Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
زمانی فەیلەسوفەکان لەیەکدیناچن

زمانی فەیلەسوفەکان لەیەکدیناچن

Closed
by March 6, 2012 فەلسەفە

 

ڕۆشنبیری فەلسەفی و بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا زمانی خۆی هەیە. هەر مۆدێلە فەلسەفیێکیش بە زمانی خۆی هاتۆتەگۆ. مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاواش لە کۆتایدا کۆکراوەی ئەو زمانە فەلسەفیە جیاجیایانەیە فەلسەفەیانکردووە. بەڵێ لە سەردەمی ئێستادا ، بە قەولی هیلەری پۆتنام  Hilary Putnam، فەیلەسوفەکان بایەخێ بێئەندازە بە زمان دەدەن(1) بەس ئەوی ئێمە لەم نووسینە دەیڵێین پێوەندی بەم لایەنەوە نییە هەروەها ئەوەش چۆن سێستەمە فەلسەفیەکان تەماشای زمانیان کردووە یان زمانی فەلسەفی بەچ جۆرێک پێناسەدەکەن ئەمەش دیسانەوە جێیسەرنجی ئەم نووسینەی ئێمە نییە بەڵکو ئاوڕدانەوەی ئێمە لەم نووسینە لە زمان ئاوڕدانەوەیە لەو زمانەی پێیدەڵێین زمانی فەلسەفی و مەبەستی بنچینەیشمان لە گفتووگۆکردنی ئەو زمانە فەلسەفییە جیاوازی وەگەڕخستنەکەی ئەو زمانە فەلسەفیەیە کە لەسەر دەستی فەیلەسوفەکان ڕسکاوە و ، لەمحاڵەتەشدا جەغتکردنەکەمان لە جیاوازی و نالێکچووی ئەو زمانە فەلسەفیەیە لای فەیلەسوفان نەشونمای کردووە. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی ئێمە وایدەبینین زمانی فەیلەسوفەکان وەک یەک نەشونمای نەکردوە و جیاوازیشن لەیەکتر. زمانی فەلسەفی ئەفڵاتوون لە زمانی فەلسەفی کانت ناچێت و ئەوی ئەویش لەوی ڤیتگنشتاین Wittgenstein ناچێت و ئەڵبەتە زمانی فەلسەفی ڤیتگنشتاینیش لە زمانی فەلسەفی پاسکال Pascal و میرلۆ-پۆنتی Merleau-Ponty و هیۆم Humeو یان مارکس و سپینوزا Spinoza و بەکۆن Bacon و …هتد ناچێت. زمانە فەلسەفیەکان شێوازی گوزارەیان وەک یەک نییە چونکە ڕوناکبیری فەلسەفی فەیلەسوفەکان لێکدیناچن. هەر فەیلەسوفە و زمانی فەلسەفی خۆی هەیە. لەو زمانەدا جۆرە لێکسیکۆنێ فەلسەفی پەنهانە کە بناغە بۆ داڕشتن بەجۆرێ جیا دادەنێت. ئەو لێکسیکۆنەی لە فەلسەفەی فەیلەسوفەکانا پەنهانە لە دروستکردنی ئەو شێوازەش لە گوزارە و گۆکردن بەرپرسیارە کە جۆراوجۆری لە ڕاڤەکردنەکانی فەیلەسوفانا خستۆتەوە. بەپێیئەوەش فەلسەفە تاکە دیسپلینێەکە خۆی خاوەنی خۆیەتی(2) ئەمە وادەکات زمانەکەی تایبەت بێت. هەر تایبەت بەم لایەنە دەشکرێ بووترێت، دیدە فەلسەفیەکان بەهۆی ئەو جیاوازیەی لە زمانە فەلسەفیەکاندا هەن خۆیان وەک یەک نیشاننادەن. دیدە فەلسەفیەکان کە بەری بیرکردنەوە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفانن بە زمانی فەلسەفی جیا گۆکراون. لەگەلێ سەریشەوە گفتووگۆکردنی هەنووکەیەتی هزری فەلسەفی فەیلەسوفانی ڕۆژئاواپێوەندی بەو شێوازە لە گۆکردنیشەوە هەبووە کە فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا تیایا سەرکەوتوو بوونە.
بۆ زێتر لەبەرچاوگرتنی ئەوی لایسەرەوە ووترا بەپێویستی دەزانین قوورسای بخەینە سەر ئەو سێرکردنەش کە پێیوایە سرووشتی پێوەندی نێوان ڕۆشنبیریەکان پێوەندیێ زۆری بە چۆنیەتی تێگەیشتن لە تێڕامانی فەلسەفی و بەرهەمە فەلسەفیەکانەوە هەیە. واتە ماهیەتی شارستانیە جیاجیاکان(چینی، هیندی، ژاپۆنی، ئەورووپای ، ئیسلامی و …) کاریگەریی خۆی هەیە بەسەر ئەو دادوەرییە فەلسەفیانەوەی فەلسەفە بەخۆیەوە دیوویەتی. بەس بۆ ئێمە و لێرە ئەو دادوەریە قسەکردنە لە زمانی فەلسەفی فەیلەسوفەکان. نکوڵیش لەوەناکەین ڤیتگنشتاین لەسەر هەق بووە کە دەڵێت فەلسەفە ناتوانێ زمانی فیعلی بەکاربردن قڵپکاتەوە(3) ، بەس نابێ چاوپۆشی لەوەبکەین ئەو سەرچاوە ئاینی یان میتافیزیکی و ئیتیکی و دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی زمانی فەلسەفی پێکدێنن زمانی فیعلی بەخۆیانەوە گرێدەدەنەوە.
ئەوی ئێمە لەم نووسینە هەر لەسەرەتاوە نیازمانە تێڕامانی لەبارەوە بکەین ئەوەیە، لە کۆنتێکستی فەلسەفی ڕۆژئاواییدا جیاوازی نێوان زمانە فەلسەفیەکان تەنیا پێوەندی بە ئەزموون و مەیلی شەخسی فەیلەسوفەکانەوە نییە بەڵکو پێوەندی بە جەمسەر و شەپۆلە فەلسەفیەکانیشەوە هەیە. فەیلەسوفانی پۆزەتڤیزم و ئەزموونگەری و پراگماتیزم یان بەگشتی فەیلەسوفانی شیکردنەوەی وەک فەیلەسوفانی کۆنتنێنتال، کە دەکات فەیلەسوفانی فەڕەنسی و ئەڵمانی (قووتابخانەی فرانکفۆرت ، بیریارانی پۆست مۆدێرن و ..هتد) ، زمانی فەلسەفییان وەک یەک ناخەنەگەڕ و تەماشاکردنیان بۆ کێشە فەلسەفیەکان هاوشێوە نییە. ئەو جیاوازییە لە خستنەگەڕی زمانی فەلسەفی دید و وێنابوونی فەلسەفی جیاجیاش دەخوڵقێنێ کە شایانی ئاوڕدانەوەیە. چونکە بینینە فەلسەفیەکان بەهۆی ئەو زمانەوە فۆڕمیتری لێدروستدەکرێ و ڕۆشنبیری فەلسەفی جیاش دەخاتەوە. ئاشکرایە، وێنابوونی زەینی بەهۆی زمانەوە بەرجەستەدەکرێ و کاریگەری بەسەر تێگەیشتنە فەلسەفیەکانەوە جێدێلێت ئەمەش وادەکات هەر فەیلەسوفە و زمانێ لە خستنەڕووی تێگەیشتنەکانی بەکاربەرێت. تەنانەت چەمگ و واتا فەلسەفیەکانیش لەمبارەوە پریشکی ئەم جیاوازیی لە زمانی فەلسەفییان بەرکەوتووە. بۆنموونە واتای ڕاستی لای سوفستایەکان لە یۆنانی کۆن دا بە زمانێ فەلسەفی گفتووگۆکراوە جیایە لەو شێوە گفتووگۆیەی فەلسەفەی پراگماتیزم یان ڕاسیۆنالیزم دەیکەن. چونکە بەهۆی ئەو زمانە فەلسەفییەوەی لای فەیلەسوفانی ئاڕاستە فەلسەفییە جیاکان ڕاستی گفتووگۆکراوە گەلێ واتا و دەربڕینی تریش هاتوونەتە پێشەوە کە ڕیشاڵی هزری جۆراوجۆریان لێوە هاتۆتەکایەوە. یان بۆنموونە دەبینین لە دیرۆکی کۆن و تازەی فەلسەفەی ڕۆژئاوا تێڕامانی فەلسەفی لە جیهان یان لە گەردوون ، لە دەوروبەر ، لەو شوێنەی مرۆڤ تیا ئامادەیە و تیایا دێت و دەچێت، بۆ تێڕامان و لێخوردبوونەوە فەلسەفیەکان هەمیشە مانای خۆی هەبووە و بگرە لەپێشی پێشەوەی باسە فەلسەفیەکانەوە بووە. بەڵام لەبەرئەوەی ڕێبازە فەلسەفیەکان هەمیشە جۆراوجۆربوونە ئەمەیوایکردووە فەیلەسوفان بەجۆرێ جیا تەماشای ئەو جیهانە بکەن مرۆڤ تیایا سەروەر بووە. وەلێ ئەو جۆراوجۆریە لە بینین و لێخوردبوونەوە لەڕێگای زمانە فەلسەفیە جیاجیاکانەوە گەێندراوە. یان لێرە بۆنموونە دوورناڕۆین گەر بێژین لەگەڵ هاتنی تازەگەری تێپەڕاندنی میتافیزیک دەستیپێکرد، ئەم تێپەڕاندنە لەناو فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا وەک یەک گۆناکرێت و ڕێبازە فەلسەفیەکانیش کارکردنی جیاجیایان لەسەرکردووە. ئەم لایەنەش دیسانەوە دەشێ لەمیانەی ئەو زمانە فەلسەفیە جیاجیایانەوە دەستنیشانکرێت فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا کاریان لەسەر کردووە.
لەوی لایسەرەوە ووتمان ئەوەشی لێمەبەست بوو کە نەرێتە فەلسەفیەکان لە کۆنتێکستی فەلسەفی ڕۆژئاوایدا زمانی فەلسەفی جیاجیان خستۆتەوە و بیرکردنەوەی فەلسەفی ناهاوشێوەشیان لێوەبەرهەمهێناوە. ئەمەش نەک تەنیا لەکاتی بەراووردی نەرێتە فەلسەفیەکانا هەستیپێدەکرێت بەڵکو لەناو هەمان نەرێتی فەلسەفیشدا بەدیدەکرێت.  بۆنموونە پۆستمۆدێرنە فەڕەنسیەکان زمانی فەلسەفیان لە زمانی فەلسەفی پۆستمۆدێرنە ئەمەریکیەکان یان ئەنگلۆ-ئەمەریکیەکان ناچێت و بگرە زمانی فەلسەفی بیرمەندانی کامبرج Cambridge و ئۆکسفۆرد  Oxford و بێرکلی Berkeleyو هارڤاردیش Harvardلەیەکەوە دوورن و توێژینەوە فەلسەفیەکان زمانی تێگەیشتن و ڕااڤەکردنی ناهاوشێوەیان خستۆتەوە. بۆنموونە دونیاێ جیاوازی لە زمانی فەلسەفی و شیکردنەوەیی نێوان تراسکی Traski و ڕۆرتیRorty  و دێویDewey  و داڤیدسۆن Davidson  و کواین Quineو ماکدوێل McDowell و ڕامسیRamsey و ..هتد دا هەیە. ئەمەش دیسانەوە ئەوەمان لا یەقین دەکات زمانی فەلسەفی فەیلەسوفەکان وەک یەک دیاردەکان شیناکەنەوە و ڕاڤەکردنەکانیان تاکشێوە نیین.
ڕوونە زمان پێویستیێ کۆمەڵایەتییە ، ئەم لایەنە نە داڤیدسۆن Davidson و نەش ڤیتگنشتاین Wittgenstein نکۆڵییان لێکردووە(4) ، بەس زمان کە دەبێت بە زمانێ فەلسەفی ستاتۆسی کۆمەڵایەتی تایبەتی دەبێت چونکە زمانی فەلسەفی لەگەڵ وێنابوونی فەلسەفی فەیلەسوفەکان گۆڕانیهاتۆتەسەر. وێنابوونەکان بیرکردنەوەی فەلسەفیان قووڵکردوە و ئاسۆی بیری فەلسەفیشیان بەرین و جۆراوجۆرکردووە. بۆیە ئەو گۆڕانانەی هاتوونەتەسەر وێنابوونەکان لای فەیلەسوفان زمانی فەلسەفیان هەژاندوە و  ئاسۆیان لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفی فەیلەسوفانا زیندوو و کاریگەرکردووە.
وێرای ئەوی ووترا، شێوازی فەلسەفی فەیلەسوف و زمانی فەلسەفیەکەی پێوەندی بتەویان بەیەکیشەوە هەیە. چونکە فەیلەسوفان بەهۆی ئەو زمانە فەلسەفیەی کاریلەسەردەکەن بەڵگە و سەڵمێنە فەلسەفیەکانی خۆیان پێشنیاردەکەن و داکۆکی لە بۆچوون و دیدی فەلسەفی خۆشیان دەکەن. ئەو دەربڕین و گوزارانەی فەیلەسوفان بۆ ڕاڤەکردنی دیاردە فەلسەفیەکان خۆیان بەکاریدەبەن لەسەر ئەو زمانە ڕادەوەستێ کە فەیلەسوفان بۆخۆیانیان پێکهێناوە. بۆیە گەر لە زمانی فەیلەسوفان تێڕامێین دەتوانین شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفیشیان دەستنیشانکەین. بۆنموونە دەبینین فەیلەسوفێ وەکو هیۆم یان بەکۆن لەڕێگای ئەو سێستەمە عەقڵیەی باوەڕیان پێبووە زمانیخۆیان خستۆتەگەڕ و گەشەیان بەو ڕێڕەوە عەقڵییە داوە کردویانە بە بناغە بۆ سێستەمە فەلسەفیەکانیان. مەبەست، تێڕامانە عەقڵیەکان کە کردەی فەلسەفی پێکدێنن و زمانی ناهاوشێوەیان هەیە لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە زمانی فەلسەفی جیا گۆکراوە و سێستەمی فەلسەفی جیای لێپێکهێنراوە. بۆنموونە ئەوی مۆڕMore  و ڕاسل Russell و کواین Quine گۆیانکردوە لەوی دێکارت یان هیۆم و بێرگسۆن Bergsonجیابووە.
ئەو لایەنەی لایسەرەوە قسەمانلێکرد هەر لەسەرەتای کردەی فەلسەفەکردنەوە بڕەوەی خۆی هەبووە. گەشەدانیش بەجۆرە ڕوناکبیریێکی فەلسەفی شیکردنەوەی لە یۆنانەوە کاریلەسەرکراوە بەس ئەو زمانە فەلسەفیەی ئەمەی گەیاندووە وەک یەک نەبووە هەربۆیشە خۆمان لەبەردەم دونیاێک لە بیرکردنەوەی فەلسەفی ناهاوشێوەدا دەبینینەوە. دوورناڕۆین سەرهەڵدنی فەلسەفە لە یۆنانی کۆندا سەرەتا گەشەکەی سنوورداربووە و ووتنەکان تایبەت بوونە بە گەردوونەوە دواتر ئەو ووتنانە لەگشت ئەو لایەنانەش کۆڵاوەتەوە بە گەردوون و بوونەوەر و بوونی ئەم بونەوەرەوە تایبەتبوونە.پاش یۆنانیەکانیش تێزە فەلسەفیەکان تایبەت بەو لایەنە لە سنووری خۆی نەماوەتەوە چونکە زمانی فەلسەفی تر هاتۆتەدونیاوە و ئێمەش وەک گەلێ لە توێژەرەوان لێرە وایبۆدەچین ڕابوونی ڕوناکبیری و زانستی لە ڕۆژئاوا کە لە پێوەندیدایە بە فەلسەفەوە زمانی گوزارەکردنی لە بوونی بوونەوەر گۆڕیوە. واتە ئەو فەلسەفەیەی یۆنانیەکان تایبەت بە شیکردنەوەی گەردوون و بوونی بوونەوەر بەردەست مرۆڤایەتییانخست بەچەندین زمانی فەلسەفی جیا دواتر ژێرگفتووگۆکردنخرا و کاریگەریشیان بەسەر شیکردنەوەکانەوە بێئەندازە بەجێهێشت.
لەبەرامبەر ئەوی لایسەرەوە ووتمان دەکرێ گەشەی زمانی فەلسەفی بە گەشەی تێزی بواری فەلسەفیشەوە گرێدرێتەوە. بۆنموونە زمانی فەلسەفی لە کاتی تالیس Thalesدا ، کە بەیەکەم فەیلەسوفی ڕۆژئاوای دەناسرێت ، سنوورداربووە چونکە ئەوی تالیس قسەیلەسەر کردووە پێوەندی بە سنوورداری زانینی یان دانییەوە هەبووە. بەواتاێتر زمانی فەلسەفە پێوەندی بە تەوەرەکانی فەیلەسوفانەوە هەبووە و سەرچڵی و سەرسووڕمانەکانی فەیلەسوفان لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا دا کاریگەری خۆی بەسەر زمانیانیشەوە جێهێشتووە. وەکیتریش، گەشەی تێزە فەلسەفیەکان لەپاش تالیسەوە تا کاتی سوکرات و دواتر لە سوکراتەوە تا ئەرستۆ کارێئەوتۆیکردووە زمانی فەلسەفی لە شوێنێ ئۆقرەنەکات و بە جۆرێک لە جۆرەکانی داناییەوە خۆی نەبەستێتەوە. قسەکردن لە گەردوون و ماهیەتی ئەم گەردوونە بۆ قسەکردن لە ڕەووشت، لە سیاسەت و لە جوانکاری گۆڕدراوە. لێرەوە دەگەینە ئەو بینینەی ئەوەی زمانە فەلسەفیەکان جیادەکاتەوە تێزە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفانە. ئەو فەیلەسوفەی پرسیاری ڕەوشتی یان سیاسی بەلاوە گرینگبووە زمانە فەلسەفیەکەی جەغتیلە لە کێشە ڕەووشتی و سیاسیەکان کردووە تا کێشەێ یان دیاردەێ تر.
لە سەردەمی نوێشدا زمانی فەلسەفی دەیەوێت قسەی خۆی لەسەر گەشەی تەکنەلۆژیا و زانینی ئالۆز هەبێت چونکە کۆمەڵگەی بەدیگیتالیزەکراو زمانێ تایبەت بەخۆی پێکهێناوە.بەس ئەم زمانە فەیلەسوف و بیرمەندان دەیهەژێنن. چونکە بەتەنیا قسەکردن لەسەر ئامار و ژمارە و بیردۆزەکان بێگرێدانەوەی بە هزری فەلسەفی و مانای مرۆڤ لەناو ئەو گەشە تەکنەلۆژییە بەهاکانی ئەو زانینە تەکنەلۆژیەی لەناو ژیانی نوێدا کاریگەرە بێمانا دەبێت. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی ڕابوونی ڕوناکبیری و زانستی لە ڕۆژئاوا هەمیشە لەتەک فەلسەفەدا لەپێوەندیدابووە. بێنکوڵی دەڵێیین، ئەو زمانە فەلسەفیەی هایدیگەر لە شیکردنەوەی مەترسی تەکنیک لەپاشخۆی بۆیبەجێهێشتووین یەکێکە لەو زمانانەی ناواخنی تەکنیکمان پێشاندەدات چەند مەترسیدارە. ئەوی هایدیگەر لەو بارەوە ووتویەتی یەکێکە لە زمانە فەلسەفیەکان تایبەت بە مەترسی تەکنیک و ، ئەڵبەتە گاڵتەکانی نیچەش بە زانستی نوێ و شارستانی ڕۆژئاوا جۆرێ تر لە زمانی فەلسەفی ، تایبەت بە نەک هەر هەڵوەشانەوەی تەکنیک و بەزمەکانی تازەگەری بەڵکو چارەنووسی مرۆڤیش لەناو تەشەنەسەندنەکانی کۆمەڵگەی تەکنیکی نوێ هێنایەپێکهاتن.
لایەنێ تر کە پێویستە لێرە یادخرێتەوە ئەوەیە، گەر فەلسەفە تائێستاش بە زمانی ئەرستۆ پێناسەدەکرێت (فەلسەفە بریتیە لە خۆشەویستی _ یان هاوڕێیەتی_ بۆ دانای) ئەمە هیچ لە شکۆداری زمانی فەلسەفی کەمناتەوە. چونکە ئەو پێناسە یۆنانیە بۆ فەلسەفە ئەمڕۆ بۆ فەلسەفە بووە بە ناسنامە و زمانێکیشی لەتەکخۆیدا بۆناو فەلسەفە پەلەکێشکردووە پڕە لە بیرکردنەوە و بەدواچوونی فەلسەفی. وێرایئەوە، دروستبوونی فەلسەفە لە یۆنان کاریکردە سەرئەوەش زمانی یۆنانی ببێ بە زمانی فەلسەفە. ئەوەتا هایدیگەر دەڵێت : فەلسەفە یۆنانی قسەدەکات. بەس گەشەی فەلسەفە لە یۆنان و سەرهەڵدانی ئەو جۆرە زانینە لەوێ بووە هۆیئەوەی زمانی یۆنانیش پەرەپسێنێ و ببێ بە زمانی پۆلی فەلسەفە و ئەو لقوپۆپانەشی لێبێبێتەوە کە ئەمڕۆ لە بواری زانستە مرۆی و سرووشتیەکانا کارایە. ڕاستە هاتنەدونیای فەلسەفە لە یۆنان پێوەندی بە بارودۆخی ئەو دەمەی یۆنانەوە هەیە بەس هاتنەدونیای ئەم جۆرە زانینە بووە هۆی ئەوەی زمانی یۆنانی ببێ بە زمانێ سەرنجڕاکێش و ، گەلێ واتا و چەمکی فەلسەفی تائێستاش سەرچاوە یۆنانیەکەی هەمیشە لەبەرچاودەگیرێت. ئەمەیان لەڕووی ئیتمۆلۆژییەوە(ڕیشەی وشەسازییەوە) بێئەندازە وایە بەس ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەم لایەنە نییە بەڵکو ئەو لایەنەی کە زمانی فەلسەفی یۆنانی کە دەکات تێکستە فەلسەفیەکانی پێش و پاش سوکرات تاهەنووکەش لەناو فەلسەفەدا کارا و چالاکن.
گەر هایدیگەر ووتەنی فەلسەفە یۆنانی قسەدەکات ئەمە بۆئێمە ئەوەش دەگەێنێت کە فەلسەفە زمانە فەلسەفیەکەی یۆنانییە. واتە زانینی فەلسەفی زانینێ یۆنانییە. بۆیە گەرووی گشت فەیلەسوفێ گەروویێ فەلسەفیانەی یۆنانییە. ئەم بەیۆنانی بوونەی فەلسەفە وادەکات سەرچاوەی فەلسەفە یۆنانی بێت. خودی حیکمەت  شتێ یۆنانی بێت و تەقەلاکانیش لەگەڕان بەدووی زانین یان دانای هەر یۆنانی بێت. بەیۆنانیبوونی فەلسەفە کارێوایکردووە ئەو شێوازە لۆژیکی و عەقڵییەی فەیلەسوفانی یۆنانی بۆ گەڕان بەدووی ڕاستی و ڕیشەی شتەکان دایانهێنا هەڵگیرێتەوە. ڕاستە ئەمە کێشەی تری لەناو فەیلەسوفانی ڕۆژئاوایی و غەیرە ڕۆژئاوایی دروستکردوە بەتایبەت ئەوەی پێیدەڵێن بەنێوەندکردنی عەقڵی ئەورووپای بەس ئەم گفتووگۆیە ناچێتە خانەی باسەکەی ئێمەوە و لێرە دەرگای لێدادەخەین.
فەلسەفە جگەلە یۆنانی کۆن لە ناوچەکانی تری جیهانا و لەناو کولتوور و زمانەکانی تری غەیرە ئەوروپایش نەشونمای خۆیکردوە بەس لەچاو ئەزموونی فەلسەفەی یۆنانی ئەو ناوەی نییە و گەلێ لە پسپۆڕان بۆئەوەی دەگەڕێننەوە کە ئەزموونە فەلسەفیە غەیرە یۆنانیەکان(جا ئەوە هیندی بێت یاخود چینی، ژاپۆنی و ئاشووری بێت یان بابلی، عەرەبی- ئیسلامی بێت یان فارسی) توانای ئیستدلالی لۆژیکی تیایاندا بەپلەێک لاوازە کە دەگاتە ئاستی نەبوون و هەروەها بیری فەلسەفی لە ئەزموونە نایۆنانیەکان نایەکانگیر و ناسێستەماتیک خۆینیشاندەدات. ئەم لایەنەش لەخۆیدا وایکردووە زمانی فەلسەفی لەناو ئەم جۆرە کولتوور و شارستانییە غەیرە ئەوروپاییانە جیاواز بێت. چونکە وونبوونی زمانی فەلسەفی لۆژیکی یان عەقڵی لەناو ئەم جۆرە کولتوورانە وایکردووە زمانی فەلسەفی تر بێتەکایەوە لەوانە زمانی فەلسەفی ئیشراقی و سۆفی و ئاینی و ئەفسانەی و..هتد.
وەلێ زمانی فەلسەفی لە شارستانیە کۆنەکان (یۆنانی، چینی، هیندی، ژاپۆنی و تەنانەت عەرەبی- ئیسلامیش) شێوازی گۆکردنی خۆی هەبووە. ئەوی لە بواری فەلەکناسیدا ووتراوە جیابووە لەوی لە بواری زیندەوەرناسی یان کارئەندامناسی یانیش جوانکاری دا ووتراوە، کە دواتر گشت ئەم زانینانە بوونە بە زانینێ تایبەت و زانستی تازەیان لێپێکهاتوە کە زانینی خۆی لە زمانی زانستەکانی تر جیاکردۆتەوە. هەر دوورناڕۆین ئەو زمانە فەلسەفییە لۆژیکی یان فەلسەفییە ماتماتیکییەی بۆنموونە ڕاسل پێیدواوە لەو زمانە فەلسەفیە ڕەوانبێژیئامێز و ئەفۆریستیAphoristic و شیعرگەرایە ناکات نیچە بەکاریبردووە. دیوێکی تری ئەم باسە ئەوەشمان پێدەڵێت، ئەو زمانە فەلسەفییەی لای ئەو پۆلە فەیلەسوفەی لە سەدەی بیستدا سەریانهەڵدا و شەپۆلێ فەلسەفیان بەناوی فەلسەفەی شیکردنەوەی لۆژیکی پێکهێناوە فەلسەفە بریتیە لەگەیشتن بە ڕاستی لەڕێگای شیکردنەوەی لۆژیکی زمانەوە. کەواتە کاری فەلسەفە چییە ئەم پرسیارە بۆ بەشێ لە فەیلەسوفان ڕۆڵی لە دروستکردنی زمانێ تایبەت بەخۆیان دیووە. بۆیشە زمانی فەلسەفی فەیلەسوفانی شیکردنەوەی هەمیشە لەو زمانە فەلسەفیە جیایە فەیلەسوفانی کۆنتنێنتال پەرەیپێدەدەن.
لە یۆنانی کۆن دا لەبەرئەوەی فەلسەفە ڕیشەی گشت زانینەکان بووە، چ زانینە سرووشتی(فیزیا، پزیشکی، بیۆلۆژی و ) و چش زانینە غەیرە سرووشتییەکان (جوانکاری، ڕەووشت و) ، دەبینین زمانی فەلسەفە لەو سەردەمەدا تابڵێیت پەرشوبڵاو و تێکەڵبووە بەس لەدوای سەدەی تازەگەری بەولاوە کە دەکات سەدەی 16 زاین و لەگەڵ هاتنەکایەوەی فەلسەفەی دێکارت زمانی فەلسەفە یەکانیگیر و تایبەت و بگرە چڕتربوەتەوە. چونکە گەلێ لە زانستەکان لەژێر عابای فەلسەفە هاتوونەتەدەرێ و زانینێکی تایبەت بەخۆیان پێکهێناوە لەوانە بیرکاری، کەشناسی، میکانیک،زەویناسی،ئەستێرەناسی ، کارئەندامزانی و …هتد.پاشان بیریشماننەچێت سەرچڵی فەلسەفی لە سەدەکانی ناوەڕاست بە بەراوورد بە سەدەی ڕۆشنگەری یان بە سەدەی نۆزدە جوداوازە ئەم جیاوازیەش زمانی فەلسەفی کردوە بەچەند بەشێکەوە. لایەنێتر کە شایانی ئەوەیە لێیبەئاگابین ئەوەیە فەلسەفە لە سەدەی هەژدە بەولاوە بووە بە دووبەشەوە بەشی یەکەم فەلسەفەی شیکردنەوەیە کە ئەمەش شەپۆلە فەلسەفیە ئەزموونگەری و پۆزەتڤیستیەکان دەگرێتەوە و ئەویتری فەلسەفەی پووختە کە ئاڕاستە فەلسەفیە کۆمەلایەتی و مرۆییەکان دەگرێتەوە. ئەم دابەشبوونەش زمانی فەلسەفی کردووە بە زمانێ نالێکچوو، یان بەو زمانەی کە چەندین زمانی فەلسەفی لەخۆیدا کۆبکاتەوە.
بۆیە گومانناکرێت، زمانە فەلسەفیەکان پێوەندیێ زۆریان بەسەردەمە فەلسەفیەکانەوە هەبووە. واتە ئەو سەردەمەی فەیلەسوف تیایژیاوە. وەلێ زۆرجار زمانی فەلسەفی فەیلەسوفەکان نەک هەر لە سەردەمیخۆیان نزدیکبووە بەڵکو فەیلەسوفان لەڕێگای ئەو زمانە فەلسەفیەی وەگەڕیانخستووە پێشبینییان بۆ سەردەمی دواتریش کردووە. ئەڵبەتە ڕۆڵی زمانە فەلسەفیەکان لەسەرلەنوێ بونیادنانەوەی سێستەمی فەلسەفی سەردەمی خۆیان و ڕەخنەکردنی سەردەمی پێشتریش گرینگی خۆی هەبووە. لێرە بێسڵەمینەوە دەڵیین فەیلەسوفەکان فەلسەفەکانیان بە زمانی خۆیان دەخەنەڕوو و ئەو زمانەش کە وەگەڕیدەخەن شێوازی فەلسەفەکردنیان نیشاندەدات. لە زمانی ڕوونکردنەوەکانی فەیلەسوفان هەمیشە پەسەندکردن و ڕەتکردنەوە هەیە و ئەوەش بەشێکی لەتەک سەردەمی خۆیاندادەکەن و بەشەکەی تر لەتەک سەردەمی پێشووتر ئەڵبەتە لە زمانی فەیلەسوفانا پێشبینیش بەردەوام گرینگی خۆی هەیە. پێشبینی بۆ سەردەمی دواتر و بۆ نەوەی ئایندە.
 لایەنێتر کە لێرە پێویستە بەرباسخرێت تایبەت بە زمانی فەیلەسوفەکان ئەوەیە زمانی فەیلەسوفەکان لەتەک نەوەی پێش و پاش خۆیان لە دیالۆگدا بوونە ئەمەش لەبەرئەوەی فەیلەسوفەکان خوێنەرێ باشی ئەوەن کە پێیدەووترێ مێژووی فەلسەفە. ئەمەش وادەکات فەیلەسوفان قسەی خۆیانیان لەسەر گشت بۆچوون و ڕاڤەکردنێکی بیرمەندانی ناو ئەو مێژووە هەبێت و زۆرجار بە گومانەوە ڕوانیویانەتە زمانی فەیلەسوفانی هەمان بوار کە خۆیان کاریان تیاکردوە و زۆرجاریش بەپێچەوانەوە.
گەر هەندێ لە زمانە فەلسەفیەکان تووندیش بووبێتن ئەوە پێوەندی بەو کێشە کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئیتیکیانەوە هەیە فەیلەسوفەکان ویستوویانە ڕووبەڕوویببنەوە. چونکە زمانە فەلسەفیەکان بەردەوام خۆیان وەک ڕۆلەی دۆز و سەردەمی خۆیان نیشانداوە. ئەو دۆزە فەلسەفیە ئەکادیمیەی لەدەموەختی کانت دا لە نەشونمادا بووە نەک هەر مانای بۆ دروستبوونی ئەو زمانە فەلسەفیە دی کانت لە سێ کتێبە ڕەخنەییە ناودارەکەی(ڕەخنەی عەقڵی پووخت، ڕەخنەی عەقڵی پراکتیک ، ڕەخنەی دادوەری جوانکاری) کاریلەسەرکرد بەڵکو مانای بۆ دروستبوونی ساختمانی ئەو زمانە فەلسەفیەش دی پاش کانت بۆنموونە لەسەر دەستی هیگڵ و هیگڵیەلاوەکان دروستبوو.
هەرلێرە دەشێ ئەوەش دەستنیشانکەین ، زمانی فەلسەفی فەیلەسوفەکان واشیکردوە پێناسەێ دیاریکراومان بۆ فەلسەفە نەبێت. ماهیەتی فەلسەفە کە هەمیشە پرسیارێ بەرچاوی بووە بۆ فەیلەسوفان بەهۆی ئەو زمانە فەلسەفیەی فەیلەسوفان کاریانپێکردوە تێگەیشتنی جیاجیایان هێناوەتەکایەوە بەس زۆربەی ئەو تێگەیشتنە جیاجیایانە پێوەندی بە دۆخی گەشەی ئەو زمانانەشەوە هەبووە لای فەیلەسوفان ڕسکاوە چونکە دۆز و باری فەیلەسوفان لەسەردەمی خۆیانا کاریگەری بەسەر  دروستبوونی ئەو سێستەمە زمانەوانیەوە هەبووە فەیلەسوفان لە نووسینەکانیانا وەگەڕییانخستووە. ئەمەو بۆچوونی شەخسی فەیلەسوفان هەمیشە مانای خۆی بۆ دروستبوونی ئەو سێستەمە زمانەوانیەش هەبوو کاریانلەسەرکردووە. بۆنموونە نەک هەر سەردەمی نیچە ڕۆلی لە پەرەدان بە زمانی فەلسەفی نیچە دیووە بەڵکو خودی نیچەش ڕۆلی خۆی لە پەرەدان بەو زمانەی لە ڕاڤەکردنەکانیدا سەرداربووە دیووە. لێرە ئێمە دەمانەوێت بڵێین چۆنیەتی تێژیان و ئەزموونی شەخسی نیچە کاریگەربووە لە دروستکردنی ئەو گوزارە و دەربڕینانەی لە فەلسەفەکردنەکانیا زاڵبووە. 
کەواتە تەنیا بینینی فەیلەسوف بۆ جیهان ڕۆڵ لە نەشونمای زمانی فەیلەسوفدا نابینێ بەڵکو ئەزموونی کەسی و باری ژیانی ئەو فەیلەسوفەش ڕۆڵ و کاریگەری خۆی بەسەر بەکاربردنی زمانە فەلسەفیەکەیەوە جێدێلێ. گەر شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفی بیرمەندان جیابووبێت ئەو جیاوازیە لە زمانی شیکردنەوەیاندا بەڕوونی ڕەنگیداوەتەوە. واتە گوزارەکان لە کێشەکان و گەڕان بەدووی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشانە هەمیشە لەپێوەندیدابوونە بە زمانەکانەوە. بۆنموونە ئەو زمانەی فەلسەفیەی ئەرستۆ بەکاریبردووە زۆرتر لۆژیکی بووە و لە زمانی فەلسەفی مامۆستاکەی (ئەفڵاتوون) جیابووە، هەرچی ئەو زمانە فەلسەفیەیە کە نیچە بەرکاریبردووە پڕبووە لە ئەفۆریزم و شیعرگەرای هەروەها شێوازی دەربڕینی فەلسەفی دێکارت یان سپینوزا ماتماتیکیبووە تا تیۆلۆژی یان زمانی مارکس زۆرتر سیاسی بووە تا ماتماتیکی…هتد. ئەم لایەنەش مانای بۆ ئەو جیاوازیە هەیە ئەمڕۆ لە بەکاربردنی زمانە فەلسەفیەکانا بەدیدەکەین.
کە باس دێتەسەر زمانی فەیلەسوفەکان بۆ گەلێ لە بیرمەندان ئەرکێ فەلسەفیە وەستان تاوێ لەسەر ئەو زمانە فەلسەفیەی لەسەردەمی یۆنانی کۆن و لەدەموەختی گەشەی فەلسەفە لەکاتی ئەفڵاتوون دا لەسەردەستی سوفستاییەکان (پرۆتاگۆراس و گۆرگیاس)لەپەرەسەندندا بووە. ئەو زمانەی سوفستاییەکان کاریانلەسەردەکرد زمانێ مەجازی بوو کە خۆی لەسەر یاریکردن بە وشە و گوزارەکان ژیاندوە هەرچی زمانە فەلسەفیەکەی تری یۆنان بووە زمانێ عەقڵی و لۆژیکی بووە کە زمانی فەلسەفی سوکرات و ئەفڵاتوون و ئەرستۆ بووە.
زمانە فەلسەفیەکان توانیویانە بوار بۆ ڕەخنەکردن و پرسیارسازی دابینکەن و ئیشلەسەرئەوەشبکەن فەلسەفە لەپێناوی مرۆڤ هاتۆتەکایەوە و ئەرکیشی ئەوەیە ئەم مرۆڤە لەوە بەئاگابێنێ کە لە بوونی خۆی و لە پێوەندیەکان لەناو ئەم بوونە بگات. ئەمەو بە زمانێ فەلسەفی نەک شتێ تر فەلسەفە ویستوشیەتی ئەوە شیکاتەوە مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە خاوەنی فەلسەفە بێت یان فەلسەفەدابێنێ تا قسە لە بوونی خۆی و ئەو بوونەوەرانەش بکات لەناو بوونا ئامادەن. کەوابێت، زمانە فەلسەفیەکان شێوازی جیاشیان لە پرسیارکردنی فەلسەفیدا هەیە. هەر زمانە و بەشێوازی خۆی پرسیارە فەلسەفیەکان بەرزدەکاتەوە. زمانی فەلسەفی یۆنانی کۆن لەو زمانە فەلسەفیە جیایە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نەشونمایکرد. ئەو زمانەی لە سەدە تاریکەکانا بوو بە زمانی فەلسەفەکردن لە سەدەی تازەگەریدا فۆڕمی تری وەرگرت و شێوازی پرسیارکردنی تایبەت بەخۆی بەرهەمهێنا.
ئەڵبەتە وەڵامی فەیلەسوفان هەمیشە ڕاستەوخۆ و سانا نییە. زۆرجا بە گەلێ تێگەیشتن و بیری ئاینی یان سیاسی و بگرە ڕەوشتیش تێکەڵدەکرێت و بەهۆیئەوەشەوە ئەوی دەووترێ تاکلا و نائازاد دەبێت. لە یۆنانەوە تائێستا فەیلەسوفان ویستوویانە وەڵامی ئەوە بدەنەوە پێویست و گرینگە لە ژیانی مرۆڤ. وەڵامەکان کە هەندێ جار لەڕێگای بەکاربردنی فۆڕمی لۆژیکی و یان ئێپستمۆلۆژیەوە بوونە لەگەڵ گەشەی خودی فەلسەفە وەک دیسپلینێ لە زانین گۆڕانی هاتۆتەسەر.  لێرە و تایبەت بەم لایەنە دەمانەوێت ئەوەش بڵێین هەر فەیلەسوفە و شێوازی خۆی لە وەڵامدانەوە و خستنەبەرچاوی وەڵام و چارەسەرکردنی کێشە فەلسەفیەکان دا هەیە. کەوابێت دەکرێ بڵێین کە زمانی فەیلەسوفان تایبەت بە وەڵامسازی ناجۆرە و هەندێ لە فەیلەسوفان شێوازی شیکردنەوەییان لە وەڵامدانەوە گرتۆتەبەر و هەندێکی دیش وەڵامی پەرت و کورتیان بەدەستەوەداوە.
تۆکمەتر بدوێین دەڵێین ، ڕاستە زمانی فەیلەسوفەکان ڕەنگدانەوەی شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفیان بووە بەس ئەم زمانە جیاواز بووە چونکە بیرکردنەوە فەلسەفیەکان یان شێوازیان لە فەلسەفەکردن جیاوازبووە، بەس لەگەڵ ئەوەشدا خاڵێ هاوبەشی زۆر لەنێوان زمانی فەیلەسوفەکان تایبەت بە گەلێ بیرکردنەوەی فەلسەفی هەیە. هەر لە پێناسەی فەلسەفە وە تا دەگاتە پێوەندی فەلسەفە بە زانستەکانی تر و خودی ئەو کێشانەش فەلسەفە بەخۆی قسەیان لەسەرکردووە بەشێکن لەو خاڵە هاوبەشانە.
ئەوەی زمانە فەلسەفیەکان دەپارێزێت ئەوەیە کە زمانە فەلسەفیەکان لەگەڵ گەشەی فەلسەفەدا ڕۆشتوونە و بەشداری زۆریشیان لەم گەشەکردنەدا هەیە، واتە زمانە فەلسەفیەکان لەسەر دەستی فەیلەسوفان تا دوا چرکە لەسەر گوزارەکردن بەردەوام بوونە. ئەڵبەتە نموونەی تریشمان بەدەستەوەیە کە بەشێ لە زمانەکان بۆ ماوەێ قرتان یان دۆخی سڕبوونی بەخۆ دیوە ڕەنگە ئەوەیان پێوەندی بە باری دەروونی فەیلەسوفانەوە هەبووبێت یان دۆزی سیاسی ئەو سەردەم و دەشێش ئەوەیان شتێ زێدە شەخسی بووبێت. بۆنموونە کانت لە تەمەنێ زۆر درەنگدا (لە تەمەنی 50 سالی) نووسیویەتی وەلێ کە دەستیبەنووسین کردووە زمانێ تایبەت بەخۆی داهێناوە کە ئەمڕۆ  بە زمانی فەلسەفی کانت ناسراوە. یان هەندێ لە فەیلەسوفان بۆ ماوەێ یاخی بوونە لە زمانی فەلسەفی خۆیان و نقەی فەلسەفیان لەخۆیان بڕیوە بۆنموونە ڤیتگنشتاین پاش نووسینی کتێبە ناودارەکەی “”تراکتاتۆس لۆژیکۆ فیلۆسۆفیکۆس”” Tractatus logico-philosophicus بۆماوەێک دەستی لە نووسین هەڵگرتووە و بگرە پشتیشی لە فەلسەفە کردووە و خۆی سەرقاڵی شتی تر کردووە کە زۆر لە فەلسەفەوە دووربوونە.
سەرئەنجام دەشێ ئەوەش بووترێت ئەوی فەلسەفەی ڕاگرتووە ئەو جیاوازییەیە لە بوونیادی زمانە فەلسەفیەکاندا هەیە. فەلسەفە کە ئەرکێ زۆری هەیە، یان ئامادەیە ئەرکێ زۆر بۆخۆی بدۆزێتەوە ، خۆی هەمیشە لە کارکردن لەسەر بەدواچوون و یەکلاکردنەوە بریتیدەکات. ئەمە بۆ فەلسەفە گەورەترین دەستکەوتە و لوتکەی سەرکەوتنیشی دەگەێنێت. چونکە فەلسەفە لەبەرئەوە هەیە تا تەماشاکردنمان لەسەر ئەوەی هەیە بدەین یان گەشە بە وتنمان لەسەر ئەو شتە بدەین ووتنی لەبارەوە دەدەین. بەمجۆرەبێت فەیلەسوف فەلسەفەدەکات چونکە لەڕێگای ئەوەوە پەرە بە بیرکردنەوە لەو شتە دەدات دەخوازێ بەدواچوون و لێخوردبوونەوەی لەبارەوە ئەنجامدات. ئەم لایەنە والە ئێمە دەکات داکۆکی لە جیاوازی لە زمانی فەلسەفەکردنیش بکەین و گومانیش نەکەین ئەو جیاوازیسازییە لە فەلسەفەکردن مافی گشت فەیلەسوفێکە. بەس ئەو جیاوازیسازیە پێویستە فەیلەسوفان بە ئاکامی پەسەندکراو و تۆکمە بگەێنێت. هۆی سەرەکی ئەوەش بۆئەوە دەگەڕێنینەوە فەلسەفەکردن لەمیانەی ئەو جیاوازیسازیە لە فەلسەفەکردنەوە پێکدێت. فەلسەفەکردن کە لەسەر جیاوازی لە بەکاربردنی زمانی فەلسەفی وەستاوە تەقەلایە بۆ گەیشتن بە ڕاستی، بەو شوێنە پێیدەڵێن شوێنی شتەکان یاخود ڕیشەی شتەکان. 
بەدیدی ئێمە جیاوازی زمانە فەلسەفیەکان، بەدیوەکەی تری جیاوازی لەو شێوازانەی لە فەلسەفەکردندا هەن،  جورئەتی فەیلەسوف پێشاندەدەن. ئەمەش لەبەرئەوەی جورئەتی فەیلەسوف لەوەدایە ئەوی تر لەسەر ووتنی نەخێر ڕابێنێت و ترسی لە جیاوازیسازی نەبێت. واتە فەلسەفە فێری ئەوەمان دەکات بلێین نا. ئەو نایە بۆ پرۆسەی فەلسەفەکردن پێویستە، چونکە فەیلەسوف نایەوێ بە تەنیا وەڵامێکەوە ، بە تەنیا پرسیارێ تایبەتەوە خۆیسەرقاڵکات. فەلسەفە کۆششی ئەوەدەکات لە یەقینپەرستی دەربازمانکات و بە گومانەوە سەرقالمَانکات. فەلسەفە لە گومانێکەوە بۆ گومانێتر دەمانبات و ئەو زمانە فەلسەفیەش ئەم کارە ئەنجامدەدات شیاوی لەبەردەم فەلسەفەکردندا دەکاتەوە. بۆیە نابێت ترسمان لە جیاوازی زمانە فەلسەفیەکان هەبێت. بۆئەوەی فەلسەفەکردن، کردەی بیرکردنەوە ، بەردەوامبێت پێویستە هەمیشە دەرگا لەبەردەم جیاوازی لە زمانی فەلسەفەکردندا ئاوەڵابێت.

  ئازاد حەمە/ پاریس

سەرچاوەکان:
1. Hilary Putnam. Mind، Language and Reality (Philosophical Papers Vol 2، Hilary Putnam ). Cambridge University Press; 1979، p. 1.
2. Lars Fr. H. Svendse. Vad är filosofi?. Bokförlaget Natur och Kultur، Stockholm، 2005، s. 18.
3. بڕوانە پەڕەگرافی 113 ی کتێبی “”توێژینەوە فەلسەفیەکان””ی ڤیتگنشتاین لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:.

Ludwig Wittgenstein. Filosofiska undersökningar. Översättning: Anders Wedberg. Bokförlaget Thales.1996.
4.Donald Davidson.Subjective، Intersubjective، Objective. Oxford University Press، USA .2001، p. xv.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.