Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

زیاتر لە ٥٠ بەرکەوتوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە ژیانیان لە مەترسیدایە

Be First!
by November 11, 2013 جینۆساید

 

 

 

نامەیەک بۆ ڕای گشتی

(زیاتر لە ٥٠ بەرکەوتوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە ژیانیان لە مەترسیدایە)

کامیل عەبدولقادر وتەبێژی فەرمیی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند: لە کۆی (١٧١) بەرکەوتوی چەکی کیمیایی (٥٠) بەرکەوتویان ژیانیان لە مەترسیدایە، سەرچاوەی هەواڵ بڕواننە ماڵپەڕی (ئاوێنە) ڕێکەوتی ٢١/١٠/٢٠١٣.

دکتۆر (ڕێباز فەتاح) سەرۆکی لیژنەی تەندروستی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە بەشێکی ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات  کە لە هەڵەبجە لە (١٠٠٠) منداڵ (١١٦.٣) یان لەبار دەچێت و (٢٧،١) یان پێش لە دایکبون دەمرن و (٣٤.١) یان ناتەواون، سەرچاوەی هەواڵی بڕواننە ماڵپەڕی (سبەی) ڕێکەوتی ٢٢/١٠/٢٠١٣.

تێکڕای خەرجی چارەسەر کردنی نەخۆشی (کیومەرس حسێن) لەلایەن (مەلا یاسین) خاوەنی گروپی (کۆمپانیای بەڕێز) لە ئەستۆ دەگیرێت و ناوبراو بۆ چارەسەر دەنێرێتە دەوەوەی وڵات، سەرچاوەی هەواڵ بڕواننە ماڵپەڕی (ئاوێنە) ڕێکەوتی ٢١/١٠/٢٠١٣.

بۆ ئەوەی بتوانرێت بەها ئینسانیەکانی هەر کۆمەڵگا و سیستەمێک پێوانە بکرێت، ژیان و تەندروستی تاکەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت بۆ پێناسەی ئەو کۆمەڵگایە و سیستەمی بەڕێوەبردنەکەی، لە هەر کۆمەڵگایەکدا ژیان و مانەوەی فیزیکی و مەعنەوی ئینسانەکان لەبەردەم لافاوی مەرگ ، هەڕەشەی بەردەوامی  تەندروستییەکی ترسناک ڕابگیرێت، لەو کۆمەڵگایەدا هەموو پانتای و بەهاکانی تر ناتوانن بەرجەستەی مافێکی کۆمەڵایەتی  و سەرەتایی بکەن بۆ ئینسانەکان. 

کاتێک ئینسان هەناسە و لێدانی دڵی و وەک تاڵە دەزویەک بەسرابێتەوە بە بەرپرسیاریەتی دەسەڵاتدارانەوە، کاتێک ژیان و تەندروستی ئینسانەکان ببێتە قوربانی بازرگانی و گەندەڵی سیستەم و نەبونی هوشیاری کۆمەڵایەتی، ئیتر ئەو کۆمەڵگایە وەک یەکەیەکی پێکەوە گرێدراو، مافی ئینسان و مافی بەردەوامی ژیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئەگەر (هەڵەبجە) وەک جوگرافیایەکی پڕ لە تراژیدیای دوای کیمیاباران و سوتماک بکەینە نمونەیەک و سەیری بکەین، ئەگەر خەڵکی ئەم شارە وەک ئەو بونەوەرانە سەیر بکرێن کە بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژ کراون، ئەگەر کاریگەری و دەرهاویشتە (تەندروستی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی،ئابوری)یەکانی خەڵکێک بەو جۆرە سەیر بکرێت کە لە (٦) ساڵدا تەنانەت نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی تەواو نەکرێت، ئیتر ئەبێت پێوەر بۆ ژیان و حورمەتی ئینسان چی بێت؟، بەڵام بەپێچەوانەوەو لە کەمترین ماوەدا کە زۆر جار ڕیکۆردیش ئەشکێنێت، بارەگای حیزب، کۆمپانیا، بیری نەوتەکان تەواو دەبن.

لە هەڵەبجە نەک ئێستای ئینسانەکان و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە نێوان بەرداشی مردن و ژیاندا ڕاگیراون، بەڵکو نەوەیەک کە بڕیارە داهاتوو دروست بکەن، بەئیفلیجی لەدایک دەبن و دەیان جۆر نەخۆشی سەرسورهێنەر چاوەڕێیان دەکات، سەدان کۆرپەلە سکی دایکیان بۆتە گۆڕستان بۆیان، تەنها لەبەر ئەوەی بڕیارە لە جێگایەک لەدایکبن کە بەعس کیمیابارانی کردون، بڕیارە لە وڵاتێکدا یەکەم هەناسە هەڵمژن کە دەسەڵاتەکەی  لەبەر هەژاری و نەبوونی بودجەیان نیە بۆ چارەسەی دایک و باوکیان خەرجی بکەن، تاکو ئەوان چاویان بە دنیا بکەوێت، ئای لەم دەسەڵاتە!!!!!.

ئەگەر ئەم ئامار و زەنگە ترسناکانەی سەر ژیانی خەڵکی هەڵەبجە و کوردستان دەسەڵات و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕانەچڵەکێنێت،ئەگەر چاوچنۆکی و گیرفانی قوڵی ئەم دەسەڵاتە بەهیچ ئامار و ژمارەیەک تێر و پڕ نابێت، ئینسانی و چارەنوسسازە کە کۆمەڵگا بە هەستیاریەکی زیاترەوە لەم هەواڵانە ڕابمێنێت و هەروا بە ئاسانی گوزەر نەکات، دەبوایە ئەم هەواڵە سەرتاپای کۆمەڵگای بەهەژاندایە، بەڕاست ئێمە چاوەڕێی مەرگی زیاتر لە (٥٠) ئینسان ئەکەین لە هەڵەبجە!!!!!!.

لە کۆمەڵگایەکدا ژیان و تەندروستی ئینسانەکان پارێزراو نەبن و هێڵی سوری نێوان مردن و ژیان نەبێت، دەسەڵاتێک بەرمیلێ نەوتی لە لەدایک بوونی کۆرپەیەکی ساغ و تەندروست بۆ گرنگتر بێت، لەم هاوکێشەدا ئەگەر مافی ئینسانیبون و ژیان و تەندروستی نەگەڕێتەوە بۆ تاکەکان، تەواوی هەوڵەکان بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستان دەمانخاتەوە سەر سکەی ئەو بازنەیەی کە لە کۆتاییدا دەمانهێنێتەوە بۆ سەرەتا، ئێمە ئەبێت ببینە خاوەنی کۆمەڵگایەک کە ئینسانی بوون بۆ هاوڵاتیانەکەی بگەڕێتەوە.

هەموو ئەو کار و چالاکیانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان و لەدەرەوە ئەنجام دەدەرێن، هەموو ئەو کەمپین و کۆڕ و سیمینارانەی بەڕێدەخرێن، تەواوی ئەو هێرش و دەست درێژیانەی کە دەکرێتە سەر تاک و مافەکانیان و دەنگ هەڵدەبڕێت لە بەرانبەریدا، جێگای دەست خۆشی و شانازیە، ئەگەر ئینسان لە کوردستان بەقەدەر نوکی دەرزیەک ماف و داواکاریەکانی پارێزراو بێت ئاکام و ڕۆڵی ئەم کار و چالاکیانەیە، بەڵام بەبڕوای من تەوای ئەو کارانە لەجێگایەکدا مانا پەیدا دەکات کە ئینسان وەک بونەوەرێک ژیانی پارێزراوبێت، مافی ژیان بکەوێتە پێش هەموو مافەکانەوە.

ئازادی کاتێک دەتوانێت هەستی پێ بکرێت کە ئینسان هەبێت، گەندەڵی کاتێک دەتوانرێت سەنگەری بەرانبەر بگیرێت کە ئینسان چەقی دیاردەکان بێت و بەروبومی عەدالەت بچنێتەوە، بەڵام ئەگەر چوارچێوەیەک ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی لە مەنگەنە دابێت، ئەگەر شێوازی کار و فەزای گشتی کۆمەڵگا بەئاڕاستەیەک بێت، تۆڕی چالاکیەکانمان ماسیە بچوکەکان بگرێت و ماسیە گەورەکان دەربازبن، ناتوانین بەو مەیدانە بگەین کە  ململانێ لەسەر ئازادی و خۆشەویستی و ئاسودەی ئینسانەکان لەنگەر دەگرێت.

 بێجگە گەڕانەوە بۆ بەئینسان، کردنەوەی ئینسان بەتاکی خاوەن ئیرادە و پێناسەو مافە سروشتیەکانی خۆی، بێجگە گێڕانەوەی شکۆ بۆ ئینسانەکان، کارەکانمان ناگاتە مەنزڵ و هیلاکمان دەکات و داهاتوی کار و ئەگەرەکانی چارەنوسمان دیاری نابێت.

من بانگەوازی ڕای گشتی کوردستان ئەکەم

هەواڵ و ئاماژەکانی مەرگی ئینسانە زیندووەکان لە هەر جێگایەکی کوردستان بەهەستیاری و بەرپرسیاریەتیەوە سەیر بکەین، چاوەڕوانی ئینسان بۆ مردن لە کاتێکدا دەکرێت نەمرێت تیرۆر و پاکتاوکردنێکی ئاشکرایە، کار کردن بۆ پاراستنی ژیانی ئینسانەکان دەرگایەکی گەورەمان بۆ ئاوەڵا ئەکات، تا بتوانین هەموو گۆشەکانی خەباتمان پر لە ئومید و هیوا بکەین، هیوادارم بۆ ئەم بەرپرسیاریەتیە مێژووییە، بۆ مافی ژیان، بزوتنەوەیەکی گەوەرەی ئینسانی و جەماوەری بەڕێبخەین.

 

 

هیدایەت مەلا عەلی

Hidayat_malaali@hotmail.com

 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply