Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
زەنگ ….  فەرهاد چۆمانی

زەنگ …. فەرهاد چۆمانی

Closed
by December 6, 2011 چیرۆک

نیوە رووت لە باوەشی پیاوەکەیدا راکشابوو، بە مەکرو جوڵەیەکی لێزانانەوە هەوڵی دەدا مەمکێکی بخاتە نێو لەپی دەستی چەپی پیاوە بە رووخسار شەکەتەکەیەوە، بەڵکە چنگی لێ بگرێت. جارجار بە ددانەکانی گازی لە لاقۆڵ و سکی پیاوەکەی دەگرت و هەستی بۆ کاردانەوەکانی رادەدێرا… ئەویش؛ سارد و سڕ نیگای بۆ خاڵێکی نادیاری ناو دونیای ئەودیوی پەنجەرەکە بڕیبوو. خالێکی چی! نیگای هەموو دونیای بەر نیگای پەنجەرەکەی دەکرد و پنتێکی تەماشای بۆ بینین و هەستکردن بە ”شنێ”ی جێنەکردبۆوە، چیتر زمانی جوڵە نیازی شنێ-ی نەدەگەیاند.. هەوڵیدا قسە بکات؛ سەیرێکی کرد؛ پیاوەکە خەو بردبوویەوە.

شنێ هیوابڕاوانە وازی لەو ئەتوارانەی هێنا، لەوەی دەکرد لەکاتی خۆ تلکردنەوە بۆ سەر جێگاکەی ئاهێکیش هەڵبکێشێت، لە تەک پیاوەکەی لەسەر گازەرای پشت راکشا و نیگای لەقوڵایی تاریکی شەو بڕی، وایدانا کە جێ نیگاکردنی پیاوەکەی سەرنج دەدات، بەڵام هیچ شتێکی نەبینی.. هیچ شتێک.
 سەخت بوو لەپاڵ دەنگی پرخەی پیاوەکە و گەرمی لەشی خۆی و زوڵمەتی شەودا خەوی لێبکەوێت، هەموو شەوان پێش خەوتنان بە پیاوەکەی دەگووتەوە کە؛ نە بەر لە ئەو بخەوێ، نە چرای سەر کۆمێدەکە خامۆش بکات، ئەگەرچی  پیاوەکە هەموو شەوێکیش ئەمەی بۆ دووبارە دەکرایەوە..

کوژانەوەی چرا و پرخەی دەنگی پیاوەکە ناچاریان دەکرد لە ناو تاریکیی ژوورەکە بچێتە دەرەوە، لەبێڵایی نهۆمی دووەمی ماڵەکەیان لەسەر کورسییە دارینەکە دادەنیشت و قاچەکانی دەخستنە سەر یەک، بە رووکەش سەیرێکی هەموو دەوروپشتی  خۆی دەکرد، بە سەرنجێکی وردەوە لەپەنجەرەی باڵەخانە سێ نهۆمییەکانی کۆڵان رادەما کە لەوەیان دەکرد دەیان چاوی بێدار بن و هاییان لەو خێسانە بێت کە شنێ شەوانە دەیاندات، وەکئەوەی سوسەی مەترسییەک بکات بەچواردەوری خۆیدا دەیڕوانی وبەدوای دڵنیایی خامۆشبوونی کۆڵاندا دەگەڕا؛ کە ئەستەم وەچنگی نەدەهێنا.

 شنێ بۆ تەماشاکردنی ئاسمانیش بەهەمان ترسەوە رادەما…

 دوای دڵنیابوون ئینجا دەچووەوە ناو خەیاڵەکانی خۆی، ئەو خەیاڵانەی لەبێهودەیی شەوی یەکەمی هاوسەرگیرییەوە شەوانە پەنای دەبوون و ئۆخژنی دڵیان دەدا. شنێ؛ خەیاڵچنترین ژنێک بوو کە دەشێ لەمشارەدا هەبێت، خەیاڵکردن لەو خەونانەی لە تەمەنی لاوییدا بووبوونە پەڵاش و وەدی نەهاتبوون و بەبا چووبوون، ئەو خەونانەی رۆژگارێک خامۆشبووبوون و ئێستا بە خەیاڵ پشکۆکانی فوو دەکردنەوە، ئەو خەونانەی گڕ دەدانەوە کە لە فەرامۆشی زەمەندا بووبوونە خاشاک..

دەیڕوانییە ئەو شەقامەی ماڵەکانی کردبوون بە دوو ریزی هاوشان، شەڵاڵ بووبوون لەتریفەی مانگەشەو، شەو خستبوونییە ژێر سیحری خامۆشی خۆی و لە بێدەنگییەکی سەرسامهێندا رۆچووبوون، پەنجەرەکانی وێنەدانەوەی مانگیان پەخشدەکردوە، یان رەنگبێت سەدان مانگ لەپەنجەرەکانەوە هەڵبێن. کۆڵانەکە درێژتر لە رۆژان بەرچاو دەبوو، لەوەدەچوو تا ئەوسەری دونیا درێژ بووبێتەوە، بەجۆرێک کە لە دووراییەکاندا دەبووە تاڵە دەزوویەکی پێچخواردوو.. چاوانی پڕ بووبوون لە رۆشنایی ئەو تریفەیەی دەڕژایە کۆڵان. بۆچی؟ خۆ لە ژوورەوە را سەرتاپای دونیا لە تاریکی رۆچووبوو؟!

 لەو سەر کۆڵانەوە، لەوپەڕی نەبوونەوە وەک جوانوویەکی سڕک و بزێو لە خەیاڵەکانی دەردەکەوت، کوڕێک کە لە دوورەوە لە لەتێکی مانگ دەچوو. شەو بۆنی زەمەن و ساڵگاری زووتری دەدا، کۆڵان دەچووەوە دواوە و دۆخی ئەو سەردەم، بەجۆرێک کە هەستی دەکرد گوێی لە دەنگی ئەو تولە سەگەیشە کە ئەو ساڵانە لەودیو شوشەی پەنجەرەکەیەوە تا درەنگان بە بەزەیی پێداهاتنەوەوە لێی رادەما، شیمانەی دەکرد خۆیشی چووبێتەوە تەمەنی بیست و یەک ساڵ و چواردە ساڵی تەمەنی لەشەوێکدا گەرابێتەوە دوا. هەوڵی دەدا دڵەخورپەی فەرامۆش بکات، ئەگەرچی سەختیش بوو، لەنێو راڕاییەکی لە نوێ تێڕژاوەدا وەکئەوەی بۆ هاتنی کەسێک بە ژوان بێت قژی رێکدەخستەوە و دەستەکانی لەسەر رانەکانی تێکەڵی یەک دەکردن و قنج دادەنیشت، لەوە دەچوو ئەو رۆژە بێت کە بۆ یەکەمجار کوڕەی ببینێت، ئەو رۆژەی بێشەرمانە پێی گوتبوو؛
«پێشتر یەکتریمان نەناسیوە؟ پێمناڵێی تۆم لەکوێ بینیوە؟!»
 بەشەرمێکەوە کە کەمجار لەسەر رووخساری پیاوان بینیویەتی وڵامی دابووەوە  کە نەیبینیوە؛
 «بۆچی نا، زۆریش ئاشنای بە رۆحم، ئەو کەسەی ساڵەهایە دونیات بە دوادا دەگەڕێم‌!»

وەک پەڕجوویەک دەهاتە سەربان و لەنێو تاریکیدا دەوەستا، بە نەرمە رەوت پێی دەنایە نێو ئەو رۆشناییەی لە میانی مانگەشەوەوە تیرێژی بەستبوو، شنێ دەتاسا، بەتەواوەتی هەمان کوڕ نەبوو، نیوەی لەشی وەک مۆمێک بێت و لەسووتاندا توابێتەوە داچۆڕابوو، سوتانێک نیوەی دەموچاو و جەستەی بە شێوەیەکی نەوازە شێواندبوو، بەڵام نیوەکەی تری هەمان ئەو کوڕە بوو کە ساڵەهابوو دونیای بە دوادا گەڕابوو.

« شنێ! شەوانێکە رووخسارم زیاتر و زووتر دەشێوێت و دادەچۆڕێم »

شنێ بێدەنگ دەبوو، بە هەستێکی خۆ بەتاوانبارزانییەوە لێیڕادەما و کەمێک پشتی کۆمدەکردەوە
« ئەو شەوانەی یادم ناکەی لەتەنگەبەری گۆڕەکەمدا لەحەژمەتان وەختە مێخی زەمین دەرکێشم !»

دیسانەوە شنێ هیچی نەدەوت، سەیری دەستەکانی خۆی دەکردن و پەنجەکانی بێ نیازانە تێکەڵ دەکردن و نینۆکی پەنجەکانی خۆی نەوازش دەکردن، بە چرپەیەکی شەرمنانەوە دەیگوت «رۆژانێکی سەخت دەگوزەرێنم؛ ئەو… » – ئاوڕی لە ژووری خەوتنی پیاوەکەی دەدایەوە-  ئیتر هەموو شتێک دەزانێت، دەزانێت ئەو شەوەی لەپێچیدەی کۆڵانی بەر ماڵی ئێمەدا کوژرایت منت لەگەڵدا بووە و لە دەمی ئاویلکەدانت پەنجەکانت لەناو پەنجەکانی مندا رەقهەڵاتوون، ئەوەش دەزانێت کە بە نیازی راکردن بەیەکەوە بووین.. راست بڵێم هەموو شتێک دەزانێت.. ئەوە دەزانێت کە من چۆن رامکردۆتەوە ماڵەوە و بە پێدزە دانەویمەتەوە و وامزانیوە خەوتوەو وا خۆم نواندووە وەک وەکئەوەی هیچ شتێک رووی نەدابێت و خۆم خزاندۆتەوە ژێر پەتووەکە و تا بەیانی دە هەنسکان رۆچوومە، ئەگەرچی ئێستا دوو ساڵ بەسەر کوشتنتدا تێپەڕیوە بەڵام ئەو لە تارماییشت سڵدەکاتەوە، من…»
« تۆ چی شنێ؟!»
« بۆ یادکردن لەتۆ دەبێ چاوەڕێی خەوتنی ئەو بم، درەنگەشەوان، یان لەبەری بەیانان خەیاڵچنی ئەو رۆژگارە بکەم تا تۆ بتوانی لە گۆڕەکەتدا بێیتە دەرەوە وبێیتەوە لام .. دەبێ هەموو دەمێ لەبیری تۆدا بم تاکو نەهێڵم بەتەواوی بتوێیتەوە..  سەختە زۆر سەخت»

کوڕە بێدەنگ دەبوو، دەستەکانی شنێ-ی نەوازش دەکرن و بە دەنگێکی نزیک لە چرپەکانی شنێ دەیگوت؛
« شنێ با وەڕێکەوین، بەر لە خۆر هەڵهاتن بگەینەوە گۆڕستان.. هەستە ئەوان چاولەڕێمانن.. شنێ وەرە…… بێرەدا، هێمنبە.. کێلۆنی دەرگاکە بەئەسپایی بادە…. »
«وسس…س»
  تا لەو ژوورەی پیاوەکە تێیدا خەوتبوو دەگەیشتنە لای دەرگای دووهەم کە ڕووەو پێپلیکەکانی چوونە خوارەوە بۆنهۆمی ژێریی دەکرایەوە بێدەنگ دەبوون، شنێ دەیڕوانییە سیمای پیاوەکە کە لەناو تاریکی رەهادا بەشێوەیەکی پەرجووئاسا دەیتوانی ئەدگاری هاوێر بکات. بەدەم خەوتنییەوە؛ خەنینەوەیەکی گاڵتەجاڕانەی لە سیمای پیاوەکەیدا هەستپێدەکرد، بەڵام بۆ ئەمە راڕایی و شڵەژاوی خۆی دەکردە پاساوی ئەم شیمانەیەی، دەچوونە خوارەوە.. ئەگەرچی لە شوشەی پەنجەرەی ژووری خەوتنەکەیانەوە- لەو شوێنەی کە لەسەر بانیژەکە دوو کورسی دانابوو- دیاربوو کە شنێ هێشتا لەسەر کورسییەکەی دانیشتووەو لە خەیاڵێکی قووڵ رۆچووە-.

 «بوەستە کلیلەکان.. کلیلەکان… بڕۆ دەرەوە، چاوێک بە کۆڵاندا بگێڕە نەکا کەسێک هەموو شتێک تێکبداتەوە»

« شنێ وەرە.. کۆڵان خاڵییە  تۆزی مردووانی بەسەردا بێژراوە.. پشیلەکانیش نقەیان نایە.. وەرە شنێ …»

دەنگی بادانی کلیلەکە لەناو کونی گاڵەداندا خورپەیان دەخستە دڵی شنێ، ئەو دەیزانی لەژێر باری چ خەیاڵێکی قوڵدایە، دەیزانی گێڕانەوەی زەمەن و هێنانەوە ژیان و ناوشاری ئەو هەموو مردووەی گۆڕستان، ئەو هەموو خەون و خولیا وەدینەهاتووانە چکارێکی نەکارە.. وڵامی خورپەکانی خۆی دەدایەوە « ئەمە لە ژینێک باشترە کە بەتەنها مانەوە بە زیندووی واتای ژیان بگەیەنێت»

**

ئەو شەقامەی لە بەردەرگای ماڵی شنێ-ێوە تا گۆڕستان درێژ دەبووەوە بەرووی سەدان کۆڵان دەکرایەوە. نا؛ کۆڵان نەبوون ساڵ بوون، ژیان و یادەوەری تەمەنێک بوون کە دەبوو ئێستا بەجۆرێکیتر ریزیان بکاتەوە، دەبوو شەوانە پێش بەئاراستەی گەورەبوونی ئەم کوچەساڵییانە بگرێت و بە خەیاڵ بەشێوەی تر و خوازراوتر بیانچنێتەوە..دەبوو نەهێڵێت چیتر لە کوچەساڵی خەیاڵەکانی ئەودا کوڕە بکوژرێت و بۆ راکردن دەربازێکیان نەبێت..نا ئەو ئیتر پێشی بە رووداوەکان دەگرت
لە خەیاڵە چنراوەکانی شنێ-دا  یەکەمجار دەگەیشتنە پێچیدەیی ئەو کۆڵانەی کوڕەی تێدا کوژرابوو، شنێ بە خەیاڵەکانی رەوتی زەمەن و رووداوەکانی دەگۆڕی، لە خەیاڵی ئەودا لەو شوێنەی تێیدا وەستابوون لە بکوژەکەوە دیار نەبوو کە لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمی یەکێک لە باڵەخانەکانی بەرامبەر ماڵی ئەوان لەبۆسەدابوو، پیاوەکەیشی لە پشت پەردەکەوە نەوەستابوو تاکو سەرنج بدات کەی دەگەنە ئەو شوێنەو و ئاماژە بۆ بکوژەکە بکات کە کوڕەکە بئەنگێوێت.
 ئەوان ئەرخەیان دەڕۆیشتن و تاریکی شەو پەنای دەدان، کوڕە رۆدەچووە ناو بەسەرهاتێکەوە.. هێندەی لەبیری شنێ مابێت کوڕەکە ساتی کوشتنی خۆی دەگێڕایەوە..هەمووجار وابوو هەر کە وەڕێدەکەوتن کوڕە چاوی لەهەنگاوەکانی خۆی دەکرد و بێبێن قسەیدەکرد.
 شنێ تارمایی ژنێکی عەباپۆشی لەیەکێک لە کۆڵانەکان بینی و لەبەرچاوانی ونبوو، کوڕەی بەجێهێشت و دوای تارمایی ژنەکە کەوت، کۆڵانەکە درێژ دەبۆوە و ژنەش دوورتر، هەناسە بڕکێی تێکەوتبوو، هاواری لەژنەکە دەکرد بەڵام نەیدەتوانی تائەوەی گوێبیستی دەنگی خۆیشی ببێت.. بەڵام ژنەکە وەکئەوەی گوێی لە دەنگی شنێ بووبێت و بە هاوارکردنەکەی تاسابێت وەستا.. شنێ دەگەیشتە لای و کەسی لەنێو عەباو چارشێوەکەدا نەدەبینی، لەوەی دەکرد بە تاریکی ئاخنرابێت، بەڵام دەنگی ژنێکی دەبیست کە دڵنیابوو لەتوێی پەچەی سەر دەموچاویەوە دەبیسترێ؛ بە کوردییەک قسەی دەکرد کە شنێ تێینەدەگەییشت، یان رەنگبێت لەبەر ئەو قرخەیە تێینەگەیشتبێت کە لەدەنگی دا هەبوو، دەستێک لە قۆڵی عەباکەوە مەچەکی شنێ-ی گرت، یان چ دەستێک لەئارادا نەبوو، هەر ئەوەی کە شنێ هەستیکرد بەرەو دەرگای خانوویەکی سێ نهۆمی  بەکێشکرا، بە پێپلیکانەیەکی ناڕێک و لەترەکدا سەری دەخست، بەهەمان دەنگی کرخەدارەوە دەیبڵماند، بەڵام شنێ لە هیچ شتێک تێنەدەگەیشت، ئاسودە خۆی دابووە دەستی تارمایی ناو عەبا رەشەکە، لە نهۆمی دووهەم پەلکێشیکردە ناو ژوورێک کە تاڕاددەیەک رۆشن دەینواند، تابووتێک لەناوەڕاستی ژوورکە دابوو، شنێ لەوێدا دەنگی کاتژمێرێکی زەنگداریشی دەبیست، عەباپۆشە بێروخسارەکە تەختەی سەر سندوقی تابووتەکەی لادا، شنێ ترسی بینینی لاشەی مردووێک خوێنی لەدەمارەکاندا وشککردبوو، بەڵام تابووتەکە هیچ لاشەیەکی تێدا نەبوو، شنێ بە تیلەی چاوی سەیری کرد کاتژمێرەکە لەناو تابووتەکەدایە، یان سەیری نەکرد؛ بەڵکو بەلادانی تەختی سەر تابووتەکە و زیادبوونی دەنگی زەنگەکە شیمانەی ئەوەی کرد کاتژمێرەکە لەوێدابێت، رایکرد و بە پلیکانەکاندا شۆڕبووەوە دەیبیست کە ژنەی نێوعەبا رەشەکە بانگی دەکات، بەڵێ ئەمجارە شنێ لە هەموو شتێکی حاڵی دەبوو « وەرە رامەکە کچێ! هێشتا نەمردووە.. وەرە » دەنگی تێکەڵ بە زەنگی جاڕسکەری کاتژمێرەکە دەبوو کە لەوەی دەکرد لەتاو ئەوەی خستویانەتە ناو تابووتەکە بزریکێنێت. شنێ کۆڵانە وکۆڵان رایدەکرد دەنگی ژنەی عەباپۆش چیتر نەدەهاتە گوێ، بەڵام دەنگی کاتژمێرە زەنگدارەکە هەروا دەبیسترا.. و دەبیسترا.
**
ماڵەوە بوو، شنێ چیتر دەنگی ژنەعەباپۆشە بێرووخسارەکەی نەدەبیست، بەڵام هێشتا سەری کاسبوو بە زەنگی کاتژمێرەکە کە لە تاریکەشەودا کۆڵانە و کۆڵان راوی دانا…
 دەنگی زەنگی کاتژمێری سەر کۆمێدەکە شنێی بۆ بێداربوونەوە لەچوارشەممەیەکیتر جاڕس کردبوو، دەنگی پیاوەکەیشی هەروا بێزارکەربوو کە روون نەبوو لەم بەیانییەدا چما دەستەپاچە بە دەوری شنێ دا دەخولێتەوە و چ هەرایەکە ناویەتیەوە، شنێ خەواڵو بوو یان دەبۆرژا نازانم! چاوەکانی بیناییان نەبوو ئەگەرچی  زەق زەق وایان دەنواند سەیری پیاوەکەی بکات. پیاوەکە پەشۆکابوو، تێلەفۆنی سەر کۆمێدەکەی دەنا بەگوێیەوە و  ژمارەیەکی گرت و بێ هەدا لە چاوەڕوانی وڵامدانەوەدا سەرەخورێی دەکرد…

شنێ هێشتا لە خەیاڵدابوو، هێشتا کۆڵانەوکۆڵان رایدەکرد، جارجارەش هۆشی دەهاتەوە و دەیبیست یەکێک لەوسەری تێلەفۆنەوە هەوڵدەدات پیاوەکەی ئەهوەن بکاتەوە تاکو بتوانێ لەناونیشانی ماڵەکەیان حاڵی ببێت، دەیبیست کابرای وڵامدەری تێلەفۆن دوپاتی دەکردەوە «بارەکە وەکخۆی بهێڵەوە تا ئێمە دەگەین، رێگەی سەرشێتبوونی نەدەی.. هاکا گەیشتین»
پیاوەکەی لەبەرامبەر چاوە زەقەکانی شنێ ئەژنۆی دەدا و وەکئەوەی لە کونی چاوی دەرگا رابمێنێ لێی دەهاتە پێشەو و لە چاوانیەوە رادەما، دەنگی ئاژێری ئامبولانسێک لە کۆڵانەکەوە دەهاتە بەرگوێ کە تا دەهات نزیکتر دەبۆوە.. ئیتر ژوورەکە چۆڵ و هەموو شتێکیش خامۆشدەبوو، بە تەنیا زەنگی کاتژمێرە زەنگدارەکەی سەر کۆمێدەکە نەبێت کە لەوە دەچوو لە تووڕەییدا هەڵبەزێتەوە.

شەو بوو، لەباخچەی نەخۆشخانە لەنێو چیمەنی نماوی ژێر مانگەشەو وەک پەیکەرێکی خوساو دانیشتبوو.. بڵێم کەوتبوو باشترە. پیاوەکەی لەتەنیشتیەوە پێوانی درێژی پەنجەکانی خۆی دەکرد.. یان لەوەی دەکرد وابکات. جارجارە ژنە نەخۆشێکی ترساو لەژێر چارەشێوێکی رەش وچڵکن بەلایاندا تێدەپەڕی وبەدەوریاندا بابەخولەی دەکرد، چەماوە و لارەڕەوت لە شنێ دەهاتە پێشەوە و لێی ورد دەبووەوە، وەکئەوی شێوەی بکات دەوەستا و تێدەفکری داخۆ لەکوێی بینیوە.. پێکەنینێکی شەیتانکردانە پێدەکەنی و بەدەم تریقانەوە دووردەکەوتەوە، تا لەچاوانیش وندەبوو ئاوڕی دەدایەوە.
دوای چەندساتێک پیاوەکەی دەبۆرژا و شنێ بێدار دەبووەوە، دیسانەوە کۆڵانەکانی ناو خەیاڵی ریز دەبوونەوە..
لەگۆڕستان بە کوڕە دەگەییشتەوە.. هێشتا دەیگێڕایەوە، بەسەرهاتەکەی گەیشتبووە ئەو شوێنەی کە دەبوو شەوانە مردووەکان بێگەڕێنەوە شار و سەرلەنوێ بەجۆرێکی دیکە ژیان ئەزموون بکەنەوە، ئاوڕی لە شنێ دەدایەوە و بەچاو سوپاس گوزاری گوێگرتنی دەکرد!

 **
سفیدەی بەیان پیاوەکە لەتوێی پەردەوە روانییە گۆڕەپانی بەردەم ماڵەکەیان و وەک ئەوەی لە ناخی خۆیدا لەگەڵ گریمانەیەک لە ململانێدابێت کەمێک بە گومانەوە لە ئاسمانی شار راما، بیری کاس بووبوو بەو واتەواتانەی لەکۆڵانەکەوە دەهاتە گوێ، هەستی دەکرد بەشێوەیەکی نائاسایی دەتوانێت هەموو دەنگەکانی کۆڵان ببیستێت، هەموویان باسیان لەو شەوە دەکرد؛«هەوای شار پڕبووبوو لە تارمایی .. قەسەم بە خوا من دوانم بینی»، «لە چێشتخانە بوون، لەوە دەچوو برسیان بێت.. من ئەم بەیانییە لە چێشتی ئەوانەم خوارد بڕواتان بێت وابوو». «خوا بمکوژێت.. هەندێکیان لەباوەشی ژناندا بینیوە، هەندێکیان هاتوونەتەوە و بەدیار وێنە و جل وبەرگی مردووی ماڵانەوە گریاون»..
 پیاوەکە تیزە بزەیەکی کرد و پاشان  لە ژوورەوە بۆ رادیۆکەی گەڕا، لەتەنیشت رەچەتەی دەواکان کە بەژوور سەری ژنەکەیەوە دانرابوو دۆزییەوە و هەڵیگرت، لەسەر زەوی دانیشت و رادیۆیەکەی  بەگوێیەوە نا، جار جار میلی رادیۆکەی بۆ دۆزینەوەی ئێزگەیەک با دەدا؛ ئەگەرچی دەشیزانی بەم بەیانییە زووە دەبێ میلەکە بۆ دۆزینەوەی ئێزەگەیەک زۆر با بدات. شنێ هەستی بە قوڕسی هەوای شار دەکرد، گومانی دەبرد لەمیانی کردنەوەی پەنجەرەکەوە بۆنی سوتانی چیلکەدار یان دەوە دێت. پیاوەکە ئێزگەیەکی دۆزیەوە.. کە پێدەچوو کابرای بێژەر بەو هەواڵەی دەیخوێنێتەوە زۆر کاریگەر بووبێت.. یان ئەوەی هێشتا خەواڵو بوو..
«بەپێی پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوە تەندرووستیەکان …» دەنگی ناو رادیۆکە لە زۆربوونی رێژەی شێتی دەدوا «٢٩ کەس» پیاوەکە سەیری شنێی کرد و وەک ئەوەی هەڵەیەک بۆ کابرای بێژەر راستبکاتەوە بە توڕەبوونەوە گوتی «٣٠»

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.