Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
زانینى نەگۆڕ و جەهلى نەگۆڕ یەک شتن

زانینى نەگۆڕ و جەهلى نەگۆڕ یەک شتن

Closed

 

 

 

نیفەرى

(بە بڕواى من) ئیشکالى دەقى یەکەم و دەقى دووەم، دەقى نووسەر و دووبارە بەرهەمهێنانەوەى لەلایەن خوێنەرەوە، راستى و جیاوازییەکانى راڤەکردن.. کۆمەڵێ ئیشکالى میتۆدین، بەڵام (داهێنان و خوێندنەوەى داهێنەرانە) هیچ کاتێک لە سنورى دیاریکراوى (میتۆد و ناسنامە و پێناسە)دا کورت ناکرێتەوە، هیچ کاتێک لە فەزا و زەمەنێکى دیاریکراودا قەتیس نابێ!! بە کورتى چەمکى داهێنان بە چەمکى ئازادییەوە بەندە. 

بە دیوەکەى دیکە دەشێ ئیشکالى زمانى یەکەم و زمانى دووەم .. وەک داهێنان، خۆى لە ئیشکالى تێگەیشتن و جیهانبینى جیاوازدا بنوێنێ، بەڵام بەو مانایەى کە ئازادییەکانى خوێندنەوە و بڕوابوون بە توانا لەبننەهاتووەکانى مرۆڤ، فەزاکانى بنەخشێنێ، بێ ئەوەى (بڕوابوون) وەک دوا (تێگەیشتن) دەربکەوێت، چونکە وەک گوتمان بڕوابوون هەمیشە فەرامۆشکردنى دیوە نەزانراوەکەى زانینە!

لێرەوە دەمەوێ قسەکانم هەر تەنها بەر خوێنەرى کەم توانا و بە توانا، واقیعى و خەیاڵکراو.. نەکەوێ، بەڵکو پەنجەرەیەک بێ بەسەر تێگەیشتن و فیکر و جیهانبینى، بەو مانایەش ئەوە تەنها خوێنەرى بێ توانا نەبوو، وێنەى (دانەر/نووسەر)ى لە رێگاى پیرۆزى دەقەوە نیگا دەکرد؟! کە هەندێجار ئەو وێناکردنە تەواو پێچەوانەى واقیع دەهاتەوە، بەڵکو پەیوەندى و خوێندنەوەیەک بوو پەیوەست بە داخران و بێدەنگییەوە.. کاتێ (بەلزاک) دەیگوت زۆر لە خوێنەران پێیانوایە نووسەر هەستى خۆى لە رێگاى هەستى کاراکتەرەکانیەوە دەردەبڕێت، بە تایبەتى کاتێک راناوى قسەکەر بەکار دەهێنێ، یان کاتێ (ئەلبیر کامۆ) بە کەسێکى ماندوو لە رووى جەستەییەوە و لە رووى فیکرییەوە شێواو دێتە بەر چاو.. هەموو ئەوانە تەنها پەیوەندى بە خوێنەرى کەم تواناوە نییە، بەڵکو بە تێگەیشتن و شێوە بیرکردنەوەیەکەوە دەلکێ، کە بڕواى بە (سێنترالیرالیەت) و (پیرۆزى) و (داخران) هەیە؟ 

دەمەوێ بڵێم هەتا دوێنێ خوێندنەوە وەک کردەیەکى بێدەنگ و بەرکەوتنى بوون تەماشا دەکرا، بە شێوەیەکى زۆر کەم نەبێ، هیچ پڕشنگ و نووسراوێکى لە دواى خۆیدا بە جێ نەدەهێشت، خوێندنەوە کارى کەسە تەنیا و گۆشەگیرەکان بوو، کارى کەسانێکى فەرامۆشکراو و نەناسراو! بەڵام ئەمڕۆ لە نێوان دەنگ و بێدەنگى، لە نێوان نووسەر وەک سێنتەر و خوێنەر وەک پەراوێز.. فیکرى پۆست مۆدێرنە هەموو ئەو بێدەنگى و دوورەپەرێزییە و بەرکەوتنە ناوەکییەى هەڵوەشاندەوە و وەک عەدەم سەیرى دەکات! فیکرى پۆست مۆدێرنە هەموو ژیانى خستە بەر رۆناکى جۆراوجۆرەوە، هانى ئەویدیکەى بێدەنگیدا، بە ئاشکرا قسەى خۆى بکات. فیکرى پۆست مۆدێرنە زەبرێکى کوشندەى لە منگەمنگ و پەنادان و وسبەلێکراو و چەپێنراوەکان وەشاند، وەک (هایدگەر) دەڵێ: باوەڕى بە شتێک نییە کە نەبێتە ئامرازێکى بە سود بۆ ژیان.. هەر بەو ریتمە پرۆسەى خوێندنەوەى بە مانا کۆنەکەى و چەمکى خوێنەرى وەک گۆشەگیر، خستە بارى بەشدار بوونەوە!!

کەواتە ئەوەى ئەمڕۆ وەک قەیرانى خوێندنەوە و کەمى خوێنەر سەیر دەکرێ، جگە لە دەستکاریکردنى پەیوەندییەکان و تێگەیشتنەکان، پەردە هەڵدانەوەشە لەسەر بێدەنگى و وسبەلێکراو و چەپێنراوەکان.. وەک چۆن بە دیوەکەى دیکەش ئەو پرس و ئیقاعەى ئەمڕۆ خۆى لە چەمکى دەنگدانەوە و روناکیدا هەڵدەگرێتەوە، جگە لە فەراهەمکردنى فەزا و ناوکۆییەک بۆ کۆنتاککردن و گفتوگۆ و دانوستان.. دروستکردنى فەوزا و عەدەمیەت و پشێویشە، بەڵام ئەوەى دوایى لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دیکە دەگۆڕێ، لە ئاستێکى تێگەیشتن و کرانەوە بۆ ئاستێکى دیکە، جیاواز دەکەوێتەوە!

بەمجۆرە ئەمڕۆ، خوێنەر تەنها کەسێکى بێدەنگ و دابڕاو و گۆشەگیر نییە، خوێندنەوە تەنها منگەمنگ نییە، بەڵکو وەڵامدانەوە و کەشفکردن و راڤەکردنە… ئەمڕۆ خوێندنەوە لە چەمکى بەشداریکردن و خوێنەر وەک داهێنەرى دەقێکى دیکە دەردەکەوێ، ئەمڕۆ خوێنەر، نووسەرە، چێژەکانى خوێندنەوە بە تەنها بۆخۆى پەنا نادات، بەڵکو هەڵیدەداتە فەزا هاوبەش و ئازاد و جیاوازەکانەوە.. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.