Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ساڵمەرگی مارلین گرۆشگا و بیروەریەکانی کانی وەیسە

ساڵمەرگی مارلین گرۆشگا و بیروەریەکانی کانی وەیسە

Closed
by September 19, 2011 گشتی


پێشنیارێک بۆ پارێزگاری سلێمانی

ڕۆژی 1994.10.04 وەک یەکەم مامۆستا لە مێژووی گوندی کانی وەیسە خوێندگاکەم کردەووە. دوو خانوویان خۆبەخشانە بەخشیە خوێندگا وماڵی مامۆستا. هەر لەیەکەم ڕۆژەوە ئامێزی گەرمو گوڕی خەڵکەکەم بۆ کرایەوە و لە بەخێر هاتندا کاک برایمی سەید قادری ئەنجومەن ( 200) دیناری گوندەکەی وەک هاوکاری بۆ هێنام، کەبە ڕێزەوە وەری گرتەوە. پاش ماوەیەکی کورت ئەو خانووەی تێیدا ئەژیام ، پێشتر چۆڵ بوو مشکێکی زۆر هەبوو ناچار خێزانێکی بەڕێز( کاک ساڵح ودادە ئامین) ژوورێکی خۆیان داینێ و لەکۆڵ شەڕی مشکەکان بووینەوە.
زۆربەی ئێواران بۆ نان خواردن میوانی یەک بەیەکی گووندەکە بووین و ژنێکیان گرت بە مانگانەیەک بۆ هێنانی ئاو بۆمان کە دوور بوو لێمانەوە.
خەڵکەکە تینووی خوێندەواری بوون و پیاو و ژنی گوندەکە داوای کردنەوەی خولی خوێندەواری بوون. داوایەکم نووسی بۆ خۆیی لە پەروەردەی سلێمانی و تەنها داوای کۆمەکی پێویستیەکانی خولەکەم کرد. کاک ئیبراهیم لە بەشی خۆیی سەرەتایی ووتی: پەروەردە نە بە مووچە ، نە بە پێویستی ناتوانێت هیچ یارمەتیەک بدات. هەڵبەت من خولەکەم کردبوەوە بۆ پیاوان و بەهاریش بۆ ژنان، لەبەشی خوێدکارانی ڕۆژیش هەندێک پەراو و پێنووسیان وەرگرتبوو.لە ڕیکەوتێکی زۆر دەگمەن کاک موهەنەد ڕیکخەری یونسیڤ و پەروەردەی سلێمانی لای کاک ئیبراهیمەوە وەستابوو من نەمدەناسی. دواتر لە قاتی سێ لەبەردەم ژووری بەڕێوبەری پەروەردە دیمیەوە و بانگی کردم ونامەیەکی بۆ نووسیم و پێداویستی 50 فێر خوازم داواکرد ، بەشی 75 بۆ نووسیم. لەیەکەم کۆبوونەوەی یونسێف و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و ڕێکخراوە خێر خوازە ئەوروپیەکان وەک تەنیا مامۆستا لە سلێمانی بەشداریم کرد بۆ پلانی هاوکاری خولەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری ژنان. بەو پێیەی لە کانی وەیسە بە شەوانیش خولێکی پیاوان هەبوو ، داوای لۆکسێکم کرد. میستەر تێری بەرپرسی یونیسێفی سلێمانی بە وەرگێڕەکەی ووت: ئەوان تەنها هاوکاری پێداویستیەکانی تر ئەدەن و ناتوانن. بە کوردی ژنێکی جاوشینی ئەوروپی ووتی من بۆت پەیدا ئەکەم و ئەدرەسی خوێندگاکەت بدە بە ئاراس. ئەو خانمە مارلین گرۆشگا بوو. ..هەڵبەت لۆکسەکە زۆر دواکەوت.
ڕۆژی 1995.5.16 لەسەردانی مارلین و پیتەر و ئاراس بۆ کانی وەیسە ، لۆکسەکە هات و ….. . مارلین وپیتەر بەڵێنیان دا بەوەی لە پاییزی داهاتوو شەوێک لامان میوان بن وسەردانێکی خولی پیاوانیش بکەن تەنها  وەک سەردانێک، چونکە بەرنامەی ئەوان تەنها بۆ ژنان بوو.
لەو خولەدا یونسیێف هاوکاری خۆراکیان کردین وەک هەموو خولەکانی یەکێتی ژنان و ئافرەتان. ..یەکێتی ژنان لقی چوارتا پێشنیاریان کرد بەوەی مانگانە ( 600) دینار وەک مووچەمان بدەنێ لەگەڵ خۆراکی مانگانە، گەر خولەکانی کانی وەیسە بەناوی یەکێتی ژنانی کوردستان بێت، بەلام ئێمە وەک خۆمان وویستمان خۆبەخشانە بمێنێتەوە و واشمان کرد.
خەڵکی کانی وەیسە خزمەتێکی زۆریان کردین و ڕێزێکی زۆریان پیشانداین کە بۆ ئێمە هەموو شتێک بوو. کاک سدیق کە خەڵکی گوندی هەرمنی دراوسێ دێ بوو ، لە پەروەردەی سلێمانی کارگوزاربوو، پێشنیاری کرد کە بگوێزینەوە بۆ هەرمن، مانگانە ( 500) دیناری خەڵکەکە و نان کردن و خەرجی سەفەری مانگانە بگرنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام خەڵکی کانی وەیسە بۆ ئێمە زۆر شت بوون کە نە دەگۆرایەوە بە……. .
سوپاس و پێزانینەکەی مامۆستا عەبدولڕەحمانی سەرپەرشتیاری پەروەردە مایەی پێزانین بوو بۆمان و مامۆستا کەمال شیرگەری سەرپەرشتیاری پەروەردەش لە کۆبوونەوەیەکی مامۆستایانەدا ووتبووی. پەروەردەی سلێمانی ناتوانێت لۆکسێک بۆ کانی وەیسە پەیدا بکات، لە کاتێکدا زۆر خوێندگای تر………….
چەند جارێک سەردانی ماڵی مارلین و پیتەرم کرد و ئەم پەیوەندیە وای کرد لە خوێندگای ڕزگاریش لە گەڕەکی بەختیاری دوو خولی تری ژنان بە هاوکاری ڕێکخراوی بی دی کرایەوە.
بە داخەوە لە ڕۆژی 1995.10.02 لە کۆیە مارلین گرۆشگا بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد و لە 1995.5.03 لەسەر وەسێتی خۆی وەک پیتەری مێردی لەمەراسیمەکە ئاماژەی پێدا لە گردی سەیوان و لەتەنیشت گۆڕی برای کاک ئاراسی وەرگێڕیانەوە نێژرا.
تا ئێستاش پیتەری مێردی لە سلێمانیە و خاوەنی نووسینگەیەکی تەلەفۆن لە فەیس بووک لە ژێر وێنەی مارلین بۆی نووسیبووم . مام پیتەر پێی ووتووم کە ئێستاش بە پاکی لەگەڵ ڕۆحی مارلین ماوەتەوە. بۆیە بەم ئەگەرە مانەوەی پیتەر لە سلێمانی پاش 16 ساڵ ئەوەمان پێ ئەڵێت کە چاوەڕوانی بەڕێکردنی تەمەن و دیداری مارلینە تا بۆ ئەبەد بەیەک بگەنەوە و بۆ هەتا هەتایەش بەیەکەوە بن و لە دووری حەسرەتی دابڕانی ساڵە تەنیاییەکان ڕزگاری بێت و وەک دوو یادگار بۆ سەیوان و سلێمانی بمێننەوە..
لە ڕۆژێکدا کە ئەنفلۆزای کۆچ ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک و شار بە شاری گرتبوەوە، ئەمە چ عەشقێک بوو لە ئەڵمانیایەکەوە (کە ئێمە بە مینەکانی مەرگیشدا تێ ئەپەڕین بۆ کەمپەکانی ئەو ووڵاتە) ئەو سەیوان بکات بە نیشتمانی کۆتایی کۆتاییەکانی.
خۆگە پارێزگاری سلێمانی و دەزگا پەروەردەییەکانی یادی ئەم خانمە بەڕێزەی ڕادەگرت بۆ پشوودانی گیانی مارلین وفرێسکە غەریبەکانی پیتەر. و لە ڕۆژی2011.10.03 کۆڕێکی وەفادارانەی بۆ ئەگیرا.
یادت بە خێر مارلین و کورد قەرزارتانە.

شێرزاد عەزیز

تێبینی: ڕۆژی 1995.10.02 کە روژی مەرگی مارلین و ڕۆژی 1995.10.03 کە ڕۆژی ناشتنی مارلینە. بە هەمان ڕۆژ و مانگ ساڵمەرگی ئاسۆی برامە. لە ئێوارەی 2 مانگی 10 لە 1984 گووللەباران کرا و لەڕۆژی 1984.10.3لە گردی شەهیدان نێژرا
ئەمەش لینکی ئەو ڤیدیۆیەی کە لە 1995.5.16 سەردانی کانی وەیسەیان کرد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.