Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

زۆر منداڵانه‌….. به‌رزان هه‌ستیار

Be First!
by February 23, 2012 ئەدەب

        -1-

وه‌کو ده‌فته‌ری ماتماتیک
‌ به‌ خواروخێچیی لێت ئه‌نووسم،…..
                        ئه‌گه‌ر هێنده‌ فه‌رامۆشمکه‌یت
        —–
به‌قه‌ده‌ر پێڵاوه‌ تازه‌کانم خۆشم ئه‌وێیت
        —–
 له‌ یه‌که‌م به‌یانیی جه‌ژن زووتر وه‌ئاگا دێم …..
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بیرت لێ بکه‌مه‌وه‌
        —–
وه‌ک جووجه‌ڵه‌که‌م، که‌ مردیت
            هه‌ر به‌ جله‌وه‌ ئه‌تنێژم
        —–
حه‌ز له‌ کچه‌ دراوسێکه‌مان ئه‌که‌م و
پێی ئه‌ڵێم ،….
که‌ره‌گیان لای که‌س قسه‌ مه‌که‌!!   
        —–   
ده‌ست ئه‌نێم به‌ جه‌ڕه‌سی ده‌رگاکه‌تانا و هه‌ڵدێم،……
                که‌ بزانم به‌ پشکۆی هیچ خه‌ونێکی خۆت نامته‌زێنیت!        
                —–
له‌ دووره‌وه‌ جانتاکه‌م فڕێ ئه‌ده‌م و
نامه‌یه‌کم له‌سه‌ره‌ بۆ تۆ؛….
 شه‌و ئه‌ینووسم
        —–
 تۆ، زۆپای حه‌کایه‌تم بۆ هه‌ڵئه‌که‌یت و
منی قسه‌ زلیش……
 به‌ده‌م خۆ گه‌رم کردنه‌وه‌وه‌ ئه‌ڵێم :
منداڵییم له‌ پیرییم خۆڵاوییتر بووه‌
        —–
بنێشتێکی‌ سه‌هم ئه‌ده‌مه‌ ده‌نکه‌که‌م ؛
ئێواره‌ که‌ ئه‌ڕۆمه‌وه‌،…
پاره‌که‌م نوقسانه‌، وای!!!
        —–
به‌ دزییه‌وه‌ جگه‌ره‌ ئه‌کێشم و
            له‌ ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌کان ئه‌نووسم، ئاخ کچه‌که….!
        —–
ئاو بۆ میوانه‌کان ئه‌گێڕم،
            له‌تاو تۆ، پیاوه‌کان ئه‌په‌ڕێنم
         —–
به‌ قرچه‌ی نیوه‌ڕۆ، شاره‌ زه‌رده‌واڵه‌ ئه‌ورووژێنم،….
                    زه‌ر‌ده‌واڵه‌ی ئارامبه‌خشی خۆشه‌ویستییت !

             -2-

له‌ قووڕاوه‌که‌ ئه‌ده‌م، تاکێک جزمه‌م جێئه‌مێنێت و
پڕ به‌ کۆڵانیش گۆرانیی “چه‌ند شیرینه‌ لام”، ئه‌ڵێم !!!
        —–
ده‌غیله‌یه‌کی بچکۆله‌ دروست ئه‌که‌م ،….
 ناشهێڵم تا ئه‌به‌د پڕ بێت له‌ هیچ
        —–
به‌ دارلاستیکێکه‌وه ؛
‌         له‌ مه‌جلیسی پیاواندا ،گڵۆپی “سوڵح ” هه‌ڵئه‌که‌م !!
        —–
جووتێک پێڵاوی تاکه‌وتاک ؛
یه‌کێکیان، بزماره‌ درێژه‌کانی جه‌نگ و
                    ئه‌وی تریان….
ئه‌مباته‌وه‌ سه‌ر شه‌وه‌ ڕۆشنه‌کانی به‌رات
        —–           
ئه‌چمه‌ سینه‌ما، فلیمێکی ڕووت..ڕووت ، خۆش..خۆش
            که‌ بۆم گێڕانه‌وه‌ پڕی ئه‌که‌م له‌ شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ !!!
        —–
به‌ دیار فڕینه‌کانی “میکی ماوس”ه‌وه‌،….
 بێ ئاگا ، په‌لکه‌ ڕزیوه‌کانی سیاسه‌ت له‌ ته‌نیشتم به‌ر ئه‌بنه‌وه‌
        —–                                       
به‌ سواری پاسکیلێکی کرێوه،…..
 “ئێستا” ئه‌که‌م به‌ ژێره‌وه‌!

                       
                        کانوونی دووه‌م و شوباتی 2012
                        ئه‌ڵمانیا/ کۆلن
bhastiar@yahoo.de

Previous
Next

Leave a Reply