Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

رێگا چۆڵكەن ….رێبوار رەزا چوچانى

Be First!
by January 22, 2009 گشتی

 رێگا چۆڵكەن مرۆڤگەلێكى ئەحمەق بەڕێوەیە
  رێبوار رەزا چوچانى

 
 مرۆڤگەلێكى ئەحمەقى بێئامانج ئێستا لە كوردستاندا خەریكە تەنگ بە هەموو شتە باشەكانى مرۆڤ هەڵدەچنن، چونكە ئەگەر نەوەكانى پێشوو كارییان لەسەر رەتكردنەوەى یەكترى كردبێت، ئەوا ئەم مرۆڤگەلە ئەحمەقە كە ئێستا وەك دیاردەیەكیش بە دیار دەكەون، نەك كار لەسەر رەتكردنەوەى یەكترى دەكەن، بەڵكە بە هەموو توانایەكییانەوە كار دەكەن بۆ بەخشینەوەى ناو ناوتۆرە و لە هەموویشى سەیرتر، بوختان بۆ یەكتر هەڵبەستن تا ئاستى دەست بردن بۆش شتە سەخسییەكانى یەكتر و دروستكردنى حیكایەتگەلێكى وەهمى، بۆ ئەوەى یەكترى پێ لەكەدار بكەن، كە ئەمەش دیارخەرى كورت مەودایی عەقڵى ئەو ئەحمەقانەیە، مرۆڤگەلێك كە ئامانجى هێرشكردنە سەر كەسایەتى مرۆڤ بێت و شەڕ بە داروبەردى دەوروبەرى بفرۆشێت، جگە لە یاخى بونێكى بێمانج و ئەحمەقانە، ناتوانێت پەنا بۆ هیچ شتێكى تر ببات و ناتوانێت هیچ كاریگەییەك دروست بكات، جگە لە دروستكردنى دۆخێكى دژوار بۆ دەوروبەرەكەى و شكاندن و برینداركردنى حورمەت و بەهاو كەرامەتى ئینسانى ئینسانەكانى تر، ئەحمەقگەلێگ جگە لە شەڕفرۆشتن نەتوانێت هیچ زیادەیەك بخاتە سەر شتەكانى دەوروبەر، بۆیە ئیتر دەبێت دەست لە هەموو شتێك بشۆینەوە و بڵێن رێگا چۆڵكەن، مرۆڤگەلێكى ئەحمەق بەڕێوەیە.
 هاوڕێیەكى نوسەرم وتى كەوا ئیمێلێكى بۆ چووە و گوایە لە ئیمەیلەكەیدا من( رێبوار رەزا چوچانى) كراوم بە ئاسایش و هۆشداریشیان داوە بەو هاوڕێیەم، كە من بۆیە هەوڵى نزیك بوونەوە دەدەم لێى، چونكە لە ئاسایشەوە پێموتراوە، كە زانیارى لەسەر ئەو برادەرە كۆبكەمەوە، وەك ئەوەى ئەو برادەرە ئوسامە بن لادن بێت!!! ئەمەش توشى شۆكى كردم، كە تا ئێستاش كاریگەرى بەسەرمەوە ماوە، چونكە منێك كە تا ئێستا دوورە پەرێزم لە تەواوى نوسەرانى ناوخۆ و دەرەوە، تەنیا چەند كەسێكى دیارى كراو نەبێت، بۆ دەبێت ئەو بێویژدانییەم بەرانبەر بكرێت، ئایە ئەم بێویژدانییە چ ئەحمەقێك پەناى بۆ بردووە ؟!!!
 هۆكارى دورە پەرێزیشم لەو توێژە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە دەزانم چ دنیایەكى ناشیرین لە ناو ئەو توێژەدا گوزەر دەكات، لەگەڵ رێزم بۆ نوسەرە جدییەكان، دەزانم چۆن كار لەسەر بێبایەخكردنى یەكتر دەكەن، دەزانم چۆن بە ناو دنیاى نوسیندا، ناشیرینییەكان گوزەر دەكەن و هەموو جوانییەكان دەبنە تۆزى بن پێى ئەحمەقەكان، بە هەرحاڵ ئێستاش تەحەددا دەكەم نەك ئەو كەسانە، بەڵكە هەموو دەزگاكانى ئاسایشى ئەم هەرێمە، ئەگەر توانیان بیسەلمێنن من ئاسایش بووم، ئەوا ئامادەم بە هەموو شێوەیەك واز لە نوسین بهێنم و چیدیكە لە ناو گۆشەگیرییەكى تردا خۆم بخۆمەوە، من چۆن بەو هاوڕێیەشم وت، راستە زەمانێك من لە یەكێك لە حیزبەكانى كوردستاندا كارم كردووە و ئەوەش مافى هەموو كەسێكە كارى حیزبایەتى بكات و دواتریش وازى لێبهێنێت، كە ئێستاش ئەو كەسانەى لافى سەربەخۆیى لێدەدەن لە یەكێك لە سەردەمەكاندا، لە یەكێك لە حیزبەكاندا ئەندام بوون، بەڵام ئێستا تەحەددا دەكەم كە سەربە هیچ حیزبێك بم و كێش بەڵگەى هەیە با بیخاتەڕوو، دواتریش كىَ بەڵگەیەكى هەیە كە من رۆژێك لە رۆژان ئاسایش بووم و كارم لەسەر ئەو لایەنە كردبێت كە ئەو كەسە فزوڵە بێدەماخە ئەحمەقەى خاوەن ئەو ئیمەیلە ناردوویەتى بۆ ئەو هاورێیە، با بیخاتەڕوو بۆ هەمووان و بەرچاوى خۆشم، بە هەر حاڵ ئەمەوێت بێژم، چ دەبەنگییەك بەناو ئەو حەماقەدا گوزەر دەكات، چ دەبەنگییەك خاوەنى ئەو ئیمەیلەى ناچار كردووە پەنا بەرێتە بەر ئەو ناشیرین كردنەى من، دەبێت ئەو كەسە چۆن دیلى جەهل بێت، كە لە تاو بێدەماخى خۆى، پەنا بەرێتە بەر وەها درۆیەكى شاخدار و هەوڵى تیرۆر كردنى كەسایەتى من بدات، ئەو كەسە و ئەوانەى كە خەڵك سەر دەبڕن و تەقینەوە لە ناو خەڵكدا دەكەن، لاى من هیچ جیاوازییەكییان نیە، ئەوەش دەردەدارییەكى كوشندەیە كە وا دەكات، كەسانێكى كینە پیس لە ناو كوشتنى بەها و حورمەتە ئینسانییەكاندا بیەوێت، خۆى پێ بباتە پێشەوە لە كەسانى تر، ئەوەش دەردەدارییەكە كە ناخ و سینەى زۆر كەسى ئەو وڵاتەى داڕزاندووە، ئەحمەقگەلێكى بێبایەخ كە وا دڵیان بە هیچ شتێك ناكرێتەوە و ناتوانن حەقیقەتەكان ببینن و لە بنەو پاسار و چایخانەكانەكاندا و لە ناو دیوەخانى رۆشنبیرخانەى رۆژنامەكاندا، خەریكى پلانگێڕین بۆ تیرۆركردنى كەسایەتى مەعنەوى كەسەكانى تر، وا دەكات بە دەنگى بەرز هاوار بكەین….. رێگا چۆڵكەن ئەحمەقگەلێك بەڕێوەیە…
 
 
 Rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next

Leave a Reply