Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

رۆشنبیر و پەلاماردانى میدیاى ئازاد !!!!

Be First!
by April 22, 2008 گشتی

ئەوانەى کە میدیاى ئازاد بە ((سەرچاوەى جەهل)) دەزانن!!، خۆشیان پشکێکى گەورەیان بەر دەکەوێت لە بەرهەمهێنانى ئەو ((جەهل))ـەدا.

رێبوار رەزا چوچانى…..

ئایە هیچ دەسەڵاتێک هەیە لە سەروى رەخنەوە بێت، بۆچى رەخنە لە دەسەڵات نەگیرێت، ئەو کاتەى کە خۆمان بە دور گرت لە رەخنە گرتن لە دەسەڵات و ئەو کایانەى کە پەیوەندیان بە ژیانى مرۆڤ و بەڕێوە بردنى کۆمەڵگاوە هەیە، خۆشمان نابینە بە شێک لەو هەوڵانەى کە بۆ بەخشینى شەرعیەت بە ستەمکارى دەخرێتە گەڕ، کە هەمیشە مرۆڤ لە جەنگێکى گەورە و دورمەودادایە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا؟.
مرۆڤ ئەو کاتەى بێدەنگى هەڵبژارد لە بەرانبەر ئەو حاڵەتانەى کە پێویستە لەسەرى بە جواب بێت، خۆى دەروازە دەکاتەوە بەروى ئەو نەهامەتیانەى کە دێنە ناو ژیانى، ئەو مرۆڤانەى کە مەحکومى بێدەنگین، مرۆڤگەلێکن کە نەک هەر ناتوانن کاریگەرییان بەسەر دەوروبەرەکانیانەوە هەبێت، بەڵکە ناشتوانن ئەو مافانە بە خۆیان رەوا ببینن کە هەر ئینسانێک پێویستە هەیبێت و مافێکى سروشتى خۆشیەتى، یان رەنگە تواناى نەبێت کە باوەڕ بەخۆى بێنێت ئەم مافانە مافى ئەون، ئەمەش دۆخێکى مەترسیدارە و بەرەنجامەکەشى بەو هەموو ناشیرینیە دەگات کە هەوڵى تاساندن و لە ژێر پێنانى حورمەتە ئینسانیەکان دەدات، بەڵام بۆچى لە بەرانبەر دەسەڵاتدا بەشەرمێکەوە بڵێین، دەسەڵات گەمەى منداڵە وردکە نیە!!!، دەسەڵات دەبێت رەخنەى بەسەردا فەرز بکرێت، یان زەلیلانە لە بەرانبەریدا بگوترێت (( دەسەڵات کایەیەکى گرنگە و نابێت فەزح بکرێت، ئەوانەى کە دەسەڵات فەزح دەکەن، ناتوانن جدى بن، دەسەڵات گرنگە و کۆمەڵگایەک بەڕێوە دەبات، دەسەڵات گەمەى منداڵە وردکە نیە!!))، لە هەمووى سەیرتر، ئایە ئەو (( منداڵە وردکانە)) کێن کە نابێت رەخنە لە دەسەڵات بگرن؟، ئەگەر لە روانگەیەکى ترەوە لەم بابەتە بڕوانین و بڵێین ((منداڵە وردکە !!!)) رەخنە لە دەسەڵات دەگرن، بەڵام ((منداڵە وردکە !!!)) مافى رەخنەى نیە، یاخود ئەمە هەوڵێکە بۆ لەکەدار کردنى شکۆى بەشەرى و هەرچى ناشیرین کردنە بە منداڵ دەرببڕین، کە ئەوەش یەکێکە لە پێشێلکارییەکان بەرانبەر بە مرۆڤ، یان ئەوەتا خاوەنى ئەو بۆچونە دەیەوێت بڵێت تێکڕاى ئەوانەى کە رەخنە دەگرن، ((منداڵە وردکە !!!))ن و خاوەنى هیچ دنیابینیەک نین، ئەمەش بێدودڵى بێبەهاکردنى ئەو تەوژمە نوێیەیە کە لە ناو میدیاى ئازاد و مرۆڤى کوردى و کۆمەڵگاى کوردیدا، خەریکى بیناکردنى رەخنەیە، میدیاى ئازاد ئەگەر هیچى نەکردبێت، ئەوا توانیویەتى تێکرایى ئەو پیرۆزیانە تێک بشکێنێت، کە پێش دروست بونى میدیاى ئازاد لە کوردستاندا، ببونە پاساوێکى گەورە بۆ دەست بەسەردا گرتنى تەواوى کایەکانى ژیان و ئاراستەکردنى کۆمەڵگا بەرەو ئەو ئاقارانەى کە دەسەڵات و حیزبى سیاسى دەیانویست، کە ئەمانەش ببونە سەرچاوەى تەواوى ناشیرینیەکانى ژیان لەم کۆمەڵگایەدا، بەڵام لە هەمووى سەیرتر ئەوەیە، کە بەداخەوە ئێستا رۆشنبیرانى ئێمە خەریکى بونیاتنانەوەى ئەو پیرۆزیانەن، بەڵام لە فۆڕمێکى جیاوازدا، ئەگەر لە پێشدا هێزە سیاسیەکان لە هەوڵى پیرۆز کردنى خۆیان و سەرکردەکانیاندا بوبن، بەڵام ئێستا هەندێک لە رۆشنبیرانى کورد لە هەوڵى بەخشینى رویەکى موقەدەسن بە خۆیان و خوێنەرى کوردیش بە بێئیش وەسف دەکەن، ئەمەش بێدوڵى ونکردنى وەزیفەى رۆشنبیرییە لەو کۆمەڵگایانەى کە رۆشنبیرەکانیان تازە ئاشناى فیکر و فەلسەفە دەبن، رۆشنبیرێک کە تەواوى هەوڵەکانى و تازەترین بۆچونى ئەوەبێت کە بڵێت((میدیاى ئازاد لە کوردستاندا، سەرچاوەى بەرهەمهێنانى جەهل و بێمەعریفەیین))، ئەو رۆشنبیرە بەر لە هەموو شتێک وەزیفەى خۆى بزر کردوە و پێویستى بە موراجەعە کردنەوەى خۆیەتى، چونکە بەر لە هەموو شتێک دەبێت کاتێک کە باسى کەموکوڕیەکانى میدیاى ئازاد بکرێت، کە باسى ئەو هەموو سانسۆر و ڕێگریانەش بکرێت، کە لەم کۆمەڵگایەدا بونەتە هێزگەلێک بۆ بەرتەسک کردنەوەى ئازادى میدیا، کاتێک ئەم لایەنە پەراوێز دەخرێت و باس لە کەموکوڕیەکان دەکرێت((بەرقێکى گەورەوە!!))، ئیتر پێویست بەوە ناکات دو دڵ بین لە ونکردنى وەزیفەى رۆشنبیر، چونکە رۆشنبیر دەبێت هەوڵى دروستکردنى گومان بدات لە بەرانبەر ئەو شتانەى کە بەهاى ئینسانى کەم دەکەنەوە، نەوەک خەریکى دروستکردنى گومان بن بۆ مرۆڤ لە ئاست مرۆڤبونى خۆیدا، رۆشنبیر دەبێت هەوڵى گێڕانەوەى حورمەتە ئینسانیەکان بدات، نەک مرۆڤ بە (( ئەحمەق و جاهیل و دەبەنگ و زۆڵ)) ناوببات، رۆشنبیر دەبێت هەوڵى بەرزکردنەوەى حورمەتە ئینسانیەکان بدات، یاخود لە هەوڵى بێقیمەتکردنى ئینساندا بێت؟؟، رۆشنبیر دەبێت بەشدار بێت لە پرۆسەى بونیاتنانى رەخنەدا، یاخود دەبێت لە هەوڵى تاساندنى رەخنە دابێت؟.
لە لایەکى ترەوە پێویستە ئەگەر لەسەر ئەو لایەنە رابوەستین و بپرسین بۆچى رۆشنبیرانى ئێمە، لەسەر کەلتورى رەتکردنەوەى بەرانبەر و بە جاهیل نیشاندانى دەوروبەر راهاتون، ئایە ئەمە پەیوەندى بە ئاستى بیرکردنەوەیانەوە هەیە، یاخود ئەم حاڵەتەش پەیوەندى بە لوتبەرزى ئەو تایپە لە مرۆڤەوە هەیە، کە ئیتر بە هەر شێوەک بێت شەرعەیەت بە خۆیان دەدەن، کە پەلبهاون بۆ دەوروبەریان و تەجاوز بکەنە سەر کەرامەتى ئینسانى ئینسانەکانى تر، مەترسى گەورەى ئەم حاڵەتە لەوەدایە، کە هەندێک لە رۆشنببیران خەریکى درێژەدان بە جەنگێکن کە جەنگى ئەوان نیە و بارگاوییە بە هەوڵى لەکەدار کردنى تەواوى حورمەتەکانى مرۆڤ و کایە مەدەنیەکان و بە سەرچاوەى ((جەهل و بێمەعریفەیى)) ناوییان دەبەن.
ئەوەى مرۆڤ و کۆمەڵگاى کوردى پێوەى دەناڵێنێت ئیزدیواجیەتە، بەو پێیە ئیزدیواجیەت خزاوەتە ناو نوخبەى رۆشنبیرى کوردى و ئێستا ئەم نوخبەیە لە پێش هەموو چین و توێژەکانى ترى کۆمەڵگاوە، خەریکى پیادەکردنى ئەم رەهەندەیە، لە درێژەدان بە پەیوەندى و هەڵوێستەکانى خۆیانەوە لە مەڕ هەموو ئەو پێشهات و روداوانەى کە رودەدەن، واى لێهاتوە ئەوانەى کە تا دوێنى مینبەرێکیان بە کار دەهێنا بۆ مانیفێستکردنى رقەکانى خۆیان، هەر ئەوانە پەلامارى ئەو مینبەرانەش بدەن و پێیان دەڵێن((ئێوە سەرچاوەى جەهل و بێمەعریفەیین))، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوانەى کە تا دوێنێ وەک ((پڵنگێکى بریندار)) لە مینبەرى میدیا ئازادەکانەوە نرکەیان دەهات بەروى دەسەڵاتدا، ئێستاش کە دەڵێن (( مەمجوڵێنە با نەڵێم میدیاى کوردى جەهل بەرهەم دێنێت، بەڵام مەعریفە بەرهەمناهێنێت))، ئەمانە کەسانێکن کە هەمیشە لەسەر پێن تا بەرەو روى ئەو هەناسە ئازادانە بوەستن، کە جار جارە لە ناو میدیا ئازادەکانەوە سەرنجێک دەردەبڕن، ئەمانە مەحکومن بەوەى کە هەمیشە ئەو رق و بوغزانەیان بەرانبەر بەو کەسانە دەرببڕن کە لەو دەزگایانەدا کاردەکەن و پێیان بڵێن(( ئێوە جاهیلن))، بەڵام ئایە ئەگەر میدیاى ئازاد جەهل بەرهەم بهێنێت، ئەوانەى کە تا دوێنێ وەک ((پڵنگێکى بریندار)) لەو میدیایانەوە نرکەیان دەهات و ئێستاش بونەتە پاڵەوانى سەرشاشەى تیڤیەکانى حیزب و پەلامارى میدیا ئازادەکان دەدەن، ئایە ئەوانەش بەشێک نین لە بەرهەمهێنانى ئەو (( جەهل))ـەى کە بە قەولى ئەوان میدیاى ئازاد بەرهەمى دەهێنێت؟، ئەوانەش بەشێک نین لە و بێمەعریفیەى کە دیسانەوە بە قەولى ئەوان میدیاى ئازاد بەرهەمى دەهێنێت؟، ئایە هەڵوێستى ئەوانە لە میدیا ئازادەکان و میدیاکانى حیزبدا، هەڵوێستێکى دوفاقى نیە، کە لێوانلێوە لە ئیزدیواجیەت؟.
کێشەى سەرەکى هەندێک لە رۆشنبیرانى ئێمە ئەوەیە، کە وادەزانن خۆیان سەرچاوەى هەموو مەعریفەیەکن و ئیتر بەمەش پەلامارى هەموو شتێک و لایەنێک دەدەن، کە دواجار ئەم پەلامار دانەیان بە خراپى بەسەریاندا دەشکێتەوە و دەبێتە دەرخەرى عەقڵیەت و ئاستى تێگەشتن و بیرکردنەوەیان، کە راستەوخۆ ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى کە ئەو کەسانە، هەر کەسێک لەگەڵ بیروبۆچونەکانى ئەواندا نەبێت پێیان دەڵێن ئێوە جاهیلن و منداڵە وردکەن و نابێت رەخنە لە دەسەڵات بگرن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، بۆچى دەسەڵات لاى ئەم رۆشنبیرانە گەشتۆتە ئاستێکى وەها موقەدەس، کە نابێت((منداڵە وردکە)) رەخنەى لێبگرێت؟.

تێبینى:
ئەم نوسینە لە ژمارە 414 ى رۆژنامەى هاوڵاتیدا بڵاو کراوەتەوە.

rohani1983@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply