Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

رۆژنامەنووسیو خزمەتو ماندووبوون

Be First!
by April 22, 2008 گشتی

  بەناز كوێستانی…..

 كوردستان وڵاتێكی پڕ گۆرانكاریەو قۆناغ بەقۆناغ گۆڕان بەخۆیەوە دەبینێو هەر جارەی لەسەر ریتمو شێوازێك دەردەكەوێت، هەر وڵاتێكیش ئەوە سیفەتو دەركەوتەكانی بێت، بێگومان رەنگدانەوەی هەیە لەسەر هەموو بوارەكانی تری ژیان لەو وڵاتەدا، كاریگەری دەبێت لەسەر پیشەو كارو چالاكیەكان، تائێستا ئێمە وڵاتێكمان نییە كەبتوانێت گرنگی بەهەموو بوارەكان بداتو هەموو ئاستو شێوازو ناوەرۆكەكان وەك یەك سەیر بكرێت.
 بواری رۆژنامەنووسی كوردیش یەكێكە لەو بوارو پیشانەی كەسەقامگییری بەخۆیەوە نابینێتو لەگەلأ گۆرانكاریە سیاسیو ئابوریو كلتوریەكان دەگۆرێت ئەمە جگە لەبواری ئازادیو ئازادی رادەبرینو شێوەی حوكمی سیاسی ئەو وڵاتە چۆن بەرێوە دەچێتو چ حزبو لایەنو كەسایەتیەك سیاسەتەكەی دیاری دەكات، تاچەند بوار بەرۆژنامەنووس دەدرێت بەوپەڕی تواناو ئازادییەوە كارەكانی خۆی جێبەجێ بكات، تا چەند رێگە بەرۆژنامەی ئازاد دەدرێت، كەبێ سانسۆر دەربچێتو حزبو لایەنەكان بەهەر شێوەیەك بێت دەستی تێورنەدەن، چونكە دەست تێوەردانییش دوو جۆری هەیە راستەوخۆو ناراستەوخۆ.
 رۆژنامەگەری كوردی لەسەرەتای دەرچوونیەوە هەر لەرۆژنامەی كوردستانی قاهیرەوە تائێستا كەساڵی 2008 رۆژنامەنووسی بەچەندەها قۆناغدا تێپەریووە، لەهەر قۆناغێكیشدا ئەرك تایبەتی خۆی هەبووەو بەپێى ئەو زروفە سیاسیەی كە تیایدا دەرچووە، هەمیشە رۆژنامەگەری كوردی ئەركی نیشتمانی نەتەوایەتی وپاراستنی زمانو كەلتوری كوردیو بڵاوكردنەوەی دۆزی كوردایەتی بووە.
 ئەم ساڵ كە 111ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردیدا تێدەپەرێت، هێشتا زۆربەی رۆژنامەكان نازانن ئەركو مەهامیان چییە؟ بۆچی مەبەسێك دەردەچن..؟
 با رۆژنامە حزبیەكان بخەینە لاوە، كەئەركێكی تایبەتی خۆیان هەیەو حزب دەریان دەكاتو هەر بۆ خزمەتو بەرنامەی حزبەكانیان كار دەكەن، كەئەمەش هەقێكی رەوای حزبەكانە كەخۆیان خاوەنی كەناڵی میدیا بنو بیانەوێت لەو رێگەیەوە بۆچوونو بڕواو بەرنامەكانی داهاتووی خۆیان بەجەماوەرەكەی خۆیان بگەیەنن. هەوڵ دەدەن تاكەكانی كۆمەڵگە بۆ حزبەكانی خۆین كەسب بكەن.
 رۆژنامەكانی تریش كەلەهەرێمی كوردستاندا دەردەچن،  ئەمانیش دەبنە دوو جۆر، جۆرێكیان كە حزب دەعمیان دەكات بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ دەست لەكارو بارەكانیان وەردەداتو زۆربەی كات مەجرای رۆژنامەكە بەلای خواستو بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا رادەكێشێت، لەپاڵ ئەمەشدا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەمانە كەناڵی ئازادنو بێ سانسۆر كار دەكەن، كەئەمەش زۆر دوورە لەراستیو ناوەرۆكو جۆری كاركردنیانەوە.
 جۆری دووەمیان ئەو رۆژنامانەن كە كەمێك بودجە لە حكومەت وەردەگرنو زیاتر گرنگی بە فرۆشو ریكلام دەدەن بۆ بەرێوەبردنی رۆژنامەكەیانو بەردەوامیان  لەدەرچوندا، یاخود لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە لەدەرەوەی وڵات پشتگیری دەكرێنو یارمەتی مادیو مەعنەوییان دەدرێت، ئەمانەش تارادەیەكی باش ئازادنو دەتوانن دەنگو خەمی هاوڵاتیان بگەیەننە لێپرسراوانو ببنە پردێك لەنیوان جەمارو دەسەڵاتدا، ئەم رۆژنامانە كەس ناتوانێت ساسنۆریان بخاتە سەر مەگەر لەو لایەنەوە نەبێت كە كاریگەری هەبێت لەسەر رەوشی ئەمنی هەرێمەكە. یاخود بابەتێك بێ كەدژی جەماوەر بوەستێتەوە.
 رۆژنامەنووس دەتوانێت چالاكانە كار بكاتو رێگریو سانسۆر نەبێت لەسەر راو بابەتو بۆچوونەكانی، خەمی رۆژنامەنووس لێرەوە دەست پێدەكات كەهەست دەكات كەناڵێك هەیە كەدەنگی ئەم دەگەینێتە جەماوەرو دەسەلات، ئەو چینەی زیاتر لەهەموو چینو توێژەكان خەمی گەورەی هەیە، چینی رۆژنامەنووسانەو بەتایبەتی تریش رۆژنامەنووسانی ئازادو رۆژنامە ئازادەكان، رۆژنامەنووسان سەرباری خەمی خۆیانو پیشەكەیانو دەزگاكەیان، دەبێت وەك هاوڵاتیەك خەمی خێزانەكەیان بخۆنو وەك رۆژنامەنووسێكیش خەمی هاوڵاتیانیان بێتو لەسەرو هەمووشیەوە خەمی پیشەكەی خۆیانو روبەروونەبوونەوەی توندوتیژی بن لەلایەن كاربەدەستانی حزبیو حكومییەوە.
 هەر رۆژنامەنوسانن، رۆژانە بەدوای كێشەو گیروگرفتەكانو نەبوونیەكانی هاوڵاتیانەوە دەچنو دەیخەنە سەر رووپەری رۆژنامەكان تا بەرچاوی كاربەدەستانی ئەم وڵاتە بكەوێت.
 هەر رۆژنامەنوسانن، رۆژانە بەدوای كارە دزێوەكانو گەندەڵیەكانی ئەم وڵاتە دەچینو دەمانەوێت بەبەڵگەوە بیان خەینە رووو ئاشكرایان بكەین.
 رۆژنامەنووسانن، بازویان لێ هەڵكردووەو ڤێلاو داهێنانو شتە جوانەكانی ئەم وڵاتە نیشانی دەرەوە دەدەنو لەهەمان كاتدا كەڵاوەو وێرانەیی و نەبونیەكان دەخاتە بەردەم لێپرسراوان.
 لەگەڵ ئەمانەشدا رۆژنامەنوسان رۆژانە رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوەو، لێیان دەدرێتو كامیرایان لێ دەسەنرێتو باجەكانیان لێدەسەنرێتەوەو ناهێڵن بچنە ناو هۆڵی كۆبوونەوەكانەوە، هەرەشەی لێدانو كوشتنیان لێ دەكرێت، بەڵام كام رۆژنامەنووس ئایا رۆژنامەنووسی حزبی؟ بێگومان نەخێر رۆژنامەنووسانی ئازادو رۆژنامە بێلایەنەكانن.
 هەر لەم ماوەیەدا، چەندەها هەواڵ لەرووپەری رۆژنامەكان بڵاوكرایەوە كەچەند سوكایەتی بەرۆژنامەنوسان دەكرێتو رێگەی كاركردنو چونە شوێنە گرنگەكانو بەدەستهێنانی زانیاریان لێ دەگیرێت.
  ئایا ئەم حاڵەتانەی سەرەوە دەستكردی كێیەو كێ لێی بەرپرسیارە، رۆژنامەنووسان خۆمان، یان حكومەت، یان حزبەكان، یان پەرلەمان، یاخود نەبوونی یاسایەكی كارا كە پارێزگاری لەرۆژنامەنووسو كەناڵەكە بكات؟
 ئێمە یاسایەكمان ئەوێت، كەئازادیەكانمان پێشێل نەكاتو لەهەمان كاتدا ئێمەش پێشێلی ئازادیەكانی كەس نەكەین، یاسایەكمان دەوێت كەهیچ كەسو لایەنێك نەتوانێت، كامیرامان لێ بسەنێتو رێگەی بەدەستهێنانی زانیماریمان لێ بگرێت، لەبەرامبەردا ئێمەش زوومی كامیراكانمان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆمان بەكار نەهێنێنو ئەو زانیاریانەش كەدەستمان دەكەوێت، بەبێ بەڵگە بڵاوی نەكەینەوەو زۆر دڵنیا بین لەراستی زانیاریەكان.
 ئێمەی رۆژنامەنووسان یاسایەكمان دەوێت كەپارێزگاریمان لێ بكات، لەكاتێكدا كەگەندەڵی بەرپرسێكی باڵای حكومی یان حزبی ئاشكرا دەكەین.
 وابریارە كەلەچەند هەفتەی داهاتوودا، پەرلەمانی كوردستان، بۆجاری دووەم پرۆژەی كاری رۆژنامەنووسى تاوتوێ بكەنەوەو بەو یاسایەدا بچنەوەو گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازو راسپاردانە بكەن، كەلەلایەن رۆژنامەنووسانو سەندیكای رۆژنامەنووسانو رێكخراوە مەدەنیەكانەوە گەلاڵە كراوە. هیوادارین ئەم جارە پەرلەمانو سەرۆكی پەرلەمانو ئەندام پەرلەمانەكان بەبیركردنەوەو بۆچونێكی جیاوازتر برواننە ئەم یاسایەو ئەو پێشنیازو راسپاردانەی گەیشتۆتە دەستیان چونكە ئەو خاڵانە داواكاری راستەقینەی رۆژنامەنوساننو كاری زۆر كراوە تا زۆربەی رۆژنامەنووسان كۆبكرێتەوەو راو بۆچونی خۆیان لەمەڕ ئەو یاسایە گەلاڵە بكەن، بۆئەوەی جارێكی تر لێكتێنەگەیشتن لەنێوان پەرلەمانو رۆژنامەنووسان روونەداتەوەو  خەمێكی تری گەورە بۆ رۆژنامەنووسان دروست نەكەنەوە.
 هەقە لەیادی 111 ساڵی رۆنامەنووسی كوردیدا پەرلەمان وەك پەیامو پیرۆزبایی بۆ رۆژنامەنووسان ، یاسایەكی مۆدێرن كەلەگەڵ ئاستی شارستانیو ژیاریو ئازادیو بیرو بۆچونەكانو كاری رۆژنامەنووسیدا بگونجێت بكاتە خەڵاتی رۆژنامەنووسان.
 
 بەناز كوێستانی…..
 خاوەنی ئیمیتازو سەرنووسەری رۆژنامەی پێگە
 
 

Previous
Next

Leave a Reply