنبیری سیاسی ئه‌و كه‌سه‌یه كه خاوه‌نی گوتارێكی ئاشكرا و روونه، به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش سیاسییه‌ك هه‌ڵگری گوتارێكی روون و شه‌فاف بێت، به مانا به‌رفره‌وانه‌كه‌ی رۆشنبیر و رۆشنبیریی، رۆشنبیره (هه‌ڵبه‌ته به مانا گرامشییهكهی). وه‌ك چۆن هه‌موو رۆشنبیرێكیش سیاسییه به‌پێی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ی كه سه‌ر به كایه‌ی سیاسییه، به‌ڵام دووباره پێویسته به‌خششی رۆشنبیر و به‌خششی سیاسی لێكجیا بكه‌ینه‌وه.
له پرسی رۆشنبیرییدا به‌دوای ئاسۆیه‌كی به‌رفره‌وانتر و بێ سنوور له ئازادییدا ده‌گه‌ڕێین، یان به مانایه‌كی دیكه له ژیان ده‌گه‌ڕێین له‌وپه‌ڕی كرانه‌وه‌و دره‌وشانه‌وه‌دا. به‌ڵام پرسی سیاسی سنوورداركرن و ده‌سته‌مۆكردنی ژیانه به‌پێی دیدی ئایدیۆلۆژی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت. پرسی رۆشنبیریی پرسێكی ئاوێته‌یه و له زه‌مه‌ندا درێژ ده‌بێته‌وه به ناوكۆییه‌وه به‌نده و به خه‌ونه‌وه خۆی سه‌رقاڵ ده‌كات، به‌ڵام پرسی سیاسی خۆی له لێكدانه‌وه‌ی به‌شێكی دیار و راگه‌یه‌نراودا ده‌بینێته‌وه و به شێوه‌یه‌كی رووه‌كی و بینراو و راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی شته‌كان ده‌وه‌ستێ و هه‌میشه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ئێستادا كار ده‌كات و له واقعێكی دیاریكراودا خۆی ده‌نوێنێ. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ قسه له سیاسه‌ت و سیاسیی، رۆشنبیر و رۆشنبیریی بكه‌ین، بێگومان ده‌كه‌وینه نێوان چه‌ندان وێنه‌ی جیاواز و ناونانی جیاواز له كه‌سی رۆشنبیر و كه‌سی سیاسی: رۆشنبیری به‌كرێگیراو ئاڕاسته‌كراو و بوده‌ڵه و … پێچه‌وانه‌كه‌ی، له‌به‌رانبه‌ر سیاسی درۆزن و قین له دڵ و چه‌نه‌باز و … پێچه‌وانه‌كه‌ی، یان كایه‌ی رۆشنبیریی پڕ له داهێنان و كایه‌ی رۆشنبیریی كه‌مخوێن…. كایه‌ی سیاسی پڕ له جوله و شه‌فاف و هه‌ڵگری جیاوازی و گفتوگۆی جیاواز، له‌به‌رانبه‌ر كایه‌ی سیاسی داخراو و سته‌مكار و داپڵۆسێنه‌ر و گه‌نده‌ڵ….