Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

رێکخراوی مۆسادی ئیسرائیلی به‌رپرسه‌ له‌ تیرۆرکردنی…….

Comment
by August 8, 2008 گشتی

 رێکخراوی مۆسادی ئیسرائیلی به‌رپرسه‌ له‌ تیرۆرکردنی زیاتر له‌ 530 ‌ زانایانی عێراقی… .
…رۆژ ئه‌حمه‌د
 

 ڕیکخراوی مۆسادی ئیسرائیلی به‌رده‌وام رۆڵی کاریگه‌ری خۆی گێراوه‌ له‌ نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی و کارلێکی رامیاری و ستراتیجی و ئابووری به‌ ئیسرائیله‌وه‌ هه‌بووه‌ وه‌ هه‌روه‌ها رێکخراوی مۆساد له‌ چاوی کۆمه‌ڵگای جیهانیشه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ یه‌که‌م هێزی به‌ره‌نگاری  ئیسرائیلیی پێناسه‌ کراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ پێش هێزی سه‌ربازی ئیسرائیلیشه‌وه‌ پێگه‌ی بۆ دانراوه‌، عێراقیش به‌ گشتی ئه‌و وڵاته‌یه‌ که‌ رێکخراوی مۆساد مێژوویه‌کی ملاملانێی رامیاری و ستراتیجی له‌گه‌ڵ هه‌بووه‌ و‌ له‌ ساڵانی شه‌سته‌کانه‌وه‌ ده‌ستی خستۆته‌ کاروباری رامیاری عیراق و ‌به‌ پێی سیسته‌مه‌ رامیاریه‌ جۆرا و جۆره‌کانی ناوخۆیی عێراق ئه‌ویش په‌ره‌ی به‌ ڕێره‌وی خۆیداوه‌.
 رێکخراوی مۆساد که‌ سه‌رقاڵی خۆچه‌قاندنی بنکه‌ نهێنیه‌کانی بوو له‌ عیراق وه‌ک هه‌موو وڵاتانی تر سه‌ره‌تا خۆی له ته‌ک بزوتنه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان رێک ده‌خست بۆیه‌ له‌ عێراقیش سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌که‌ی  موسته‌فا بارزانی ده‌ستیان پی کرد و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بارزانیه‌کان خۆیان ریک خست ئیدی له‌و کاته‌وه‌ له‌ ناو عێراق پێگه‌ی مۆساد چاله‌که ‌و په‌ره‌ به‌ کاره‌ نهێنیه‌کانی خۆی ده‌دات.
 کاری مۆساد له‌ عێراق له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری به‌عسیه‌کان به‌گشتی بریتی‌ بووه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی زانیاری به‌تایبه‌تی زانیاری له‌سه‌ر ماتریاله‌ نه‌وه‌ویه‌کان و ماده‌ی یۆرانیۆم که‌ به‌عسیه‌کان هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵداندا بوون بۆ وه‌ده‌ستهینانی وه‌لێ له‌ نێو خودی عێراق مۆساد هه‌رگیز نه‌یتوانیه‌وه‌ چالاکی و ئۆپراسیۆن به‌ چه‌ک یاخود تیرۆرکردنی جه‌سته‌یی تایبه‌تی ئه‌نجام بدات‌ به‌ تایبه‌تی له‌ کاتێکدا که‌ ‌ بۆیان روون و ئاشکرا بوو که‌ بزووتنه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان له‌ عێراق به‌ تایبه‌تی کورده‌کان وه‌  نه‌ته‌وه‌کانی تریش په‌یوه‌ندی ته‌واوه‌تی نابه‌ستن له‌گه‌ڵیاندا به‌ پێچه‌وانه‌ی گشت  وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی ناوین که‌ هه‌ندێک له‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌کان رێنیشانده‌ر و رێگه‌ خۆشکه‌ری کار و چالاکیه‌کانی ئه‌م رێکخراوه‌ بوون.
 له‌ کاتکێکدا که‌ مێژووی مۆساد شیده‌که‌ینه‌وه‌ ده‌بینین له‌ عێراق به‌ ته‌واوه‌تی کاره‌کان پێچه‌وانه‌ بوون چوونکه‌ به‌ ته‌نها چه‌ند که‌سێکی که‌م له‌ که‌سایه‌تیه‌کان له‌ تێکرای نه‌ته‌وه‌کانی عێراق هاوکاری ئه‌م رێکخراوه‌یان کردووه‌ بۆ نموونه‌ له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی کورد کامه‌ران به‌درخان و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د که‌ دوو که‌سایه‌تی ناوداری کوردن له‌ دوو بواری جیاوازدا کاریان له‌گه‌ڵ ئه‌م رێکخراوه‌دا کردووه‌ که‌ له‌ کتیبی مۆساد له‌ عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ناویان هاتووه‌ که‌ له‌ لایه‌ن شلۆمۆ نه‌کدیمۆن سه‌رۆکی مۆسادی ئه‌و ده‌مه‌وه‌ نوسراوه‌ ته‌نانه‌ت‌ باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌ خودی خۆی له‌ بنکه‌ی فه‌ره‌نسای مۆساد موچه‌ی به‌ هه‌ردووکیان به‌خشیوه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ روون ده‌کاته‌وه‌ که‌ ڕێكخراوی مۆساد له‌ به‌ده‌ست هێنانی زانیاری به‌ده‌رنه‌یتوانیووه‌ هیچ چالاکیه‌یه‌کی تر ئه‌نجام بدات  له‌ ناوچه‌که‌ ، چونکه‌ هیچ هێزێکی ئپۆزسیۆنی ناوخۆی عێراقی  هاوکاری نه‌ده‌کرد.
 به‌ درێژای مێژووی مۆساد له‌ عێرق تاکه‌ چالاکی که‌ توانیبیێی  به‌ سه‌رکه‌وتووی به‌جێی بهێنێت ته‌نها رزگارکردنی خێزانی  فرۆکه‌وانی جه‌نگی (مونیر رێدفا) بووه‌ که‌ بۆ ئیسرایئل هه‌ڵهات بوو ته‌نانه‌ت تیرۆرکردنی نیشانه‌کانیشیان که‌ په‌یوه‌ندی به‌ عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌ هه‌میشه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌نجامیان داوه‌ ،‌ ئه‌ویش کوشتنی زانای که‌نه‌دی جێراڵد بۆڵیش  بوو که‌ دروستکه‌ری تۆپی به‌هێزی عێراقی بوو له‌ برۆکسیل له‌ وڵاتی به‌لژیک جێبه‌جێ کرا ئیدی رێکخراوی مۆساد هیچ چالاکیه‌کی تیرۆرکردنیی جه‌سته‌ی تایبه‌تی ئه‌نجام نه‌داوه‌.
 له‌گه‌ڵ داگیرکردنی هه‌ر وڵاتێک سیسته‌می رامیاری گۆرانی به‌سه‌ردادێت له‌ عێراقیش له‌گه‌ڵ داگیرکاری ئه‌مریکا گۆران به‌سه‌ر سیسته‌می رامیاریدا هات  ‌ ئه‌ویش پێشکه‌وتنێکی نه‌هێنایه‌ ئاراوه‌ به‌ڵام بۆ مۆساد گۆرانکاریه‌کی ئه‌وتۆ بوو که‌ گۆرانی به‌سه‌ر گشت کاره‌کانیدا هینا و‌ کاره‌کانی  له‌ گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی زانیاریه‌وه‌ گۆڕی بۆ ئه‌نجامدانی چالاکی جه‌سته‌ی و پێکاندنیی نیشانه‌ تازه‌ ده‌ست نیشانکراوه‌نیان له‌ عێراقدا.
 مۆساد له‌ وڵاته‌کانی رۆژهه‌لاتی ناوین مێژوویه‌کی دورودرێژی هه‌یه‌ له‌ تیرۆرکردنی زاناکان و ئه‌کادیمیسته‌ به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌به‌کان به‌ تایبه‌تی و به‌ شیوه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ وڵاتی میسر که ته‌نانه‌ت ئه‌و خوێندکارانه‌شیان  تیرۆر ده‌کرد که‌ بۆ زانستی کیمیا و فیزیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی میسر خوێندکار بوون وه‌ زۆرینه‌یان له‌ وڵاتی فه‌ره‌نسا له‌ شوێنی نیشته‌جێبونیان تیرۆر ده‌کران به‌ڵام مۆساد هه‌رگیز نه‌یتوانیه‌وه‌ ده‌ستی به‌ زانا و ئه‌کادیمیسته‌ عێراقیه‌کان بکه‌وێت هه‌تاوه‌کو دوای داگیرکاری ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیمپریالیسته‌کانه‌‌وه‌.
 له‌ دوای ساڵی 2003 ه‌وه‌ ئێمه‌ رۆژانه‌ ده‌بینین و ده‌بیستین که‌ چه‌ندین له‌ عیراقیه‌کان ده‌بنه‌ قوربانی ره‌فتاره‌‌ تیرۆریستیه‌کانی تاقمه‌ کۆنه‌ په‌رسته‌کان و هێزی داگیرکه‌ران که‌ رێژه‌ی کوشتنی خه‌ڵکی سیڤیلی گه‌یانده‌ 120 خه‌ڵکی بێتاوان له‌ رۆژێکدا(ئاماری رۆژنامه‌ی گاردیه‌ن له‌ ئینگلته‌ره‌) له‌ نێوه‌ندی ئه‌م پێکدادان و نائارامیه‌دا هێرشه‌کان ده‌مه‌  ده‌مه‌ هێور ده‌بوونه‌وه ‌و نیشانه‌کان گۆرانکاریان به‌سه‌ردا هات لێره‌ و له‌وی هێرشه‌کان گواسترانه‌وه‌  بۆ‌ سه‌ر زانا و پرۆفیسۆر و دوکتۆر و ئه‌کادیمیسته‌ عێراقیه‌کان له‌ زانکۆکان له‌ ناو ماڵه‌کانیان له ئوتومبێل و له‌ رێگه‌یان به‌ره‌و زانکۆ و په‌یمانگاکان هه‌ر رۆژ‌ێك  یه‌کێکیان لێ تیرۆر ده‌کرا ته‌نانه‌ت له‌ ناو پۆلی زانکۆکانیان که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندیک له‌و دوکتۆر و پرۆفیسۆر و زانایانه‌ به‌ ماڵ و منداڵیانه‌وه‌ تێکرا تیرۆر کران شه‌قامه‌کانیان به‌ خوێنی ئه‌وان سور ‌کرد و  موسته‌نسریه‌یان کرده‌ قه‌سابخانه‌ و پڕیان کرد له‌ بۆنی خوێنی سارد و باروتی به‌جێماوی تیرۆری ئه‌و زانا وئه‌کادیمیسته‌ عێراقیانه‌.
 ته‌نها جیاوازی له‌ نێوان کوشتنی خه‌ڵکی سیڤیل و زانا عێراقیه‌کان ئه‌وه‌بوو که‌ تێکرای ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ و تیرۆرکردنانه‌ی تاکه‌کان ده‌ستێکی له‌ پشته‌وه‌ بوو که‌ له‌ دوای کوشتنیان تاقمه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان خۆیان ئاشکرا ده‌کرد و به‌و په‌ری شانازیه‌وه‌ رایانده‌گه‌یاند که‌ ئه‌و کاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌یان ئه‌نجام داوه‌  به‌ڵام کوشتنی زانا و ئاکادیمیسته‌ عێراقیه‌کان نه‌ناسراو بێسه‌ر و شوێن بوون که‌ هیچ یه‌ک نه‌ له‌ تاقمه‌ تیرۆریسته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان و نه‌ هیچ له‌ رێکخراوه‌کانی تر له‌ عێراق خۆیان به‌ به‌جێهێنه‌ری ده‌زانی. ‌
 له‌ 14/6/2005 سه‌نته‌ری زانیاری فه‌ڵه‌ستینی که‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک ئه‌ندامانی کۆنگریسی ئه‌مریکیه‌وه‌ پشتگیریان لێده‌کرێت له‌ راپۆرتێک که‌ بۆ ئیداره‌ی ج.و.بۆش  نێردراوه‌ و چه‌ند ئه‌ندامێکی پانێڵی سیناتۆریش پشتگیریان لێکردووه‌ له‌ زۆرینه‌ی راگه‌یاندنه‌کانی جیهانیش بڵاوبۆوه‌ تیایدا‌ روونیان کردۆته‌وه‌ که‌ رێکخراوی مۆساد به‌ هاوکاری هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ به‌رپرسیارن له‌ تیرۆرکردنی زیاتر له ‌500 زانا و پرۆفیسۆری عێراقی که‌ له‌ دوای داگیرکاری 2003 ه‌وه‌ له‌ کات و شوێنی جیاواز به‌شێوازی جیاواز جیاواز تیرۆر کراون  راپۆره‌ته‌که‌ له‌ میدیای جیهانی به‌ربڵاو بوو لێره‌ و له‌وێ تاوتوێ ده‌کرا به‌ڵام ده‌ره‌نجام به‌ هاوکاری میدیای باڵی راست تێکرای کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ راپۆرته‌که‌ ناهاوسه‌نگه‌ و دووره‌ له‌ راستی چوون سه‌نته‌ره‌که‌ سه‌نته‌رێکی فه‌ڵه‌ستینیه‌! ئیدی ئه‌م که‌یسه‌ له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌نووسان و میدیای جیهانی ده‌رگای له‌سه‌ر دا‌خرا و بکوژان هه‌ر بێسه‌رو شوێن بوون هه‌تاوه‌کو به‌رواری 23/4/2006‌ .
 له‌ به‌رواری ناوبراو د.ئیسمایل جه‌لیل راپۆرتێکی دوو کاتژمێری بۆ کۆنفرانسی مه‌درید له‌ ژێر ناوی (قه‌یرانی زانا عێراقیه‌کان)  پێشکه‌شکرد  له‌ سه‌ر تیرۆرکردنی زانا عێراقیه‌کان تێکڕای ڕاستیه‌کانی خسته‌ ڕوو که‌ راپۆرته‌که‌ی بریتی بوو له‌ ئاماری زانا تیرۆرکراوه‌کان  به‌ ناو و شوێن و کاتژمێر و پیشه‌ و جۆری هه‌ر یه‌ک له‌ گوله‌ به‌کارهاتوه‌کان له‌ پرۆسه‌ی تیرۆری زاناکان راپۆرته‌که‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ لایه‌ن تریبیوناڵی برۆکسل له‌  به‌لژیکا پشتگیری لێکراوه ‌چونکه‌ زۆربه‌ی زانیاریه‌کانیش هه‌ر  له‌ هه‌مان پێگه‌ی‌ ناوبراوه‌وه‌ ‌ گه‌یاندراونه‌‌ته‌ ده‌ستی د.ئیسمایل جه‌لیل بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ که‌ له‌ دوای بڵاوبونه‌وه‌ی راپۆرته‌که‌ی سه‌نته‌ری زانیاری فه‌ڵه‌ستینی و داخستنی که‌یسه‌که‌ ده‌ستی به‌ کار کردووه‌ به‌ نهێنی له‌گه‌ڵ تریبوۆناڵی برۆکسل .
   به‌ پێی ئامار و لێکوڵینه‌وه‌کانی تریبیۆناڵی بروکسل و د. ئیسماعیل جه‌لیل هه‌تاوه‌کو ئێستا له‌ دوای داگیرکردنی عێراق له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی رێکخراوی مۆسادی ئیسرائیلی به‌ته‌نها به‌رپرسه‌ له‌ تیرۆرکردنی زیاتر له‌ 530 له‌ زانایان و پرۆفیسۆر و ئه‌کادیمیسته‌ عێراقیه‌کان.
 
 سه‌رچاوه‌کان
 1. راپۆرته‌که‌ی د. ئیسمائیل جه‌لیل له‌ کۆنفرانسی مه‌درید

http://www.naba.org.uk/CONTENT/articles/HR/IraqHRM/Iraqi_Academics_60429.pdf 
 
 2.  کتێب( مۆساد له‌ عێراق و وڵاتانی ده‌وری،  نوسینی شلۆمۆ نه‌کدیمۆن)
 
 3. زانیاری تریبتۆناڵی برۆکسل، لیستی ناوی زانا عێراقیه‌ تیرۆر کراوه‌کان
  http://www.brusselstribunal.org/academicsList.htm
 
 
 
 
   
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply