Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری فاشیزم …3

Be First!
by February 4, 2014 گشتی

 


به‌شی 3

 

به‌شێکی گه‌وره‌ی فیلۆسۆفان، سه‌رقاڵبوون به‌وه‌وه‌ی، که ئاخۆ مرۆڤ له سروشته‌وه باشه یان خراپه؟ لێره‌دا من بۆچوونی فیلۆسۆفان ده‌خه‌مه لاوه، ئه‌وه‌ی بۆ من لێره‌دا گرنگه، بۆچوونی پسیشۆئه‌نالیزه و تێراپیی هه‌ڵسوکه‌وته.

یه‌که‌م، پسیشۆئه‌نالیزه: فرۆید باوه‌ڕی وه‌هابوو، که ته‌نانه‌ت هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتێکی بچووک، هه‌موو هه‌ڵه‌کردنێک له قسه‌کردندا، ڕه‌گ و هۆکاری نائاگایی خۆی هه‌یه. له‌دوای ئه‌مجۆره مۆدێله‌ی که‌سایه‌تییه‌وه، سروشتی مرۆڤ ته‌واو و ڕێک به‌هۆی ژیانی پێشووی منداڵییه‌وه هه‌ڵده‌سوڕێت. هه‌ربۆیه فرۆید ده‌ڵێ، مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه. وێنه‌ی مرۆڤ لای فرۆید سنوردار و خراپه. پرسیارکردن له‌سه‌ر زینی ژیان له‌لای فرۆید، خاوه‌نی وه‌ڵام نییه، چونکه پرسیاری وه‌ها سه‌ر به جیهانی ئایینه. کورت و پووخت ژیان خاوه‌نی هیچ زینێک نییه. ئه‌وه‌شی پرسیار له‌سه‌ر زینی ژیان ده‌‌کات نه‌خۆشه. فرۆید ده‌ڵێ، ئایین به‌رهه‌می حه‌ز و خواسته‌کانی مرۆڤه، که به‌هۆیه‌وه ترس و مه‌ترسییه‌کانی ژیانی ئارامبکاته‌وه.  لێره‌دا ده‌بینین، که پرسیاره‌کانی باشه و خراپه‌ی مرۆڤ، پرسیاره‌کانی ئێتیک و مۆڕاڵ بۆ فرۆید ناچێته خانه‌ی ئینستانسی “سه‌رو من”ه‌وه، به‌ڵکوو له‌ژێر کاریگه‌رێتیی دایک و باوک و کۆمه‌ڵگادا فۆرمه‌له کراوه. هه‌ربۆیه پرسیاری باشه و خراپه‌ی مرۆڤ له‌لای فرۆید بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه، چونکه ئینستانسی “سه‌رو من”، له‌ژێر کاریگه‌رێتیی په‌روه‌رده‌دا خۆی ڕێک ده‌خات. بۆ نموونه منداڵێک له‌ له‌دایکبوونیه‌وه هه‌تاوه‌کوو ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیی بده‌ره ده‌ست مه‌لا و مزگه‌وت، ئیدی له ئاینده‌دا هه‌موو ته‌مه‌نی له خزمه‌تی ئایینی ئیسلامدا ده‌بێت.

دووهه‌م، تێراپیی هه‌ڵسوکه‌وت behavioral therapy: قووتابخانه هومانیستییه‌کان سروشتی مرۆڤ له بنچینه‌وه به باش ده‌زانن، نه‌ک خراپ. ده‌روونناسیی هومانیستیی له خزمه‌تی مرۆڤایه‌تییدایه. له خزمه‌تیی گشتیه‌تیی، یه‌کجاره‌کیی ئیندیڤیدوومدایه. له خزمه‌تی باشکردنی باروودۆخه‌کانی مرۆڤدایه، له هه‌وڵی تێگه‌یشتنی باشتری تاکدایه. له‌م قووتابخانه‌یه‌دا مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێک ده‌بینرێت، که له‌ هه‌وڵی ڕیالیزه‌کردنی خۆیدایه.

 

توانا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان:

هیچ دوو دڵییه‌ک له‌وه‌دا نابینرێت، که مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که مرۆڤ ناسۆسیال بێت، بریتییه له په‌روه‌رده و ستراکتووری که‌ڕه‌کته‌ری. کۆرپه له له‌دایکبوونیه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌کی سۆسیالدایه له‌گه‌ڵ دایکییدا، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که منداڵ له سه‌ره‌تای له‌دایکبوونیه‌وه وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی سۆسیال خۆی نمایش بکات. مرۆڤ تاکه بوونه‌وه‌ری شیرخۆره‌وه نییه، که له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه پابه‌ند ده‌بێت به دایکییه‌وه، به‌ڵام مرۆڤ تاکه بوونه‌وه‌ره، که له‌دوای دابڕان له دایکییه‌وه بۆ نموونه له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی له‌دایکبووندا، کاتێک ساوا بۆ ماوه‌یه‌کی کورت به هۆی بۆ نموونه خراپیی ته‌ندروستییه‌وه له‌دایک دوورده‌خرێته‌وه و پاشان ده‌هێنرێته‌وه، دایک به خۆشحاڵییه‌وه وه‌ریده‌گرێته‌وه. به‌ڵام له دارستاندا له‌لای ئاژه‌ڵه کێوییه‌کان، کاتێک بێچووی تازه زاو له‌دایک دوورده‌که‌وێته‌وه و ده‌که‌وێته ده‌ستی مرۆڤ و پاشان ده‌چێته‌وه لای دایکی، دایکه‌که یان ده‌یکووژێت یان وه‌ریناگرێته‌وه. ئیدی به‌مشێوه‌یه ژیانی له مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دا ده‌بێت. منداڵ له‌دوای له‌دایکبوونی به چه‌ند کاتژمێرێکی که‌م ده‌توانێت ده‌نگی دایکی له‌ناو بیست ده‌نگی جیاوازدا جیابکاته‌وه و بناسێته‌وه. مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه سۆسیاله، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک گۆڕانی فیزیکیی و ده‌روونیی له ژیانیدا ده‌یکاته ئه‌نتی سۆسیال. کۆمه‌ڵێک گۆڕانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان خۆی و دایکی، ده‌بێته هۆی تێکدانی چ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ دایکییدا و چ که‌ڕاکته‌ریشی. منداڵ له سه‌ره‌تاوه خاوه‌نی سێ جۆر په‌یوه‌ندیی جیاوازه له‌گه‌ڵ دایکییدا:

1. په‌‌یوه‌ندییه‌کی دڵنیا. دایک لێره‌دا په‌یوه‌ندییه‌کی دڵنیا بۆ منداڵه‌که‌ی دروست ده‌کات. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، به له‌وێبوونی دایک، منداڵه‌که هیچ جۆره نائارامیی و ترسێک له‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی نامۆدا پیشان نادات. ئه‌م منداڵانه کاتێک نائارام ده‌بن یان ده‌گرین، که دایک له‌به‌رچاویان دیار نه‌مێنێت.

2. په‌یوه‌ندیی نادڵنیا: ئه‌و منداڵانه‌ی، که خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌کی نادڵنیان، هیچ جۆره تێبینییه‌ک له‌سه‌ر دایکیان پیشان ناده‌ن، کاتێک دایکیان ده‌ڕوات و له‌به‌رچاویان دیارنامێنێت، هیچ جۆره کاردانه‌وه‌یه‌ک به گریان یان به نائارامیی پیشان ناده‌ن، کاتێکیش دایکیان دێته‌وه هیچ ناچنه لای دایکیان.

3. په‌یوه‌ندیی ئه‌مبیڤالێنت: ئه‌م په‌یوه‌ندییه جۆرێکی تره، یاخوود فۆڕمێکی تری په‌یوه‌ندیی دڵنیایه. کاتێک دایک ده‌ڕوات و له‌به‌رچاو نامێنێت، منداڵه‌که له‌وپه‌ڕی نائارامیی و گریاندایه، کاتێکیش دێته‌وه، یان ئه‌وه‌تا منداڵه‌‌که:

A. خێرا ڕاده‌کات بۆ لای دایکی، هه‌تا له باوه‌شی بگرێت، یان ئه‌وه‌تا

B. دووره‌په‌رێزه، خۆی ده‌دات به زه‌وییدا و قاچه‌کانی ده‌دات به زه‌وییدا و ده‌گریی.

به‌پێی قووتابخانه‌کانی پسیشۆئه‌نالیزه، منداڵ له ساڵی یه‌که‌مییدا خاوه‌نی دیارده‌ی ئاوتۆئێرۆتیکه، منداڵ یاریی به گێنیتاڵی ده‌کات. منداڵ له سه‌ره‌تاوه‌ ئاره‌زووی یارییکردنی هه‌یه وه‌ک پراکتیزه‌کردنی ویسته‌کانی. منداڵ له ڕێگای یارییکردنه‌وه‌ توانا مۆتۆڕییه‌کانی، تواناکانی ناسینه‌وه و وه‌رگرتنی نمایش ده‌کات. منداڵ له ڕێگای یارییه‌وه فێرده‌بێت، که توانای مانیپولیره‌کردنی ده‌وروبه‌ری هه‌یه. 

تواناکانی قسه‌کردن، ساوا له سه‌ره‌تای له‌دایکبوونیه‌وه، وه‌ک به‌شێک له سروشتی خۆی هه‌یه‌تی. بۆ نموونه قیژه و گریان وه‌ک پیشاندانی برسێتیی و ئازار. له ته‌مه‌نی شانزده مانگییه‌وه، منداڵ ده‌ست ده‌کات به پڕکردنی گه‌نجینه‌ی په‌یڤی.

هه‌رچه‌نده ئه‌مانه تێپه‌ڕبوونێکی خێرا و بازهه‌ڵده‌ره به گه‌شه سه‌ره‌تاییه‌کانی منداڵدا، به‌ڵام پێویستییه‌که بۆ تێگه‌یشتن له که‌ڕاکته‌ر. گرنگه کاتێک قسه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌ی منداڵیی ده‌کرێت، قۆناغه‌کان جیابکرێته‌وه، هه‌روه‌ک قۆناغی سه‌ره‌تای منداڵیی، که هه‌تا ته‌مه‌نی هه‌ژده مانگیی ده‌ڕوات. قۆناغی منداڵیی، که له هه‌ژده مانگییه‌وه هه‌تاوه‌کوو قۆناغی دوانزده ساڵیی ده‌ڕوات، ئینجا قۆناغی پووبه‌رتێت، “ئه‌م قۆناغه له کچاندا زووتر ده‌ستپێده‌کات و زووتر کۆتایی دێت (10-18)، له کوڕاندا دره‌نگتر ده‌ستپێده‌کات و دره‌نگتر کۆتایی دێت(12-20)”.

قۆناغه‌کانی گه‌شه‌ی “من” و ئاگایی من، سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی قووتکردنه‌وه‌ی منێکه، که بریتییه له ئاگایی منداڵه‌که. بۆ نموونه له ته‌مه‌نی دوو ساڵییدا. ئه‌گه‌ر خاڵێکی سوور له‌سه‌ر نێوچه‌وانی منداڵێكی دوو ساڵه دروستبکه‌یت و له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌کدا دایبنێیت، ئه‌وا ده‌ست ده‌بات بۆ خاڵه‌که و وه‌‌ک به‌شێکی نامۆ به‌و ته‌ماشای ده‌کات. هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا گه‌شه‌ی ئیدێنتیتێتی گێنیتاڵ به‌شێکه له ژیانی منداڵ، به‌ڵام هه‌موو منداڵێک له‌م ته‌مه‌نه‌دا توانای ناسینه‌وه‌ی خۆی وه‌ک کچ یان کوڕ نییه، به‌ڵکوو به‌شێک له منداڵان له‌م ته‌مه‌نه‌دا توانای ناسینه‌وه‌ی خۆیان وه‌ک کچ یان کوڕ هه‌یه. له قۆناغه‌کانی باخچه‌ی ساوایان و پێش قووتابخانه‌دا، منداڵان سه‌رقاڵن به ناسینه‌وه‌ی ئیدێنتیتێتی گێنیتاڵی خۆیانه‌وه. ئه‌م ئاگاییه لای منداڵان به‌شێکی گرنگیی که‌سایه‌تییانه.

 

03.02.2014

پۆڵا سەعید
Previous
Next

Leave a Reply