Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

زمانی پەتیی کوردیی و جەهلی ناسیۆنالیزم

Closed
by November 9, 2012 زمان

 

 

 

 

ئێمەی کورد، وەک ئاڵمانییەکان هێدەر(Herder)، هومبوڵت(Humboldt ) و فیشتەمان (Fichte) مان نیین، نزیکەی ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر بڵێن” ئایا نەتەوە، هیچی لە زمان بەنرختر هەیە؟ زمان گەنجینەیەکی سەرومڕی نەتەوەییە، گەنجینەی زمان، رۆڵی خزمایەتیی تیرەو هۆزەکان دەکات بە خێڵێ گەورە و دواتر لەشیعرو ئەدەب و مێژوودا گەشە دەکات تا نەتەوە شانازیی پێوە بکات. نەتەوەیەک بوونی نابێ ئەگەر زمانەکەی بوونی نەبێ، زمان ئۆرگانێکی فۆرمەڵەکراوی فیکرە، ناسیۆنالیزم بزوتنەوەیەکی زمانییە”. 

هەرچەندە ئەو بۆچوونە کلاسیکییە زمانەوانییانە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، بەڵام  ئێمەش لای کەم ئەحمەدی خانیی و نالیی و حاجی قادری کۆیی و گۆران و مەسعود محەمەد…تاد، هەروەها   تێکستی نزیکەی ٢٠٠ ساڵمان هەیە. دەتوانین زمانی ئەم تێکستە، گەشە پێبدەین و بەڕەسمیی لە کوردستانی باشوور( کوردستانی عێراق) دا بیکەین بە زمانی نووسینی ستاندەرد وچیتر ناسیۆنالیستە بێسەوادەکانی کورد، بەگەڕەلاوژەی کوردایەتیی و پەتییکردنی زمان، زمانی کوردیی سەقەت نەکەن.   

سەرەڕای ئەوەی ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیا، لایەنی نێگەتیڤی زۆری هەیە، بەدڵنیاییشەوە لایەنی پۆزەتیڤی گەشەکردن و پێگرتن و دەقگرتنی زۆر نەتەوە و وڵات بووە. ناسیۆنالیزمی  کوردیی، بەگشتیی زیانی زۆرتری بۆ بزوتنەوە سەربەخۆییخوازەکانی کوردستان لە هەشتا بۆ نەوەت ساڵی رابردوودا هەبووە. خراپترین لایەنی ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەوەیە، لە فیکر داشۆراوە،  لەباری زمانییشەوە، کە ماتێریاڵی فیکرە، نەیتوانیوە ئەو زمانە کوردییەی، مەغزی بیرکردنەوەی خۆی پێ گێڕاوە، لەڕووی سیاسیی و کولتووریی  و زمانەوانییەوە  فۆرمەڵەی بکات و دەقی پێ بگرێ. “ناسیۆنالیزمی نوێی کورد”یش کە بەدەست هەندێ فەندەمێنتالیستی نەتەوەییەوە گیری خواردووە، زیانێکی کەمەرپسێنی لە زمانی کوردیی داوە. 

راستە، تا عوسمانییەکان مابوون، کرمانجیی سەروو، زاراوەیەکی سەرەکیی و باڵادەست بوو، بەڵام رێک لە نەوەت ساڵی رابردوودا، ئەم زمانی کوردییەی کە زۆرینەی کوردستانی عێراق پێی دەنووسێ و دەخوێنێ، زمانێکی تەواو گەشەکردووە، لە ڕووی سیاسیی و زمانەوانیی و کولتوورییەوە، لەئاستی هەرێمدا شایانی بەڕەسمییناسینی هەیە. لە هەرێمی کوردستاندا( قسە لەسەر پارچەکانی تر نییە)، گرفتی سەرەکیی زمانی کوردیی، ستاندەردنەبوون و ساغنەبوونەوەیەتی لەباری سیاسیی و قانونییەوە، بەڵام بەدەست چەند گرفتێکی تری لاوەکییەوە دەناڵێنی کە لەم وتارەدا، ئاماژە بەهەندێکیان دەکەم .

ئەمیری حەسەنپوور یەکێکە لە زمانناسەکانی کورد، سەرەڕای ئەوەی لەباری سیاسیی و کولتوورییەوە رەخنەی زۆر لەو ئایدیۆلۆژیا کۆمۆنیستییەی گیراوە، کە لایەنی زمانناسییەکەی  کاڵ کردووەتەوە و جیاوازیی کولتووریی دایەلێکتەکانی زمانی کوردیی تێکەڵ بەسیاسەت و ئایدیۆلۆژیا کردووە. حەسەنپوور، لایەنگریی لەوە  دەکات هەموو دایەلێکتەکانی کورد بەرەو زمانی سەربەخۆ ببرێن و ستاندەرد بکرێن. کورد ببێ بەخاوەنی کۆمەڵی زمانی سەربەخۆ و دابڕاو لەیەکتر، ئەمەش جگە لە مەهزەلەی زمانەوانیی بۆ نەتەوەی کورد کە خاوەنی چەندین دایەلێکتی جیاوازە، کەمترین مەعریفەی سیاسیی و زمانەوانیی تێدا نییە.

 

 لە یەکێک لە کۆڕەکانیدا لەم دواییە لە سوێد کردبووی، بۆچوونێکی باشی باسکردبوو. ئەو پێیوایە کە ناسیۆنالیزمی کوردیی، زمانی کوردیی  لە فیکرو رۆشنبیریی دوورخستووەتەوە و کڵۆڵ و هەژاری کردووە. نموونەی ئەوە  دەهێێنێتەوە، گوایە کاتێک وشەی”قانون” کەخۆی لەڕەچەڵەکدا یۆنانییەو عەرەب وەریگرتووە، بۆچیی بەکاری نەهێنین، بچین “یاسا” کە وشەیەکی مەنگۆلییە بەکاربهێنین؟ هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەو چەمکە زانستیی و کولتوورییانەی بەزمانی عەرەبیی و فارسیی هاتبوونە ناو زمانی کوردییەوە، ناسیۆنالیزمی کوردیی دەریانیکرد و تەکریدی وشەو چەمکەکانی کرد. 

 

ئەگەر سەیری مێژووی پەنجا تا شەست ساڵی رابردووی ناسیۆنالیزمی کوردیی بکەین، چوار قەڵەم بەدەست و رۆشنبیری جددیی بەرهەم نەهێناوە. بەواتایەکی تر، ئەم ناسیۆنالیزمە رەشۆکییە، نەیتوانیوە زمانی کوردیی تێکەڵ بە فیکرو  سیاسەت و زانست و توێژینەوەی کولتووریی  و فیکریی و مەعریفیی بکات. ئەو رۆشنبیر و نووسەرە دەگمەنانەی پەیداشبوونە، بە سەلیقەی کولتووریی و زمانیی خۆیان گەشەیان کردووە. ناسیۆنالیزمی کوردیی، کورد و زمانەکەی لە مۆدێرنیزم بەتەواویی دابڕیوە. پەتییکردنی زمانی کوردیی یەکێکە لەو شێرپەنجانەی وەک لاڕەشە لە زمانی کوردیی داوە. ئەم نەخۆشییە کارییەش ئەوانە لێی بەرپرسیارن کە ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمێکی شۆڤینیی لە هزریاندایە و “جەمال نەبەز”یش رائیدی ئەم بەهرە خراپەیە کە، زمانی کوردیی لە وشە و فرێز و چەمکی زمانەکانی عەرەبیی و تورکیی و فارسیی تەتەڵە دەکەن و رێنووسە ئارامییە-عەرەبییە رەسەنەکەیشی بەرەو میتۆدی کەمالیزمی( پانتورکیی-پانلاتینیی) دەبەن. 

بۆ گۆشەگیرکردنی ئەو جۆرە ناسیۆنالیزمە کوردییەی تا هەنووکەش هەندێ نەژادپەرستی کورد هەن  داوای زمانی پەتیی کوردیی دەکەن، داوای دەرکردن و پاکسازیی  وشەی عەرەبیی و فارسیی و تورکیی دەکەن، تێکەڵاوبوونی زمانی فڕانسیی و ئینگلیزیی و ئاڵمانیی، نموونەیەکی باشە بەڕووی قاییمی جاهیلبوونیاندا بدرێتەوە. پتر لە ٣٠% تەواوی  وشە و چەمکە  سەرەکییەکانی زمانی ئینگلیزیی،  واتە نزیکەی هەشتا هەزار وشە، لە زمانی فڕانسیی  و نۆرمانیی (  French and Norman or Normands)ەوە،  یان دروستتر بگوترێ لە زمانی نۆرمانیی فڕانسییەوە هاتوون.  بەتایبەت ئەو کاتەی کە نۆرمانییەکان بریتانیای ئێستایان داگیرکرد، وشە وچەمکە  فڕانسییەکان، تانوپۆی زمانی ئینگلیزییان تەنی، ئەوە جیا لە دەیان هەزار وشەی تر کە جەڕێندراون یان داتاشراون، یاخود بەئینگلیزیی کراون.

 هاوکات، نزیکەی٦٠% ی وشەکانی زمانی ئینگلیزیی لە لاتینییەوە ( زمانی رۆمانیی- Romance)  هاتوون. بەدەر لەوەی لە زمانە ئاڵمانییەکان و فرانکیی کۆنەوە، ژمارەیەکی زۆر وشە و چەمک هاتوونەتە ناو ئینگلیزییەوە، هەر ئینگلیزێک کە ئینگلیزیی بەباشیی بزانێ و بێئەوەی هیچ لە فڕانسیی بزانێ، خۆبەخۆ پتر لە  دەهەزار وشەی فڕانسیی دەزانێ. لەمێژووی نوێ و سەردەمی پۆست-مۆدێرنیزمدا، وێڕای ئەوەی بەهۆی زانستەکانی فیزیاو فەزاو کۆمپیوتەرو بواری پزیشکیی و ……..زۆر رشتەی جیاوازی ترەوە، زمانی ئینگلیزیی تانوپۆی سەرجەم جیهانی داپۆشیوە، کەچیی ئینگلیزێکی ناسیۆنالیست پەیدا نەبوو، داوای پاکسازیی زمانەکەیان بکات، لای کەم لەبەر ئەوەی عەقڵانیی بیردەکەنەوە، وەک ناسیۆنالیستە کڵۆڵەکانی کورد،  بێسەواد و بێ مەعریفە و رەشۆکیی نیین،  تا هەرزەکاریی و موغامەرەیەکی لەو چەشنە بکەن.  

 

نموونەیەکی تر لەو وشانەی کە لە نێوان زمانەکانی دەوروبەری نەتەوەی کورددا تێکەڵ بووە، وشەی”دەستور”ە. ئەم  وشەیە  لە ڕەچەڵەکدا  لە فارسییەوە چووەتە ناو زمانی تورکییەوە، زمانی عەرەبییش لە زمانی تورکییەوە وەریگرتووە،  سەرەڕای ئەو هەموو ئەنتاگۆنیزمەی(antagonism  )  کە ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و شۆڤینیزمی عەرەبیی بەرامبەر بە کولتووری فارسەکان هەیانە، نەبوو بە داوایەکی بەربڵاو بۆ پاکسازیی وشە فارسییەکان لە زمانی عەرەبییدا. قانون( Canon )، یان kanonikos (κανονικός) لە رەچەڵەکدا  لە لاتینیی کۆن و یۆنانیی چەرخی ١٣ ەوە جێکەوت بووە و زۆرێک لە زمانە سەرەکییەکان، وەک چەمکێکی گشتیر بەکاری دەهێنن. تازە بەتازە، ناسیۆنالیستە نەژادپەرستەکانی کورد، دوای کولتووری شەڕە دەروونیی و ئایدیۆلۆژییەکانی جەنگیز خان، دژ بە کولتووری ئیسلام دەکەون، کە تێرمی ( یاسا-Yasa ) ی بەکارهێنا، ئەو تێرمەی دواتر لەڕێی پاشماوەکانی جەنگیز خان و مەنگۆلییەکانەوە ( تورکەکانی ئێستا) بۆ ناو ئەدەبی کوردیی هاتەوەو  پێیانوایە کوردایەتییەکی شەریفانە دەکەن، ئەگەر “قانون” بەکار نەهێنن و “یاسا” بەکار بهێنن. 

 

لێکچوونی زمانیی لەڕووی وشە و فرێز و چەمک و دەربڕینە هاوبەشەکانەوە، لە نێوان زۆرێک لە زمانە ستاندەردە ( دایەلێکتەکان نا) جیهانییەکاندا هەن. زمانی تاجیکیی و زمانی فارسیی( هەردووکیان دوو زمانی ستاندەرد و سەربەخۆن)، نزیکترین دوو زمانی جیهانن لەڕووی رێزمان و سێمانتیکس( واتاسازیی) و دەنگناسییەوە. زمانەکانی (چێک و سڵاڤیی)ش زۆر بەسەریەکەوەیان هەیەو تێکەڵییەکی زۆر لەنێوانیاندا هەیە. زمانە سکەندنافییەکان بەهەمانشێوە، کەچیی ناسیۆنالیستە عەقڵانییەکانی ئەوان، داوای پاکسازیی زمانەکانیان ناکەن!  سەرەڕای هەر کێشەیەکی سیاسیی و کولتووریی نێوان ئەو نەتەوە جیاوازانە، زمانەکانیان لەباری کولتووریی  و زمانەوانییەوە گەشە پێ دەدەن، باسی وەهمی زمانی پەتیی ناکەن.  لەبەرامبەریشدا، رۆشنبیرە ناسیۆنالیستەکانی کورد، لە بێئیشیی و بێسەوادیی و بێئاگاییدا، نوقمی قووڵترین گۆلاوی جەهل بوونەو داوای سەقەتترین ڤێرژنی زمانی پەتیی کوردیی دەکەن!

 

کاتی ئەوە هاتووە، ئەو قەڵەم و رۆشنبیرانەی کورد، کە کار لەسەر فیکر دەکەن، دەخالەتێکی راستەوخۆ لەو هەژارکردن و ریسواکردنەی زمانی کوردییدا بکەن، کە هەندێ ناسیۆنالیستی نەخوێندەوارو منداڵ و تەواڵی( بەتەمەن بەساڵاچووی) نەتەوەیی، بەسەر زمانی کوردییدا هێناویانە. کاتی ئەوە هاتووە بەربینی شۆڤینیستییانەی ئەو ناسیۆنالیستانەی  داوای زمانی پەتیی کوردیی و لایەنگریی لاتینیی-تورکیی دەکەن، بگیردرێ کە دەڵین ، وشە عەرەبیی و فارسییەکان لەزمانی کوردییدا، پاکسازیی بکرێن، دەڵێن “غ” لەزمانی کوردییدا نییە و هەموو”غ”اکانی  وەک ” باغ، قۆناغ، بەغداد، غلۆر،غەوارە،غەم و……….تاد” بە “خ” بنووسرێن. لە کاتێکدا، باغ له‌ له‌په‌هله‌ویدا bag   ه‌و له‌ فارسییدا باغه‌، زمانی کوردیی و فارسییش لەڕووی ئیتیمۆڵۆژیای زمان و رەگ و ریشەی زمانەوانییەوە نزیکایەتییەکی زۆریان هەیە. 

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەر پرۆسێسی ستاندەردبوونی زمانە جیاوازەکانی جیهان هەمە، ئەم پاکسازیی و خۆماڵییکردنەی زمان لەژێر ناوی ” زمانی پەتیی کوردیی ” دا  لەهیچ زمانێکی تردا بەئەندازەی زمانی کوردیی بوونی نییە.  ئەمەش لەئەنجامی نائاگایی زمانیی و دابڕان لە مۆدێرنیزم و فیکر و مەعریفەی زمانەوانییەوە سەرچاوەی گرتووە. لە تێنەگەیشتن لە چەمکی ناسیۆنالیزم و رۆڵ و ئەرکی ناسیۆنالیزم، لە کامڵکردنی زمان و ساغکردنەوەی زمان لەڕووی قانونیی وسیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە. لە بێسەوادیی و نەزانیی  ئەو ناسیۆنالیستە کوردانەوە سەرچاوەی گرتووە کە خاڵیی-خاڵیین لە فیکری ناسیۆنالیزمێکی عەقڵانیی و خاوەن فیکر.  

جێگەی خۆیەتی، بە هەموو ئەو رۆشنبیرانە بگوترێ کە فیکرو مەعریفە  لە نووسینەکانیاندا بەکار دەهێنن، مەترسن لە بەکارهێنانی ئەو وشەو چەمکانەی لە زمانە بێگانەکانەوە هاتوونەتە ناو زمانی کوردییەوە و جێکەوت بوونە. ‘سیاسیی” بەکار بهێنن لە جیاتی “رامیاریی”، قەڵەم بەکار بهێنن لەجیاتی پێنووس، دەفتەر لەجیاتی تیانووس بەکاربهێنن، چونکە لەڕووی زمانناسیی و زمانەوانییەوە هیچ شاشیی و کێماسییەک لە بەکارهێنانیاندا نییە، بەڵکو بەکارهێنانی وشەی پەتیی کوردیی ( داتاشراو و دروستکراو و کوردێنراو)، لە زمانناسییدا کێماسییە. نووسەرو رۆشنبیری کورد، دەبێ رەچاوی  مەعریفەی زمانناسیی  بکات، نەک دوای مەعریفەی کوردییزانە نەژادپەرستەکان و جەهلی ناسیۆنالیزمی بێ بەرهەم  و سەقەت بکەوێت. 

 

ئەم وتارە،  لە هەفتەنامەی “ئاوێنە”، ژمارە ٣٥١، لە ٦-١١-٢٠١٢ بڵاوبووەتەوە. 

 

کامیار سابیر

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.