زه‌مه‌نی كوشتنی پرسیار
مرۆڤ كاتێك رووبه‌ڕووی نووسین و دنیا ئاڵۆزه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێت و بیر له‌و كاریگه‌رییانه ده‌كاته‌وه كه نووسین درووستی كردوون، ده‌كه‌وێته ناو دۆخێك، پڕ له ووردبوونه‌وه و تێڕامان، ئه‌و دۆخه‌ش مرۆڤ ده‌بات به‌ره‌و پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و رووبه‌ڕووی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و سه‌رله‌نوێ درووستكردنه‌وه ده‌بێته‌وه، واته نووسین و كاریگه‌رییه‌كانی، به شێوه‌یه‌كی ته‌دریجی سه‌رله‌به‌ری بونیاده فیكرییه‌كانی مرۆڤ ده‌گۆڕن، به‌ڵام به مه‌رجێك مرۆڤ وه‌ك خوێنه‌رێك به دوای پرسیاری گه‌وره‌وه وێڵ بێت و نوقمی ناو ئه‌و تێكستانه نه‌بێت، كه ئه‌ركییان كوشتنی پرسیاره.
(ئێمه چۆن بزانین خوێنه‌ر به دوای پرسیاری گه‌وره‌وه وێڵه؟) بۆ گه‌شتن به وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێت به پرسیارێكی تر ده‌ست پێكه‌ین و پرسین (ئایا خوێنه‌ر كێیه؟) گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا، به كۆمه‌ڵێك سه‌ره‌داو ئاشنامان ده‌كات، كه ده‌توانین له رێگه‌ی ئه‌و سه‌ره‌داوانه‌وه تا راده‌یه‌ك بگه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی، (ئایا به راست خوێنه‌رانێكمان هه‌ن، كه به دوای پرسیاری گه‌وره‌وه وێڵ بن؟)، واته درووستبوونی پرسیاره‌كان، وا ده‌كه‌ن ئێمه بگه‌ینه كه‌ناری هه‌قیقه‌ته‌كان، كه ئه‌وه‌ش به‌نده به پرسیاری تره‌وه.
ئێمه ناچارین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره، ده‌ست به‌رین بۆ هه‌ندێك بۆچوون و راڤه‌یان بكه‌ین، تا له‌و رێگه‌یه‌وه تێبگه‌ین كه ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی پێیده‌ڵێن خوێنه‌ر كێیه و وه‌زیفه‌ی چییه، یان ئایا هه‌ر به راستی خوێنه‌ر وه‌زیفه‌یه‌كی هه‌یه؟
ئایا خوێنه‌ر ده‌بێت ئه‌و كه‌سه بێت كه بخوێنێته‌وه و ئه‌و تێكسته‌ی به‌رده‌می ئه‌زبه‌ر بكات، ئیتر وێنه‌ی (باسه‌كان، چه‌مكه‌كان، زاراوه‌كان، رووداوه‌كان، بۆچوونه‌كان، ئه‌نجامگیرییه‌كان) له زهنی خۆیدا بكێشێت و وه‌ك كڵێشه‌سازییه‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر شتێك به كاری ببات؟
یان وه‌ك ره‌خنه‌گری روسی (فلادیمێر نابۆكۆف) له یه‌كێك له موحازه‌ره‌كانیدا ده‌ڵێت: “خوێنه‌ر كه‌سێكی (خوێنه‌ره‌وه)یه”، به‌ڵام (نابۆكۆف) به‌شێوه‌یه‌ك پێمان ده‌ڵێت: “خوێنه‌ر كه‌سێكی (خوێنه‌ره‌وه)یه”، كه من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا نیم، ئه‌و بڕوای وایه كاتێك خوێنه‌رێك كتێبێك ده‌خوێنێته‌وه، به‌هۆی جوڵاندنی نیگای چاوی له‌م سه‌ری دێڕ بۆ ئه‌و سه‌ری دێڕ و دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته، ناتوانێت چێژ له‌و نووسینه وه‌ربگرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساتی یه‌كه‌می بینینیدا چێژ له تابلۆیه‌ك وه‌رده‌گرێت.
له راستیدا من تا ئه‌و ئاسته له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌م، كه خوێنه‌ر كه‌سێكی (خوێنه‌ره‌وه)یه، به‌ڵام ئیتر بۆچوونی من و ئه‌و لێره‌وه رووبه‌ڕووی دووركه‌وتنه‌وه له یه‌ك ده‌بنه‌وه و ئیتر له هیچ شتێكی تردا یه‌ك ناگرنه‌وه.
یه‌كێك له‌و بۆچوونانه‌ی (نابۆكۆف) كه من دژیمی له‌و كڵێشه‌سازییه‌وه دێت، بۆ خوێنه‌ری داناوه و بێگومانه له‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌بێت خۆی له‌و كڵێشه‌سازییانه‌دا ببینێته‌وه كه ئه‌و بڕوای پێیه‌تی، ئه‌و له هه‌ر شتێكه‌وه گه‌شتووه به‌و هه‌قیقه‌ته ئه‌مه كێشه‌ی من نیه، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی من كێشه‌م له‌گه‌ڵ كڵێشه‌سازی بۆ نووسین و ناساندنی هه‌ر شتێك هه‌یه، كه پێوه‌ندارن به ئیدراكی مرۆڤه‌وه.
بڕواموایه (خوێنه‌ره‌وه) ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی چێژ و راهێنانی چاو تێكسته‌كان چه‌ندباره ناخوێنێته‌وه، كه (نابۆكۆف) بڕوای پێیه‌تی، به‌ڵكه لای من (خوێنه‌ره‌وه) به دوای شتێكی تردا وێڵه، ئه‌مه‌ش وه‌ك كڵێشه‌سازی نا كه منیش بۆ خوێنه‌ر دایبنێم، ده‌كرێ (خوێنه‌ره‌وه) لای كه‌سێكی دیش مانایه‌كی تری هه‌بێت، واته نابێت ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت له باره‌ی (خوێنه‌ره‌وه)وه بدوێین.
لای من كه‌سی (خوێنه‌ره‌وه) به‌دوای شتێك‌دا وێڵه، كه له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا به‌رچاوی نه‌كه‌وتووه، واته (خوێنه‌ره‌وه) به دوای ورده‌كارییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت و له وێوه به شتێك ده‌گات كه جه‌وهه‌ری نووسینه، به دوای ئه‌و شارێگه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێت، كه ده‌یبات به‌ره‌و پرسیاری گه‌وره و گومانی گه‌وره، واته ئه‌و شارێگه‌یه‌ی كاتێك مرۆڤ دۆزییه‌وه، چیتر به‌لای كه‌لاكی وشه مردووه‌كانه‌وه دانانشێت و له ناو یه‌ك بیروباوه‌ڕ و به دیار یه‌ك تێكسته‌وه هه‌ڵناتروشكێت، كه ئیتر بیركردنه‌وه‌یه‌كی چه‌قبه‌ستووی پێببه‌خشن.
زۆرجار (خوێنه‌ره‌وه) به‌دوای دژبه‌یه‌كی ئه‌و بۆچوونانه‌دا ده‌گه‌ڕێت، كه له نووسینه كڵێشه‌سازییه‌كاندا درووست ده‌بن، چونكه نووسه‌ری كڵێشه‌ساز به گوێره‌ی ئه‌و كڵێشه‌یه‌ی كه دایناوه یان وه‌ری گرتووه، سه‌رنجه‌كانی ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌م جۆره نووسینه‌ش به‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه نیه، بۆیه ده‌شێت رووبه‌ڕووی هه‌ڵه‌ی زه‌قی فیكری ببێته‌وه.
(حه‌تمه‌ن من لێره‌دا باس له‌و خوێنه‌رانه ناكه‌ین، كه تاكه سه‌رچاوه‌ی خوێندنه‌وه‌كانیان ته‌نها و ته‌نها رۆژنامه و گۆڤار و ماڵپه‌ڕه ئه‌لكترۆنییه‌كانن)، (خوێنه‌ره‌وه) له سیاسه‌تدا به دوای به‌هاكانی سیاسه‌ت و ئه‌خلاقی سیاسی و زانستی سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێت، نه‌ك لێدوانی گه‌مژه‌كانی ناو سیاسه‌ت (به سیاسییه نه‌زان و چاودێره ناچاودێره سیاسییه‌كانیشه‌وه)، (خوێنه‌ره‌وه)ی فیكری به دوای فێربوونی پرسیاری گه‌وره‌وه وێڵه و به دوای گومانی زیاتردا ده‌گه‌ڕێت، تا ئه‌و ساته‌ی گومانه‌كان ده‌یبه‌نه كه‌ناری دڵنیایی، ئه‌مه‌ش له نووسینی فیكری ئه‌و كه‌سانه دوورن، كه هێشتا موراحیقی فیكرین.
(خوێنه‌ره‌وه) له ئه‌ده‌بدا به دوای ستاتیكای ده‌ق و وردبوونه‌وه‌ی زۆر و قوڵبوونه‌وه‌وه وێڵه، له شیعردا به دوای فه‌ردانییه‌تی ده‌ق و مانا و ناوه‌رۆك و فراوانی خه‌یاڵ و وێنای شیعری و فۆرم و ته‌كنیكی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت، له چیرۆكدا به دوای شتی نه‌وتراودا وێڵه و له ناو رۆمانیشدا، به‌دوای كاراكته‌ره لاوه‌كییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه بۆی گرنگه سیاقی گشتی رۆمانه‌كه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، ئاواش بۆی گرنگه هه‌قیقه‌ته خه‌فه‌كراوه‌كانی لای كاراكته‌ره لاوه‌كییه‌كانیش چۆن ده‌دۆزێته‌وه، چونكه زۆركات وتنی به‌شێكی زۆری هه‌قیقه‌ته‌كان له‌لای ئه‌و كاراكته‌رانه‌یه، نه‌ك خودی كاراكته‌ری سه‌ره‌كی، (ئه‌گه‌ر ده‌فه‌رت هه‌بێت، له بۆنه‌ی تردا قسه له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ش ده‌كه‌ین، كه چۆن له رۆمان‌دا كاراكته‌ره لاوه‌كییه‌كان، به‌شێكی زۆری هه‌قیقه‌ته‌كانیان لایه)، كه هیچ كات ئه‌م جۆره خوێندنه‌وانه، ئامانجیان دۆزینه‌وه‌ی له‌زه‌ت یان چێژ نیه بۆ (خوێنه‌ره‌وه)، چونكه (خوێنه‌ره‌وه)ی راسته‌قینه، به دوای ئامانجێكی تر و وه‌ڵامی پرسیارێكی تره‌وه وێڵه، كه ره‌نگه په‌یوه‌ندییان به‌چێژیشه‌وه نه‌بێت.
ئیشكالێكی تر كه من له بۆچوونه‌كانی (نابۆكۆف)دا ده‌یبینم، ده‌ستنیشان كردنی ئه‌و خاڵانه‌یه، كه ده‌شێ دیسانه‌وه وه‌ك كڵێشه‌سازییه‌ك بیانبینین بۆ كه‌سی (خوێنه‌ره‌وه)، (نابۆكۆف) ده‌ڵێت: “بێگومان خوێنه‌ری باش كه‌سێكه، كه خاوه‌نی خه‌یاڵ و یادی باش بێت و فه‌رهه‌نگی وشه به‌كار بهێنێت و كه‌مێك دركی هونه‌رمه‌ندانه‌شی هه‌بێت”، ئه‌م كڵێشه‌سازییه‌ی (نابۆكۆف) تا ئه‌و ساته درووسته، كه گومان دێته پێشه‌وه، چونكه (خوێنه‌ره‌وه)ی باش ده‌شێ به دوای گومانێكی تره‌وه وێڵ بێت، كه پێشتر گومانی لێینه‌بووه.
ره‌نگه كاتێك خوێنه‌ری باش خاوه‌نی هه‌موو ئه‌م خاڵه‌كڵێشه‌سازییانه‌ی (نابۆكۆف)یش بێت، به‌ڵام كه گومان و دوو دڵی نه‌بوو له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر تێكستێك و به دوای ورده‌كارییه دژ به یه‌كه‌كانی ناو هه‌ر تێكستێكدا نه‌گه‌ڕێت و له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر تێكستێكه‌وه پرسیاری گه‌وره‌تری بۆ درووست نه‌بوو و ئه‌و تێكسته نه‌یخسته سه‌ر شاڕێی پرسیاری گه‌وره تره‌وه، ناشێت وه‌ك (خوێنه‌ره‌وه)یه‌كی باش سه‌یری بكه‌ین، به‌ڵام له كاتێكدا ئه‌مه‌ش راسته، كه ئه‌و تێكسته‌ی ده‌یخوێنێته‌وه، تێكستێك بێت له‌گه‌ڵ خۆیدا پرسیاری گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتبێت و به زۆریش بێت بیئاخنێت به گوێی خوێنه‌ره‌كه‌دا.
به بڕوای من ئه‌م حاڵه‌ته له نووسینی كوردیدا نه‌یتوانیووه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو خۆی بسه‌پێنێت، راسته هه‌ندێك هه‌وڵ ده‌بینرێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م هه‌وڵانه‌ش نابنه وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی ئێمه، كه ده‌ڵێت (ئایا نووسینی كوردی، توانیوویه‌تی پرسیاری گه‌وره لای خوێنه‌ر درووست بكات؟).
ئیتر لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه هه‌رچه‌ند خه‌سڵه‌تی دیاریش هه‌بن بۆ ناسینه‌وه‌ی خوێنه‌ری (خوێنه‌ره‌وه)، به‌ڵام ده‌ستنیشانكردنی كڵێشه‌سازی بۆ ناساندنی خوێنه‌ر، یه‌كێكه له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كان، كه تا راده‌یه‌كی زۆر بنه‌ما له نه‌زانینێكی په‌رده‌پۆشكراوه‌وه وه‌رده‌گرێت و كه‌م تا زۆر نووسیارانی كوردیش به هه‌مان چه‌شنی (نابۆكۆف) كه‌وتوونه‌ته ناو ئه‌م كڵێشه‌سازییه‌وه.
به بڕوای من ئه‌م وه‌ڵامه‌ی ئێمه كه تاراده‌یه‌ك وه‌ڵامێكه بۆ هه‌بوون و نه‌بوونی خوێنه‌ر، ناچارمان ده‌كات پرسیارێكی جددیتریش بكه‌ین له باره‌ی نووسیارانه‌وه، چونكه چۆن نووسیاران ماف به خۆیان ده‌ده‌ن، كه باس له نه‌بوونی خوێنه‌ر بكه‌ن و خۆیشیان به سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نه‌بوونیه نه‌زانن، خوێنه‌ریش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ندێك پرسیار له نووسیاران بكات.
واته ئه‌گه‌ر نووسیاران پرسیار له باره‌ی بوون و نه‌بوونی خوێنه‌ر بكه‌ن و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه مه‌حكوممان بكه‌ن به بڕوایه‌كی كۆنكرێتی كه خوێنه‌رانێك نین، كه‌شفی كۆده‌كانی نووسین بكه‌ن (ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌حكومكردنه‌ش تا راده‌یه‌ك راست بن)، به‌ڵام ده‌بێت ئێمه‌ش وه‌ك خوێنه‌ر پرسیار له باره‌ی بوون و نه‌بوونی نووسیاره‌وه بكه‌ین، ئایا نووسیارگه‌لێكی راسته‌قینه هه‌ن، كه بتوانن وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئێمه بده‌نه‌وه وه‌ك خوێنه‌ر، ئایا نووسیارگه‌لێك هه‌ن، خه‌ریكی ئه‌و خۆكووژییه له‌سه‌رخۆیه بن كه دواجار نووسین پێیان ده‌به‌خشێت؟
(یان ئایا نووسیارانی ئێمه، له مانای ئه‌م خۆكوژییه له‌سه‌رخۆیه تێگه‌شتوون، كه له رێگه‌ی نووسینه‌وه ناچارن پێی بگه‌ن، یان وه‌ك كارخانه‌یه‌كی رزیو ته‌نها نووسینێك به‌رهه‌م ده‌هێنن، كه به ته‌واوی قوڵبوونه‌وه و ووردبوونه‌وه و پرسیار له‌لای خوێنه‌ر ده‌كوژێت؟) ئه‌م وه‌ڵامه‌ش لێده‌گه‌ڕێم بۆ نووسیاران.
به دیوێكی تردا ئه‌گه‌ر پرسیار له باره‌ی نووسین و تێكستی كوردییه‌وه بكه‌ین، وه‌ك یه‌كێك له پرسیاره جددی و پێویسته‌كانی رۆژگاری ئه‌مڕۆمان، ئایا ده‌توانین نووسیاران مه‌حكومی وه‌ڵامی ئه‌و ئه‌و پرسیاره بكه‌ین، كه نووسین به‌تایبه‌ت له‌م دواییانه‌دا چی به‌رهه‌مهێناوه و به‌ره‌نجامی ئه‌و به‌رهه‌مانه چین، واته چ كاریگه‌رییه‌كیان به‌سه‌ر تاك و دواتر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه به‌جێهێشتووه؟
ئایا كاریگه‌رییه‌كانییان ئه‌رێنی بووه یان نه‌رێنی؟
ئایا نووسیاران توانیویانه له رێگه‌ی تێكسته‌كانییانه‌وه، خوێنه‌ر بخه‌نه سه‌ر شاڕێیه‌ك به‌ره‌و بیركردنه‌وه و درووستكردنی پرسیار و گومان، تا له‌و رێگه‌یه‌وه خوێنه‌ر بتوانێت كه‌شفی ئه‌و كۆدانه بكات، كه له تێكسته‌كاندا هه‌ن، به‌وه‌ش ئه‌و مه‌حكومكردنانه‌مان له كۆڵ ده‌بنه‌وه، كه هه‌میشه له‌سه‌ر زاری نووسیارانه و به‌و هۆیه‌شه‌وه خۆیان له زۆر پرسیار و بابه‌تی گرنگ دزیوه‌ته‌وه، یان دیسانه‌وه له رێگه‌ی نووسینه‌وه خوێنه‌رگه‌لێكی بێگومانییان درووست كردووه و ئه‌و بێگومانییه‌ش وای لێكردوون، توانای كه‌شفكردنی كۆدی نووسینه جددیه‌كانییان نه‌بێت، پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئایا نووسیاران خۆیان هۆكاری پاسیڤ بوونی خوێنه‌ر نین؟
(سارته‌ر) زه‌مانێكی ده‌ره‌ئێستا، نووسینی مه‌حكوم كرد به‌وه‌ی، كه ئامانجی هه‌بێت و بزانرێت روو له كێ ده‌كات و بۆچی ده‌نووسرێت، به‌وه‌ش ده‌روازه‌یه‌كی كرده‌وه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی نووسینی باش له نووسینی خراپ، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ی نووسیارانی كورد، له یه‌ككاتدا خاوه‌نی دوو جۆر تێگه‌شتنن له هه‌ر باسێك كه ده‌ویانه‌وێت له‌سه‌ری بدوێن، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت: ئه‌م ئیزدیواجییه‌ته گه‌وره‌یه‌ی كه شێواوی سایكۆلۆجیای نووسیاران نیشان ده‌دات، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌بێت گومانمان هه‌بێت له بوونی نووسیاری راسته‌قینه.
ده‌كارێ ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه (سارته‌ر) بۆ نووسین دایناون (به تكاوه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر كتێبی :ئه‌ده‌ب چییه:ی سارته‌ر)، به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی كورددا، ئه‌وكات تێده‌گه‌ین نووسینی كوردی له ناو چ ته‌نگه‌به‌رییه‌كدا گیری خواردووه، كه له یه‌ككاتدا گیرۆده‌ی ده‌ره‌كاتیه و هه‌روه‌ها ده‌ره‌فیكر و ده‌ره تێگه‌شتنێكی قوڵه، له باره‌ی خودی نووسین خۆیشییه‌وه.
(ئایا نووسین چی به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت؟) من ئه‌گه‌ر وه‌ك خوێنه‌رێك له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا باس له نووسین بكه‌م و بڕوای خۆم له‌سه‌ر نووسین بنووسمه‌وه و تا راده‌یه‌كیش ناچارم ئه‌و راستییه بڵێم، كه زۆربه‌ی نووسینه‌كانی رۆژگاری ئه‌مڕۆی كورد، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه تاڵه‌ن، ئه‌و راستیه‌ی كه پێمان ده‌ڵێت: به‌شێكی زۆری ئه‌و نووسیانه هه‌ڵگری جه‌هلن، جه‌هلێك كه ئاماژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێیه بۆ ناسینه‌وه‌ی مێشك به‌تاڵی و زار قه‌ره‌باڵغی به‌شێكی زۆری ئه‌و نووسیارانه، كه رۆژانه به هه‌زاران وشه ده‌نووسن و هه‌زاران قسان ده‌كه‌ن، هاوكات له ناو كۆڕ و سیمناره‌كانیشدا، به ناوی ره‌خنه و خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كانه‌وه، هه‌زاران هه‌زار قسه‌ی بێ‌مانا فڕێ ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له خۆیان بپرسن: ئه‌رێ كاریگه‌ری ئه‌م قسه فڕێدانه چیه؟
بۆیه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ پرساری (ئایا نووسین چی به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت) ناچارم بڵێم نووسین ئه‌گه‌ر تێگه‌شتنی نوێی پێنه‌بێت و مرۆڤ نه‌خاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌ڕان به دوای هه‌قیقه‌تدا، هه‌روه‌ها نووسین ئه‌گه‌ر نه‌توانێت مرۆڤ مه‌حكومی گۆڕینی ئه‌و تێگه‌شتنه ته‌قلیدییانه بكات، كه له باره‌ی چه‌مكگه‌لی وه‌ك (بوون و مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه و ئاین و سیاسه‌ت) له لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه كۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه مرۆڤ به شته‌كانی تری وه‌ك (خودا و سرووشت و ده‌وروبه‌ر و تێكڕای ئه‌و بوون و كۆمه‌ڵانه‌ی كه له ناو ژیان و كۆمه‌ڵگه‌كاندا بوونیان هه‌یه) نه‌خاته‌وه به‌رده‌م تاقیكاری و ره‌خنه‌كارییه‌وه، یان ده‌سته‌وپه‌نجه‌ی خوێنه‌ر نه‌رم نه‌كات له‌گه‌ڵ (دنیابینی نوێ و ئاراسته‌ی نوێ كه شایسته‌ی رامان و درووستكردنی پرسیاری جددی بن)، ئه‌و نووسینه هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه به مردووی له دایك بووه و ناكارێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێبكرێت، كه خوێنه‌ری جددی له ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه، یان به دیوێكی تردا، نووسینی تر له ناو خۆیدا به‌رهه‌م بهێنێته‌وه، (كه‌م تا زۆر ئه‌م خه‌مه‌م له ناو نووسینی كۆمه‌ڵێك نووسیاری كورددا بینیوه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌یانتوانیووه له‌م بابه‌ته قوڵ ببنه‌وه و هۆكاره‌كانی دیاری بكه‌ن).
تۆ سه‌یركه له دنیای كوردیدا، رۆژانه هه‌زاران نووسین له هه‌موو بواره‌كاندا و به ناونیشانی قه‌به‌وه به‌رهه‌م دێت،
به‌ڵام دواجار جگه له درووستكردنی سه‌رلێشێواوی و درووستكردنی زه‌مه‌نێك كه نووسین تێیدا به‌ها له ده‌ست ده‌دات، جگه له درووستكردنی پۆچێتییه‌ك كه به‌ها بۆ هیچ شتێك دانانێت و ره‌واج له هه‌موو شته به ره‌واجه‌كان ده‌سه‌نێته‌وه، هیچ كاریگه‌رییه‌كی تر به‌جێناهێڵن.
ده‌كارێ دیسانه‌وه ئێمه وه‌ك خوێنه‌ر پرسیاری جددی رووبه‌ڕووی نووسیاران (ئه‌گه‌ر هه‌بن) بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین كه ئایا كێ به‌رپرسیاره له‌م دۆخه، نه‌بوونی خوێنه‌ر یان نه‌بوونی نووسیاری راسته‌قینه؟
ئایا نووسیارانی ئێمه، ئه‌و جورئه‌ته‌یان هه‌یه دان به‌وه‌دا بنێن، كه له‌م دواییانه‌دا، جگه له شكست چی تریان داهێنا، ئه‌وان به‌رهه‌مهێنه‌ری بن؟
(به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێت پرسین شكستهێنان له چی؟)، شكست له به‌رهه‌مهێنانی فیكری نوێ و پرسیاری نوێ و گومانی گه‌وره تر له‌لای خوێنه‌ری كورد، شكست به‌و مانایه‌ی، ئه‌وان له‌م دواییانه‌دا، چی‌یان به‌رهه‌مهێنا جگه له جووینه‌وه‌ی رابردوو و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو جنێو و بێحورمه‌تییانه‌ی له فرۆمی جۆراوجۆردا كه ده‌رهه‌ق به خوێنه‌رییان كردووه، دواجار هه‌موو ئه‌و بێحورمه‌تییانه‌ی ئه‌وان به‌رهه‌مییانهێناوه و جێگه‌ی پرسیاری گه‌وره‌یان گرتۆته‌وه و به زۆر ده‌ئاخنرێنه گوێی خوێنه‌ر، بۆ كوشتنی پرسیاره گه‌وره‌كانی خوێنه‌ره، چونكه هه‌میشه چاوه‌ڕوانی درووستبوونی پرسیاری گه‌وره له خوێنه‌ر ده‌كرێت، ئه‌م هه‌وڵه‌ش بۆ كوشتنی پرسیاره‌كان ته‌نها و ته‌نها بۆ درووستكردنی دۆخێكی سایكۆلۆجییه، تا خوێنه‌ر نه‌توانێت رامان له‌و نووسینانه بكات، كه ئه‌و رامانه بێتوانایی نووسیارانیان وه‌ك پیازێكی پاك كرا‌و (ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه درووست بێت) ده‌خاته به‌ر ده‌ست.
(له‌م دواییانه‌دا نووسیاران جگه له جنێوی نوێ توانیویانه چی تر به‌رهه‌م بهێنن؟) ئه‌م جنێوانه‌ش ده‌روازه‌یان كردۆته‌وه به‌ره‌و درووستبوونی پۆچێتییه‌كی كوشنده، بۆیه له زه‌مانی ئێستادا، راسیتییه‌كی تاڵ خۆی ده‌هێنێته‌وه پێشه‌وه و ئێمه‌ش ده‌بێت قبوڵی بكه‌ین، ئه‌و راستییه‌ی كه خوێنه‌رێكی جدییمان ده‌ست ناكه‌وێت تا په‌ی به‌و هه‌موو بێكه‌ره‌سته‌یی و بێتوانییانه‌ی نووسیارانییان به‌رن و ئیتر ئه‌و وه‌همه گه‌وره‌ی كه بۆ نووسیارانییان چێ كردووه، فڕێی بده‌نه لاوه و پێیانبڵێن، ئێوه توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی ئێمه‌تان نیه، ئه‌م راستییه تاڵه‌ش پێمانده‌ڵێت: له‌كاتێكدا خوێنه‌رێكی راسته‌قینه‌مان نیه كه پرسیاری له باره‌ی نووسیار و تێكسته‌كانه‌وه بۆ درووست بووبێت، له هه‌مانكاتیشدا نووسیارێكی راسته‌قینه‌شمان ده‌ست ده‌سناكه‌وێت كه پرسیاری جددی و گه‌وره لای خوێنه‌ران درووست بكات، بۆیه ئه‌م زه‌مه‌نه زه‌مه‌نی كوشتنی پرسیاره.