Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
زانستە رامیارییەکان و چاوەڕەشەکان

زانستە رامیارییەکان و چاوەڕەشەکان

Closed

 

 

لەم چەند رۆژەی دوایی چاوم بە بەڵگەنامەیەکی دیراسی کەوت کە لە یەکێک لە زانکۆکانی کوردستان دەرچووبوو، ئاماژە بۆ دیسیپلینی “زانستەکانی سیاسەت”ی دەکرد کە بە “زانستە رامیارییەکان” نێوزەدکرابوو. هەندێ هەن رەخنە ئاراستەی ئەوە دەکەن کە “رامیاری” لە دوو وشە پێکهاتووە و یەکەمیان وشەی “رام”ە کە بە واتای  دەستەمۆکرد و کەویکردنی ئاژەڵ و تەیروتواڵ دێت و لە شیعری غەزەلییاتی کلاسیکی کوردیش بەکارهاتووە و وشەی دووەمیش لە “یاری” پێکهاتووە. ئەوانەی دژی ئەم دەستەواژەیە دەوەستن ئەنجەتیان ئەوەیە و دەڵێن نابێت وشەی “رام” بەرامبەر بە “سیاسەت” دابنرێت و پاساویش بۆ ئەمە : چونکە سوژەی سیاسەت ئینسانە و سوژەی رامیش ئاژەڵە، بۆیە ناکرێت ئەم دوو تێرمە وەکو یەک سەیر بکرێن. بەڵام لە زانستی زماندا پرۆسەیەک هەیە پێی دەوترێی “خزینی واتایی” کە لە زۆربەی زمانەکاندا ئەم پرۆسەیە روودەدات. مەبەست لەوەیە کە وشەیەک لە بوارێکەوە دەخزێتە بوارێکی دیکەوە و مانای یەکەمی لە دەست دەدات و مانایەکی دیکە وەردەگرێت. بۆ نموونەی لە زمانی عەرەبی وشەی “مثقف” لە “ثقف”ەوە دێت کە بە مانای تیژکردن هاتووە و پاشان ئاماژە بۆ یەکێکی رۆشنبیر دەکات، لە مانا پەنهانەکانی رۆشنبیریش ئاماژەیەک بۆ تیژیی دەخوێندرێتەوە ؛ بە تیژیی وردبوونەوە رەنگە یەکێک بێت لەو ئاماژانە. بەواتایەکی دی، لێرە خزینێکی نیسبی هاتۆتەوە ئاراوە.

بەڵام لە زمانی کوردیدا، خزینی واتایی زۆر بەدی دەکرێت، رەنگە خوێنەری هاوچەرخ بە زەحمەت وشەی “پاشکۆ” بۆ ئەو هەگبەیە بگەڕێنێتەوە کە جاران لە پشتی وڵاغەوە دادەنرا و رێی تێناچێت لە لای باوبوباپیرانمان”پاشکۆ” ئاماژەی بۆ ئەو “ملحق”ە  کردبێت کە ئیمرۆ لە بواری رۆژنامەگەریی و چاپەمەنی بەکاردێت. لێرە پرۆسەیی خزینی واتایی کۆملپێتە. دەکرێت بە شێنەیی چاوپۆشی لە وشەی “رامیاری” بکرێت و بڵێن وشەی ناوبرا تووشی ئەو خزینە هاتووە و ئیمڕۆ زۆر ئاساییە کە وشەی ناوبراو ئاماژە بۆ پۆلیتیکا بکات کە لە نێو خودی ئەم وشەیەش کە بە رەچەڵەک یۆنانییە، وشەی “پۆل” یا “پۆلیس”مان هەیە کە ئاماژە بۆ شار دەکات، لە رەچەڵەکەدا رێکخستن و ئیدارەکردنی شار دەگرێتەوە. هەر وشەی “ئیسلامبۆل” یا “ئیسلامپۆل” یا “ئیسلامپۆلیس” کە دواتر بووەتە “ئەستەمبۆڵ”، ئەویش دیسان پاشگری  ئەو “پۆل”ی پێوەلکاوە و کەم کەس دەزانێت رەچەڵەکی ئەم وشەیە چۆن پێکهاتووە. سەرەتا وەکو وەڵامدانەوەیەک خۆی ناساندووە و هاتووە لە سەر وشەی “کۆنستەنتینۆپل” جێی خۆی کردۆتەوە ؛ چونکە پێش داگیرکردنی ئەم شارە لە لایەن تورکانەوە، ئەو ناوەی هەبووە کە بە واتای ” شاری کوستەنتین” هاتووە و عەرەبانیش بە سووک و ئاسانیی دەیکەنە  “قصطنتینیە”.

سەرەڕای ئەوەی وشەی رامیاری قبوڵبکرێت، بەڵام زەحمەتە “زانستە رامیارییەکان”مان بەم سیغەی کۆ قبوڵ بێت ؛ چونکە ئەوەی ئەم وشەیەی داڕشتووە بە بێ گوێدانە رێزمان، هاتووە لە سەر بناغەی “چاوی رەش” = “چاوە رەشەکان” ئەم سیغەیەی لە فۆرمی کۆدا ئەنجام داوە. مافی خۆیەتی خوێنەر داوامان لێبکات و بڵێت : بۆچی “چاوە رەشەکان”مان وقبوڵە و “زانستە رامیارییەکانمان” قبوڵ نەبێت؟ یا “قژ کاڵەکانمان” قبوڵ بێت و “سەرچاوە ئاوییەکانمان” قبوڵ نەبێت؟

شۆمیسکی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم تیۆرییەک دەهێنێتە کایەوە کە رستە لە دوو ئاست دەخوێنێتەوە، ئاستی رووکەش و ئاستی قووڵ. کاتێک ئێمە لە ” زانستە رامیارییەکان” ورد دەبینەوە، یەکسەر لەوە تێدەگەین کە زانستەکان رامیاری نین، بەڵکو زانستن لەمەڕ رامیارییەوە دەدوێن یا لێکۆڵینەوەن لە بارەی سیاسەتەوە  خۆیان پێشنیار دەکەن. بە واتایەکی دی، بنەمانی  قووڵی ئەم دەستەواژەیە ” زانست لە بارەی رامیارییەوە یا سیاسەتەوە دەکۆڵێتەوە” و ئاستی رووکەشیش ” زانستی سیاسی”یە، بەڵام کاتێک بۆ کۆ بەکار دێت دەبێت بوترێت ” زانستن کە لە بواری سیاسەتەوە لێکۆڵینەوە دەکەن” یا ” زانستن لە پێناو لێکۆڵینەوەی سیاسی” دەبینین لە هەردوو حالەتەکەدا “زانست” کۆ دەکرێتەوە نەک سیاسی یا رامیاری، بۆیەوە دەبێت بوترێت “زانستەکانی سیاسی” یا ” زانستەکانی رامیاری” نەک زانستە رامیارییەکان.

بەڵام کاتێک سیاسی وەکو ئاوەڵناو بەکاردێت، بۆ نموونە کاتێک دەوتڕێت “حەمە سیاسی”، لێرە سیاسی وەکو ئاوەڵناوە سیفەتی یەکێک ئاشکرا دەکات کە ناوی حەمەیە. کاتێکیش کۆمەڵە ئینسانێک هەڵگری هەمان ناو و هەمان ئاوەڵناو بن، ئەوە ئەو کات دەشێت بوترێت ” حەمە سیاسییەکان” و مەبەستەکەش روونە، بۆیە لێرە ناشێت بوترێت ” حەمەکانی سیاسەت” وەکو ئەوەی دەترێت ” زانستەکانی سیاسەت”.

ئەی بۆچی دەگونجێت بوترێت ” چاوە رەشەکان” نەک “چاوەکانی رەش”؟ یەکەم : زانست و رامیاری ناون. ئەو “ی” کە دەکەوێتە نێوانیان “ی” نیسبەتە، وەکو بوترێت “رێگای کەرکووک” کە رێگای ناوبراو نیسبەتە بۆ شاری کەرکووک، بۆیە ناکرێ بوترێت “رێگا کەرکووکییەکان” چونکە ئەگەر بەمشێوەیە کۆمانکردەوە ئەوە ئەو کات وەسفی رێگاکان دەکەین و دەشێ ئەوەمان پێ بڵێ کە ئەم رێگایانە پاکن، یا پانوپۆڕن، یا پیسوپۆخڵن هتد، بەڵام کاتێک دەوترێت “رێگاکانی کەرکووک” مەبەست لەو هەموو رێگایەیە کە لە شاری کەرکووکدا هەبێت، یا ئەو رێگایانەی کە دەچنەوە شاری کەرکووک. هەروەها کاتێکیش دەوترێت چاوە رەشەکان”. رەشەکانی سیفەتی چاون، واتە ئاوەڵناون : ئەو “ی” کە لەم دوو رستەیەدا هەن : “زانستی سیاسی” و چاوی رەش” داهەن، جیاوزان. یەکەمیان “ی” نیسبەتە و دووەمیشیان “ی” ئاوەڵناوە.

هەروەها بە گوێرەی تیۆرییەکەی چۆمیسکی ” چاوە رەشەکان” واتە ئەو چاوانەی کە رەشن”، ئەمە لە حالەتێکدا ناتوانین بڵێن “ئەو زانستانەی کە رامیارین” دەبینین دوو ئاستی جیاواز لە بنەمای قووڵی ئەم دوو رستەیە دێتە دی، بۆیە ناکرێت کۆکردنەوەیان وەکو یەک بۆ ئەنجام بدرێت.  بۆیە ” دڵی پیس” دەبێتە ” دڵە پیسەکان” و “چاوی شین” دەبێتە ” چاوە شینەکان” هتد. ئەگەر بوترێت “چاوەکانی شین”، یا “دڵەکانی پیس”، دەچینە بواری وێنەی شیعرییەوە، ئەمەش بە پرۆسەی “لادان” دەناسرێتەوە، چونکە شیعر بوارمان دەداتێ کە “شین” بکەسێندرێت و خاوەن دوو چاو بێت، بەڵام مەرج نییە ئەو دوو چاوەش شین بن! یا “دڵەکان” پیس بن!

 

ئەحمەدی مەلا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.