Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

رۆڵ وكاریگه‌ری قاوه‌خانه‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بدا ..

Be First!
by September 25, 2012 ئەدەب

 

 

زۆربه‌ی ئه‌و داهێنانه‌ی له‌ بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا كراون , یان ئه‌و رێبازوو مه‌زهه‌ب و رێچكه‌ ئه‌ده‌بی وهونه‌رییانه‌ی , كه‌ پاشتر وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی یاخوود هونه‌ری ناسراون , سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن كه‌سان و گروپگه‌لێكه‌وه‌  له‌ناو یانه‌و قاوه‌خانه‌و چاخانه‌كانه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ ,دوواتریش بوونه‌ به‌ ده‌نگ و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بی و كلتوری و فه‌رهه‌نگی وهونه‌رییه‌كانه‌وه‌ به‌جێهێشتووه‌ , واته‌ ده‌كرێ‌ بڵێین به‌ درێژایی مێژوو قاوه‌خانه‌ رۆڵی گرنگ و كاریگه‌ری له‌مه‌دا بینیوه‌و ده‌بینێ‌ , سوریالی وداداییه‌كان له‌ پاریس , گروپی كفری , گروپی هه‌ولێر , ره‌هه‌ندییه‌كان , گروپی ناسرییه‌و گروپی یه‌كه‌م ودووه‌می كه‌ركوك ..هتد …زۆربه‌ی ئه‌م گروپانه‌ , قاوه‌خانه‌ یه‌كه‌م شوێنی سه‌رهه‌ڵدان و گردبوونه‌وه‌یان بووه‌ , قاوه‌خانه‌ ئه‌و شوێنه‌ بچووكه‌ی , كه‌ هه‌موو جۆره‌ گفتووگۆو دیالۆكێكی تیادا ئه‌نجامدراوه‌و ده‌درێ‌, پاشتر ئه‌وانی فرێداوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی , له‌و جێگا ته‌نگ و ته‌ سكه‌ ده‌ربازی كردوون و بۆ جیهانێكی به‌رینتروو جوگرافیایه‌كی فراوانتروو خه‌یاڵێكی گه‌وره‌و به‌پیتتر ده‌ستی گرتوون , تاكو له‌وێدا جوانتر دونیا ببینرێ‌ و رونتر روئیاكان بێنه‌ زمان و دوورتریش بفڕن . (محه‌مه‌د شوكری ) له‌ یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی ده‌ڵێت 🙁 قاوه‌خانه‌ باشترین شوێن بووه‌ بۆ من , له‌وێدا به‌چێژترین كاتم له‌ خوێندنه‌وه‌و نووسیندا بینیوه‌ .) 

ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ شتێك قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر گروپی یه‌كه‌می كه‌ركوك وتیشك خستنه‌ سه‌ر هه‌ندێ‌ لایه‌نی دره‌وشاوه‌ی ژیانی ئه‌ده‌بییانه‌ی ئه‌و گروپه‌یه‌,به‌ڵام به‌گوێره‌ی گروپی دووی كه‌ركوك , كه‌ ئه‌سڵه‌ن درێژكراوه‌ی گروپی یه‌كه‌من و (جان ده‌مۆ )ش به‌ پێشه‌نگی دووه‌م داده‌نرێ‌ , چونكه‌ له‌ناو هه‌ردوو گروپه‌كه‌دا ژیاوه‌و له‌ هه‌مووشیان به‌ته‌مه‌نتر بووه‌ , ده‌شێ‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر گروپی دووه‌م بۆ بابه‌ت و ده‌رفه‌تێكی دی هه‌ڵبگرین , ئه‌م گروپه‌ ,واته‌گروپی یه‌كه‌م له‌ كۆتایی په‌نجاكان و سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا له‌ كه‌ركوك سه‌ریانهه‌ڵدا ,  ئه‌وان كۆمه‌ڵێك لاوی خوێن گه‌رم وخه‌مخۆر بوون ,دووای ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌گرنگی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگاو تاكه‌كاندا ده‌كه‌ن  , سه‌ره‌تا وه‌ك چه‌ند هاوڕێیه‌كی دڵسۆزوو به‌ وه‌فای یه‌كتر ده‌ركه‌وتن , سه‌ریان پڕبوو له‌ خه‌یاڵی گه‌وره‌و ئه‌ندێشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ , ناووكی یاخی بوون و سه‌ركێشی له‌ خوێنیاندا تازه‌ چه‌كه‌ره‌ی كردبوو , به‌توێشووی نوێوه‌ بۆ جیهانێكی نوێتر هه‌نگاوه‌كانیان ده‌سپێكرد , روحیان هه‌ڵگری تازه‌گه‌ری و خوێنیان مووتربه‌ی ئینساندۆستی بوو , ئه‌وان جیهانیان به‌جۆریكی تر ده‌بینی و به‌ ڕه‌نگیكی دی وێنایان ده‌كرد , له‌ هه‌نیه‌ی هه‌ر یه‌كێكیاندا ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌دره‌وشایه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێت ئاوا بێت , له‌یه‌ك سات روخێنه‌روو بنیاتنه‌ره‌وه‌ بوون , بۆخوڵقاندنی واقیعێكی تروو دونیایه‌كی جیاوازتر , هه‌ر یه‌كێكیان ناته‌باییه‌كی قوڵی له‌گه‌ل واقیعدا هه‌بوو , خه‌ونێك كۆیده‌كردنه‌وه‌ سیحروو ئه‌فسوونێكی گه‌وره‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌دا هه‌ڵگرتبوو , ئه‌وان له‌ ناو ژینگه‌یه‌كی فره‌ ئه‌تنی و كلتوورییه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵدا , یه‌كه‌مین هه‌نگاویان بۆ به‌جیهانی بوون له‌ ناو یانه‌و چاخانه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌سپێكرد , چاخانه‌ی (ألنصر ) ی بازنه‌یی یان خڕ, كه‌ ده‌كه‌وێته‌ شه‌قامی كۆمارییه‌وه‌ و نزیك به‌ بانكی رافیده‌ین , ئه‌و قاوه‌خانه‌یه‌ زۆرترین كۆبوونه‌وه‌و گردبوونه‌وه‌كانی ئه‌وانی له‌ خۆ ده‌گرت , هه‌فته‌ی چه‌ند جارێك له‌وێدا یه‌كتریان ده‌بینی , بیرووبۆچوون وشیعروو چیرۆكیان بۆ یه‌كتر ده‌خوێنده‌وه‌و ده‌گۆڕییه‌وه‌ , ئه‌م چاخانه‌یه‌ به‌ وێنه‌ی ئێستای چاخانه‌كانی (شه‌عب ) و (مچكۆ ) و (قاوه‌خانه‌ی كه‌لتووری ) رۆژگارێك جێگاو سه‌نته‌ری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌دیبان و شاعیران و نووسه‌ران بووه‌ له‌ شاری كه‌ركوك , بێجگه‌ له‌م چاخانه‌یه‌ چاخانه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌بووه‌ و ده‌كه‌وته‌ هه‌مان شه‌قامه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سینه‌ما سه‌لاحه‌دین , خاوه‌نی ئه‌م چاخانه‌یه‌ كه‌سێك بووه‌ به‌ ناوی خورشید چایچی  , له‌ كۆتایی هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی مامۆستا موعته‌سه‌م ساڵیی  كۆمه‌لێك نووسه‌ر وه‌ك محه‌مه‌د موكری , زایر رۆژبه‌یانی , حوسین میسری , جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ , عه‌لی كه‌ریم , موعته‌سه‌م ساڵه‌یی , مارف عومه‌ر گوڵ , نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د , ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د , هه‌تا دووایی … هاتووچۆی ئه‌م چاخانه‌یان ده‌كرد , به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ هه‌ردووچاخانه‌ی ناوبراو له‌ ئه‌مرۆدا بایه‌خ و رۆڵیان  نه‌ماوه‌و, یه‌كێكیان بووه‌ته‌ چاخانه‌یه‌كی ئاسایی شاروو ئه‌وی دیكه‌یان جیگاكه‌ی بووه‌ته‌ شتێكی تروو بۆ مه‌به‌ستی بازرگانی به‌كار ده‌هێنرێ‌  , ئێستاكه‌ش له‌بری ئه‌ودوو جێگایه‌ چاخانه‌ی (القاهره‌ ) , كه‌ له‌ كۆتایی شه‌قامی كۆماریدایه‌ و ده‌كه‌وێته‌ دیوی (ئه‌حمه‌د ئاغا)وه‌ ونزیكه‌ی سه‌د مه‌ترێك له‌ چاخانه‌ی نه‌سره‌وه‌ دووره‌ خه‌ریكه‌ ورده‌ ورده‌ شوێنی هه‌ردوو چاخانه‌ی ناوبراو ده‌گرێته‌وه‌, هه‌ندێك له‌ ئه‌دیب و نووسه‌ران له‌وێدا چاویان به‌یه‌كتر ده‌كه‌وێ‌ و بیروو بۆچوونیان ده‌رباره‌ی چه‌مكی ئه‌ده‌ب و ئه‌و تێكست و كتێبه‌ تازانه‌ی له‌دونیای ئه‌ده‌بدا نووسراون ده‌گۆڕنه‌وه‌ , من بۆ خۆم له‌و چاخانه‌یه‌دا هه‌ر ماوه‌ی جارێك به‌پێی پێویست له‌گه‌ڵ به‌رێزان مامۆستا (فاروق مسته‌فا ) و (موئه‌ید محه‌مه‌دقادر )چاومان به‌یه‌كتر ده‌كه‌وێ‌ و قسه‌ له‌سه‌ر ناوه‌ندی ئه‌ه‌بی و هه‌ندێ‌ بابه‌تی تر ده‌كه‌ین . 

مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و ناووبانگی گروپی یه‌كه‌می كه‌ركوك به‌پێی بۆچوونی به‌رێزان دكتۆر ( عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم) و مامۆستا (فاروق مسته‌فا) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێوان ساڵه‌كانی ( 1964 _1968 ) . كاتێك یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی جه‌لیل قه‌یسی له‌ خانه‌ی ( نه‌هار )له‌ به‌یروت  چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ , ئیدی لێره‌وه‌ سه‌ره‌تای خۆناساندن ده‌ست پێده‌كات , قه‌یسی به‌یه‌كه‌مین كه‌سی ناو گروپه‌كه‌ داده‌نرێ‌ , كه‌ سنووری عێراقی بڕی و زووتر ناسرا , ئه‌و كات ته‌مه‌نی ئه‌و (30 ) ساڵان بوو , له‌كۆتایی  ساڵه‌كانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا وه‌ختێك (عه‌بدولره‌حمان جۆڵڵا ) ی په‌یكه‌رتاش له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا له‌ گه‌ڕه‌كی شۆریجه‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی پۆرته‌ریتێك بوو بۆ جه‌لیل قه‌یسی , ئێواران به‌ ئیشتییاقه‌وه‌ چاوه‌ڕێی هاتنی جه‌لیل قه‌یسیمان ده‌كرد تاكو چه‌ند كاژێڕێكی جیاوازوو پڕ سوودی له‌گه‌ڵدا ببه‌ینه‌ سه‌ر , كه‌ هه‌موو ئه‌و ساتانه‌ بارگاوی بوون به‌ خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر به‌ ئینسان و شاری كه‌ركوك , ئێواره‌یه‌كیان قه‌یسی باسی له‌ ده‌سپێكردن و سه‌ره‌تاكانی خۆی بۆ كردین له‌ دونیای نووسیندا ,كه‌ چۆن گۆڤاروو ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی عێراق له‌ سه‌ره‌تادا گرنگییان پێنه‌داوه‌و به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌ویان بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌ , وه‌لێ‌ پاشتروو به‌ رێكه‌وت له‌ رێی پێشبڕكێیه‌كی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ چیرۆكێكی له‌ گۆڤارێكی لوبنانیدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌و خه‌ڵاتیش وه‌رده‌گرێ‌ , ئیتر پاش ئه‌وه‌ ئه‌و ناوه‌ندوو گۆڤارانه‌ زوو زوو نامه‌یان بۆ ناردووه‌و داوای بابه‌تیان لێكردووه‌ , ئه‌و له‌ شارێكدا ژیا , كه‌ كۆكتێلێك بوو له‌ زمان و فه‌رهه‌نگی جیاواز , وه‌ك زۆربه‌ی ئه‌دیبانی  نێو گروپه‌كه‌و كه‌سانی ره‌سه‌نی شاره‌كه‌ ده‌یتوانی به‌ سێ‌ چوار زمان له‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بگات , ئه‌و به‌ته‌نیشت بیره‌ نه‌وته‌كانه‌وه‌ ژیا , دراوسێی باباگوڕگوڕ بوو , بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور كاری كرد , ده‌شێ‌ په‌ڵه‌و پنتكی ڕه‌شی نه‌وت به‌ سه‌ر رووخساروو جل و به‌رگه‌كه‌یه‌وه‌ نیشتبێته‌وه‌ , ده‌شێ‌ بۆنی نه‌وت وه‌كو زۆربه‌مان ته‌نگه‌نه‌فه‌سی كردبێ‌ , به‌ڵام هه‌رگیز په‌یڤینی نه‌وت نه‌یتوانی بچێته‌ خوێنییه‌وه‌ ,وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مرۆدا نه‌وت خه‌ریكه‌ ته‌واو دونیا فریو ده‌داو له‌دووری هه‌ زار میله‌وه‌ زۆرێكی سه‌راسیمه‌ كردووه‌ . كاره‌ داهێنه‌ره‌كانی ئه‌و له‌ بواری كورته‌ چێرۆك و شانۆدا زۆر زوو ناسرا , كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی عێراقی و عه‌ره‌بیدا هه‌بوو , هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ناوی تردا , كه‌ له‌ شاعیروو چیرۆكنووسی شاره‌كه‌ پێكهاتبوون  له‌كۆتایی شه‌سته‌كان به‌ ناوی گروپی یه‌كه‌می كه‌ركوك ده‌ناسرێن و له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانیش ئه‌م ناوه‌ به‌ته‌واوی جێگای خۆی ده‌كاته‌وه‌و جێگیر ده‌بێت .ئه‌م ناو لێنانه‌ یان نازناوه‌ ئه‌ده‌بییه‌ هه‌ڵبژارده‌ی خۆیان نه‌بوو , به‌ڵكو له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بی و میدیاكاره‌كانی شاری به‌غداوه‌ درایه‌ پاڵیان .  له‌سه‌رووبه‌ندی دروستكردنی پۆرته‌ریته‌كه‌ی قه‌یسیدا ئێواران بۆ ئه‌وه‌ی له‌شه‌قامه‌ گشتییه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی شۆریجه‌ وه‌ك رێزگرتن له‌و داهێنه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌و بپه‌ڕێنینه‌وه‌ , یه‌كێكمان ده‌ستمان ده‌گرت , چونكه‌ ئه‌و له‌ ئێمه‌ گه‌لێك به‌ته‌مه‌نتر بوو , ئێمه‌ش له‌ تافی لاویدا بووین , دووا ئێواره‌یان , پاش ته‌واوبوونی پۆرته‌رێته‌كه‌ پێی وتین ): ئه‌مه‌ چه‌ند رۆژه‌ ده‌بینم ئێوه‌ زۆر ئاگاداریم ده‌كه‌ن و به‌ ته‌نگمه‌وه‌ دێن , نا ئێمه‌ ده‌بێ‌ هه‌موومان ئاگامان له‌ یه‌كتری بێ‌ و به‌هۆڵی یه‌كترییه‌وه‌ بین و گرنگی به‌ یه‌كتر بده‌ین ) . 

به‌پێی ئه‌و وتاروو لێكۆڵینه‌وانه‌ی له‌ سه‌ر گروپی یه‌كه‌م نووسراون ڕاو بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌ له‌مه‌ڕ ناوه‌كانی نێو گروپه‌كه‌ , له‌دانان و ریزبه‌ندی و زیادوو كه‌م كردنیان و له‌ جێگۆركێ‌ كردن به‌و ناوانه‌ , له‌هه‌ندێ‌ شوێندا ئه‌م ناوانه‌ , (جه‌لیل قه‌یسی , فازل عه‌زاوی , موئه‌یه‌د راوی , سه‌رگۆن پۆلس , جان ده‌مۆ , یوسف سه‌عیدوو فاروق مسته‌فا ) وه‌ك  دامه‌زرێنه‌ری گروپه‌كه‌ ده‌ستنیشانكراون , لێ‌ له‌هه‌ندێ‌ شوێنی تردا (سه‌ڵاح فایق و زوهدی داودی و محێدین زه‌نگه‌نه‌و ئه‌نوه‌ر غه‌سانییان ده‌خرێته‌ سه‌ر , له‌هه‌ندێ‌ شوێنی دیكه‌شدا ناوگه‌لێكی تر خزاوه‌ته‌ نێو گروپه‌كه‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌و قسه‌ له‌ سه‌ر كردنه‌ ئه‌و رێكه‌وته‌ جوانه‌ بوو كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون , ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و خوولیا ئه‌ده‌بییه‌ ره‌نگی دابووه‌وه‌  ,كه‌ ئه‌وان جیهانیان تیادا ناسیبوو , له‌میانه‌ی ئه‌و ئاره‌زووه‌ی بۆ تێكدانی دونیاو سه‌ر له‌نوێ‌ بنیاتنانه‌وه‌ی له‌ لای ئه‌واندا  هاتبووه‌ كایه‌وه‌ , ئه‌و پرۆتۆكۆڵه‌ی ئه‌وان ئیمزایان كردبوو بریتی بوو له‌و خه‌یاڵه‌ جوانه‌ی بۆ ئه‌ده‌ب و نوێكردنه‌وه‌ی هه‌یانبوو , ئه‌و خه‌یاڵه‌ تازه‌یه‌ بووبووه‌ سفره‌و چه‌ترێك هه‌موویان له‌ سه‌ری و له‌ ژێریدا كۆبووبوونه‌وه‌ , له‌سه‌ره‌تادا هه‌ندێكیان نازناوی ئه‌ده‌بی بۆ خۆیان داده‌نێن , وه‌لێ‌ پاشتر , دووای ئه‌وه‌ی دونیا باشتر ده‌ناسن ده‌سبه‌رداری ئه‌و نازناوانه‌ ده‌بن و , ئیدی خۆیان به‌ رۆڵه‌ی شار داده‌نێن , درك به‌وه‌ش ده‌كه‌ن , كه‌شار هه‌ڵگری هیچ خه‌سڵه‌تێكی خێڵگه‌ری و عه‌شایرگه‌ری نییه‌ , به‌تایبه‌تیش بۆشارێكی وه‌ك كه‌ركوك كه‌ پێكهاته‌یه‌كی فره‌ زمان و فره‌ ئه‌تنی و كلتوری و رۆشنبیرییه‌ ئه‌م نازناو دانانه‌  ته‌واو ناكۆك و ناته‌باو نه‌گونجاوه‌ . له‌ بری ئه‌م ده‌ستبه‌ردانبوونه‌ ده‌ستپێوه‌ گرتنێكی دی به‌ تووندی له‌ لایاندا جێگای خۆی ده‌كاته‌وه‌ , دیدگایه‌كی تر له‌ ته‌ماشایاندا ده‌خوڵقێ‌ , ئه‌وه‌ش بینینی به‌هاكانی ئینسانه‌ , ته‌نیا وه‌ك ئینسانێكی ئازاد له‌ چوارچێوه‌ی خه‌م و خوولیاو ئومێدوو ئاره‌زووه‌كانی . 

زمانی ئاخاوتنی رۆژانه‌ی ئه‌وان و گفتووگۆی ئاساییان بریتی بووه‌ له‌ هه‌ر سێ‌ زمانه‌كه‌ی شاری كه‌ركوك , واته‌ له‌ وتوووێژی نێوانیان له‌ توركمانییه‌وه‌ كردوویانه‌ به‌ كوردی و پاشتریش گۆریویانه‌ته‌ عه‌ره‌بی و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ , هه‌موویان به‌ هه‌ر سێ‌ زمانه‌كه‌ تووانیویانه‌ له‌ یه‌كتر بگه‌ن .به‌درێژایی مێژووی عێراق باروودۆخی كاره‌سات ئامێزوو خوێناوی هۆكارێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌دیب و نووسه‌ران , داناو رۆشنبیره‌كانی وڵات به‌جێبهێڵن و بكه‌ونه‌ ئه‌و دیو یادوه‌رییه‌كانه‌وه‌ , بێجگه‌ له‌ یوسف حه‌یدری , ئه‌وانی دی رێگای كۆچ و مه‌نفا هه‌ڵده‌بژێرن , به‌ ولاتانی گوێ‌ زه‌ویدا بڵاوده‌بنه‌وه‌ , جه‌لیل قه‌یسیش ده‌گاته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا , به‌ڵام پاش ساڵێك له‌ غوربه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌شاری كه‌ركوك و بۆ هه‌میشه‌ تیایدا نیشته‌جێ‌ ده‌بێ‌ تا له‌ ساڵی 2006 به‌یه‌گجاری چاو له‌یه‌كده‌نێ‌ و كۆچی دووایی ده‌كات , ئه‌و عه‌شق وخۆشه‌ویسته‌ تایبه‌ته‌ی قه‌یسی بۆ شاری كه‌ركوك هه‌یبوو پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بوون بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی .

كاراكته‌ره‌كانی نێو چیرۆك وشانۆگه‌رییه‌كانی هی سه‌رده‌مانی سۆمه‌ری و بابلییه‌كان بوون , ئه‌وانی ده‌گه‌ڕانده‌وه‌ نێو جاده‌و بانه‌كانی شاری كه‌ركوك و قه‌ڵا دێرینه‌كه‌ی , هه‌میشه‌ قاره‌مانه‌كانی نێو مێژووی ده‌هێنایه‌وه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ , ئازایه‌تی و جوامێری ئه‌وانی بیر خه‌ڵك ده‌خسته‌وه‌ , وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌واندا وه‌فاداری و خۆشه‌ویستی و پاكێتی مابێ‌ , هه‌میشه‌ نزیك به‌ هه‌ناسه‌كانی ئه‌وان ده‌ژیا , قه‌یسی له‌ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیدا كه‌سێكی دووره‌ په‌رێزوو ته‌ریك بوو , چێژێكی گه‌وره‌ی له‌ سه‌رمه‌دی و ته‌نیایی وه‌رده‌گرت , زۆر كه‌م تێكه‌ڵ به‌ ئه‌وانی تر ده‌بوو , جگه‌ له‌ چه‌ند هاوڕێیه‌كی كه‌می نزیكی خۆی نه‌بێ‌ له‌ كه‌س نزیك نه‌ده‌بووه‌وه‌ , له‌نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا زۆر دره‌نگ دره‌نگ , مانگێك یان دوو مانگ جارێك له‌ شه‌قامی كۆماری كه‌ركوكدا ده‌بینرا , ئه‌وه‌ش بۆ كڕینی هه‌ندێ‌ گۆڤار وه‌ك گۆڤاری (ألاقلام ) , ئه‌و پیاسه‌ كورته‌ی به‌ شه‌قامه‌كه‌دا ده‌یكرد , به‌ سڵاو و چه‌مانه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ندێ‌ نووسه‌رو ناسیاوی خۆی 

, به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سیاندا بوه‌ستی  , كۆتایی به‌و پیاسه‌و گه‌شته‌ بچووكه‌ ده‌هێنا , له‌ دووای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ هاوڕێی دێرینی خۆی چه‌ند جارێك له‌ بۆنه‌و ڤیستیڤاڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا ده‌بینرا .گروپی یه‌كه‌می كه‌ركوك بێجگه‌ له‌و هه‌موو داهێنانه‌ی له‌ بواری ئه‌ده‌بدا ئه‌نجامیاندا , ئه‌وان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئه‌دگاروو خه‌سڵه‌تی جوانیش بوون وه‌ك پاراستنی ئه‌و هاوڕێیه‌تییه‌ی , كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌ سه‌ر دامه‌زراندوو تاكو ئه‌مرۆكه‌ش ئه‌ستێره‌كانی ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و رایه‌ڵه‌كانی نه‌بچڕاوه‌ , ئاگاداری هه‌واڵه‌كانی یه‌كترن و به‌ دووادا چونیان بۆیان هه‌یه‌ , له‌ فلیپینه‌وه‌ سه‌ڵاح فایق داوای ژماره‌ مۆبایلی مامۆستا فاروق ده‌كات , ئێستاكه‌ش له‌ گروپه‌كه‌دا ئه‌وانه‌ی له‌ ژیاندا ماون , ماوه‌ی جارێك له‌ به‌رلین كۆده‌بنه‌وه‌و بۆن و به‌رامه‌ی یادوه‌رییه‌كانیان له‌ روخساری یه‌كتردا هه‌ڵده‌مژن , خاڵێكی پرشنگداری دیكه‌یان هه‌بوونی گیانی قبوڵكردنی ره‌خنه‌ بووه‌ له‌ یه‌كتر , كه‌ به‌و په‌ڕی راستگۆیی و نه‌رم و نۆڵییه‌وه‌ له‌ یه‌كتریان قبوڵكردووه‌ , له‌م رووه‌وه‌ هه‌بوونی ئه‌م گیانه‌ پڕ لێبوورده‌یی و روحه‌ كه‌یل به‌ نه‌وازشه‌  هه‌ندێجار گه‌یشتۆته‌ راده‌ی ئه‌وه‌ی بابه‌ت و به‌رهه‌می یه‌كتر بدڕێنن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی  تووڕه‌ ببێت و هه‌ڵبچێ‌ , وه‌ك ئه‌وه‌ی جان ده‌مۆ له‌گه‌ڵ زۆربه‌یاندا ئه‌مه‌ی ده‌كرد . 

بۆ به‌راوورد كردنی ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ جوانانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆدا ئێمه‌ گه‌لێكجار پێویستمان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیان .

 

بورهان ئه‌حمه‌د

بۆنووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌ 

1_ جماعه‌ كركوك التتمات اللاحقه‌ / چاپخانه‌ی سه‌رده‌م /2011 /فاروق مسته‌فا

2 _ژماره‌ 64 و 68 ی گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق /گروپی یه‌كه‌می كه‌ركوك / دكتۆر عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم

گۆڕینی بۆ كوردی / بورهان ئه‌حمه‌د

Previous
Next

Leave a Reply