زامه‌کان سارێژده‌بن….حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
چیرۆک
زامه‌کان سارێژده‌بن
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئه‌م چیرۆکه باس له‌جه‌نگی نێوخۆی قۆناغی شاخ، له نێوان (ینک و حشع)دا ده‌کات. له‌تافی جه‌نگه‌که‌دا نووسراوه‌و بڵاوبۆته‌وه.
*
پیکابێکی سه‌وزی گه‌رد لێ نیشتوو، لووتی بهههورازهوه ناوه‌و به‌نیازه بچێته کۆڵی چیا. گێژه‌ڵووکه‌یه‌ک تۆز به‌شوێن خۆیدا ده‌نێته‌وه. ئه‌م پیکابه داڵیتێکه هێشووی خاکی له‌به‌ری پێدا شۆڕبۆته‌وه. سه‌رنشینه‌کانی دواوه به‌پێوه‌ن. به‌ده‌م ته‌کانی پیکابه‌که‌وه شه‌پۆل ده‌ده‌ن. له خانه‌ی پێشه‌وه باریکهلهیهک، کاسکێتێکی زه‌یتوونی ته‌ختی نێوچاوانی داپۆشیوه. به‌ڕه‌نگی سوور ئه‌ستێره‌یه‌کی پێنج گۆشه‌و سێ پیتی (ی. ن. ک)ی له‌سه‌ر کێشراوه. یهکتهق له‌گه‌ڵ تاسه‌ی ئۆتومبیله‌که‌دا، ئه‌میش له‌جێی خۆی هه‌ڵده‌به‌زێته‌وه. زوو زوو سه‌رنجی سه‌عات ده‌دات و لێو ده‌کرۆژێت. گلێنه ڕه‌شه‌کانی به‌خێرایی ده‌گه‌ڕێن.
وه‌ک شابازێک بۆتاقی ئاسمان بفڕێت، پیکابه‌که جارێک تاسه‌ر مله و باسکه‌کان هه‌ڵده‌چێت. جارێکی دیکه وه‌ک دوای نێچیر که‌وتبێ، بۆ قووڵایی چۆم و بێشهڵڵان دادێته‌وه.. هه‌رمێ دهستهباڵاکان، په‌ڵک و قه‌تاره تووه باڵا به‌رزه‌کان، به نۆره سێبه‌ری بۆ ده‌که‌ن.. ڕووی کرده شوفێره‌که‌و داخوازییه‌که‌ی دووباره‌کرده‌وه:
((دره‌نگه کاک عومه‌ر، پێ له‌سه‌ر به‌نزین قورسکه!))
((هه‌ڤاڵ گیان ناتوانم.. له‌وه خێراتر باژووم تووشی به‌ڵایه‌ک دێین!))
قسه‌کانی شوفێر تێکه‌ڵ به‌ده‌نگی مه‌کێنه و تاسه‌ی ئۆتومبیل و وژه وژی بایه‌که بوو. له‌و ده‌مه‌دا تایه‌کانی لهعهرد بڕان و پاشان زرم که‌وتنه‌وه سه‌ر ڕێگه وشکهسییهکه. له‌وه‌دابوو له‌دارو باره‌وه له گرێژه‌نه بچێت و یهکاڵابێتهوه. له ناوه‌وه پێشمه‌رگه‌کان به‌یه‌کدا هاتن. ئه‌وانیش به خۆیان و ته‌واوی تفاقیانهوه بڵندبوونه‌وه و جارێکی دی که‌وتنه‌وه سه‌ر جێگه‌ی خۆیان. پیکاب وه‌ک تیر به‌ژێر لق و پۆی پیره داربه‌ڕوویه‌کدا ڕه‌تبوو. به‌ڵام خاکی پۆشه‌کانی دواوه زووتر خۆیان دانه‌واندبوو.
لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیان له‌به‌ر تیشکی هه‌تاوه‌که ده‌بریسکانه‌وه. نێره سوێسکهیهکیش له زڕه‌ی باڵی دا‌و چه‌تری باڵه نه‌خشینه‌کانی هه‌ڵدا. له‌ولاتر خۆی له سوورکهو بن تاوێرێک خزاند. ترومبیلێک، به‌رله‌وه‌ی شێوه‌و ڕوخساری بگات، ده‌نگی هۆڕنه‌که‌ی گه‌ێشته به‌ره‌وه. عومه‌ر، خاوی کرده‌وه و به هۆڕنێکی دوور و درێژ وه‌ڵامی دایه‌وه.. جێبێکی کورت بوو. پاشه‌وپاش گه‌ڕایه‌وه. پانتاییه‌کی دۆزیه‌وه‌و ماوه‌ی ڕه‌تبوونی پیکابه‌که‌ی دا. (هه‌ڤاڵ)یش پاشه‌وپاش بیری گه‌ڕایه‌وه ناودێ.
*
کوڕه‌داوێ، نهوبووکه.. له‌سای که‌ژاوه‌یه‌کی سه‌وزدا ڕاکشاوه. چناره زراڤهکان ڕمن له شینایی گه‌شی ئاسمان چه‌قیون. دارگوێزه کۆنهساڵهکان پشتیان بۆ ڕێبواری نه‌وسن دانه‌واندووه. ڕێبواری ماندوو نازانێ له پێشدا به‌لای خوڕه و قه‌ڵبه‌زه‌ی کانیاواندا لابدات، یان بۆ به‌ر سێبه‌ری دارگوێزه‌کان بخوشێ، که هه‌ر له دوورڕا، لق و پۆکانی له‌به‌ر شنه‌ی شه‌ماڵ ده‌ستی لێ ڕاده‌وه‌شێنن و خۆڵکی ده‌که‌ن.
زنجیره‌یه‌ک گردۆڵکه‌ی ڕک و له‌شوێن یه‌ک، تاچاو حوکم بکات ئه‌میان ئه‌ویانی گرتۆته باوه‌ش، بوونه‌ته سوپه‌ر و شووره‌ی ده‌وری ئه‌م دێیه. دره‌خته‌کانیش له شه‌راو وه‌یشوومه ده‌پارێزن. سه‌ربانی هه‌رماڵێک بۆ ماڵی سه‌راورد بۆته حه‌وشه‌و گۆڕه‌پان.
ئه‌م پاش نیوه‌ڕۆیه هێشتا زۆری مابوو بگاته کلکه‌ی ئاوایی. ده‌ستی بههۆڕندا نا. جووتیاری چۆم و کوختهکان و له ئاوایی بهجێاو، له گه‌یشتنی ئاگاداربوون و ئه‌وانیش بههۆڕنهکهیدا ده‌یناسنه‌وه. گه‌یشته ئه‌و شوێنه‌ی، که خه‌ڵکی دێ گه‌راجی پێده‌ڵێن. گه‌راجی خۆڵه‌پۆته‌ی گۆرینیش به‌ئه‌رک ڕه‌نجێکی زۆر ئه‌مجا پیکابێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی عومه‌ره سوور پێچی تێدا ده‌کاته‌وه. هه‌رده‌ڵێی به‌زه‌بری ته‌شوێ له چیایه‌که تاشراوه. پشتی کێوه‌که‌یه و پێشی که‌نده‌ڵان. ئیدی له‌وێ بترازێت، هیچ ترومبیلێک ناتوانی بستێک بهرهودێ بچێته پێش.
ئه‌م نیوه‌ڕۆیه عومه‌ر نه ڕووی پکابهکهی کرده‌وه شار‌و نه چاوه‌ڕوانیی داگرتنی که‌ل و په‌له‌کانیشی کرد. برێکی ڕاکێشا‌و به‌هه‌ڵه‌داوان ڕووی له‌باره‌گای تیپ کرد.. دوای قه‌ده‌رێک، ته‌قه‌یه‌کی بڕنه‌و، سه‌ری به‌چی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵاژاوی ناو باخ و سه‌رقاڵی دامه‌ی سه‌ر بهردهنوێژهکان و میوانی ماڵه ئاشنا و ڕۆشنایه هه‌ڵێناو ڕووه‌و باره‌گا ڕێچکه‌یان به‌ست.
*
تاسه‌یه‌کی قایمی ڕێ، هه‌ڤاڵی کێش کرده‌وه دۆخی ئێستای. پیکابهکهیش بۆ نێو چه‌مه‌که‌ی (پردێ) شۆڕبۆوه. کزه‌بایه‌کی فێنک، به گوژم سه‌ری کێشایه ناو قه‌مه‌ره‌ی پیکابه‌که. ده‌ستی سڵاو، بۆ تاقه دووکانه‌که‌ی سه‌ر چه‌م به‌رزبۆوه. پیکاب شڵپ و هووڕ، به‌هه‌ردوو لادا، مینا سۆنه‌ی ناو گۆم و باڵه‌کانی به‌یه‌کدا بدات، ئاوی ههواخست و به‌گورجی هه‌ڵکشا.. چاوی دانیشتوانی دووکانه‌که‌یش بهدویانهوه بوون.. دواتر به گه‌رده‌لوولێک تۆزهووه گه‌یشته به‌رده‌م ماڵه‌کانی (کونجرین). وه‌ختێک هه‌ندێک خه‌ڵکی دێی تهژنهی هه‌واڵ گه‌یشتنه بان گوێسوانه‌ی ماڵه‌کان و هه‌ندێکی دیکه له‌وه‌دابوو له سیله‌ی کۆڵانه‌کانه‌وه سه‌ر بکێشن، پیکابه سه‌وز له ئاوایی ته‌قیبۆوه.
(کونجرین)ی له‌ناو چڕه چه‌مدا پاووپووز هه‌ڵکردوو، ڕوو له خۆر‌و ماڵ له‌سه‌ر ماڵ؛ شانی داداوه‌ته بان سینگی چیا. (هه‌ڤاڵ) به‌لای عومه‌ردا خۆی لار کرده‌وه و پرسی:
((به‌ته‌واوی پێت نه‌وتم کوێ که‌وتووه؟))
((له سووره‌قه‌ڵات به‌ملاوه.. له‌سه‌ر ڕاسته جاده‌که هاتوچۆشیان قه‌ده‌غه کردووه!))
((گوێت له ده‌نگه؟))
((ده‌نگی چی؟))
(( دۆشکا!))
زڕه‌ی زه‌نگوڵه‌ی سهرقهتار ده‌هات. کاروانی شه‌کر و چایی سه‌ریان له‌دوو یه‌ک نابوو. هه‌وراز ڕووه‌و سنووری ئێران. پڕمه و خرمه‌ی سمی هێستر، جارێکی دی له دوور ده‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بوو. هێسترێک به‌باره‌وه، لهڤڕهڤڕو بیچمی ترومبیلهکه شاخی کرد‌و دایهڵاڕێ.
((ده‌زانی بۆ شپرزه‌م؟))
((نازانم ، پێشتر بهشپرزهیی نه‌مدیوی!))
((پێش نیوه‌ڕۆ مه‌فره‌زه‌که‌ی (شوان) به‌جه‌وله هاتوونه‌ته خوار. دیاره هه‌ر ئه‌وانن تووشی شه‌ڕ هاتوون. ئه‌وه دڵخوردی ئه‌وانم!))
((لێی مه‌ترسه، کرده‌یه!))
((له ڕق ئه‌ستوورییه‌که‌ی ترساوم.. له‌وانه‌یه.. به‌ته‌واویی نازانم.. دوای ئه‌وه‌ش به‌هه‌موویان (ده) پێشمه‌رگه‌ن.. تۆیش ناوی دۆشکات هێنا.. دیاره هی سه‌ر زرێپۆشه و ئه‌وه‌نده‌ی دیکه…))
ئاوڕێکی په‌له‌ی دایه‌وه. له جامه‌که‌وه (ئاڕ. بی. جی)یه‌که‌ی به‌شانی (حه‌مه‌حه‌سه‌ن)ه‌وه بینی. با لچکی جامانه‌که‌ی بۆ دواوه دهفڕاندو سینگ و به‌رۆکی ده‌کرده‌وه.
((کۆپته‌ریشیان له‌سه‌ره.. شوفێری جێبه‌که به ئیشاره‌ت تێیگه‌یاندم!))
((ئه‌دی بۆ باست نه‌کرد؟))
((له هاتندا کۆپته‌رم نه‌بینی!))
دیسان ئاوڕی دایه‌وه.. ڕه‌شاشه‌کانی به‌شانی هیواو نه‌ورۆزه‌وه بینی، دهبرسکانهوه. نه‌ورۆز ڕاست و چه‌پ، ڕسته فیشه‌کی له‌خۆی دابوو.. ڕووی کرده‌وه پێش خۆی. دیمه‌نی پێشمه‌رگه‌کان ئارامییه‌کی کاتیی به‌ده‌رونی به‌خشی.. وه‌ک فڕۆکه‌ی به‌دووکه‌ڵ، به‌شوێن خۆیدا تۆزێکی چڕی له‌و زه‌وییه وشکه هه‌ڵده‌ساند. تا قه‌ده‌رێک تۆزه‌که به به‌هه‌واوه ده‌مایه‌وه.. پاشتر ده‌نیشته سه‌ر گه‌ڵای دره‌خته‌کانی لاڕێ. پیکاب به‌هه‌ر کوێدا ڕه‌تده‌بوو، جووتیاره‌کان بۆ هه‌ناسه‌یه‌ک ده‌ستیان له‌کار به‌رده‌دا و قیت ده‌بوونه‌وه. چاوی پرس و سه‌رسوڕمانیان تێده‌بڕین.. کاروانییه‌کان ئیستێکیان له ئاستیاندا ده‌کرد و دواتر ڕێیان ده‌گرته‌وه‌به‌ر. وه‌ک باسکه قووچهکان بۆ گوژمی پیرهپیکاب دابووبن و دۆڵه‌کان هاتبنه‌وه یه‌ک، زوو گه‌یشتنه شوێنی مه‌به‌ست.
*
پیاده بوون. پووش و په‌ڵاش و چیلکه و چه‌وێڵ، قرچه قرچ، له ژێر پێیاندا ورد ده‌بوون. هه‌ڤاڵ، نا ئارام تاوێک به گورگه‌لۆقه و تاوێک به‌ڕاکردن ڕێی ده‌بڕی و ئه‌وانی دیکه‌ش به‌دوایه‌وه بوون. هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ڕووی له ڕێبوار کرد:
((به‌مه‌زنده‌ی تۆ شه‌ڕه‌که کوێوه که‌وتووه؟))
((ئه‌گه‌ر سه‌ر ئه‌م گرده بکه‌وین هه‌موو شتێک ڕوون ده‌بێته‌وه.))
((دۆشکایه!))
کامه‌ران به‌ده‌نگه گڕه‌که‌ی ئه‌مه‌ی وت و هه‌موو هه‌ناسیه‌ک هه‌ڵوه‌ستان و گوێیان ڕاگرت. هه‌ڤاڵ جووڵا، ئه‌وانیش لووتیان بهگردهکهوه نا..
((پێده‌چێت ناقیله بێ!))
ڕێبوار، به‌ده‌م ڕاکردنه‌وه ئه‌مه‌ی وت. کامه‌رانیش به‌ده‌م پێکه‌نینه‌وه بۆی سه‌نده‌وه:
((نیوکیلۆ پارچه تۆپ و گولله‌ی به‌عس له له‌شیدایه، که‌چی ئاوهاش ڕاده‌کات!.. ده‌بێ سوپاسی خاڵه سه‌دام بکه‌ین، ئه‌گینا هه‌ر به‌ڕاکردن هه‌موومانی دهپڕووکاند!))
هه‌ڤاڵ ڕاوه‌ستا. له‌بن شهخهڵێکهوه سه‌رنجی ده‌وروبه‌ری دا. له دوورڕا ڕهبیهیهک، وه‌ک بالوکهو له ده‌ست و په‌نجه‌ی تازه‌بووکێک هاتبێ، دیمه‌نی باسکه‌که‌ی ناشیرین کردووه. کامه‌ران و ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه، له‌بان گردو ناو دۆڵ و چڕه‌کاندا جێی خۆیان کرده‌وه.. هه‌ڤاڵ دووربینه‌که‌ی داگرت و به‌ڕێبواری وت:
((سه‌یره، کۆپته‌ره‌کان نزم ده‌فڕن. خۆ (شوان) چه‌کی ته‌واوی پێیه!))
((له‌وانه‌یه ڕهشاشهکهیان وه‌ستابێ.. یان دووربا..!))
له‌م ده‌مه‌دا کامه‌ران گه‌یشته لایان.. له‌گه‌ڵ وه‌ستاندا هه‌ناسیه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا. بهناولهپی ئاره‌قه‌ی نێوچاوانی سڕی و سه‌رسامییه‌که‌ی ڕه‌وانده‌وه، کاتێک وتی:
((ئه‌م هه‌موو ڕێگهیهشمان بڕێ. خۆ ئه‌وه شیوعییه‌کانن!!.. فه‌رمانده‌که‌یان (هاوڕێ) ی ناوه!))
((شیوعییه‌کان؟))
((به‌ڵێ شیوعییه‌کان.. بێ سڵ کردنه‌وه چوومه ناویان.. که‌چی شیوعی ده‌رچوون.. دیاربوو دوو زامداریشیان هه‌یه!))
هه‌ڤاڵ ته‌زوویه‌کی پێدا هات و زنجیره‌یه‌ک بیره‌وه‌ریی تاڵ به‌ری ڕوانینیان لێگرت. جه‌سته‌ی بووه نیشانه‌ی سهرسڕمانێکی گه‌وره.. دوای که‌مێک بێده‌نگیی پرسی:
((ئه‌دی چاره؟))
به‌یه‌کدا هاتن و که‌وتنه سه‌رنجدانی یه‌ک، وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌رێکی ئه‌م ڕه‌وشه چاوه‌ڕوان نه‌کراوه بگه‌ڕێن، که پێشتر هه‌ر بیریشیان لێ نه‌کردبۆوه.
((با ئێمه‌ش لێیاندهین فرسه‌ته!))
کامه‌ران، به‌ده‌نگه گڕه‌که‌ی و به‌تووڕه‌ییه‌وه ئه‌مه‌ی گوت و تفه‌نگه‌که‌ی له شانی داگرت. وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی بۆ شاڵاوبردن سازبدات.
((له پشته‌وه ده‌ست وه‌شاندن، کرده‌وه‌یه‌کی نا شۆڕشگێڕانه‌یه!))
حه‌مه‌حه‌سه‌ن بوو.. له‌گه‌ڵ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڕ بی جییهکهیدا، به‌ڕاشکاوی ئه‌م ڕایه‌ی ده‌ربڕێ.
((ئه‌ی خۆ به‌خێرێ له‌سه‌ریشیان ناکه‌ینه‌وه!.. دوای ئه‌و زامه قووڵانه‌ی کردیانه سینگی پێشمه‌رگه‌کانمان. کاروانه شه‌هیده‌که‌ی ئه‌م به‌هارو هاوینه‌ت بیرچۆهوه کاک حه‌مه‌حه‌سه‌ن؟))
((ئه‌گه‌ر حسابی عهشایهریشی بۆ بکه‌ین ئێمه‌ش که‌ممان به‌وان نه‌کردووه!))
((زام هه‌رچه‌نده قووڵیش بێ، بۆی هه‌یه شاڕێژ ببێت!))
هه‌ڤاڵ بوو به‌هێمنی ئه‌م ڕایه‌ی درکاند.. پێشمه‌رگه‌یه‌کی که‌مدوو، هه‌فته‌یه‌ک بوو له شاره‌وه په‌یوه‌ندیی کردبوو. ڕووی له هه‌ڤاڵ کرد‌و وتی:
((ئه‌ی چۆنه دوای چه‌ککردنی شیوعییه‌کان بکه‌وێنه گیانی هێزه‌که‌ی ده‌وڵه‌ت؟))
((ئه‌م کاره ته‌واو له خزمه‌تی ده‌وڵه‌تدایه.. دوای ئه‌وه‌یش، ئه‌وان چۆن ده‌هێڵن ئه‌م کاره سه‌ربگرێ؟.. خۆ ده‌وڵه‌ت جیاوازیی له نێوان ئێمه‌و شیوعییه‌کاندا ناکات؟))
ڕێبوار بوو، ئه‌م وه‌ڵامه‌ی دایه‌وه. هه‌ڤاڵیش به‌م جۆره قسه‌کانی بۆ ڕێبوار ته‌واوکرد:
((ئه‌وه ده‌کاته دوو جه‌نگ له‌یه‌ک کاتدا..! ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌ن. قوربانییه‌کی بێشوماریان داوه، له‌به‌ره‌ی گه‌ڵدان. کێشه‌ی ناوخۆش، باوه‌ڕ ناکه‌م به‌چه‌ک چاره‌سه‌ر بکرێت!))
کۆپته‌ره‌کان نزمتر ده‌فڕین.. وه‌ک کۆلاره و بۆ جووجه‌ڵه دابێته‌وه له‌ودابوو لووت به‌زه‌وییه‌وه بنێن. ده‌نگه‌کان له گرده‌که‌وه نزیک ده‌بوونه‌وه. ده‌سته پێشمه‌رگه‌که‌ی (هاوڕێ)، له پاشه‌کشه‌دا بوون. ده‌یانویست خۆیان ڕزگاربکه‌ن. کامه‌ران هه‌ڵیدایێ:
((با لێیانگه‌ڕێین یه‌کدی شڕووڕ بکه‌ن!))
هیوا، که‌تا ئه‌و ده‌مه بێده‌نگ بوو وتی:
((ئه‌وه نییه ئه‌مان له‌پاشه‌کشه‌دان، ئیدی به‌چی یه‌کتری شڕبکهن؟ خۆ ئه‌وه‌ی وا ڕووده‌دات یاریی تۆپانێ نییه، تاکو ئێمه‌ش بینه‌ر بین؟.. ئێمه هێزێکی بێلایه‌ن نین.. بۆیه پێویسته هه‌ڵوێستی ڕاست هه‌ڵبژێرین!))
((هه‌ڵوێستی ڕاست به‌لای تۆوه چۆنه؟))
هه‌ڤاڵ ئه‌م پرسیاره‌ی له هیوا کرد.. هیواش به‌دڵگه‌رمییه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه:
((هه‌ڵوێستی ڕاست ئه‌وه‌یه، له‌سه‌ر شیوعییه‌کان بکه‌ینه‌وه و به‌هه‌ردوو لامان هێزه‌که‌ی دوژمن بخه‌ینه ناوه‌وه. من حه‌زده‌که‌م ڕووی ئه‌م ڕه‌شاشه بکه‌مه کۆپته‌ره‌کان!))
((منیش قسه‌ی هیوا په‌سند ده‌که‌م. له‌م ته‌نگانه‌یه‌دا و له پشته‌وه خه‌نجه‌ر وه‌شاندن، کارێکی کوردانه نییه!))
حه‌مه‌حه‌سه‌ن، بێ پێچ و په‌نا ئه‌م ڕایه‌ی ده‌ربڕێ.. هه‌ڤاڵیش ڕووی تێکردو وتی:
((ئێمه هه‌رگیز له‌سه‌ر ئه‌و ڕایهنین شه‌ڕی ناوخۆ به‌رپابکه‌ین!))
کۆپته‌رێک بێ سڵه‌مینه‌وه ڕووی تێکردن. فڕۆکه‌وانه‌که‌ی ده‌بینرا. ده‌ستڕێژێکی به‌ناو شهخهڵهکانی سهرگردهکهدا کرد‌و کۆتایی بهگفتوگۆکهیان هێنا.. هیوا لووله‌ی ڕه‌شاشه‌که‌ی تێکرد. پشکۆ به‌شوێن یه‌کدا ڕوویان له ئاسمان کرد. کۆپته‌ره‌که له‌نگه‌ری گرت و له‌جێی خۆیه‌وه به‌قووڵایی ئاسماندا چوو. دوای چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک هینده‌ی په‌پوویه‌کی مایه‌وه. پۆلێک چۆله‌که‌ی کێویش له‌و ئاسته‌دا لێک‌دابڕان.. هه‌ڤاڵ به‌ده‌سته ڕاست و هیوا به‌ده‌سته چه‌پدا جیابوونه‌وه. هه‌ریه‌که و پۆلێک پێشمه‌رگه‌یان شوێن که‌وت. کۆپته‌رێک له دوورڕا ڕۆکێتێکی سره‌وانده بناری گرده‌که. هاوکات گهردلوولێک دووکه‌ڵ و تۆز به‌ئاسماندا چوو. پاوانهکهش ئاگری تێچوو.. کامه‌ران به‌سه‌رسامییه‌وه وتێ:
((کوڕه خۆ ئه‌وه به‌ڕاستی شه‌ڕه!))
ئه‌میش شوێن هه‌ڤاڵ که‌وت. کۆمه‌ڵه ده‌وه‌نێک بۆیان ده‌بوونه سوپه‌ر، پێشوازییان لێ ده‌کردن، کۆمه‌ڵێکی دیکه ماڵئاوایی.. دۆڵه‌کان له باوه‌شیان ده‌گرتن و گرده‌کان ده‌یانخستنه بان ته‌وقی سه‌ریان. ئه‌وان له په‌ستا به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چوون.. تفه‌نگه‌کان ده‌چوونه پاڵ یه‌ک.. پێشمه‌رگه شانیان به‌شانی یه‌که‌و ده‌دا. له‌گه‌ڵ گرمه‌یه‌کی گوێ کاسکه‌ردا، لووله‌ی نارنجیی گڕێک به‌ئاسماندا چوو. هه‌ڤاڵ هه‌ڵسایه‌وه وتی:
((ده‌ستخۆش حه‌مه حه‌سه‌ن!))
پێشمه‌رگه‌کان ڕاستبوونه‌وه و به‌ده‌م ڕاکردنه‌وه، ڕوویان له زرێپۆشی دووه‌م کرد. به‌ڵام ئه‌و فریای خۆی که‌وت و وه‌ک که‌ڵه‌شێری به‌زیو شه‌ڕگه‌ی چۆڵکرد!
*
(هه‌ڤاڵ)، تفه‌نگه‌که‌ی کرده‌وه شانی.. (هاوڕێ)، تفه‌نگه‌که‌ی کرده‌وه شانی.. هه‌ڤاڵ، به دوودڵییه‌وه به‌ره‌و ڕاسته جاده‌که هات و پێشمه‌رگه‌کان به‌دوایه‌وه.. هاوڕێ، به‌ره‌و ڕاسته جاده‌که هات و پێشمه‌رگه‌کان به‌دوایه‌وه.. هه‌ڤاڵ، له‌وبه‌ری جاده‌که‌وه ئیستێکی کرد.. هاوڕێ، له‌مبه‌ری جاده‌که‌وه ئیستێکی کرد.. له‌پڕ به‌ره‌ڕووی یه‌ک چوون. ئه‌ملا و ئه‌ولای یه‌کیان ماچکرد. له‌وده‌مه‌دا، که باوه‌شیان بهیهکداکردبوو، تفه‌نگه‌کانیشیان، له‌سه‌ر شانیانه‌وه چووبوونه پاڵ یه‌ک. هه‌ردوو ده‌سته پێشمه‌رگه‌که، وه‌ک دوو جۆگه‌له‌ی تێکه‌ڵبوو، نه‌ده‌ناسرانه‌وه، کامه‌یان سه‌ر به‌کام لایه.. ئه‌وان ڕوبارێکیان پێکهێنا و ڕوویان له قووڵایی شارباژێڕ کرد.. هه‌ڤاڵ وتی:
((زامداره‌کان بخه‌نه پیکابه‌که‌وه. ئه‌م ئێواره‌یه، هه‌موو له‌سه‌ر خوانی تیپی سی و حه‌وتی شارباژێڕ شێودکهین!))
له‌و ده‌مه‌دا ته‌قه‌یه‌ک ئاوڕی به‌ڕیزی درێژی پێشمه‌گه دایه‌وه.. هه‌ڤاڵ به‌په‌رۆشه‌وه ڕووی کرده هاوڕێ و وتی:
((ئه‌وه شوان و مهفرهزهکهیهتی.. سه‌ره‌تا به‌ده‌نگ ئه‌وانه‌وه هاتین!))
ئه‌وانیش گه‌یشتنه به‌ره‌وه.. ئه‌وانیش که‌وتنه دووی ڕیزی درێژی پێشمه‌رگه.. ڕیزه‌که درێژتر بوو. به‌شوێن یه‌کدا سه‌ره‌وژوور بوونه‌وه.. هه‌ڤاڵ به هاوڕێی وت:
((ئاوڕ بده‌ره‌وه و سه‌رنجی ئه‌م ڕیزه بده.. سوپای ڕزگارییه!))
((هه‌ر به‌ڕاستی سوپای ڕزگارییه!))
سلێمانی
1983
سه‌رنج: له ژماره(4)ی گۆڤاری (گزنگ)دا، که، گۆڤاری یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد، لقی که‌رکوک بوو، له چیا ده‌رده‌چوو، به‌ناوی خوازراوی (پشتیوان)ه‌وه، بڵاوبۆته‌وه.
تێبینی: گه‌رچی چیرۆکه‌که ده‌ستکاری خه‌یاڵه، وه‌لێ ئه‌و گوند‌و شوێنانه‌ی له‌م چیرۆکه‌دا ناویان هاتووه، که‌وتوونه‌ته ناوچه‌ی شارباژێڕهوهو له واقیعدا هه‌ن. (تیپی سیوحهوتی شارباژێڕ)یش باره‌گاکه‌ی له گوندی (کوڕه‌داوێ) بوو.
به‌هیوام خوێنه‌ری ئازیز وه‌ها تێنه‌گات، گوایه ئێسته‌کانێ ناتوانم چیرۆکی نوێ بنووسم بۆیه دووباره ئه‌م چیرۆکانه بڵاوده‌که‌مه‌وه. نه‌خێر..
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه له‌م سه‌رده‌مدا به‌نده له‌هه‌موو تافێکی ته‌مه‌نم چالاکترم. وه‌لێ به‌لایه‌ک ژماره‌یه‌ک ئه‌ده‌بدۆستی ئازیز داوای له‌نوێ بڵاوکردنهوهیانم لێده‌که‌ن و وه‌کوتر زۆرێکیش له‌خوێنه‌رانی ئێستا به‌م ته‌رحه چیرۆکه نائاشنان. خودی ئه‌م چیرۆکه‌ش مێژووه‌که‌ی بۆ (25)ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه که زۆرینه‌ی خوێنه‌رانی ئیستا هێشتا نه‌هاتبوونه دنیاوه. لێره‌شه‌وه به‌دیارده‌که‌وێت، داخۆ له‌و ڕۆژگاره ڕه‌شه‌ی حوکمڕانیی (به‌عس)دا تا ج ئه‌ندازه‌یه‌ک ئه‌دیبان توانیویانه ده‌م له‌کێشه ههڵایساوهکانی سه‌رده‌می خۆیانه‌وه بده‌ن؟