Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رۆژ تیڤی لەنێوان چەق بەستوویی حیزبی و نەتەوەیی بوونی …زانا بەهرام

رۆژ تیڤی لەنێوان چەق بەستوویی حیزبی و نەتەوەیی بوونی …زانا بەهرام

Closed
by March 28, 2009 گشتی

رۆژ تیڤی لەنێوان چەق بەستوویی حیزبی و نەتەوەیی بوونی زیاتر کامیان هەڵ ئەبژێرێت ؟
 ئایا رۆژ تیڤی ئەتوانێ وەک جەزیرە و بی بی سی  کەناڵێکی نەتەوەیی بێت بۆ هەمووان ؟
z_bahram80@yahoo.co.uk زانا بەهرام ـــ لەندەن

گرینگی راگەیاندن :
بێگومان راگەیاندن رۆڵێکی سەرەکی و گرینگ ئەگێڕێت لەسەر کۆیی بوارەکانی ژیان ، جا تیڤیش وەک ژانرێکی بەهێزی راگەیاندن ئەتوانێ بەشداریەکی گرینگ تری هەبێت لەم بوارەدا ، بەو پێیەی کە  بەشێوەیەکی بیستراو و بینراو راستەو خۆ ئەچێتە ناو ماڵەکانەوە ، بۆیەش هەموو ئەو گروپ و هێز و توێژە کۆمەڵایەتیانەی کە خاوەن پرۆژە و بەرنامەیەکن   و نیەتی گۆرانکاریان هەیە لە کۆمەڵگادا وەک چەکێکی بە هێز سەیری ئەکەن ، سەیریش نیە هەر لە دیکتاتۆرترین رژێمەوە تا دیموکراترین حکومەت  زۆر بایەخ بە رۆڵی راگەیاندن بدەن و لەم پێناوەش دا ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار سەرف بکەن ، بەڵام ئایا  ئێمەی کورد چەندە توانیومانە سود لەم چەکە کاریگەرە وەر گرین بە ئاراستەی ناساندنی کێشەی رەوایی گەلەکەمان  بەدونیایی دەرەوە ؟ئایا پارتە سیاسیەکانی ئێمە چەندە ئیشیان بۆ دروست کردنی دەزگایەکی راگەیاندنی  خاوەن ستراتیژی نەتەوەیی کردووە ، بۆ نەهێشتنی کاریگەری ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی کە بە شێوەیەکی  بەرنامە بۆ دارێژراو بەرامبەر بە سایکۆلۆجیەتی مرۆڤی کورد پەیرەو کراوە بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە  ؟ ئایا کەناڵە ئاسمانیەکانی ئێمە چەندە توانیویانە زومی کامێراکانیان لە سنوری ئەو جوگرافییایە بەر تەسکە دەر چێت کە حیزب بۆی کێشاوە ؟ واتا چەندە توانیویانە لە سەر ئاستێکی نەتەوەیی کار بکەن و سنورە دەست کردەکانی حیزب بشكێنن و بەرەو بە پیشەیی بوون برۆن و هەیمەنەی حیزب لە سەر کارەکانیان بەلایەنی کەمەوە کاڵ بکەنەوە  ؟
 رۆژ تیڤی بە نموونە :
رۆژ تیڤی زمان حاڵی رەسمی پارتی کرێکارانی کوردستان (پکک)ە ئەم کەناڵە درێژە پێدەری کەناڵی مێد تیڤییە ، کە یەکەم کەناڵی ئاسمانی کوردی بوو لە ساڵی 1996دامەزرا لەلایەن (پکک)ە هەڵبەتە دروست بونی مێد تیڤی بەدەست پێکی قۆناغێکی نوێ دادەنرێ لە مێژوویی راگەیاندنی کوردیی بەگشتی ، رۆژ تیڤی ئێستا بارەگایی لە ولاتی بەلجیکایە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە ماوەی بیست و چوار کات ژمێر پەخشی بەرنامەکانی خۆی دەکات ، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی بەرنامەو کار و سیاسەتی ئەم کەناڵە رووەو تورکیایە ، یەکێکیشە لەو کەنالانەی کە بە هەر دوو شێوە زاری کرمانجی و سۆرانی و هەروەها بە  زمانەکانی تورکی و عەرەبیش بەرنامە و هەواڵەکانی پێشکەش دەکات  ،ئەمە جگە لە چەند شێوە زارێکی تری وەک زازاکی وهەورامی .. هەفتانە بەرنامە پێشکەش دەکات ، وە ئەم کەناڵە بە هۆیی ئەوەی توانیویەتی کاریگەریەکی زۆر بکاتە سەر دانیشتوانی تورکیا بەگشتی و کوردی باکور بە تایبەتی بۆیەش بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە  روبەروی  گوشار و فشاری زۆر دەبێت، کە ئەم گوشارانەش زیاتر بۆ سەر ولاتانی ئەوروپایە بۆ ئەوەی سنور بەندی ئەم کەناڵە بکەن و رێگە لە پەخشی بگرن ، کە دواترین گوشاریش لە لایەن ئەڵمانیاوە بوو بۆ سەر ئەو کەناڵە ، کە رێگری ئەکرد لە پەخشی ئەم کەناڵە بۆ ناو وڵاتەکەی .
بەرنامەکانی رۆژ تیڤی :
بێگومان ئەگەر بمانەوێت باسی هەموو ئەو بەرنامە و بابەتانە بکەین کە ئەم کەناڵە پێوەی خەریک بووە  لە ماوەی تەمەنی کار کردنی خۆی تا ئێستا ،ئەوە پێم وایە کاتێکی زۆرمان ئەوێت ، بەڵام ئەشێت بە شێوەیەکی گشتی باسی ستراتیجی کاری ئەم کەناڵە بکەین  کە بە شێوەیەکی گشتی تەرکیزی خستۆتە  سەر دوو لایەن ، یاخود بڵێین لە سەر دوو ئاست کاری کردووە ، یەکەمیان لایەنی سیاسیە ، دووەمیان لایەنی فەرهەنگیی و هونەرییە ، کە بێگوومان لە هەر دوو ئاستەکەش   ئامانج تێیدا  جوڵاندن و هاندانی تاکی کورد بووە ، بە روحیەتێکی شۆرش گێرانە لەبەرامبەر دوژمنانی کورد بە گشتی و دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتی .. 
هەواڵ لە رۆژ تیڤی :
بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو  سعاتێک دا هەواڵ ئەبینین بە زمان و شیوە زاری جیاواز ، ئەگەر چی هەواڵەکان لە رووی دارشتنەوە تا  هەڵبژاردنی جۆری هەواڵەکان و بایەخ پێدانیەوە ئەشێت بە ئیجابی ببینین ، کە بەشێوەیەکی گشتی هەواڵەکان گەرماو گەرمن و سەبقی رۆژنامە نوسیان تێدایە ، هەروەها بەدواداچوون بۆ بەشێک لە هەواڵەکان ئەکرێت ،  کە ئەوانە جێگەی دەست خۆشین ، بەڵام ئەگەر سەیری شێوازی ئامادەکردن و گەیاندنی هەواڵەکانی ئەم کەناڵە بکەین لەماوەی چەند ساڵی رابوردو تا ئێستا  پێشکەوتن و گۆرانێکی ئەو تۆ بەدی ناکەین، چونکە سیستەمی کاری ئەو کەناڵە زیاتر لە شێوەی کاری سیستەمی بلۆکی سۆسیالسیی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو ئەچێت ، کە زیاتر گرینگی ئەدات بە هەواڵەکانی حیزب ، هەروەها ئەو کەسانەش کە بەشداری لە ئامادەکردن و گەیاندنی هەواڵ ئەکەن بۆ ئەو کەناڵە زیاتر هەر بریتین لە کەسانی ئەندام ولایەن گرانی ئەو حیزبە و بە نەفەسیی حیزبی کار ئەکەن ، کە ئەکرێت ئەو کەناڵە بە شێوەیەکی مۆدێرنانە تر و  پیشەیی تر کار بکات، چونکە وەک ئەزانین ئەمرۆ بە سەردەمی شۆرشی زانیاری ئەژمێردرێت و راگەیاندنەکان بە شێوەیەکی خێراو بە بەرنامە بۆ دارێژراو لە پێشبرکێ دان بۆ بەدەست هێنانی هەواڵ و زانیاری نوێ ، بەڵام بەداخەوە کە سەیری هەواڵەکانی رۆژ تیڤی ئەکەم لە روویی گەیاندنی هەواڵەکان و ئامادەکردنیان ئەوە بە روونی هەست پی ئەکرێت  کە ئەوەندەی بە دوای هەواڵ کەوتووە ئەوەندە هەواڵی دروست نەکردووە ، کە ئەمەش یەکێکە لە رێگریە سەرەکییکانی بەردەم پێشکەوتنی کەناڵەکە ، چونکە تۆ مادام کەناڵێکی سیاسی و  خەبەریت هەیە ئەبێت گرینگی تەواو بدەی بەو بوارە نەک چاوەرێ بکەیت بزانی چی روو ئەدات توش لە رێگەی کەسانی دۆست و لایەن گرانی حیزبیەوە  هەواڵەکە بیگوازیەوە ، بۆ نمونە ناکرێت تۆ کەنالێکی وا گرینگت لە بەر دەست بێت ، بەلام نەتوانی دوو پەیام نێری ئەکتیڤ لە واشنگتۆن و نییۆرک دابنێت تا لە هەمو کۆنفراس و کۆنگرەیەک بە شێوەیەکی راستەو خۆ و هەواڵت پێ بدات ، چونکە ئەمرۆ چی بریارێکی گرینگ وچارە نوساز هەیە لە واشنگتۆن و نیۆرک دەر ئەچێت ، وە کوردیش فاکتەرێکی گرینگە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و دەشێت هەر بریار و گۆرانکاریەک لە ناوچەکەدا بە جۆرێک لە جۆرەکاندا رەنگ دانەوەی هەبێت لە سەر مەسەلەی کورد و کێشەکانی کورد ، بۆ نمونە: ئەگەر ئەم کەناڵە بتوانێ لەم شوێنە گرینگانە پەیام نێر و نێردراو دابنێت ، پێم وایە ئەتوانێت چەندان هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەدواداچونی گرینگ دروست بکات بۆ کەناڵەکە ،هەروەها ئەتوانێ لە رێگەی ئەو پەیام نێر و نێردراوانەی پردێکی پەیوەندی دروست بکات و چەندان  دیدار و گفتو گۆ ئەنجام بدات لە گەڵ سیاسەت مەداران و رۆشەنبیران و خەڵکانی شارەزا لە بوارە جۆربەجۆرەکان، کە ئەمانەش ئاستی کەنالەکە بەرز تر ئەکەنەوە و زیاتر خزمەت بە ستراتیژی کەناڵەکەش دەکەن ،هەڵبەتە ئەوە وەک نمونەیەک بوو ئەگینا مەرج نیە تەنها تەرکیز بخرێتە سەر  ئەمریکا لەم بوارەوە ، بەڵکو  پیویستە ئەم کەناڵە گرینگی تەواو  بدات بە سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی و  وڵاتانی ناوچەکەش بەتایبەتی ، هەروەها گرینگی پەیام نێر هەر ئەوە نیە کە روداوەکەمان بۆ بگوازیێتەوە و زانیاریمان بداتێ ، بەڵکو گرینگیەکەی لەوە دایە کە ئەو کەسە راستەو خۆ و بە وێنەوە روداوەکەمان بۆ ئەگوازێتەوە ، بەمەش بینەری زیاتر لە خۆی کۆئەکاتەوە  ، چونکە وەک دەزانین گرینگی تەلەڤیزیۆن لە وە دایە کە تۆ بۆ هەر روداو و بابەتێک وێنەت هەبێت ئەگینا فەرقی چی ئەبێت لە گەڵ رادیۆیەک کە تەنها دەنگە ؟
لایەنی سیاسی :
 رۆژانە چەندان بەرنامەی سیاسی جۆربەجۆر  پێشکەش ئە کرێن لە رۆژ تیڤی ، ئەمە جگە لەو پانێل بەدواداچونە سیاسیانەی کە لە سەر مەسەلە و پێشهاتی جۆر بەجۆر لە سەر بارو دۆخی تورکیاو ناوچەکە دا  بە زمانی تورکی و کرمانجی  پێش کەش ئەکرێن  ، هەروەها لە هەفتەیەک دا چەند بەرنامەیەک  ئە بینین لەسەر باشوری کوردستان و رۆژ ئاوایی کوردستان لەم کەناڵە دا  بە زمانی کوردی سۆرانی و زمانی عەرەبی ، کە بە شێوەیەکی گشتی لە سەر بارو دۆخی سیاسی و کۆمەلایەتی و رۆشەنبیرین ، بەڵام بەو پێیەی کە کەناڵی نەورۆز تیڤی کە زمانحاڵی (پژاک)ە دروست بووە بۆیە ئێستا  کەمتر بەرنامە لەسەر رۆژهەلاتی کوردستان ئەبینین لە رۆژ تیڤی ، وە گومان لەوە دانیە کە رۆژ تیڤی لە رێگەی بەرنامەکانی دا توانیویەتی رۆڵێکی کاریگەر و زۆری هەبێت  لە سەر  جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی و ئاراستە کردنی تاکی کورد بە تایبەتی لە باکوری کوردستان.
لە روویی تەکنیکیەوە :
ئەگەر چی من ناتوانم لە لایەنی تەکنیکی زۆر بچمە ناو ناوەرۆکی بەرنامەکان ، بەڵام وەک بینەرێک ئەتوانم بڵێم بە شێوەیەکی گشتی هەم لە باری تەکنیکی و هەمیش لە ڕووی لێهاتویی و شارەزایی  بێژەر و پێشکەش کاری بەرنامەکان کەسانی بە ئەزمون و پرۆفیشنال ئەبینرێن ،هەروەها گونجانی باش هەیە لە نێوان دیکۆری بەرنامەکان و جۆری بەرنامەکان ، بەلام کاتێک کە سەیری بەشە سۆرانیەکەی یان بەشە عەرەبیەکەی دەکەیت کە خۆم زیاتر بینەری ئەو دوو بەشەم ، ئەبینم کە کارماندیان زۆر کەمە و هەر بەشەیان بە بەردەوامی چەند کەسێک ئەبینرێن ، کە هەم هەواڵ ئەخوێنەوە هەم بەرنامەش پێشکەش ئەکەن ، کە ئەوەش ئەشێت وەک کەم و کوریەک ببینرێت و بوبێتە هۆکاری سەرەکی جۆرێک لە پشت گوی خستنی ئەم دوو بەشە ، چونکە ئەوە حەقیقەتێکە کە تۆ ناتوانی بە چەند کارمەندیک بەشێکی گرینگ لە تیڤی بەرێوە بەریت ، کە هیوادارم هەر ئەوەش بێت هۆکارەکە نەک شتی تر .
بەشی هونەری لە رۆژ تیڤی :
  رۆژ تیڤی گرینگیەکی زۆری بە بەشی هونەری داوە ، بۆیە ئەتوانم بڵێم  رۆژ تیڤی نەک تەنها  فەرهەنگ و هونەرو زمانی  کوردی (باکور)لە مردن و فەوتان رزگار کرد ،بەڵکو توانی ببێتە ئەو مینبەرەی کە چەندان بگرە بە دەیان هونەرمەندی  بەهێز دروست  بکات و بناسێنێت ،  هەروەها توانی لە رێگەی شاشەکەیەوە ئەم هونەرە بە سیاسەتیش بکات و تێکەڵ بە ستراتیجە نەتەوەیی وشۆرش گێریەکەی خۆی بکات و دەستکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەریان لێ وەر گرێت لە بەرامبەر دوژمنانی کورد بۆ نمونە : لە کاتی هەڵبژاردنە جۆر بە جۆرەکانی  تورکیا چەندە سیاسیەکانی (دەتەپە) و (پکک ) دەر ئەکەون ئەوەندەش هونەر مەندانی باکور دەر ئەکەون  لە سەر شاشەی رۆژتیڤی  بە شێوەی جۆر بە جۆر ، کە هەر یەکەیان دەوری کادیرێکی سیاسی ئەبینن  بۆ ئاراستە کردنی خەلک لە سەر  هەڵبژاردنەکان ، ئەمە سەرەرایی تەرخان کردنی بەرنامەی تایبەت بە هونەر مەندان ، کە هەر ئەو هونەر مەدانەش پێشکەشی ئەکەن کە لە لای بینەرەکانیەوە خۆشەویستن بۆ نموونە (گولستان پەروەر ..هتد  یەکێکی تر لەو نموونانەی کە جێگەی دەست خۆشیە بە راستی  وەک ئەزانین  ئەمرۆ هونەری گۆرانی و مۆسیقایی کوردی لە بەردەم هەرەشەی لە ناو چون و فەوتاندایە بە هۆیی پشت گوێ خستنی لە لایەن حوکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی رۆشەنبیریەوە ، هەم لە لایەن کەناڵەکانی تری راگەیاندنی باشوری کوردستان ، کە بە راست و چەپ بەرهەم و کلیپی بازاری و دور لە هونەری راستەقینەی کوردی بڵاو ئەکەنەوە  ، رۆژ تیڤی وەك هەنگاوێك  بۆ پاراستنی هونەری رەسەن و پاکی کوردی  پێنج سەد کلیپ و گۆرانی کوردی سانسۆر کرد لە ساڵی رابوردوودا ، کە ئەم کارەی رۆژتیڤی کردی ئەگەر کەناڵەکانی تریش ئەو هەنگاوەیان بهاویشتبایە ، من پێم وایە خزمەتێکی گەورەیان بە هونە ر و هونەرمەندانی کورد دەکرد . 
بێگومان زۆر بەرنامەی باش  هەبوون  لەم کەناڵە دا وە ئێستاش  چەندین بەرنامەی تر هەیە ، وەک بەرنامەی ئەدەبی هەروەها بەرنامەی تایبەت لەسەر ژنان کە گرینگی زۆری پێ دەدرێ  وە بەرنامەی تری کۆمەلایەتی و جڤاکی ، هەروەها بەرنامەی منداڵان کە بە زاراوەی کرمانجین ، هەروەها کاری دۆبلاجی زۆر کراوە لە رۆژ تیڤی لە زمانەکانی تری بیانی ، هەروەها چەندان بارنامەی تری زانستی و هەمەرەنگ  … هتد 
ئایا رۆژ تیڤی ئەتوانێ وەک کەناڵی جەزیرە و بی بی سی ببێتە کەناڵێکی نەتەوەیی بۆ هەمووان ؟
گرینگی سەر بەخۆ بوونی  رۆژ تیڤی لە چی دایە ؟
بۆچی کەناڵی جەزیرە و  بی بی سی ؟ وەک ئەزانین رەنگە بەراورد کردن لە نێوان دوو کەناڵی تیڤی یان زیاتر کارێکی سانا نەبێت ، هەروەها رەنگە هەوڵدانیش بۆ لاسایی کردنەوەی کەناڵێك بە کەناڵێکی تر کارێکی مەنتقی و زانستی نەبێت ، چونکە وەک ئەزانین هەر یەک لە کەناڵی جەزیرە و بی بی سی ، سیستەمی کارکردنیان جیاوازە و هەروەها باگراوەندی کار کردنیشیان هەر جیاوازە ، وە هەر یەکەیان تەمسیل و نوێنەرایەتی کەلتور و نەتەوەیەکی جیاواز ئەکەن ، بەڵام خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم کەناڵانە ئەوەیە کە هەردووکیان لەم سەردەمە کاری راگەیاندنی خۆیان ئەکەن و سوود لە یەک تەکنەلۆجیایی سەردەم وەر ئەگرن ، بۆیەش بە هۆیی ئەو  پێشکەوتن و ئاستە بەرزەی کە نیشانیان داوە لە بواری راگەیاندن توانیویانە خزمەتێکی زۆر بە نەتەوەکەی خۆیان بکەن و ببن بە سیمبوڵی نەتەوییان ، کە بێگوومان هەر یەک لە دوو کەناڵە لە لایەن دەوڵەتەکەی خۆیانەوە هاوکاری کراون و دەکرێن تا بتوانن لە سەر پێی خۆیان بووەستن ، بەڵام ئەو هاوکاریەش نەبۆتە هۆیی زیان گەیاندن بە کاریی پیشەیی سەر بەخۆیی کەناڵەکە بە شێوەیەکی گشتی ، وە توانیویانە لەوە دەرچن کەناڵێک بن بۆ یەک وڵات بەڵکو توانیویانە  ببن بە ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی  هەموو دەنگە جیاوازەکان، بۆیە  ئەشێت رۆژ تیڤی ئەگەر خەونی ئەوەی هەبێت ببێتە بە کەناڵێک بۆ هەمووان ، پێم وایە ئەتوانێت سود لە لایەنە باشەکانی ئەم دوو کەناڵانە  وەر گرێت لە پیناو بەدەست هێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆیی، هەروەها پێویستە چەند خاڵێکی  گرینگ لە خوارەوە دەست نیشان بکەین بۆ ئەوەی ئاراستەی خوێندنەوەکەمان روون بکەینەوە لە سەر گرینگی بە دامەزراو کردنی رۆژ تیڤی ، کە ئەویش  بەوە ئەکرێت سەرەتا ئەم کەناڵە هەوڵی ئازاد بوونی  بدرێت لە ژێر هەیمەنەی راستەو خۆی سیاسەتی پکک ، کە پێم وایە سود مەندی یەکەم خودی (پکک) و  ئەو ستراتیجەیە کە پکک تێکۆشانی  لەپێناو ئەکات ، دواتر بینەری کورد و هەتا بەرێوەبەرانی ئەم کەناڵەش سودێکی زۆر ئەبینن .
خاڵی یەکەم :
لە رووی ستراتیجیەوە : وەک دەزانین رۆژ تیڤی بە هۆیی ئەو رێباز و سیاسەت و فکرەی کە کاری لەسەری ئەکات، یەکێکە لەو تەنها کەناڵە کوردیانەیی کە بەشێوەیەکی بەردەوام و بە ئاراستەیەکی نەتەوەیی و ئامانج دار  بەرنامە و هەواڵ ڕێپۆرتاژی  بلاو کردۆتەوە لە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان بە بێ جیاوازی، کە هەنگاوی لەم جۆرە  لەلای کەناڵە کوردییەکانی تر لەم ئاستەدا نیە ئەگەر نەڵێین نەبووە ، بەڵام بەو پێیەی ئەو کەناڵە لەلایەن (پکک)وە  هاوکاری مادی و مەعنەوی دەکرێت، بۆیە هەر لەلایەن ئەو پارتەوە ئاراستە کراوە و تەمسیلی ئەو  سیاسەت و  فکر و ئایدۆلۆجیەتە دەکات  کە (پکک) لە پێناویدا خەبات دەکات، بۆیەش زۆرترین کاتی تەرخان کردووە بۆ گەیاندنی  هەواڵ و کار و چالاکی ئەو پارتە بە بینەرانی، بۆیە ناکرێت دان بەو راستیە دا نەنێین کە سیستەمی بەرێوە بردنی بەرنامەکانی ئەم کەناڵە بە شێوەیەکی گشتی لە سیستەمی بلۆکی سۆسیالیستی یەکێتی سۆ ڤیەتی پێشوو ئەچێت ، بۆیەش ئەگەر باسی ئازادی بیر و را  دەربرین بکەین لەم کەناڵە دا لەبەرامبەر هەر بەرنامەیەکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی فکری ، هونەری …هتد  ئەبێت ئەوەمان لە بەر چاو بێت کە ئازادی را دەربرین لە ناو ئەو پارتەکە چەندە ؟! کە ئەمەش یەکێکە لەو بەر بەستە گەورانەی کە رێگە دەگرێت لە بەردەم بونی ئەم کەناڵە بە ماڵێك بۆ هەموو کوردان ، چونکە بوونی ئازادی را دەر برین و قبوڵ کردنی بیرو بۆچونی جیاواز  یەکێکە لە پێویستی و پرەنسیب و خاڵە سەرەکییەکانی کاری هەر کەناڵێکی راگەیاندنی سەر بەخۆ ، بەڵام پێم وایە یەکێک لەو دەست کەوتە نەتەوەییانەی کە ئەم کەناڵە ئەتوانێ بە دەستی بهێنێ لە ئەنجامی کرانەوەیی زیاترە بە روویی دونیاو بە پیشەیی بوونی زیاتر ،  کاتێکیش  ئەو کەناڵە  ئەبێت بە کەناڵیک و مالێک بۆ هەموو کوردان ئەو کاتەیە کە دەستی حیزب لە پشتی کەم بکرێتەوە تا ئاستی سەر بەخۆبونی کەناڵەکە لە بەرێوە بردنی بەرنامەکانی خۆیی و دارشتن و پەیرەو کردنێکی شێوازێکی مەدەنی تر و مۆدێرن تر لە کار کردن ،کە بە بروایی من  بەمەش نەک هەر دوور ناکەوێتەوە لە ستراتیج و ئامانجی حیزبەکەی ، بەڵکو زیاتر ئەتوانێ خزمەت بە رەوتی خەباتی نەتەوەیی خۆیی  بکات و حیزبەکەشی زیاتر لەلای کوردی هەر چوار پارچەوە خۆشەویست تر بکات ،چونکە کاتێک  ببینین کوردێکی باشوو ر نزیک بە فکری حیزبەکانی باشور لە گەڵ کوردێکی باکور یان هەر بەشێکی تر دانیشتوون لە بەر نامەیەکی تایبەتی ئەو کەناڵە دا و رەخنە لە ئەدائی سیاسەتی (پکک) یان پارتێکی تری باشور یان هەر بەشێکی تر ئەگرن لە سەر بابەتێکی دیاری کراوی نەتەوەیی، ئەو کاتە  چیتر هیچ کوردیک ئەو کەناڵە بە تەنها ماڵی ئەندام ولایەن گرانی (پکک)ی نازانن بەڵکوو بە مالی هە موو کوردێکی ئەزانن.
خاڵی دووەم :
لە رووی یاساییەوە : ئەگەر چاوێک بە سیستەمی کاری راگەیاندن بخشێنین بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژ ئاوا ، دەبینین کە لە هیچ وڵاتێک رێگە نادرێت هیچ حزبێک یان گروپێکی سیاسی  یان ئاینی و ئایدۆلۆجی  خاوەنی کەناڵی ئاسمانی خۆی بێت ،ئەمەش بۆ ئەوەیە تا نەتوانێت ئەم کەناڵە وەک بڵند گۆیەك بەکار بێنێ و لە وێوە  سیاسەت و ستراتیجی خۆی راستەو خۆ بگوازێتەوە بۆ ناو کۆمەلگا ، چونکە پێیان وایە ئەبێت دەزگاکانی راگەیاندن لە خزمەتی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا دا بن ، بۆیەش کەنالەکانی راگەیاندن لە ولاتانی رۆژ ئاوا بەشێوەیەکی  گشتی لە لەلایەن  کەرتی تایبەتیەوە بەرێوە ئەچن  کە بریتین لە کۆمپانیایی گەورە یان کەسێکی سەرمایە دار ، وە بەشێکیان لە ژیر دەستی حکومەتەکانن و  بودجەیەکی تایبەتیان بۆ دیاری کراوە بۆ نمونە کەناڵی بی بی سی بەریتانی ، کە لە لایەن حکومەتی بەریتانیەوە بودجەیەکی ساڵانەی بۆ دیاری ئەکرێت ، بەلام ئەوەش بەو مانایە نیە کە پارتە سیاسیەکانی رۆژ ئاوا ناتوانن سود لە کەناڵەکانی راگەیاندن ببینن ، چونکە بەشێک لەو کەنالانەی کە سەر بەکەرتی تایبەتن بە جۆریک لە جۆرەکان نزیکن لە سیاسەت و ستراتیجی پارتێک یان ئایدۆلۆجیەتیکی دیاریکراوەوە ، بەڵام ئەبێت بە پێی ئەو یاسا و رێسایانە کار بکات کەلەلایە حکومەتەکەوە  بۆیان دیاری کراوە ،
 بۆیەش بەو پێیەی کە رۆژ تیڤی لە ولاتێکی ئەوروپایی پەخشی ئاسایی خۆی دەکات ، بۆیە گرینگی بە دامەزراو بوون و سەر بەخۆ بوونیشی لێرە دا دەر ئەکەوێت ، چونکە ئەبێت   بە پێی یاساکانی ئەو ولاتە  کار بکات و سەر پێچی یاساکانی نەکات ، بۆ نموونە:  ئەبێت وەک هەر دەزگایەکی ئەو وڵاتە ئەوروپیە داهات و خەرجی خۆیی ئاشکرا بکات ، هەروەها ئەبێت بزانرێت کە کارمەندەکانی چۆن و بە چ شێوەیەک کار ئەکەن ، هەتا لە ناوەرۆکی بابەتەکانی کە بڵاوی ئەکاتەوە ئەبێت پابەند بێت بە یاساکانی راگایاندنی ئەو وڵاتە ، وە بە پێچەوانەوە  پشت گوێ خستن و پابەند نەبوون پێیانەوە  ، فشارەکانی ئەو دەوڵەتە لەسەر خۆی زیاتر ئەکات ، وە سنوری بۆ دائەنرێت و رێگەی نادەن بە ئارەزوویی خۆیی و پارتەکەی چۆنی بوێت ئاوا کار بکات . تا دەگاتە ئەوەی کە رەنگە توشی داخستن بێت لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە . کە ئەم یاساو رێسایانەش ئەمرۆ  وەک دەست و پێ بەستانێکە لە بەردەم کاری رۆژ تیڤی ، چونکە  وڵاتانی رۆژ ئاوا  کێشەی نەتەوەیی و چینایەتی و .. هتد نەماوە تا راگەیاندنەکانیان پێوەی خەریک بن ، هەروەها ژیانیان بە یاسا رێک خراوە و دەسەڵاتەکانیان لێک جیا کراونەتەوە و سەربەخۆن ، بەڵام بۆ رۆژ تیڤی کە خەمی گەلێکی بەش خوراو وڵاتێکی داگیر کراوی بە کۆڵەوەیە ، لە هەمان کاتیش دا پرۆژەو سترتیجێکی نەتەوەیی بەدەستەوەیە بۆ جوڵاندن و هاندانی نەتەوەکەی بەرامبەر بە دوژمنانی ، کە بە پێی یاسایی راگەیاندنی وڵاتە ئەورووپییەکان هەموو جۆرە هاندان و جوڵاندنێکی هەستی نەتەوایەتی و چینایەتی  نا یاساییە و رێگە پێ نەدراوە ، بۆیە ئەتوانم بڵێم کار کردنی رۆژ تیڤی بەم جۆرەی ئێستایی لە روویی یاساییەوە بەردەوام لە ژێر مەترسی گوشا خستنەسەر و داخستن دایە ، ئەمە لە کاتێکدا کە هەموومان ئەزانین وڵاتانی ئەوروپا لە پێناو پاراستنی بەژەوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ تورکیا (پکک) بە تیرۆرست ئەزانن ، بۆیەش هەر جۆرە بیانو بە دەستەوە دانێک لە لایەن (پکک) و رۆژ تیڤیەوە ئەچێتە قالبی کاری تیرۆرستی  لەروویی یاساییەوە ، ئەمە سەرەرایی ئەوەی کە رۆژ تیڤی  لە ناو خۆیی تورکیاش رێگەی پێنادرێ بە ئازادی و بە ناوی خۆیی کار بکات و هەواڵ و راپۆت ئامادە بکات ، کە ئەو سیاسەت و فشارە نادیموکراتیەی تورکیا پرشکی کەوتۆتە بەر دەسەڵات دارانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بۆیە  لە باشوریش ئاستەنگی زۆر دێتە رێگایی کارکردنی  .
 خاڵی سێیەم:
 لە روویی ئابورییەوە :سیستەمی کارکردنی ئەمرۆیی راگەیاندن لە جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی و لە رۆژ ئاوا بە تایبەتی  سیستەمێکی ئازاد و لیبراڵە و پشت بە توانایی دارایی خۆیی دەبەستێت ، کە ئەمەش لە دوایی هەرەسی بلۆکی سۆسیالیستی یەكێتی سۆڤیەتی پێشووەوە دەستی پێ کردووە ، بەڵام ئە‌ێت ئەوەش بزانین کە تا ئێستاش باویی سیستەمی کارکردنی ئەو جۆرە راگەیاندنانەش هەر ماوە کە لە سەر بودجەو داهاتی حکومەتەکان کار ئەکات و بەرێوە ئەچێت ،بەڵام بە هۆیی ئەوەی میدیای  ئازاد تەعبیر لە بیرو بۆچونێکی دیاری کراو ناکات و دەستی کراوە ترە لە کار کردن، بۆیەش رۆژ بەرۆژ ژمارەی دەزگایی راگەیاندنی سەر بەخۆ لە زیاد بوونن ، لە بەرامبەریش دا سیستەم وشێوەی  کاری ئەو تەلەڤیزیۆنانەی کە لەسەر بودجەو یارمەتی حکومەتەکانەوە بەر ێوە ئەچن  رووەو پاشەکشێیەو  بینەریان لە کەم بونەوەیە ، کە ئەم جۆرە سیستەم وشێوەی  کارکردنە زیاتر لە جیهانی سێیەم  باوی ماوە ، وەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا کە ئەمرۆ زۆربەی کەنالەکانی راگەیاندن لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بەرێوە ئەچن ، بۆیەش بۆ بەردەوامی دان بە کارەکانیان و مانەوەیان  پشت بە داهاتی خۆیان دەبەستن ، کە بێگومان ئەوەش لە رێگەی ریکلام کردنی کاڵایی کۆمپانیا جۆربەجۆرە بازرگانیەکانەوەیە.
 سەچاوەی ئابووری رۆژ تیڤی لە لایەن  (پکک )وە دابین ئەکرێت ، کە من پێم وایە ئەمەش  زەختێکی زۆرە لەسەر ئەم پارتە لە روویی ئابوورییەوە ، چونکە  وەک ئەزانین ئەم پارتە سەر چاوەی داراییەکەی بریتیە لە هاوکاری  ئەندام و لایەنگرەکانیەوە ،بۆیەش پێویستە ئەم پارتە خۆیی بیر لە بەرەو بە دامەزراوەیی و سەر بەخۆیی ئەم کاناڵە بکاتەوە ، چونکە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی کرانەوەی ئەم کەناڵە دا  ئەبێتە هۆیی بار سوکی لەسەر شانی ئەم پارتە لە روویی ئابوورییەوە ،چونکە رەنگە تێچووی کار کردنی کەناڵێکی ئاسمانی وەک رۆژ تیڤی لە وڵاتێکی ئەوروپی چەندان جار زیاتر بێت لە بەرامبەر کەنالێک کە لە کورستان یان لە تورکیا بەرێوە بچێت ، هەروەها یەکێکیش لە مەرجەکانی سەربەخۆ بونی هەر کەناڵێکی راگەیاندن لە روویی ئینتیمایی سیاسی و حیزبی،  پێویستە سەرەتا ئەو کەنالە بتوانێ پشت بە سەر چاوەی دارایی خۆیی ببەستێ و چیتر پێویستی بە هاوکاری حیزب نەبێت ! کە ئەمەش بەوە ئەکرێت کە ئەم کەناڵە بتوانێ زۆرترین بینەر لە خۆیی کۆبکاتەوە، ئەو کاتەش زۆر بە ئاسانی ئە توانێ سەرنجی زۆرترین کۆمپانیا و خەڵکانی سەر مایە دار بۆ  خۆی رابکێشێت ،هەروەها رەنگە ئەم کەناڵە سەر ئەنجام بتوانێ ببێتە سەر چاوەیەکی باشی دارایی بۆ ئەم حیزبە ، چونکە وەک ئە زانین بە پێی دوایین ئامار لە سەر نرخی بڵاو کردنەوەی ریکلام لە هەر کەنالێک بۆ خۆلەکێک لە کاتی پەخشی ئاسایی خۆییدا ، زیاتر لە هەشت بۆ دوانزە هەزار دۆلارە ، ئەمە ئەگەر ریکلامەکە لە کاتی پێشکەش کردنی بەرنامەو بابەتی گرینگ بێت  نرخەکە چەندان قاتی خۆی زیاد ئەکات و ئەگات بە  چل بۆ شێست  هەزار دۆلار .
بۆیە بە سەرنجدانمان لە هەموو ئەو ئاستەنگی و رێگریانەی کە لە بەر دەم کارەکانی ئەم کەناڵە کوردیەن ، چ لە لایەنی یاساییەوە ، هەم لە روویی ئابوورییەوە ، هەروەها بۆ ئەوەی کە ئەم کەناڵە بتوانێ زیاتر بەرەو پیشەیی بروات ، لە هەمان کاتیش دا بتوانێ خزمەتی زیاتری  ئەو پرۆژە و ستراتیجە نەتەوەییەی بکات کە کردویەتیە ئامانجی کاری سەرەکی خۆیی ،بۆیە باشترین رێگە لە بەردەمیدا کرانەوی زیاتر و هەنگاو نانە بەو ئاراستەیە دا کە لە سەرەوە باسمان کرد ، بە پێچەوانەوە بەردەوام بوون لە کار کردن بەم شێوەیەی ئێستا لە بازنەی حیزبایەتی ئەسورێتەوە وەک تەواوی کەناڵە کوردییەکانی تر و ناتوانێ ببێتە کەناڵیکی نەتەوەیی بۆ هەمووان، بۆیە من پێم وایە کاڵ کردنەوەی هەیمەنەی راستەو خۆیی پکک لە مەو دوا لە سەر کاری ئەو کەناڵە ئەچێتە خزمەتی بەردەوامی دانی ئەم کەنالە و بە پێچەوانەوە وەک لە رابوردووش ئەوە سەلمێنرا بە زەرەری پکک خۆی تەواو ئەبێت هەم لە باری ئابووریەوە هەم لە باریی یاساییەوە هەروەها لە گەیاندنی ئەو پەیامەی کە ئەیەوێت بیگەیێنێ ، سەرەنجامیش  زەرەر مەندی یەکەم خودی پکک و بەرێوەبەرانی ئەم کەنالە و دواتریش  گەلی کوردە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.