Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

زۆر گورجی مه‌كه‌ن با نه‌پسێ‌!

Be First!

زۆر گورجی مه‌كه‌ن با نه‌پسێ‌!
"هه‌موومان وه‌ك مانگ لاڕووێكی تاریكمان هه‌یه‌"
گوته‌یه‌كی به‌سوود
محه‌مه‌دی مشیر

چه‌ندی له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیكتر ده‌بینه‌وه‌ شه‌ڕی (رانه‌گه‌یه‌ندراوی) راگه‌یاندنه‌كان به‌جۆشتر و گه‌رمتر ده‌بێت. به‌ناوی خۆێندنه‌وه‌و شرۆڤه‌كردنی هزری ئه‌ویتری جیاواز، هه‌ندێ‌ لایه‌ن هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ شه‌رعیه‌ت به‌ خۆیان ده‌ده‌ن ئاگری ئه‌م شه‌ڕه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌جۆشتر بكه‌ن و جیافیكره‌كان – وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێ‌ – نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن بخوێننه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ده‌كرا ئه‌م خوێندنه‌وه‌ و شرۆڤه‌كردنه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌ژده‌ ساڵه‌ی رابردوودا، له‌ میانی كۆڕ و مێزگرد و دیالۆگی كراوه‌، ئازادانه‌تر و به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه‌ و دوور له‌ هه‌ڵچوون و داچوون له‌سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌ به‌رده‌سته‌كانی میدیا ئه‌نجامدرایه‌ و ئاكامی زۆر مه‌سه‌له‌ش بۆ ئێستا روونتر و گه‌شتر ده‌بوو، هاووڵاتیانیش ده‌یانزانی له‌ وڵاته‌كه‌یاندا چ باسه‌.
ئه‌م شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌م (شه‌ڕه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌) و له‌م كات و ساته‌دا هه‌ڵبه‌ت هۆكاری جیاجۆری خۆی هه‌یه‌ و جۆرێكه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شه‌رعیه‌تێكی كۆن و سواوه‌ی ساڵانی رابردوو كه‌ زیانێكی مه‌زنی به‌ ئه‌زموونه‌كه‌ گه‌یاند و بووینه‌ بنیشته‌ خۆشكه‌ی بنزاری سه‌رجه‌م دۆست و نه‌یاران.
ئه‌لدۆس هیكسلی ده‌ڵێ‌ :" گرنگترین شت له‌ وانه‌كانی مێژوو، كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ بایه‌خی زۆری پێناده‌ین ، خودی وانه‌كانی مێژوون". مێژووی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئێستای كوردستانی ئێمه‌ تازه‌یه‌ و هێنده‌ كۆن نییه‌ تا په‌ند و وانه‌ له‌ رووداوه‌كانی ساڵانی پێشتری وه‌رنه‌گرین، مه‌گه‌ر  ئێستاكه‌ش بمانه‌وێ‌  (وه‌كو مێژووی دێرینمان)  به‌  هیكسلی بڵێین خه‌مت نه‌بێت ئه‌مجاره‌شیان ئێمه‌ دروستی قسه‌كه‌ت ده‌سه‌لمێنین، ئه‌گینا ئه‌م شه‌ڕه‌ هیچ پاساوێكی بۆ نییه‌ و ناشچێته‌ بواری ره‌خنه‌ی زانستی له‌ هزری به‌رامبه‌ر و پڕوپاگه‌نده‌كردنی ره‌واو دروست بۆ فیكر و سیاسه‌ته‌كانی حزبه‌كه‌ی خۆت.
هه‌ر حزب و لایه‌نێكی سیاسی ئازاده‌ له‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و رێساكانی هه‌ڵبژاردندا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كێدا بكات و له‌ گه‌ڵ چ لایه‌ن و حزبێكیشدا نه‌یكات، هه‌رخۆیشی ته‌حه‌ممولی ده‌ره‌نجامه‌ باش و خراپه‌كانی ده‌كات. كه‌واته‌ هاوپه‌یمانێتی – وه‌ك هه‌مووان ده‌یزانن – هه‌میشه‌ تاكتیكێكی سیاسیی بووه‌و ئامانجێكی قۆناغه‌كیی دیاریكراویشی هه‌بووه‌، ئیدی مه‌رج نییه‌ ئامانج و به‌رنامه‌ی كاری دواتری هه‌موو هاوپه‌یمانه‌كان دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كتومت یه‌ك بێت. ده‌شێ‌ بڵێین پێویسته‌ به‌ پێی رێسای " مه‌ڕ به‌پێی خۆیی و بزنیش به‌ پێی خۆی" قه‌بوڵی هاوپه‌یمانه‌تی و ده‌ره‌نجامه‌كانی بكه‌ین، ئیدی بۆ ده‌بێ‌ من دڵگران بم و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ئاڵای شه‌ڕێكی بێهوده‌ و زیانمه‌ند هه‌ڵكه‌م و تووشی هه‌ناسه‌سواری‌ ببم.
ئه‌وه‌ی پێویسته‌ كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن و دوای هه‌ڵبژاردنیش پابه‌ندكاری بن، خزمه‌تی زیادتر گه‌یاندنه‌ به‌ هاووڵاتیانی كوردستان و چه‌ندباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ كوشنده‌كانی پێشتره‌. ده‌شێ‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستاش دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوازێكی زانستییانه‌ و دوور له‌ توندزمانی تیۆریزه‌ی بۆ بكرێ‌ و لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنیش كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست ( تاك لایه‌ن بێت یان هاوپه‌یمانی) پانتاییه‌كی فراوانتر و ئازادانه‌تر بۆ ئه‌م  تیۆریزه‌كردنه‌ ته‌رخان بكات، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا وه‌ك پۆناپرت گوته‌نی هه‌مووان پێویستیمان به‌ " سه‌رێكی مه‌زن و زمانێكی كورت " هه‌یه‌.

 

Previous
Next

Leave a Reply