Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
سالینجەردۆستى نوسینو عاشقى نهێنییەكان

سالینجەردۆستى نوسینو عاشقى نهێنییەكان

Closed
by August 18, 2008 گشتی

  سالینجەردۆستى نوسینو عاشقى نهێنییەكان
ئامادەكرنى: توانا

  نوسین دەربارەى سالینجەر هەم سەختەو هەم ئاسان، سەختە لەو رووەوەى كەئەو ساڵهایەكى زۆرە دیدارو گفتوگۆى ئەنجامنەداوەو هیچ نوسینێكى نوێى بڵاونەكردۆتەوە. ئاسانیشە لەو رووەوەى كە خوێنەر دەتوانیت كۆى فكرى سالینجەر لەتاقەرۆمانەكەیدا (پاسەوانیك لەناو كێڵگەى جۆ) بخوێنێتەوە، كە بەداخەوە ئەو رۆمانە تا ئێستا بۆ سەرزمانى كوردى وەرنەگێڕراوە.
 بێدوودڵى جى.دى.سالینجەر یەكێكە لەناسراوترین نوسەرانى ئەمریكایى دواى جەنگى جیهانى دووەم. جى.دى.سالینجەر لەناوچەیەكى پڕباڵەخانەى قەشەنگ لە ماینهاتنى نیویۆرك لەباوكێكى جولەكەو دایكێكى ئیرلەند-سكۆتلەندى لەدایكبووە، دایكوباوكى دواى خوێندنو كۆششە نائارامەكانى لەقۆناغە سەرەتایەكانى خوێندندا ئەویان بۆ زانكۆى سەربازى (فۆرچ واڵى) رەوانەكرد، تاماوەیەكى كەم لەوىَ بەشداربێت،لەساڵى 1937 لەكاتێكدا 18-19 ساڵبوو پێنج مانگى لەئەوروپا گوزەراند،لەساڵى 1937-1938 لەكۆلێژى ئۆرسینۆسو زانكۆى نیویۆرك سەرقاڵى خوێندنبوو ، هەرلەوساڵانەدا عاشقى (ئانا ئۆینل) دەبێتو بەنزیكەیى هەموو رۆژێك نامەى بۆدەنوسێت، دواتر شوكردنى ئۆنیل بە (چارلیز چاپلن) بەو جیاوازییە گەورەیەى نێوان تەمەنیانەوە سالینجەر توشى شۆك دەكات.
 دواتر لەساڵى 1939 لەكورسێكى چیرۆكنوسیدا لەزانكۆى كۆڵۆمبیا بەشداریدەكات بەسەرپەرشتى وایت برانت سەرنوسەرى گۆڤارى (چیرۆك).لەجەنگى جیهانى دووەمدا چووە ناو سوپاوەو وەك ساربازى پیادە خزمەتى كرد، هاوڕێكانى سالینجەر ئەو بەپیاوێكى ئازاوچاونەترسو قارەمان وەسفدەكەن. مانگەكانى سەرەتاى مانەوەى لەپاریس بڕیارى نوسینى چیرۆكى پێدەداتو لەهەمان جىَ چاوى بەهەمەنگواى دەكەوێت كەئەویش لە یەكێك لەخوێناویترین شەڕەكاندا بەشدارى كردوەوە سامناكى شەڕى بەچاوى خۆیدیوە.
 لەچیرۆكى(لەگەڵ ئێمە، لەگەڵ عەشقو نەگبەتى) ئەو سەربازێكى ئەمریكى تەواو ماندوو ئازاردیدا وێنا دەكات كەپەیوەندى لەگەڵ كچێكى سیانزەساڵانى بەریتانى دوبارە دەیگێڕێتەوە بۆ چیژى ژیان. (یان هامیڵتۆن)ى بیۆگرافیا نووسى سالینجەر دەڵێت بەهۆى فشارى دەرونییەوە ماوەیەك خودى سالینجەریش لەجێگادا دەكەوێتو لەژێر چاودیرى پزیشكدا دەبێت.
 دواى تەواوكردنى خزمەتى لەسوپادا لە ساڵانى 1942-1944 بەتەواوى خۆى بۆ نوسین تەرخاندەكات، لەساڵى 1945 (كلایەر داگڵاس)ى كچى رەخنەگرى هونەرى ئینگلیزى(رۆبەرت لانگتۆن داگڵاس) دەهێنێت. ئەم هاوسەرێتیە لەساڵى 1968 دا كاتێك سالینجەر دەچێتە ناوژیانى تایبەتیو گۆشەگیرى خۆیەوە، ئەم تەنیا وەك هاوسەرێكى بودى دەمێنێتەوەو سەرەنجام بەجیابونەوە كۆتایى بەم پەیوەندییە دێت،دواتر لەكۆتایى دەیەى هەشتاكانى سەدەى رابردوودا سالینجەر لەگەڵ (كالین ئۆنیل) زەماوەند دەكات.
 سااینجەر لەنێوان ساڵانى 1959-1968 رۆمانێكو چەند كۆمەڵە چیرۆكێكى بڵاوكردۆتەوە. بەنابانگترینیان(پاسەوانیك لەناو كێڵگەى جۆ)یە كەلەساڵى 1951 نوسیویەتى، حیكایەتى ئەم رۆمانە دەربارەى كورێژكەیەكى لە قوتابخانە یاخییە كە دواى ئەزمونە ئامانجگەراكانى دەكەوێت لە نیویۆرك."شتێك كەمن شێت دەكات كتێبێكە كەدەیخوێنیتەوە حەزدەكەى نوسەرەكەى دۆستێكى نزیكتبێت، تا هەركاتێك كەپێتخۆشبوو تەلەفۆنى بۆبكەیت، هەرچەند ئەمە كەم رودەدات"(هۆڵدن كاڵفێڵد- پاسەوانیك لەناو كێڵگەى جۆ).
 سەرەتا چیرۆكەكانى سالینجەر لە گۆڤارى (چیرۆك)دا دەبینران، بەڵام یەكەمین كۆمەڵە چیرۆكى گرنگى ئەو لەساڵى 1945 دا لە (Evening Post Saturdy ) و(esquire)دا بڵاوبونەوەو دواتر نیۆركر هەموو كارەكانى بۆ بڵاوكردەوە.

salingercatcher1_727949290.jpg
 لەساڵى 1948 دا (رۆژێكى خۆش بۆ مۆزماسى)بڵاوكردەوە و(سیمور گاڵس)ى شاعیرى ناساند كەدواتر خۆیكوشت، دەربارەى ئەم شاعیر سالینجەر دەلێت" كاتێك بۆ دواوە دەگەڕێمەوە، گوىَ لەرابردوو دەگرم، دەوربەرى شەش یان كەمێك زیاتر شاعیرى رەسەن لەئەمریكادا شكدەبەین، هەڵبەت بەتەنیشت چەندینو چەندان شاعیرى عەجیبو غەریب(بەتایبەت لەسەردەمى مۆدیرندا)، ئیستا شتێك وەك حوكمێك سەیردەكەم كە ئێمە تەنها 3-4 شاعیرمان هەیە كە بونیام بتوانێت چاویان لێبپۆشێت.. وابیردەكەمەوە كە دواجار سیمۆر لەنێوان ئەو 3-4 كەسەدا دەگیرسێتەوە".
 بیست چیرۆكى سالینجەركە لە ساڵانى 1941-1948 نوسرابوو لەلایەن Saturdayو Good Colier و Esauire و Evening Postو Cosmoplitan وHosekeeping وNew York  بەناونیشانى (هەڵبژاردەى چیرۆكەكانى جى.دى.سالینجەر) بەدوو بەرگ لەساڵى 1974 كەوتە بازارەوە. دواتر سالینجەر كەوتە ژیركاریگەرى هندۆ-بودایىو بووە موریدى ئامۆژگارییەكانى راماكریشنا كە خوێندنەوەیەكى سۆفیگەریانەو عیرفانیانەیە بۆ دونیا.
 یەكەمین رۆمانى سالینجەر(پاسەوانیك لەناو كێڵگەى جۆ) بەخێرایى بڵاوبوەوەو بەناونیشانى كتێبى براوەى یانەى كتێبى مانگ هەڵبژێردراو چانسى قبووڵبوونى لەدەزگاى چاپو پەخشە نێودەوڵتییەكان دەستكەوتو ئیستاش ساڵانە 250000 كتێبى لێدەفرۆشرێت،سالینجەر خۆشى لە ریكلامكردنو خۆدەرخستن نایەت، تەنانەت رێگەى نەدا وێنەكەى بخەنە سەر بەرگى كتێبەكەى. هەمیشە ئەو پرسیارە دەكرێت  كەبۆ ئەم نوسەرە گۆشەگیرەو رێگە نادات كەسانى تر پێبخەنە حەرەمى ژیانى تایبەتییەوە؟ لەم بارەیەوە وەڵام ئەم پرسیارە زۆرە، بەڵام خودى سالینجەر باشترین وەڵام دەداتەوەو لە(پاسەوانیك لەناو كێڵگەى جۆ)دالەزمانى هوڵدن كالیفیڵد، خوێنشیرینترین كاراكتەرێك كەدروستى كردووە  دەڵێت "بیردەكەمەوە كارێك دەبێت بیكەم ئەوەیە واخۆم نیشاندەم كە كەڕولاڵم، بەم شێوەیە ئیتر ناچار نابم لەگەڵ هەركەسو ناكەسێكدا بكەومە دەمەتەقىَو قسەى گێلانە بكەم، ئەگەر كەسێكیش بیەوێت شتێك بەمن بڵێت ناچار دەبێت قسەكانى لەسەر پارچەكاغەزێك بنوسێتو بیدات بەمن".
  رۆمانەكە بەشێوەى مەنەلۆگو بەزمانێى سادە نوسراوە، كاراكتەرە ئاراملێهەڵگیراوە 12 ساڵانەكەى –وەكو خودى سالینحەرو نائارامیەكانى سەردەمى منداڵى- بەدرێژایى پشوى كریسمس  لەنیویۆرك هەڵدێت، تا خۆى بدۆزێتەوە، لە هەڵهاتنەدا رووداوەكان یەكتر دەچننو كوڕێژكەكە بۆ یەكەمین جار سێكس ئەزمون دەكاتو شەوانى لە یانەیەكدا رۆژدەكاتەوەو پەیوەندیەكى سەرنەكەوتوو لەگەڵ سۆزانییەكدا دروستدەكات.
 رۆژنامەكان لەوباوەڕەدان كە سالینجەر خۆى لەگقتوگۆ دەدزێتەوە، كەواتە شتێكى بۆ شاردنەوە هەیە، لەچەند لایەكیشەوە پروپاگەندەى ئەوە دەبیسرێت كە سالینجەر رۆمانێكى ترى بڵاوكردبێتەوە بەناوى خوازراوەوە، بۆ نمونە بەناوى (تۆماس پینچون)ەوە ."من تێبینیم كردووە كە هونەرمەندێكى واقیعى لەهەر شتێك زیاتر بەزیندووى دەمێنێتەوە.. بێ دودڵى دەڵێم تەنانەت زیاتر لەپەرستنیش".
  لەساڵى 1961 گۆڤارى تایمز گروپێك پەیامنێرى نارد تا لێكۆڵینەوە لەشوێنو ژیانى تایبەتى سالینجەر ئامادەبكەن "من نوسینم خۆشدەوێت، من عاشقى نوسینم، بەڵام تەنها بۆخۆمو لەبەر رەزامەندى خۆم دەنوسم" سالینجەر ئەمەى لە 1974 دا بەپەیامنێرانى تایمز وت.
 بەپێى قسەى (جویس مینراد) كو بۆماوەیەكى درێژ لە دەیەى هەفتاكاندا نزیكى نوسەر بووە، سالینجەر ئێستاش بەردەوام دەنوسێت بەڵام مۆڵەتى بینینى ئەو نوسینانە ناداتە كەس.حیكایەتى (جویس مینراد)و سالینجەر لە ئۆكتۆبەرى 1998دا بەناوى (ماڵى ئێمە لەدونیادا) بەچاپ گەیشت.
 بیۆگرافیاى (یان هامیڵتۆن) دەربارەى سالینجەر بێ رەزامەندى نوسەر خۆیبووەو سودى لەنامە تایبەتییەكان وەرگرتووە، چاپى نوێى (گەڕان بەدواى جى.دى.سالینجەر) لەساڵى 1988 بڵاوبوەوە. لەساڵى 1992 ماڵى Cornish  ى سالینجەر ئاگرى گرت، بەڵام ئەو لەدەست رۆژنامەنوسەكان كەهەلێكیان بۆ گفتوگۆى ئەو تێدا دەستكەوتبوو هەڵهات
 كاراكتەرەكانى سالینجەر كەتەواو گرفتارى رەنجو ئازارن، كەسى هوشیارو عاقڵن، ئەم عەقڵانیەتەش نەك كۆمەك بەخۆشبەختیان ناكات بەڵكو بەردەوام لەدەریاى نیگەرانیدا نقومیان دەكات.
 
 سەرچاوە:
 www.khabgard.com
 www.donya-e-eqtesad.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.